عەبید مەحمود محەمەد: هاوسەرو جگەر گۆشەکانم لەکوێن؟‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی: عه‌بدوڵا کەریم مه‌حمود

‏کاک عەبید مەحمود محەمەد خەڵکى گوندى سێوسێنانى کیمیاباران و ئەنفال کراوە، بەم جۆرە ‏باسى گوندەکەى و تاوانى بەعسىیە دڕندەکانى گێڕایەوە!..‏
‏گوندى سێوسێنان سەر بەناحیەى(قەرەداغ)ە، کەوتۆتە ڕۆژئاواى دەربەندیخانەوە، ئەم گوندە ‏لەپێش هێرشى ئیستعمارى ئیستتانى عەرەبى نزیکەى 290 ماڵ بوو، قەرەباڵغترین گوندى ناوچەکەبوو، ‏لەڕووى ئابوورىیەوە، وەک شارۆچکەیەک وابوو، ژمارەیەکى زۆر خەڵکى ناوچە داگیرکراوەکان پەنایان ‏هێنابووە، ئەم گوندە ئازاد کراوە، سێوسێنان دوو قوتابخانەى سەرەتایى و ناوەندى و نەخۆشخانەیەکى ‏شۆڕشى تیابوو، کە(20)تەختى نووستنى گرتبووە خۆى، سێ پزیشک و چەند یاریدەدەرێکی پزیشکی ‏و چەند برینپێچێک کاریان تێدا ئەکرد. سێوسێنان دووجار بەگازى ژەهراوى لێى درا.‏
جارى یەکەم/ لەئایارى 1987 دابوو، بەشى تۆپخانەى عیراق نزیکەى 170 گوللـە تۆپى بە ناوچەکەدا ‏باران، هەموو گوللـە تۆپەکان گازى ژەهراوى بوون، بەڵام دوو کیلۆمەتر لەدوورى ئاوایى دا ئەکەوتنەوە، ‏لەئەنجامدا تەواوى گژووگیاى ناوچەکەى ووشک کرد، گەڵاى درەختەکانى وەراند، پەلەوەرو باڵندەکانى ‏لەناو برد.‏
جارى دووەم/ لە 23- 03- 1988 دا دووبارە کیمیا بارانى کردەوە، سەعات شەشى ئێوارە بوو ‏بەمەبەستى ڕەسەد گرتن، دوو ساروخى ئیشارەتى بۆ سەر ئاسمانى گوندەکە هەڵدا، یەکێکیان ‏لەڕۆژهەلات و ئەوى تریان لەڕۆژئاواى گوندەکەدا بەئاسماندا تەقینەوە، دوکەڵێکى سپى یان لێ پەیدا ‏بوو، دوا بەدواى ئەو دوو ئیشارەتە، لە دەربەندیخانەوە کەوتنە کیمیا بارانکردنى سێوسێنان، دەمەو ‏ئێوارە بوو، خەڵکى ئاوایى لەسەر کێڵگەو زەوییەکانیان دەگەڕانەوە، منداڵانى ئاوایى لەسەربان ‏و کۆڵانەکان سەرگەرمى یارى کردن بوون، مەڕو ماڵات گەڕابوونەوە ناو ئاوایی، لەو کاتەدا تەنانەت، پەلەوەرو ‏مارو مێروش نەچووبوونەوە هێلانەى خۆیان، 40 ساروخى کیمیاى تەواوى گوندەکەى ئێمەیان کوتا، ‏سەرەتا هەستمان بەوە نەکرد، گازى ژەهراوى یە، هەریەک بەرەو پەناگاو کونە تەیارەکان هەنگاویان ئەنا، ‏بەڵام دەرکەوتنى دوکەڵێکى سپى زەردباو بڵاوبوونەوەى بۆنى میوە، دەریخست کە ئەوە گازى ‏کیمیاوى یە، لەوکاتەدا لە کونە تەیارەکە هاتمە دەرەوە، هەتا هێزم تیابوو، هاوارم کرد، خەڵکینە وەرنە ‏دەرەوە لەپەناگاکان، گازى کیمیاییە، ئاوایىەکە چۆڵ کەن، دوا بەدواى من (پەیمان و تابان)ى کچم ‏لەپەناگاکە هاتنە دەرەوە، باوەشیان بەقاچما کــــــرد، بەگریانەوە هاواریان دەکرد، بابە گیان توخوا ‏مەیەڵە بمرین، پەیمان و تابانم لەباوەش کردو بەپەلە هەنگاوم نا، تا لەئاوایى دوور بکەومەوە، بەڵام ‏سەرم گێژ بوو، لەشم داهێزرا، ئەژنۆکانم ئەلەرزین، تواناى جوڵەم نەما، هەناسەم تەنگ بوو، کاتێک ‏هۆشم هاتەوە، براومەتە ناوچەیەکى تر، لەگەل کۆمەڵێک بریندارى ترى کیمیایى دا، دکتۆر ناسح و ‏دکتۆر فایەق لەژوور سەرمانەوە بوون، چارەسەریان ئەکردین، گوێم لێبوو، لەوکاتەدا کە قسەیان ئەکردو ‏وتیان جۆرى گازەکان”خەردەل- فازجین- سیانید”ە دوژمن بەوەندە وازى نەهێنا، لەهەموو لایەکەوە ‏هێرشى هێنا، سوپاو گەلە جاش بە سەر لاشەى خەڵک دا خەریکى تاڵانى بوون، کۆپتەر کوێرانە ‏ناوچەکەى بۆردومان ئەکرد.‏
سەرەنجام 69 کەس گیانیان لەدەست دا، 80 کەس بریندار بوون، سامانى کشتوکاڵى و ئاژەڵى ‏هەمووى لەناو چوون، شەهیدەکانمان بە جل و بەرگى خۆیانەوە لە”ئەستێڵ “و” کۆشکى سەروو”و ‏کۆشکى خوارو” بەخاک سپارد. لەو کاتەدا بەهیچ جۆرێک هەواڵى ژن و مناڵەکانم نەدەزانى، چاوەڕوانى ‏ئەوە بووم بگەنە لام، بەئازارەوە دەمناڵاند، حسێن محەمەد ڕەسول یەکەم کەس بوو لەسلێمانى یەوە ‏بەنهێنى هاتبوو تا فریامان بکەوێت، گوێم لێبوو وتى: هەواڵى عوبێد، پى یان وت: تەنیا خۆى ‏دەرچووە، ژن و منداڵەکانى شەهید بوون، ئالە و کاتەدا ئەو هەواڵە جەرگ بڕەم بیست، باوەڕم نەئەکرد، ‏وام ئەزانى خەو ئەبینم، یەک بەیەک ڕووخساریان دەهاتە بەرچاوم و تێکەل بەئازارەکانم ئەبوون، ئەمەى ‏بۆتان باس ئەکەم، شانۆگەرىیەکى تراژیدى نی یه‌، زنجیرە ڕووداوى ڕۆمانێکى جیهانى نى یە، ئەمە ‏زنجیرە تاوانێکى داگیرکەرانەیە بەرامبەر ئەو گوندە بى تاوانە.‏
هەرگیز ئەو دوو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستە لەبیر ناکەم، لەو شەوە ئەنگوستە چاوەدا فریامان ‏کەوتن”ساڵح حاجى ئەحمەد و ئەحمەد محەمەد ڕەسول” بەسوارى تراکتۆر لەچەمى دێوانەوە توانیان ‏بمان گەیەننە تانجەرۆ، هەواڵمان پێ گەیشت، کە هێزەکانى ڕژێم لەسلێمانى و لە سەیتەرەکان خەڵکى ‏ئاوارەى گوندەکان ئەگرن و ونیان دەکەن، پەنامان بردە بەر دەواجنەکەى خوار زڕگوێزەڵە لەوێدا خۆمان ‏شاردەوە”مەلا هیدایت عەلى داریزاین”ى کەلە دەواجنەکە بوو، کەوتە یارمەتى و شاردنەوەمان: ووتى: ‏ئامادەم خۆم بەخت بکەم بەو مەرجەى ئێوەى پێ ڕزگار کەم، ئێوارەیەکى درەنگ لە سەرووى ‏سەیتەرەکەى تانجەرۆوە بەنهێنى خۆمان کرد بەشاردا، زۆربەمان لە گه‌ره‌کی[ حاجى ئاواو خەبات] دا لەماڵى خزمان ‏خۆمان شاردەوە، بەڵام لەناو سلێمانى دا ژمارەیەکى زۆرمان دەسگیر بوون و ئەنفال کران، من ‏بەبریندارى لەماڵى خاوەرى خوشکم خۆم حەشاردا بوو، هەرچەندە هەندێ دەرمان و چارەسەریان بۆ ‏دیارى کردم، سەرەنجام دواى شەش مانگ بەدەم ئازارو برینەکانمەوە ئەتلامەوە، برینەکانم ووردە، ‏ووردە بەرەو سارێژ بوون دەچوون، بەڵام برینى ئەنفال کردن و ژەهرى کیمیابارانى هاوسەرو جگەر ‏گۆشەکانم و خەڵکی گوندەکەم، هەرگیزاو هەرگیز سارێژ نابن!!..‏

ئەمانەش ناوى هاوسەرو جگەر گۆشەکانمە، کەبەکیمیاى لەگوندى سێوسێنانى ئەنفال دا شەهید ‏کران.‏
ناو و ساڵى لەدایک بوون‏
‏1- مه‌ لیح عبدولقادر‏ ‏1955 ‏
‏2- پەیمان عوبێد مەحمود محەمەد‏ ‏1980‏
‏3- تابان عوبێد مەحمود محەمەد ‏ ‏1981‏
‏4- ڕۆژگار عوبێد مەحمود محەمەد‏ ‏1983 ‏
‏5- ڕزگار عوبێد مەحمود محەمەد‏ ‏1984‏
‏6- لیرە عوبێد مەحمود محەمەد‏ ‏1986‏
‏7- یادگار عوبێد مەحمود محەمەد ‏1987‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت