سامانی وەستا بەکر: هۆکار و دەرەنجام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بوونی هەر دەرەنجامێک هۆکارێکە، واتە ئەگەر هۆکارێک نەبێ دەرەنجام بوونی نابێ، واتە هۆکار ئەبێتە ڕوودانی سەرەنجامێکی سروشتی چاوەڕوانکراو،لەئەگەری دەرەنجامی باش و سەرکەوتووا هۆکارەکەی زیرەکانە و بە ووریای سودی لیوەرگیراوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

ئۆکرانیا یا ئۆکراینا
بەندە نامەوێ بچمە سەر ئەوەی ناوەکە لەچیەوە سەرچاوەی گرتوەو واتای چیە، چونکە زۆر باسکراوە، بەڵام ئەوەی تێبینی ئەکرێ لەسەرەتای گرژی و ئاڵۆزی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا مێدیای کوردی کێشەی ناو و ناوهێنانی وڵاتەکەی هەبووە و هەیە، کە ئایا ولاتەکە ناوی (ئۆکرانیایە یان ئۆکراین)، هەندێک مێدیاکارلەکاتی خوێنەوەی هەواڵ و پەخشی ڕاستەوخۆیا چەندین جار زمانی تەتەڵەی ئەکرد و جارێک بەئۆکراین و جارێکیش بە ئۆکرانیا ناوی وڵاتەکەی ئەبرد و تا ئێستاش ئەمە هەر بەردەوامی هەیە.
لەڕاستیا ناوئامرازێکە بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردن نەک پێناسەکردن. ناوی هەر وڵاتێک چۆن هاتبێت و چۆن بوترێت و ببیسترێ هیچ کێشيیەک نیە، بۆ نمونە “سڤاریا” ئەو وڵاتیە کە ئێمە کوردانی باشور بە “سوید” ناوی ئەهێنین، بەڵام کوردانی ڕۆژهەڵات بە “سوئێد”، ئنگلیز پێیئەڵێن “سویدن”، ئەڵمان بە “شڤێدن”، ئیتاڵییەکان بە “سڤێتسیا”، فەرەنسیەکان بە “لاسوێد”، ڕووسەکان بە “شڤێتسێیا” و… هتد. واتە زۆر کەم گوێت لێئەبی کە دوو وڵات هەمان ناو بۆ ئەو وڵاتە بەکاربهێنن کە خودی سویدیەکان پێیئەڵێن “سڤاریا”.
ئێمەی کورد بەهۆی نزیکیمانەوە لە وڵاتانی عەرەب وبوونمان لە وڵاتی عێراقی زۆرینە عەرەب هاوشێوەی ئەوان ناوی “ئۆکرانیا” بەکارئەهێنین و وڵاتانی ڕۆژئاوا “ئۆکراین” بەکارئەهێنن، بۆیە ووتنی هیچیان هەڵەنیە تەنها ئەوەنەبێ کە لە وڵاتی ئێمە ناوەکە بە ئۆکرانیا ڕۆشتوەو ئاسانتر یەتە سەرزار بۆ دەربڕین.

جەنگ بۆ:
ئەگەر کەمێک هەست و سۆز وەلانێیت و کێ و کام وڵات لە پێشتر و لە ئێستاشا دۆست و دژی بەرژەوەندی کوردن، ئەوا ئەتوانی لێکدانەوەیەکی واقیعیانەی زیاتر بۆ بابەتەکەبکەیت، ڕاستە ڕووسیا هەرگیز دۆستی کورد نەبووە و بگرە هەندێکجار هۆکاریش بووە بۆ شکستی هەر هەوڵێکی کورد بۆ سەربەخۆبوون، نمونەی کوردستانی سوور و مهاباد، بەڵام ئەگەر بەووردیش لەبابەتەکە بکۆڵینەوە ئەمریکاش تا ئەو ئاستە لەگەڵتایە کە بەرژەوەندی خودی وڵاتەکە ئەیخوازێ، لەهەر شوێنێکا بەرژەوەندی ئەو وڵاتە لەوەیابێ کە دەستبەرداربێ و گورگانخواردبکات ئەوا هیچ درێخی ناکات، نمونەی عەفرین و لەدەستدانی بەشی زۆری خاکی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراق و بێ هەوڵێستی ئەمریکا، ئەگەرچی بەفەرمی دەسەڵاتدارانی هەرێمیشیان ئاگایارکردبۆوە، بەڵام نەئەکرا سزای ئەو هەڵەیە خاکی مێژووی کوردبێ، ئەگەر ئەمریکا دۆستی ڕاستەقینەی کورد بووایە ئەکرا لەبری خاک ڕێگایتر بگیرایەتەبەر بۆ نمونە، گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی هەرێم و دوورخستنەوەی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار.
ساڵی 1962 “جۆرج کەنەدی” هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەمی لە ڕووسیا کرد ئەگەر بنکە ئەتۆمییەکانی کە لەسەرەتای دامەزراندنا بوون لە کوبا هەڵنەوەشێنێتەوە، لەڕاستیا ئەمریکا ئەو جەنگە ئەتۆمییەی هەڵەگیرساند ئەگەر سەرۆکی ئەوکاتەی ڕووسیا “نیکیتا خرۆتشۆف” ملی بۆخواستەکانی ئەمریکا نەیایە، واتە ئەوکات 28ی ئۆکتۆبەری 1962 ڕووسەکان هۆکارو هاوکاربوون بۆ ڕێکەوتن و هەڵنەگیرساندنی جەنگی سێییەمی جیهانی ئەتۆمی بەهاوکاری سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان “یو ثانت”.
ساڵانێکی زۆرە ئەمریکا لەدوای هەلوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەتەوە هەستاوە بە جێگیرکردنی سیستمی مووشەکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون و لەزۆرێکیتر لە وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت نزیک سنورەکانی ڕووسیا، وێڕای ئەوەی کە ڕووسەکان چەندینجار هۆشداریانیاوە بە ئەمریکا کە لەو کارەی بوەستێ لایەنیکەم ئەو سیستمە لە ئۆکرانیا جێگرنەکەن و نەبێ بەئەندامی هاوپەیمانی یان ڕێکخراوی ئەتڵەنتی باکور “ناتۆ- نەیتۆ” کە ڕووسیا ئەم ڕێکخراوە وائەبینێ کە لەدژ و بۆ دژایەتی ئەوان دروستکراوە.

یاریکردن بەکلکی مار:
وێڕای هۆشدارییەکانی ڕووسیا بۆ ئەمریکا، ئەوروپا و ئۆکرانیان بەڵام سودی نەبوو ئەوان هەر لەسەر پلانەکەی خۆیان ئەڕۆشتن بەوهیوایەی ڕووسیا هاوشێوەی پێشووتر بێدەنگ دانیشێ بەڵام یاری کردن بەکلکی مار ئەنجامەکەی پێوەیانە.
سەرۆکی ئۆکرانیا “ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی” گرنگی بە هۆشدارییەکانی ڕووسیا نەئەیا و مەستی پەیمانەکانی ئەمریکا بوو بو، لەوەش زیاتر لەهەندێک لە دەرکەوتنەکانیا جۆرێک لەگاڵتەجاڕییەوە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەیایەوە، لەڕاستیا ئەو سەرۆکە بێ ئەزموونە باش ئەیزانی کە ئەوان توانای ڕووبەڕوونەوەی ڕووسیایان نیە، بەڵام ئەمریکی و ئەوروپییەکان کۆنترۆڵی هەڵوێستەکانیان کردبوو، بۆیە ئەو بەردەوام بوو لەیاریکردن بە کلکی مارەکە.
زێلێنسکی لە توانایبوو کە ئۆکرانیا و گەلەکەی لەو وێرانیە بپارێزێ کە کە بەسەر ئەو وڵاتەیا هاتووە و جارێ ماویشێتی، ئەو ئەیتوانی لایەنی کەمی داخوازییەکانی ڕووسیا جێبەجێبکات لە ئێستایا و داوای چوونە ناو هاوپەیمانی یان ڕێکخراوی ئەتڵەنتی باکور “ناتۆ- نەیتۆ” نەکات، چونکە ئەوەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێ باش لەوە تێئەگات کە ئۆکرانیا دواین درگای پارێزراوی ڕووسیایە بەڕووی ئەوروپایا و گەشتنی ناتۆ بەو درگایە واتە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری جوڵەی دەریای ئەو ناوچەیە و خنکاندنی ڕووسیا.
گومان لە خۆسەپێنی و حەزی دەسەڵاتی “ڤلادێمر پۆتین” ناکرێ، ئەو هێندە حەزی لە دەسەڵاتە کارێکی کردووە پاش ئەو هەموو ساڵە لە دەسەڵات ئەتوانێ تا لایەنیکەم شانزە ساڵیتریش هەر سەرۆکبێ، واتە دیکتاتۆرێک لەبەرگی دیموکراتیا، گومان لەوەشدا نیە کە کەسایەتی سەرۆکی ڕووسیا کەسایەتیەکی پتەو و خاوەن بڕیارە و ناکرێ هەڕەشەکانی بەهەند وەرنەگیرێ.
“ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی” پاڵەوانێکی بۆ خودی خۆی لەسەر حسابی گەلی ئۆکرانیا دروستکردبوو، وێرانەیەکیشی پێشکەشی گەلەکەی کرد، ئازایی سەرۆک تەنها ئەوەنیە کە بچێتە بەرەی دواوەی جەنگ و چەند وێنەیەک بڵاوبکاتەوە، باشمان لەبیرە ئەوانەی ئێمەش لەکاتی شەڕی داعشا زۆر وێنەی خۆیان بڵاوکردوەو کەسیشیان تەنانەت پێڵاوکانیشیان تۆزاوی نەبوو، تەنها جیاوازی زێلێنسکی لەگەڵ ئەوانەی خۆمانا ئەوەیە کە ئەم خۆسەپێن نیە و هەڵبژێراوی گەلەکەیەتی و پشتگیری زۆری لێئەکرێ، مەخابن ئەم سەرۆکە بێ ئەزموونە نەیتوانی ئۆکرانیا لە وێرانەی و کاولکاری بپارێزێ لەشەڕێک کە دوورنیە بەخواست و لەبەرژەوەندی ڕووسیا کۆتایبێت.
کاری سەرۆک پارێزگاری لە گەلەکەیەتی، دابینکردنی ژیانێکی شایستە و لایەنی کەمی خۆشگوزەرانی، سەرۆک ئەبێ لەپێش هەموو شتێکا سەرکردەبێ، ئەبێ ئاسایش و سەروماڵی گەلەکەی بەهەر نرخێکبێ بپارێزێ، جا ئەگەر باجەکەشی کورسییەکەی خۆی بێ، گرنگ نییە کێ سەرۆکە گرنگ ئەوەیە کام سەرۆک خەسڵەتەکانی سەرکردەی تیایە.

چەنگی ئۆکرانیا و بەرژەوەندییەکان
دەستەواژەیەک هەیە زۆر ئەوترێتەوە کە “هیچ کەس و لایەنێک بەرژەوەندی لەشەڕانیە” لەڕاستیا ئەم دەستەواژەیە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە هەڵگیرساندنی هەموو جەنگێک وێڕای هەر هۆکارێک و بیانوویەک هاوتەریب بەرژەوەندی ئابوریشی لەپشتەوەیە.
ئەگەر چاوێک بەمێژووی نزیکی ناوچەکە و جیهانا بخشێنینەوە ئەبینین کە لەگەڵ هەڵگیرسانی هەر جەنگێکا ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپلەی یەکەمایەت، هەڵبەتە ناوهێنانی ئەمریکا تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ئەو وڵاتە وەک پۆلیسی نێودەوڵەتی ڕەفتار ئەکاو بەدوای سەقامگیری و ئاشتی جیهانییەوە، هێندەی ئەو وڵاتە بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی ئەمریکا و شوێن پێی نوێ یان قایمترکردنی پێگەکەیان و دۆزینەوەی بازاڕی نوێیە بۆ کاڵا سەربازی، ئەلەکترۆنی، پێشەسازی و خۆراک و… هتد.
سودەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جەنگی نێوان ڕووس- ئۆکراین هێندە زۆر و ستراتیژین هاوشیوەی هیچ جەنگێکیترنین و ناکرێ بەراورد بکرێ، هەندێک لەو خاڵانە:
هۆکارە سەربازییەکان:
1- ئەمریکا بەکردار توانا و هێزی سەربازی دووژمنە دێرینەکەی “ڕووسیا” بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵانێکی زۆرەوە ئەبینێ و چاودێری ووردی چەکەکانی ئەو وڵاتە ئەکا و برەو بە دژە چەکەکانی خۆی ئەیا کە تا توانای تێکشکاندنی کرداری چەکی ڕووسی هەبێت.
2- تاقیکردنەوەی چەکی ئەمریکی بەرامبەر چەکی ڕووسی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆی پێکدادانی ئەو دوو وڵاتە.
3- سەپاندنی هەژموونی زیاتری ئەمریکا بەسەر جیهان و ئەوروپایا بەتایبەتی.
4- ترساندن و ئاگادارکردنەوەیەکی باوەژنانەی ئەمریکا بۆ ئەوروپا لە هێزێک کە ئەوروپا بەتەنها توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نیە بەبێ ئەمریکا.
5- گەڕانەوە و جێگیرکردنی هێزێکی زۆری مەریکا لەزۆربەی ولاتانی ئەوروپا لەسەر داوا و خواستی خۆیان.
6- هۆشداریدان بە چین بەپلەی یەکەم و هەر وڵاتێکیتر لەئەگەری هەر جوڵەیەکی سەربازی بۆ دەرەوەی سنوری وڵاتەکەیان بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ئەوا هاوشێوەی ڕووسیا سزای ئابوری ئەسەپێنن بەسەریانا.
7- هاندان و ڕاکێشانی بەشێک لەووڵاتانەی کە ساڵانێکە دوو دڵن لە چوونە ناو هاوپەیمانی یان ڕێکخراوی ئەتڵەنتی باکور “ناتۆ- نەیتۆ” نمونەی سوید و فینلاند کە ئەو ڕێکخراوە خواستێکی زۆری لەسەر ئەندام بوونی ئەو وڵاتانە هەیە.
8- دۆزینەوەی بازاڕو هەلیکاری زیاتر لەدوای جەنگ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئۆکرانیا.
9- ترسە گەورەکەی ئەمریکا لە هاوپەیمانی دوو زلهێزی وەک ڕووسیا و چین لایەنی کەم بۆماوەیەکی درێژ ئەڕەوێتەوە.

هۆکارە ئابورییەکان:
1- دۆزینەوەی بازاڕی نوێ و فرۆشی زیاتری چەکی ئەمریکی.
2- بەبازاڕکردنی زیاتری کاڵای ئەمریکی وەک جێگرەوەی کاڵای ڕووسی.
3- داتەپانی ئابوری ڕووسی و هەڵسانەوەی ئابوری ئەمریکا.
4- سودوەرگرتن لەو ترسە زۆرەی ئەوروپییەکان لە ڕووسیا هەیانە بۆ دوورخستنەوە و دەرکردنی چینیش لە بازاڕەکانی ئەوروپا وەک هاوپەیمانێکی ڕووسەکان.
5- جێگرتنەوەی کاڵای ئەمریکی لەبری کاڵای چینی کە کاڵای چینی بەفراوانی لەبازاڕەکانی ئەوروپایا بڵاوبۆتەوە.

موشەکباران کردنەکەی هەولێر و جەنگی ئۆکرانیا:
کاتێک گوێبیست ئەبی زۆرێک لە شیکەرەوە، سیاسی و ڕۆژنامەنووسەکان مووشەکبارانەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەبەستەنەوە بەوەی کە ئەمە ئەکرێ پەیامی ڕووسیابێ لەڕێی ئێرانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئەگەری هەناردەی غازی سروشتی هەرێم لەڕێی تورکیاوە بۆ ئەوروپا وەک جێگرەوەی غازی سروشتی ڕووسیا قبوڵکراو نیە و بەبێ سزا تێناپەڕێ، لەڕاستیا ئەمە لێکدانەوەیەکی لۆجیکییە، بەڵام ڕاست و بەرکارنیە لەبەر چەن هۆکارێک لەوانە:
* ڕووسیا خودی خۆی ئەتوانێ زۆر بەساناتر و بەکارتر ئەو پەیامە بگەیەنێ و پێوستی بەدەستی دوو نیە.
* خودی ئێران و ڕووسیا لەسەر چەندین خاڵ ناکۆکن، خۆ ئەگەر دژایەتی و سزاکانی ئەمریکای لەسەر نەبووایە ئێران هێندە لە ڕووسیا نزیک نەئەبۆوە و هێندەش کەیفی بەو وڵاتە نایە.
* ڕووسیا وەک هەریەکێک لە گرووپی 5+ 1 نایەوێ ئێران ببێ بەخاوەنی چەکی ئەتۆمی کە ئەمەش خاڵی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێران.
لەڕاستیا ئێران تا ئاستێکی زۆر وڵاتێکی سەربەخۆیە لەبڕیاردان و بەئاسانی خۆی ڕادەستی هەژموونی هیچ وڵاتێک ناکات کە ئەمەش ڕێگا ڕاستەکەی سیاسەتە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەمیشە لەهەوڵایا کە تا وڵاتانیتر بخاتە ژێر هەژموونی سیاسەتەکانی ئەوانەوە وە لەو بوارەشا سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە و لە هەریەک لە سوریا، لوبنان، یەمەن و عێراق قسەی یەکلاکەرەوەی هەیەو لە هەرێمی کوردستانیش چەند حیزبێک بەبی ئێران پەنجە بەئاوا ناکەن.
ئەکرا وە ئەکرێ کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەو خاڵەیا ئەزموون لە ئێران وەرگرن و سەربەخۆبن لەبڕیاریان و لەبەر بەرژەوەندی هیچ لایەک و هیچ وڵاتێک خۆیان تێکەڵی شەڕی گەورەو زلهێزەکان نەکەن کە نە لەتوانای دنیابینی سیاسی ئەوانایە نە سەربازی.
ئێران خاوەنی ڕێژەیەکی بەرچاوی غازی سروشتیە، ئێران نەک نایەوێ هاوکاری ڕووسیا بکات تا جێگرەوە بۆ غازی سروشتی ڕووسیا لەبازاڕەکانی ئەوروپا و جیهانا دروست نەبێ، بەڵکو بەپێچەوانە پێشی خۆشە، ئەو سزا ئابوریانەی کە بەسەر نەوت و غازی ڕووسیا سەپێنراوەو ئەسەپێنرێ لەبەرژەوەندی ئێرانایە، ئێستا ئەوروپا و هەموو ئەو وڵاتانەی پابەندی سزا سەپێنراوەکانی سەر نەوت و غازی ڕووسین لەهەموو کاتێ زیاتر پێویستیان بە نەوت و غازی ئێران هەیە وەک جێگرەوە بەتایبەتی غازەکەی.
ئێران مووشەکبارانی هەولێری کرد، چونکە پێێخۆش نیە لەوەزیاتر هەولێر بکەوێتە ژێر هەژموونی تورکیاوە، لەوانەیە ئێران بەسەریا تێپەڕبێ و درەنگ و دوای واژۆکردنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا خەبەری بووبێتەوە، بەڵام ئامادەنیە ڕێگەبات کە غازی سروشتیش هەر لەبەرژەوەندی تورکیا کۆتایبێت.
دژایەتی ئێران بۆ گرێبەستی هەرێم لەگەڵ تورکیا چەند هۆکاری ئابوری لەپشتەوەیە هێندەش هۆکاری سەپاندنی هەژموونی مەزهەبگەرای لەپشتەوەیە.
تورکیا و سەرۆکەکەی وەک هێزێکی ئیسلامی سونی ئیخوانی خۆیان نمایش ئەکەن و پەیمان و دۆستایەتیش لەگەڵ ئیسرائیلا واژۆئەکەن کە هەردووکیان هەم سونە و هەم ئیسرائیل ئەو دوو دوژمنەن کە ئێران بە مەترسی لەسەر خۆی ئەیبینێ.
ئێران لەڕێی مووشەکەکانیەوە ئەیەوێ بە هەولێر بڵێ بازاڕی گازی سروشتی دوای ڕووسیا مۆنۆپۆلی خۆیەتی و ڕێگە بەکەس نایات درزی ئەو درگایەی لێدابخات کە ساڵانێکە بەسەریا داخراوە و ئێستا لەهەوڵی کردنەوەیایەتی.
ئێران ئەیەوێ بە هەولێر بڵێ ئێمە سەفەویەکانی دوێنێ و ئەوانیش عوسمانیەکانن، بەڵام ئەمجارە پێش ئەوەی کورد وەک داردەستی عوسمانیەکانی دوێنی و ئەردۆگانیەکانی ئەمڕۆ ببێ بەشێک لەململانێێ نێوان ئەو دوو هێزەو خۆی بەلای تورکا ساغکاتەوە سزای پێش وەخت ئەیرێ و ئاگاداری بەکردار وەرەگرێ نەک گوفتار. ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد زرنگ و وریابن و بای ئەوە هۆشیاری سیاسیان هەبێت، ئەتوانن سود لە موشەکبارەنەکەی هەولێر وەرگرن و بیکەن بەبیانوویەک بۆ دوورکەوتنەوە بەپلەی یەک لەژێردەستەی و هەژموونی تورکیا و سەربەخۆ و نیوتراڵ سیاسەت و ئابوری هەرێم بەرن بەڕێوە.
ئێران ڕێگە بەوە نایات کە جارێکیتر کورد ببێ بەبەشێک لەبازووی تورک بۆ گلاندنی ئێران، ئەیەوێ شادەماری ئەو پەیوەندییە ئەگەر هەمووشی بۆنەبڕێ نیوەی هەر ببڕێ. نیوەی هەرێم کە زۆنی سەوزە و زۆرترین غازی سروشتی هەرێمی لێیە بۆ ئێران یەکلای بۆتەوە، بەڵام بڕیار لە هەولێرە و دڵیش لە تورکیا.

کورد و جەنگی ئۆکرانیا:
زلهێزەکان شەڕیانە لەسەر بەرژەوەندی و هەژمونگەرایەتی، تەماشای هەریەکێک لە هێزەکانی ناوچەکە بکەیت ئەبینی خۆی پڕچەک کردوەو بەردەوامیشن لەکڕێنی چەک بەجۆرێک هەرگیز بازاڕی چەک کڕین و برەوپیان و بەرەوپێشبردنی چەک وەک ئێستا گەرم نەبووە.
کورد لە هەر چوار پارچەکەیا تەنانەت کوردانی ئازرباینجان یا ڕاستر کوردانی کوردستانی سوریش لەهاوکێشەی ستراتیژی نێودەوڵەتیا هیچ جیاوازیەکی نیە، بەڵکو ئەوە خودی کورد خۆیەتی کە پەرش و بڵاو دابەشبووە بەسەر هێز و ستراتیژی و بەرژەوەندخوازی وڵاتانی جیاجیایا.
ئەوەی باسی لێوەئەکرێ کە ئەکرێ بەجۆرێک کورد لەشەڕەکەوە بگلێنێ بوونی غازی سروشتیە لەهەرێمی کوردستان کە ئەکرێ ببێتە خێر و بەرەکەت یان بەپێچەوانەوە هاوشێوەی نەوت ببێ بە نەفرەت و هۆکاری گرفتی ئابوری و سیاسی زیاتر.
تا ئێستا گازێکی سروشتی زۆر دۆزراوەتەوە و بەشێکی کەمی لێبەرهەم ئەهێنرێ، خودی هەرێمی کوردستان کێشەی غازی هەیە و نرخەکەی ناوبەناو بەرزئەبێتەوە، هەرێم کێشەی کارەبای هەیە و کە ئەکرێ لەڕێی ئەو غازەوە کێشەی کارەبا کۆتای بێت و لێشی بفرۆشرێتەوە.
هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە عێراق و لەسەر بوون بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە نەک یەسقانی یەکتر ئەشکێنن بگرە خەریکە مۆخەکەشی ئەخۆن، واتە دوور لە بۆڵەبۆڵی سەربەخۆی کوردستان، سەرکردە عێراقچیەکانی ئەمڕۆ و نەتەوە پەرست”ـە کوردەکانی دوێنێ، کە ئەم دوو چەمکە هەرگیز لای کورد نەبێ لەهیچ شوێنێکی ترا بوونی نیە، لەیەکاتا نەتەوەپەرست بیت لەلایەک و عێراقچیش بیت لەلایەکیتتر.
عێراق پێویستیەکی زۆری بەغاز هەیە و بڕی پێویست لە ئێران ئەکڕێ، ئەکرێ وە سیاسەتە ڕاستەکەش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی سەرەتا لەناوخۆی عێراقا ساخبکاتەوە و ببێتە جێگرەوەی غازی ئێران بۆ عێراق کە ئەمەیان مامەڵەیەکی ناو چوراچێوەی سنوری عێراقەو ئێران ناتوانێ ڕێگری بکات، ئەگەرچی لەڕێی هەندێ حیزبی شیعییەوە هەوڵئەیا ئاستەنگی بۆ دروست بکات.
عێراق کورتهێنانێکی زۆری کارەبای هەیە کە ئەکرێ هەرێمی کوردستان لەڕێی غازەکەیەوە کارەبای زیاتر بەرهەمبهێنێ و بیفرۆشێتەوە بە عێراق. واتا هەرێمی کوردستان ئەبێ لە ئێستایا بەهەموو شێوەیەک خۆی لەهەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ دەرەوەی سنوری عێراق بپارێزێ، بەتایبەتی تورکیا کە ئێران پێی ناڕەحەت ئەبێ، چونکوم لەکاتی درێژەکێشان و فراوانبوونی جەنکی ڕوسیا-ئۆکرانیایا پێویستی و خواست لەسەر ئەم بەرهەمە زۆرئەبێت، ئێستا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەدوای سەرچاوەی ترا ئەگەڕێن بۆ جێگرتنەوەی غازی ڕووسی، بەڵام ئەبێ کورد ژیر و زرنگ مامەڵە بکات و خۆی تێکەڵی هاوکێشەیەک نەکات کە نەهێزی بۆی هەیە نە ئابوری و نە بەرژەوەندی.
لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە چیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم بە زووڕنای تورک، ئێران، ئەمریکا و هیچ وڵاتێکیتر هەڵنەپەڕن، بەڵکو گرنگە کورد ستراتیژییەکی میانڕوەی هەبێت و لەگەڵ هەمووانا مامەڵە بکات، بەڵام ستراتیژیەتی سیاسی و ئابوری خۆی ڕادەستی هیچ لایەک نەکات و لەسەر هیچ بەرەیەک خۆی ساغ نەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت