سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی بەشێک لە وڵاتان بوونە پاشکۆیی کەپیتالیزم؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 1958بوو، بۆ سەردانی ماڵێکی خزممان چووین بۆ بەغدا. لە سلەیمانییەوە بۆ کەرکووک بە تڕومبێلێکی تاکسی شۆفەرلێت ڕۆیشتین. هەتا گەیشتینە کەرکووک، شۆفێرەکە بۆ پشووادان و نان و چا خواردن، دووجار وەستا، گەشتەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند. لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا بە شەمەندەفەر چووین. ئێوارە کەوتینە ڕێگە، پێنجی بەیانی گەیشتینە بەغدا. لەوێشەوە بۆ ماڵی خزمەکەمان عەرەبانەیەکی دوو ئەسپیمان گرت.
لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا، ئاڵووگۆڕی بازرگانی لە نێوان بەغدا و شامدا بە قافڵە ڕێکخراوە. لەبەر کەمی قەبارەی ئاڵوگۆڕکردنەکە، هەروەها بۆ پارێزگاریکردنی قافڵەکان لە دز و جەردەی ڕێگەوبان و مەسرەفی قورسی کارەکە، ساڵانە تەنها 2 هەتا 3 قافڵە ڕێکخراوە، بە هەزارەها هوشتر بۆ بارکردن بەکارهێنراون، گەشتەکە نزیکەی سێ مانگی خایاندووە. چوون بۆ حەج بۆ حیجاز بەهەمان شێوە ڕێکخراوە، لەبەر دووری و قورسی و ناڕەحەتی ڕێگەکە، بەشێک لە بەشداران لە ڕێگا مردوون و نەگەڕاونەتەوە.
پڕۆسەی بەستنەوەی جیهان پێکەوە( گلۆبالیزم) و بەر فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، لە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئینگلتەرا و شۆڕشی فەڕەنسی، لەگەڵ بەهێزبوونی کەپیتالیزم و جێگیربوونی، بە تایبەتی لە ساڵەکانی 1800دا گوڕانکاری بەسەر هات و هەتا هاتووە فراوانتر و فرە لایەنتر بووە. بە دەستپێکردنی شۆڕشی تەکنۆلۆجی چوارەم، لە ساڵەکانی هەشتاوە، کە پێیی دەڵێن شۆڕشی پەیوەندی و تەکنیکی زانیاری (ئای تی)، هەروەها بەهۆی هەندێ فاکتەری ترەوە، پڕۆسەکە زۆر خێراتر بە ڕێوە دەچێ و هەتا دێت گوڕ دەبەستێتەوە. ئەوە هەموو ئاستەکانی گرتۆتەوە: جووڵەی کەپیتاڵ و کەلوپەل، جووڵەی مرۆڤ، زانیاری و تەکنیک گۆڕینەوە، پەیوەندی بێ پچڕان، زانیاری سیاسی و ڕوداوەکان، خوێندن و فێربوون، کلتوور و وەرزش، هەروەها بڵاوبونەوەی نەخۆشی و تیرۆریزم و خراپبوونی ژینگەش… لەم پرۆسەیە بێ بەش نەبوون.
ئنجا، هەر لە جێگیربوونی بڵاوبوونەوەی کەپیتالیزمەوە، بە تایبەتی ئێستا، مەسەلەکە لەوە دەرچووە کە جیهنانگیری لە بەهێزبوون و بەر فراونبووندا بێت، بەشێک بین لەو سستەمە یان نا، بەڵکو مەسەلەکە پەیوستە بە چۆنییەتی ئەو پێکەوە بەستنە. ئایا ناوچەیەک، وڵاتێک یان میللەتێکی دیاری کراو، بەشێکی لاواز و پاشکۆی ئەو سستەمەیە؟ یان بەشێکی بەهێزی کاریگەر؟خەڵکەکەی توانای بڕیاردانیان لەسەر چارەنووسی خۆیان هەیە، یان خەڵکی تر بڕیاران بۆ دەدات، توانای بەشداریکردنیان لە بڕیارە سیاسی و ئابووریەکاندا هەیە کە پەیوستە بە ژیانی خۆیان، ناوچەکەیان و بگرە هەموو جیهانەوە یان نا؟
ئایا بۆچی هەندێ وڵات و ناوچە بوونەتە بەشێکی لاواز و پاشکۆی ئەو سستەمە، بەڵام هەندێکی تریان بەشێکی بەهێز و کاریگەرن تیایدا؟ بۆچی هەندێ وڵات پێشتر پاشکۆ بوون، بەڵام دواتر بوونەتە بەشێکی بەهێز تیایدا؟ لەم باسەدا هەوڵم داوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتانە بکەم.
ئەم باسە بەشێکە لە کتێبی (بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێنا) کە ساڵی 2017 بڵاوم کردەوە.

بۆ خوێندنەوەی هەموو باسەکە، کلیلی ئەم لینکە بکە/ بۆچی بەشێک لە وڵاتان بوونە پاشکۆیی کەپیتالیزم؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت