عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی دەیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیازم وایە ئەم بەشەی خرتکە و پرتکەیە ناو بنێم ( دێوجامە ). ڕەنگە ئەگەر ناوی بنێم (سەرهەویر) یان وەک لە هەندێک ناوچە پێی دەڵێن ( سەرەويلک) خراپ نەبێ. چەندان پارچە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ پێکەوە دەدوورن و چەند کونێکی تێ دەکەن و وەکو پەردە ڕایدەگرن بە دووسێ دار و کەو بۆی دەچێ و بە تفەنگی ساچمە ڕاویان دەکەن. سەرهەویریش هەرپارچە قوماشی هەمەڕەنگ لێک دەدەن و دەیدوورن و بەرێکی سپیشی پێوە دەدوورن و بەسەر هەویری دادەدەن, یان لەکاتی نان رشاندندا بەسەر نانەکەی دادەدەن.
ڕۆژگارەکەمان لە هەرێمی کوردستان بە گەلێک ڕووداو ئاوسە و چاوەڕوانین بزانین چی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەو باسە کەمێک دوا دەخەم و دەچم بۆ ناو ئەو فێسبووکە پڕ لە سەیر و سەمەرەیە. ئەمڕۆ هەرچی دەبینی بە نەزان و زاناوە خۆی دەخزێنێتە ناو کۆڵانەکانی فێسبووکەوە و هەر یەکە ئاوازێک لێ دەدا, بە تایبەتی نەزانەکان. کابرایەک پرسیویەتی ئەری کام پێغەمبەر کەعبەی موشەڕەفی دروست کرد؟ هەندێک کەس هەن خۆیان بە زاناى زەمان دەزانن وەک ئەو کوڕەی کە ناوەکەشی وەکو وەڵامەکەی سەیرە, دەڵێ ( ئەبوبەکری صدیق ). ئینجا وەرە دڵت بەو گەنجە فرەزانە خۆش بێ؟!
لێکۆڵەرەویەکی زۆر شارەزا, خوا خێری خاتو ئەنگێلا مێرکڵ بنووسێ کە ڕەنگە داڵدەی دابێ, دەڵێ: وشەی ( کۆڵەوژ) لە دوو وشە پێک هاتووە, ( کۆڵ) ئەڵمانییە و ( وژ) کوردییە. بەو شارەزا بەڕێزە دەڵێم کە کورد ئەو وشەیەى بۆ ئەو دارە داناوە کە ئاگری تەندووری پێ تێک دەدرێ نە کەسیان چووەتە ئەلمانیا و نە ئەڵمانێکیش بەو خەستییە هاتۆتە کوردستان تا ئەو دوو وشەیە لێک مارە بکەن و کۆڵەوژیان لێ ببێ.
یەکێک پرسیویەتی ڕەگ و ڕیشەی ( منجڕ) چییە؟ شارەزایەک فەرموویەتی ڕەنگە لە ( مضر ) ی عەڕەبییەوە هاتبێ کە مانای زیانبەخشە لە کاتێکدا منجڕ ئەو مانایە نابەخشێ. قوڕ بەسەر کورد بۆ ئەو شارەزا و زمانزانە گەورانە.
وێنەیەک بڵاو کرابووەوە لەسەرى نووسرابوو: ژمارەیەک جەنگاوەری چەکدار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەگەر بڵێم ڕستەکە سەر لەبەری هەڵەیە درۆم نەکردووە. ژمارەیەک ( عدد) جاران ئیمە لە جیاتی ئەو ( عدد)ە دەمانگوت چەند و ئەو خێروبێرە هى ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991بوو لەگەڵ ئەو هەموو دزو گەندەڵ و تاڵانکەرەهات و کوردی نەزانی دواى ڕاپەڕین هاتن قۆستیانەوە. جاران کورد دەیگوت ( چەند جەنگاوەرێک ) نەک ( ژمارەیەک جەنگاوەر ). دوای ئەوە (جەنگاوەری چەکدار), باشە جەنگاوەری بێ چەک هەیە؟ ئینجا کوردستانی ڕۆژهەڵات. ڕاستییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. چونکە خۆ ئێمە چوار کوردستانمان نییە, بەڵام کوردستان چوار لای هەیە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو باکوور و باشوور). من دەڵێم: (چەند جەنگاوەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەکەوە ). چەند جارێکی دیکەش گوتوومە.
توخوا با ئەم شتە خۆشەشتان بۆ بگێڕمەوە. کابرایەک دوکانی باڵندە فرۆشی هەبوو. تووتییەکی دانابوو بە کوردییەکی ڕەوان قسەی دەکرد زۆر باشتر لە دەرچوویەکی بەشی زمانی کوردی. کابرایەکی عەڕەب کە دەبینێ وا بە ڕەوانی قسە دەکات حەزی دەچێتێ دەیکرێ بەو نیازەی فێری عەڕەبی بکات. کە دەیباتەوە لە ماڵەوە زۆر لەگەڵی خەریک دەبێ, بەڵام تووتییەکە فێری عەڕەبی نابێ. ئەویش لەڕقان وەک هەموو شۆڤێنییەک هەموو تووکەکەی هەڵدەکێشێ و ئاوەڕووتی دەکات و دەیخاتە بن هەنگڵی بەو نیازەی بیفرۆشێتەوە. بەڕێکەوت لە بازاڕ دوو کوردي گەنج چاویان پێی دەکەوێ. یەکێکیان دەڵێ: ئاى لەو تووتییە ئاوەڕووتکراوەیە! تووتییەکە دەڵێ: نامەرد لە پێناوی کوردایەتی وام بەسەر هاتووە. پێم وایە ئێمەش شێوەیەکی مام تووتیمان هەیە. پەیامنێرەکان ( هەندێکیان نیریش نین و بیلامانێ مێن ) قسەی سەیر دەکەن و تەنانەت پەندە کوردییەکانیش ئاوەژوو دەکەنەوە و تێکی دەدەن. یەکێک لەوخاتوونانە رێی بەخەڵکی دەگرت و لێی دەپرسی: ڕات چییە بۆ ئەوانەی چاکە بە نێوچاوانی خەڵکی دادەدەنەوە. راستییەکەی دەڵێ ( چاکەیەکی لەگەڵ کردووە و بەچاویدا دەداتەوە ). یەکێکی دیکە نووسیبووى ( بووین بە بزنەکەی هەیاسی ) لە کاتێکدا پەندەکە دەڵێ ( گیسکەکەی هەیاسی ). پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ ( مارانگاز لە خشەی گوریس دەترسێ ), کەچی یەکێک نووسیبووى لە خشەی پەت دەترسێ. شتی دیکە زۆرن, بەڵام باجارێ هەر ئەوەندە بەس بێت.
ئینجا دێمە سەر بابەتە سەرەکییەکە کە ئەویش ئەو خۆپیشاندانەیە کە شارەکانی کوردستانی گرتەوە و ناڵێم شارۆچکە, چونکە هەموو هەر شارن و بەڵام گەورە و بچووکیان و نەچاو لە عەڕەبان دەکەم و نە لە فارسان. هیچ گومانی تێدا نییە کە خۆپیشاندەران هەتا بلێی مافی خۆیانە و داوای ئەو مافە بە ناڕەوا زەوتکراوەی خۆیان بکەن. حکوومەتی هەرێم زۆر بێ باکە و هیچ حیسابێک بۆ میللەت ناکات و وادەزانێ بە ئازایەتیی خۆی بووە بە حکوومەت و ئەوە لێک ناداتەوە کە ئەگەر مێللەت پشتیان تێ بکات ئەوان چەند گەورە بن وەک خۆیان دەڵێن هیچ نموودێکیان نامێنێ. ئەوانەی خۆیان بە گەورەو میللەت بە کەم دەزانن بەرگەی ڕق و تووڕەیی میللەت ناگرن و هەر لە مێژووی نزیک بە چاوى خۆمان بینیمان چەندان ڕژێم سەرەنگرێ بوون و سەرۆک و سەرکردەکانیان کەوتنە بەر نەفرەتی مێژوو. رق و ناڕەزایی خەڵک هەتا سەر کونە لووتیان هاتووە و لێتان پڕە و بە قسەى بریقەدار و کوردایەتیی ساختە و نیشتمانپەروەریی درۆزنانە هەڵناخەڵەتێ. ئیوە وەک ئەو ڕاوکەرە دەکەن کە لە ڕۆژێکی ڕەشەبا ڕاوە چۆلەکەی دەکردو رەشەباش تۆزوخۆڵی بەچڕوچاویدا دەکرد و ئاو لە چاوی دەهاتە خوار و هەر چۆلەکەیەکیشی دەگرت باڵی تێک دەشکاند و دەیخستە سەبەتەکەوە. چۆلەکەیەک بە هاوڕێکەی گوت: ئەو پیاوە چەند بە بەزەییە ئاگات لێیە چۆن فرمێسکمان بۆ دەڕێژێ؟ ئەوی دیکە گوتی سەیری فرمیسکی چاوى مەکە سەیری کردەوەی دەستی بکە. ئێوەش بەدەم کوردایەتی دەکەن. بەڵام کردەوەکانتان پێچەوانەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە. قوتابی و خوێنکاری زانکۆ و پەیمانگا هەزار دینار لە گێرفانی نەبێ, ئیوەش کە منداڵەکانتان گریان پێیان دەڵێن ڕۆڵە خەم مەخۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنت بۆ دەکەمەوە. کام مەلیک و شای وڵاتان وەکو ئێوە لە خۆشیدایە و ئەو هەموو پارەو سامانەی لەبەر دەستە. سەرۆکانی وڵاتانی ئەوروپا بە پایسکڵ هاتوچۆ دەکەن و ئێوەش بە دەیان ئۆتۆموبیلی مۆدێرنی تازەی گوللـە نەبڕ هاتوچۆ دەکەن و مەگەر خەڵک لە تەلەفزیۆن بتانبینێ. چەند دەمێکە ئەو خەڵکە دڵسۆزە پێتان دەڵێ میللەت لێتان تووڕەیە ئاشتى کەنەوە, بەڵام ئێوە باکتان پێی نییە. دەسەڵات بۆ کەس تاسەر نییە و ئەگەر بۆ ئەوانەی پێش ئێوە دەوامی بکردایەو بمابایەوە, نەدەگەیشتە ئێوە. پیرەمێردی نەمر دەڵێ: دنیا وەک پیاڵەى چایخانە وایە ،، تۆ ئەیخۆیتەوە و هیکەت لە دوایە
خۆ پیشاندەران ناهەقیان نییە ئەگەر لەوەش تووڕەتر بن، چونکە ئێوە هیچ نرخ و بایەخێکتان بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوەو لەو بەرزییەتانەوە خەڵک وەکو مێروولە بچووک دەبینن, بەڵام ئەی بۆ بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە خەڵکیش ئێوە لەو بەرزییەوە بە بچووک دەبینێ.
گەورە ئەوەیە شێوەی شەمعی بێ ،، بۆ خۆی بسووتێ و نەفعی جەمعێ بێ
خۆپیشاندان مافێکی سروشتی و دەستووریی خەڵکی ستەمدیدە و زوڵم لێکراو و نان بڕاو و مووچە قرتاوە, بەڵام تکام لەو خاوەن مافە زەوتکراوەکانە ئەوەیە هەتا بۆیان دەکرێ خۆیان لە کاری تێکدەرانە بەدوور بگرن بۆ ئەوەی بیانوو نەدەنە دەسەڵات کە توندوتیژی بنوێنێ بە هەنجەتى ڕێگەگرتن لە کاری دژ بە یاسا. دواى ئەوە چاک کردنی بارو دۆخەکە و بەدەنگەوە هاتنی داواکاریی خۆپیشاندران بە دەست دەسەڵاتدارانی سلێمانی نییە و کلیلەکە لە هەولێرەو بەدەست دەسەڵاتداری یەکەمی هەولێرە و تا ئەو بەرپرسی یەکەمە بڕیار نەدا, کەس ناتوانێ هیچ بڕیارێک بدات نە وەزیرەکان و نە پەرلەمان. دەبێ قورسایی داواکارییەکانی ئێوە و داواکاریی هەموو میللەت بخرێتە سەر بەرپرسانی هەولێر کە هێچ منەتیان بە میللەت نییەو ئەو خەڵکە بە کۆیلەو خزمەتکاری خۆیان دەزانن و دەبێ پیشانیان بدرێ کێ خزمەتکارە و کێش گەورەیە. لە هەموو جیهان, جیهانی دیموکراتخواز و ڕێز لە میللەتگر گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و گوێ نەگرتن لە گەڵ و داخوازییەکانی شۆڕبوونەوەیە بەرەو دیکتاتۆری و مێژووش چارەنووسی دیکتاتۆران دیاری دەکات و شوێنی باشیان بۆ دانانێ و نموونەش ئەوەندە زۆرن کە لە ژماردن نایەن. زۆر لە مێژە پێتان دەگوترێ چیدیکە میللەت تووڕە مەکەن، بەڵام گوێتان نەگرت. خەڵک کە ڕەخنەتان لێ دەگرێ بۆ ئەوەیە گە بێنە سەر ڕێی راست، بەڵام ئێوە پێتان وایە بەو زۆرە ملێیە بۆتان دەچێتە سەر. ئەی نازانن زۆرە ملی مڵ شکانی لە دوایە. خەڵک کە هاتۆتە سەر شەقام داوای مافی خۆی دەکات. قوتابی و خوێندکار خۆ داوای بیرە نەوتیان نەکردووە. داواى تانکەرە نەوتیان نەکردووە, داواى داهاتی خاڵە گومرگییەکانی نەکردووە کە کەس نازانێ چۆنەو چەندە چونکە ئێوە پێتان وایە نابێ ئاشکرا بکرێ، چونکە زیانی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی هەیە ز هەر دەیشارنەوە کەس نازانێ داهاتێ مانگانەی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندە, بەڵام بەغدا مانگانە ئاشکرای دەکات کە چەند نەوتیان هەناردە کردووە و پارەکەی چەندە و تەلەفزیۆنەکانی خۆمان باسی دەکەن، بەڵام فرۆشتنی نەوتی خۆمان ناکەن. حەوت ساڵە دەرماڵەکانتن بڕیون, حەوت ساڵە مووچەی فەرمانبەر و کارمەندانتان قرتاندووە و نزیکەی شانزدە مووچەیان قەرزارن, پێمان ناڵێن لەسەر خێر کەی دەیاندەنەوە؟ دەڵێن: لەکام وڵات خوێندن بە خۆڕاییە و دەرماڵەش دەدرێ؟ وەڵامیان دانەوە چەندان نموونەیان بۆ هێنانەوە کە لە هەموو وڵاتێک کە شەرمیان بەخۆیانە بەو شێوەیەیە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نەبێ. ئێوە حوڕمەتی زانکۆشتان نەهێشت. ئەو هەموو زانکۆیە دەکەنەوە کەچی دەرچووەکانیان دانامەزرێنن . ئیش و کاریان دەست ناکەوێ . لەو لاشەوە زانکۆی ئەهلیم بۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەندێک کەسی پێ دەوڵەمەند بێت . داوای ئەوە دەکەن ئەوانەی قەرزاری کارەبان ئەگەر پارە نەدەن کارەباکانیان دەبڕن. ئەى ئێوە بۆ قەرزی خەڵک نادەنەوە؟
خۆ پیشاندانی قوتابییان هۆشاریدانە و دەرزییەکە پێتاندا دەکرێ, گەر نەیەنەوە هۆش خۆتان شووژن و لە سووژنیش ئەستوورتری بەدوادا دێت. نازانم تێگەیشتن یان روون کردنەوەی زیاترتان دەوێ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت