ھوشیار ئەحمەدی: بە بۆنەی یادی 75 ـەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەھیدان تاجی سەروەریی نەتەوەکەمانن
ئەوەی من دەبێ لە ئەستۆی بگرم، مەرگێکی جوانە. “ئەنتیگۆنا”
شەھیدبوون لای خودی شەھید گەییشتنە بە بڵیندترین ترۆپکی تێکۆشان. ئەو ترۆپکەی کە بەڵێنی داوە بە بەرزترین نرخیش کە گیانیەتی، پاشەکشەی لێ نەکات و ھەر لەوێوە بە وەرگرتنی چەمکی (شەھید) و قووڵبوونەوە لە راستیی (شەھیدبوون) ، بە تەواوی دەچێتە چوارچێوەی رۆحێکی ھەرمان و ھەتاھەتاییەوە. رۆحێکی هەرمان کە دەبێتە پوتانسیەلێکی بەھێز، پوتانسیەلێک کە سەرمایەی مەعنەویی بەنرخی نەتەوەیەکە بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناو رزگاریی و ئازادی نەتەوەکەیدا.
شەھید بەئاگایە لەوەی کە ئەویش وەک مرۆڤەکانی دیکە بریندار دەبێ و رۆحی لەبەر دەچێ. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەو لەمێژە رۆحی لە لەشەی وەرگرتووە و خستوویەتیە بازنەی قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەیەوە. واتە ئەو نیشانی داوە کە ھەر لەو کاتەوەی بووەتە پێشمەرگی نەتەوەکەی، ھەست و دەرکی بە ئازار و مەینەتی و قازانج و بەرژەوەندیی گەلەکەی کردووە و خاوەنێتیی بوونی خۆی لە خۆی و بنەماڵە و ئازیزانی وەرگرتووە و بە پێشکەشی نەتەوە و نیشتمانەکەی کردووە.
لێرەدایە کە دەکەوینە ھەپ و کوت و گەڕان بەدوای ئەو خاڵە گرینگەدا کە کاکڵی ئامانجی شەھید پێک دێنێ. واتە پرسیار ئەکرێ کە ئەوە چ ویستێکە شەھید بەو باوڕ و قەناعەتە ئەگەیێنێ کە بوونی فیزیکی خۆی بکاتە خزمەتی بوونێکی مەعنەوی؟
توخم و ناوک و کاکڵی سەرەکی (شەھیدبوون) ئامانجە. بەڵام بە پێچەوانەوە، لای پێشمەرگە، خودی شەھید بوون نابێتە ئامانج. واتە خودی ئەمانج لە شەھیدبووندا پێناسە ناکرێ. بەڵکوو ئامانج ئەو خاڵەیە، ئەو لوتکەیە کە شەھید بۆی ھەڵدەکشێ و بە گیانی ھەوڵی پێگەییشتنی دەدا، نەک شەھیدبوون وەک خودی ئامانج.
سەلماوە کە لە شەھید بوون دا جەنگاوەری پێشمەرگە بە ئاگایی و وشیاری و بەرچاوڕوونیی تەواوەوە خۆی ئەخاتە خزمەتی ئامانجەکەیەوە. بەم پێیەش دەرئەکەوێ کە ئامانجەکە لای جەنگاوەری شەھید گەییشتووەتە نرخێ کە ئامادەیە بە گیانی بیبژێرێ.
ھەر بۆیە ئەوەیکە شەھید بەبێ ھیچ چەشنە سڵەمینەوەیەک، تەنانەت بەبێ بیرکردنەوە لە چەمکی (مەرگ و مردن) ھەوڵی دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە ئەدا کە بوەتە کاکڵی بەنرخی بوون و وجود و بەردەوامیی ئەو.

پێگەی شەھید:
لای ئێمە واتە حیزبی دیمۆکرات، شەھید سەرباشقەی قوربانیدان، فیداکاری و خۆنەویستیی جەننگاوەرێکە کە بە پێشمەرگە ناسراوە. کەسێکە کە سەرجەم بەھاکانی خۆی فیدای بەھا گشتییەکان ئەکات. کەسێکە کە لە ناخەوە باوڕێکی بەرزی گشتگیری بۆ پێکھاتووە کە بەرھەمی شۆڕش و گۆڕانە. شۆڕشێک بۆ رزگاریی مرۆڤ، شۆڕشێک بۆ سڕینەوەی یەخسیری و کۆیلەتی و شۆڕشێک بۆ ھێنانەدیی ژیانێکی شیاوی مرۆڤ.
دەبینین لە ئەدەبیاتی خۆڕاگری و بەرگریی سەرجەم گەلاندا رێزێکی تایبەتی لە چەمکی شەھیدبوون و شەھیدان دەگیرێ. واتە شەھید لە بەرزترین ئاستەکاندا دادەنرێ و زۆربەی گەلان شەھیدیان پێ تاجی شکۆمەندیی خەبات و کۆڵنەدانە بۆ گەییشتن بە ئامانجە باڵاکانیان. بەچەشنێ کە دەچێتە چوارچێوەی بوونە مێتافیزیکییەکان و ئەبێتە بوونێکی پیرۆز، بەھایەکی پیرۆز، رۆحێکی پیرۆز و تێکەڵ بە رۆحی نەتەوە و نیشتمان دەبێ و بە وزەیەکی بەردەوام گەشێنەر، پارێزەر و پاسەوانی گەل و نیشتمان دادەنرێ. بۆ وێنە لای کورد:
(شەھید ئاوە، تینویەتی زەوی دەشکێنێ،
پەنجەو دەستە، ئازاری خاک رادەژێنێ،)
بەم چەشنەش ئەگەرچی زمان و ئەدەبیات ھەوڵی داوە بەرزترین و بەنرخترین و شیاوترین پێگە بۆ شەھید دابنێ، کەچی ھێشتا لە زمانی دەرکی (دەرک و باوڕی شەھید) ناتەوانین.

(سۆمای چاوە، کام دوارۆژ دوورە دەیبینێ)
لێرەدا دەرئەکەوێ کە نەتەوە و زیندووەکانیش چاوکراوەیی، دووربینی و وشیاریی شەھید دەبینن و باوڕیان پێی ھەیە. دەزانین کە شەھیدەکانیش حەزیان لە ژیان بووە، ئەوانیش ئەزانن ژیان بەتامە، زیندوو بوون خۆشە و لە بوونەوە بەرەو عەدەم و مەرگ ھەنگاونان ئاسان نیە. بەڵام ئەوەی ھەیانە لە رێگایەکا بەختی ئەکەن، بە ئامانجێکی ئەبەخشن کە ھەست ناکەن، باوڕیان نیە کە تێیدا ئەمرن و ئەبنە نەبوون، بەڵکوو باوڕیان وایە ئەوان بەو بەخشینە ئەبنە ھەرمان، ئەبنە بەرزەمرۆڤ، بەرزە مرۆڤێک کە ناوی شەھیدە. بەم چەشنەش شادیی خۆیان ئەکەنە فیدای شادی نەتەوەکەیان، پێکەنینی خۆیان ھەروا و بەردەوامیی ژیانی خۆشیان ھەروا.

بۆیە ئەم دێڕە شێعرە زۆر جوان ئەو راستییە دەرئەبڕێ:
(پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن، شیوەن و گرین
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میلەتا ئەژین)
بەم چەشنەش لەو قەناعەت و باوڕە تێدەگەین کە ئەوان ئەبنە بەشێک لە رۆح و گیانی ھەرمان و ھەتاھەتایی نەتەوەکەیان.
بۆ نمونە پێگەی شەھید لە نێو نەتەوەی ئێمەدا پێگەیەکی ئاھوراییە، ھەر وەک چۆن لە “ساتێک بێدەنگی بۆ زەمەنێک لە دەنگ” و “جەنگاوەرانی خۆرەتاو”دا دەردەکەوێ، ئەوان بە جەنگاوەرە ئاھووراییەکان پێناسە ئەکرێن کە ئەکەونە بەرامبەر بەرەی ئەھریمەنی و ھێزە ئەھریمەنییەکانەوە. ئەکەونە بەرەی رووناکییەوە شەڕی تاریکی و تاریکپەرستی ئەکەن و تاریکی لە ژیانی مرۆڤ و شەڕ لە وڵات و ئەھریمەن لە نیشتمان ئەتارێنن.
ئەوان خاوەن چەکی بڕوا و ئێرادەن، چەکێ کە بەسەر ھەموو چەک و ھێزەکانا زاڵە. ئەوان ئەو ھێزە بەباوڕ و رەوەز ئێرادەیەن کە بە سواری لوتکەی چیاکان دەناسرێن. ئەوان بۆ دوژمنانی نەتەوە و نیشتمان بە گەردەلولی رق و رەشەبا و بۆ گەل و نیشتمانەکەیان بە خۆرەتاو و شنەی بەیان ناسراون. بەگشتی ئەوان خۆشەویستی نەتەوەن، بە ھەستێکی خۆشەویستانەی پیرۆز.

چیایەک لە ئێرادە و بیرو باوڕ:
لە ئەدەبیاتی بەرگری و خۆڕاگریی نەتەوەی ئێمەدا (چیاکان) دەور و پێگەیەکی کاریگەرییان ھەبووە و ھەیە. بۆیە کراون بە رەمز و ھێمای بەرخۆدان و لەشکان نەھاتوویی و بە ھیچ ھێزو چەک و کەرەستەیەک تێک نەشکاون و تێک نەڕوخاون و ناڕوخێن، بەردەوام پاڵپشتێکی قاییم ، لەگیران نەھاتوو و بەھێزی خەبات و سەنگەری جەنگاوەرانی نەتەوەکەمان بوون و ھەن. بۆیەش ئەو تایبەتمەندییانەی لە چیایەک دا دەبینرێن ، ئەتوانین لە باوڕ و ئێرادەی جەنگاوەرێکی پێشمەرگە و شەھیدا بیانبینین.
ئەگەر لە جەنگاوەری شەھید رامێنین، بەو ئەنجامە ئەگەین کە باوڕ و ئێرادەی شەھید بەرزترە لە لوتکەی چیاکان، قاییمترە لە رەوەز و گابەردەکان، بەرینترە لە دەریا و ئۆقیانوسەکان و خۆشەویستییەکەشی بۆ نیشتمان زوڵاڵترە لە ئاوی کانیاوەکانی نیشتمانەکەی شەھید.

باشترین پاداش بۆ شەھیدان، درێژەپێدانی رێگایانە:
شەھیدان خاوەنی کۆگایەک لە بەھا و نرخن کە تەنیا ئەتوانین بە پێوەرە مەعنەوییەکان بیانپێوین. ھەر بۆیە پاداشەکانیشیان دەبێ ھەر بە ھەمان ئەو پێوەرانە پێوانە بکرێن. لەم بارەیەشەوە رێبەری شەھیدی حیزب و نەتەوەکەمان”دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو” ئێژێ:
“باشترین پاداش بۆ شەھیدان درێژەپێدانی رێگایانە.” بەو مانایە کە تا وەدیھاتنی ئامانجەکانیان ھەدا نەدەین. سەرجەم شەھیدانمان بەکردەوە و راستگۆیانە ئەو بەڵێنەیان گەیاندووەتەجێ و ھەر رێبوارێکی رێبازەکەی ئەوانیش لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی دا، لە ھەر سەنگەر و لە ھەر کوێ، دەبێ ئامادەیی ئەوەی ھەبێ.
لە کۆتایی دا سەرنجتان بۆ وتەیەکی کورتی رێبەری شەھیدمان دوکتور قاسملوو رادەکێشم کە ئێژێ: ” ئێمە لە رۆژی شەھیدبوونی شەھیدانمان، لە بیرەوەریی شەھیدانمان دا لە مێژە بڕیارمان داوە ناگرین، لە مێژە بڕیارمان داوە کە تەنیا و تەنیا کارێک کە ئەتوانین بیکەین و لە بەرچاو و لەبیری شەھیدانمانا شەرمەزار نەبین ئەوەیە کە رێگای ئەوان بەرنەدەین و وەک ئەوان تاسەر ئەو رێگایە ببڕین و لە ھیچ تەنگ و چەڵەمەیەک نەترسێین و لە ھیچ سەختییەک نەکشێینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت