محەمەد بەرزی: گەندەڵی خۆرەی کۆمەڵگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەندەڵی بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەتی، کردارێکی ناپاکی پڕ فێڵ و ساختەیە لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجامدەدرێت، کە پلە و پایە و پۆستی باڵا و گرنگییان لە دەسەڵات و حیزبە سیاسییەکاندا هەیە، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نەبەستۆتەوە بە نیشتمانەوە و لە هەموو هەستێکی نەتەوایەتی شۆراونەتەوە و کۆ لە هیچ ناپاکییەک ناکەن. هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان، تەنها دەستکەوت وبەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانە زۆرەکانی لەسەر کۆمەڵگا، وەک: نووسان بە کورسییەوە تا مردن و دوای مردنیش بۆ نەوەکانییان. وەرگرتنی دیاری و بەرتیلی گرانبەها. دزی و ساختە و فێڵ و تەڵەکە و زوڵم و زۆر و ستەم. مامەڵەی سیاسی نایاسایی. خزمایەتی و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن و سپیکردنەوە و ناردنەدەرەوەی پارە و… هتد. بێگومان گەندەڵی گەورەترین بەربەستە لە ڕووی بوژاندنەوە و پێشکەوتندا، یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە کوشندەکان، کە ڕاستەوخۆ ژەهرەکەی بە ناو جەستەی شەکەت و ماندووی کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە و تووشی نەبوونی و نائومێدی و بێ مافی و ئاژاوەی دەکاتەوە، ڕاستەوخۆش کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر کەرتی گشتی و تایبەت دەبێت ، بە گشتیش نیشانەکان و جۆرەکانی گەندەڵی لە ناو کۆمەڵگادا بریتیین لە:
1- یەکگرتن و بەهێزبوونی پەیوەندی توند و تۆڵی نێوان گەندەڵکاران و
بڵاوبوونەوەیان بە شێوەیەکی ئێجگار فراوان لە هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا، وازنەهێنان لە پۆست و پایە و دەسەڵات.
2- نەبوونی ئازادی ، جێبەجێ نەکردنی یاسا ، هەڵکشانی ڕێژەی بەرەڵایی و تاوان، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بە شێوەی ستوونی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بۆ وەزارەت و دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی خواری خوارەوە.
3- بەخشینەوەی پارەی تاڵانی بۆ حیزبی سیاسی سواڵکەر، کە نۆکەر و وابەستەی دەسەڵاتن و دەبن بە دارشەقی ژێر باڵیان، لە پێناوی بەرژەوندییەکی دیاریکراوی گەندەڵکاراندا، وەک: هاوکاری دەسەڵات لە خیانەتی نیشتمانیدا و لە قازانجی وڵاتی بێگانەدا. ملکەچکردن و لە خشتەبردنی هاوڵاتییان بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی یاسا و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران بە سەریاندا، کە لە بنەڕەتدا دژی خواست و بەرژەوەندی هاوڵاتییانن . ئەمانەش جۆرێکن لە گەندەڵی سیاسیی.
4- بەکارهێنانی داهاتی گشتی بۆ پاراستنی خۆیان و دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کڕینی ویژدانی کەسانی لاواز و هەلپەرست.
5- سپیکردنەوە و بردنەدرەوەی پارە و شاردنەوەی سەرچاوەکەی، لە ڕێگای بەکارهێنانی ناوی ئەو پڕۆژانەی دیار و بەناوبانگ و ناسراون.
6- هەڕەشە و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵ و سامانی خەڵکی، لە ڕێگای بەکارهێنانی هێز و ترس و تۆقاندن و دەستدرێژیکردنە سەریان.
7- دەستبەسەراگرتن و قۆرخکردنی موڵکی گشتی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بەبێ هەق و دوور لە چاوی یاسا.
8- زیادکردنی باج و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و مافی هاوڵاتییانەوە هەیە.
9- خزمایەتی و پێدانی پلە و پۆست بە خزم و کەسوکار و ناسیاوەکانیان، بەبێ ڕەچاوکردنی توانا و توانست و بڕوانامەیان.
10- ڕێگرتن لە کەسانی شارەزای دەستپاکی بەشەرەف، لە وەرگرتنی پۆست و دانان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی کورت و درێژخایان، بۆ بوژاندنەوە و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا.
11- بڵاوبوونەوەی بەرەڵڵایی و بەدڕەوشتی وشەرواڵ پیسی و هەڵسوکەوتی نامۆ و ناچیزە، دوور لە ڕەوشت و بەها جوانەکانی باوباپیران. ئەمەش یەکیکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی هەڵتاکاندنی پایە دێرینەکانی کۆمەڵگا.
12- پیسبوونی ژینگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بڕی زۆری گازی ژەهراوی لە هەوادا، بەهۆی جەنگ و بەکارهێنانی چەکی مەترسیدارەوە، یان بڕی گازاتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ئوتوومووبیلی زۆر و چەرە دووکەڵی کارگەکان و مولیدەکانی ناو شارەکانەوە، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر خراپییان لەسەر ژینگە و چینی ئۆزۆن بەجێدەهێڵن و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین پەتا و دەرد و نەخۆشی.
ئەوەی شایانی باسە سەرهەڵدان و بەردەوامی گەندەڵیش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، کە دەکرێت لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێکییان بکەین:
1- چاوبرسێتی لە ڕادەبەری کەسی گەندەڵ، بۆ دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، بێ گوێدانە ڕەوشت و شەرەف و ئابڕوی خۆی و خێزانی.
2- نەبوونی هەستی نیشتمانپەروەری، جا بەهۆی کەمی ئاستی خوێندەوارییەوە بێ، یان پەروەردەکردنێکی خراپەوە، کە دەسەڵاتدارەکەی پیێ گۆشکراوە.
3- نەبوونی یاسای بەهێز و لاوازی سەروەری یاسا، یارمەتیدەرێکی بەهێزن بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی گەندەڵیی بە شێوەیەکی فراوان.
4- کەمیی مووچەی کارمەندان و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و نەداری.
5- لاوازی و سستی کەرتی وەبەرهێنان و کۆچی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی وڵات و نەبوونی هەلی کار.
6- بەخشینی ئازادی و دەسەڵاتی ڕەهای بێ سنور بە لێپرسراوانی دەوڵەت بەبێ چاودێری، بەم ڕێگایەش دەتوانن بەرتیل لە کۆمپانییەکانی کەرتی تایبەت و هاوڵاتییان وەربگرن، بەرامبەر بە هەندێک ئاسانکاری.
7- وێران بوون و هەرەسی پڕۆسەی خوێندن و نەمانی ڕۆڵی پەروەردە، چ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا و چ لە ناو خێزاندا.
8- لە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەش گرنگتر، خۆشباوەڕی و ئاستی نزمی هوشیاری کۆمەڵگا و نەبوونی بوێری و ئازایەتییە، بۆ بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵی. بێگومان لە زوربەی زۆری کۆمەڵگا دواکەوتووکاندا، یان خۆیان کەڕ و کوێر و نەبان دەکەن، یان دەبنە بندیوار و قوڕوقەپی لێدەکەن، لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا دەنگییان پێدەدەن و پشتگیریی و کۆمەکیان دەکەن. بێگومان ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ گەندەڵکاران، تا باشتر ڕەگ دابکوتن و کۆ لە هیچ ترسێک نەکەن و گەرمتر و باشتر لەسەر گەندەڵی خۆیان بێ خەم کاوێژ بکەن.
لە دواجاریشدا ئەوەی ماوە بڵێم: ئەو کۆمەڵگایەی چاوکراوە و ئازایە و بێ پەروا بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێ و داکۆکی لێ دەکات، نە کەس دەتوانێ سواری کۆڵەی سینگی بـێ، نــە هەرگیزیش زیانی تووش دەبێ. پەندێکی کوردیشمان هەیە دەڵێ: گورگ تا کەڵبەی نەشکێ مەڕ دەخــوات.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت