سەردەشت محمد: سەد گوناح و یەک تۆبە، یان یەک گوناح سەد تۆبە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی بەخەیاڵی گەلی کورددا نەدەهات ئەوەبوو ڕۆژێک لەڕۆژان ئەو دەسەڵات و هێزەی کە ئەوان لەشار و دێ قوربانییان لەپێناودا دەدا ببێت بەزەحمەت بەسەریانەوە، هەمووان وەها خەیاڵیان دەکرد ڕزگاربوون لەژێر دەسەڵاتی بەعس و پێکهێنانی حکومەتی کوردی، لەم پارچەیەی باشوور دواخەونیان دەبێت و ئیدی باشوور دەبێت بە نمونەیەک لە جوانی و مەملەکەتێک لە خۆشبەختی. کەچی زیاتر لە سی ساڵی فرمانڕەوایی دەسەڵاتی کوردی نەک هەر ئەو خەونەی لەگۆڕنا، بەڵکو ئێستا زۆرینە حەسرەت بۆ گەڕانەوەی پێش دروستبونی دەسەڵاتی کوردی دەخوازن، کە ئەم حەسرەت خواردنە ژەهراویترین و خراپترین دەردە.
ئەگەرچی تاچەندساڵێک پێش ئێستاش بەشێکی زۆر لە شەقامی کوردی هیوای بەوە هەبوو کە ئەم دەسەڵاتە پێداچونەوەیەک بەخۆیدا دەکات و لەبەرامبەر ئەو سەدان و هەزارن هەڵەی کە بەدرێژایی فەرمانڕەوایەتیان ئەنجامیاندابوو تۆبەیەکی یەکجاری دەکەن، کەچی بەداخەوە نەک ئەوە ڕوینەدا، بەڵکو ڕۆژنییە سەدان گوناح و تاوان بەرامبەر بەمیللەت نەکەن. ڕۆژێک دەستگیرکردن و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوس، ڕۆژێک بڕین و دواخستنی مووچە، ڕۆژێک فرۆشتن و بەتاڵانبردنی سەرخان و ژێرخانی ئابوری وڵات، جارێک هێنانی دەستی بێگانە بۆ ناوهەرێم و سەدان هەڵەی دیکە،کەچی نەیان کرد یەک تۆبە لەم هەموو گوناحە بکەن. بەڵام لەبەرامبەر یەک هەڵەی ئەندامێکی پارتەکانیان ئامادەن لەیەک ڕۆژدا سەدان تۆبە و داوای لێبوردن بکەن. ئەوەتا بینیمان دوێنێ نایف کوردستانی هەڵەیەکەی بەرامبەر بە مەرجەعی شیعەکان کرد کەچی فریا نەدەکەوتن چۆن و بەچی ڕێگایەک و بەچی زمانێک و لەکام دەزگایی ڕاگەیاندیانەوە تۆبەبکەن لەو گوناحەی کەئەندامەکەیان کردویەتی. ئەمە یەکەم ڕووداو نییە لەماوەکانی ڕابردووشدا و لەگەڵ هاتنی پاپادا هەرئەوەندەی پولەکەی حکومەتی هەرێم تورکیایی نیگەرانکرد ڕاستەوخۆ و بێدواکەوتن کەوتنە داوای لێبوردن کردن، ئەم ڕوداوانە پێمان دەڵێت: کە ئەم دەسەڵاتە چەندە نەیاری ناوخۆ و چەندەش یاری بێگانەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت