سەربەست فەتاح: ئاڵۆزیەکانی عێراق.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسیارێتی بزووتنەوەی گۆڕان لەودیوی ئازارەکانەوە دیدگایەکی تر..!؟
درووستکردن و داتاشینی دەوڵەتی عێراق لەدوای جەنگی یەکەمی جیھانی بە لەدایک بوونی ووڵاتێکی ناکامڵ، ھەمیشە و بەردەوام لە ھەڵچون و داچوونی ناوخۆی و ھەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتیشدا سەقامگیریەکی وای بەخۆیەوە نەدیوە کە ببێتە ھۆی بونیاتنانی کۆمەڵگەو تاکێکی خاوەن ھوشیاریی تەواو خودناس و ئەرێنی دوور لە ئالودە و کاریگەر بە دەوروبەر. بەردوام یا لەجەنگێکی فیزیکدا بووە یان جەنگی دەروونی بەرۆکی بەرنەداوە. ئەمە ئەگەر بۆ عەرەب نشینێک جارێک کاریگەری ھەبووبێت، ئەوا بۆ کوردێک دووجار. لێرە من مەبەستمەو ئەمەوێ باسی ئاڵۆزیەکانی ئێستا بکەم و ھەڵدانەوەی ئەو مێژووە، ھەم سانانیە و ھەمیش ئاڵۆزتری ئەکات.
ئەگەر ئێستا تۆزێک لەو سنورەی عێراق بێینە دەرەوە و نوڕینێک بۆ کارت و پێکھاتە و موزایکی ئەو عێراقە بەجۆرێک ئاڵۆزکاوە بکەین، سوپرایز و موفاجەئەکان بەجۆرێکە کەبێ دوودڵی ھیچ حەکیم و سیاسەتوانێک بەرچاو ڕوونیەکی وای پێنیە کە دڵنیا بێت سبەینێ چی ئەگوزەرێ..!
لەسەر و بەندی خۆپیشاندانەکانی تشرین و لەئەنجامی بەردەوامیان توانیان کەمێک گۆڕانکاری بکەن و ھەندێ لەداخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت بەھەڵبژاردنی پێشوەختەشەوە، بەڵام کە سەرنج ئەدەیت لەسەر ئاستی عێراق بەنزیکەی ئەگەر لەسەدا 25٪‏ بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد بێت، کە لەڕاستیدا بەھەموو پێوەرێکی تەندرووست ھەر لەیەکەم ھەنگاوەوە نوێنەرایەتیەکی کەمینەی خاوەن ئەجێندای دەرەکی و باڵادەستی دارایی و سەربازی لە دوو بەرەی زۆر زەق و دیاردەدا، شەڕی گرتنە دەستی دەسەڵاتیانە. ئەوا نزیک ئەبێتەوە لە شەش مانگ نەیان توانیوە گرێ کوێرەی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار بکەنەوە. ئەوەی پەیوەستە بەناو ماڵی شیعەو تۆڵەی موقتەدا سەدر « بەحساب دژی بەرەی ئێران» لە ڕکابەرەکەی نوری مالیکی وەلائی بۆ حەوزەی قووم لە تەنگژەیەکی بۆ مەبەست نزیک بۆتەوە.
سەبارەت و پەیوەست بە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشمەکێشی ھەردوو بەرەی سەدر و ئیطاری تەنسیق و عینادی موقتەدا سەدر بۆ دەرھاویشتنی مالیکی لە بەشداریکردنی لە حکومەت و بڕیاری حکومەتی زۆرینە بۆتە لەمپەری چوونە ژوورەوەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان لەلایەک.
لەلایەکی تریشەوە پارتی دیموکراتی کورستان و بەدیاریکراوی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو پارتە بەجۆرێک چۆتە غروور و غەفڵەتی عینادی و لەخۆڕازی بوون کە « ئەھێندەش حساب بۆ کەس ناکات» دکتۆر بەرھەم ساڵح بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بەجۆرێک بۆتە کابوسی خەیاڵدانی مەسعود بارزانی کەنایەوێ خەویشی پێوە ببینێ چ جای سەری بەڵێی بۆ بلەقێنێت بۆ سەرۆک کۆماری.
پارتی بەدانیشتنی پشت پەردەو سازشی سێ قۆڵی موقتەدا، حەلبوسی، بارزانی بەنزینی کرد بە ئاگری ناکۆکی ناو ماڵی شیعەدا و درزێکی گەورە و شەق بوونی ھیوای یەکدەنگی مافەکانی گەلی کوردستانیشی کردە دیاری دەستی بۆ لایەکانی پێکھێنەری ئەوحکومەتەی زۆرینەبێت یان تەنانەت ئەگەر تەوافوقیش بێت. بەبڕوای من لە ئێستادا باشترین بژاردە دووبارە ھەڵبژاردنێکی ترە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەبەشداری زۆرینەی ھاونیشتمانیان و پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافوقی پابەند بەدەستوورەوە.

بەرپرسیارێتی بزووتنەوەی گۆڕان…؟
لێرەدا نامەوێت بکەومە شەن و کەوی سەرەتا و درووست بوونی بزووتنەوەکە و ھەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنی و ھەڵچون و نشتنەوەکانی شرۆڤە بکەم.
بەھۆکاری ئەوەی بزووتنەوەکە ھەڵقوڵاوی ناو بەرەی گەل و دەنگی ناڕازی شەقام بوو، لە ساتەوەختی ھاتنە سەر شانۆی سیاسی توانی دەنگێکی زۆری ئەو بەرەیە بەدەست بھێنێ سەرەڕای ئەو فشار و غەدر و گزیانەی بەرەی دەسەڵات بەرامبەریان کردیان. ھەر ئەم ھۆکارەش بوو کاتێک دەسەڵاتدارانی شەڕەنگێزی حکومەتی ھەرێم ویستیان پەلاماری بدەن ئەو جەماوەرەی خۆیان کردە قەلغان و شورایان بەدەوری مەکۆی سەرەکی و گردی زەرگەتەدا درووستکرد و پارێزگاریان لێکرد. بێ مۆراڵی و ناھەقیە ئەگەر کاریگەری و دەوری گرنگی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا نادیدە بگیرێت، ئەوە ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری دامەزرێنەری بزووتنەوەکە بوو.
مەخابن لەکاتی نەخۆش کەوتنیدا تاڕادەیەک بێھیوایی لەھەندێ لەھاوڕێکانی زیاتر ئازاریان ئەدا کە ململانێ و ھەڵپە و چاڵچاڵێنی ئەو ھاوڕێیانەی بوونە سەرەتای شکستی ئەو گۆڕانەی تروسکەی ئەو مۆمەی کە بەرەی گەل و مافخوراوەکانی توشی شۆکێک کرد و گورزێکی کوشندە بوو بۆ ڕۆحی یاخی و نەخێریان بەرامبەر دەسەڵاتە گەندەڵ و خۆسەپێنەکەی ھەرێمی کوردستان. زۆر بەداخەوە بەچوونە ناو دەسەڵات لە جاری دووەم و کابینەکەی مەسرور بارزانی ئەکرێ بڵێین گۆڕی خۆیان ھەڵکەند، ناچمە زۆر ووردەکاریەوە.
ئەمەوێ لەمڕۆوە بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێم ئێستا لەبەردەم خواو خەڵک و جەماوەرەکەتاندا بەرەوڕووی بەرپرسیارێتیەکی گەورە بوونەتەوە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی نیشتمانی و بەرەی گەل. لەسەروو ھەموویانەوە ئەو مرۆڤە جوان و ڕاستگۆیانەی بەخوێن و جەستە و ماڵ و بەبرسێتی پشتیوانی و پارێزگاریان لە بزووتنەوەکە کرد.
مەخابن ھاوار و خەمەکانی ئەوان گوێی لێنەگیرا زۆر خەم ساردانە و بێدەربەستانە تەماشاچی ڕۆیشتن و چوونە دەرەوەی ئەو ھاوڕێیانە بوون. تا گەیشت بە ئەمڕۆژە کە بەناچاری جەماوەرەکەی ئەم بزووتنەوەیەی سزادا بەجۆرێک نەبووە خاوەنی تاقە کورسیەکیش لە پەرلەمانی عێراق « سەرەڕای تێبینی جدی لەسەر ھەڵبژاردنەکە».
من زۆر دڵنیام کە تا ئێستاش کەسانێکی دڵسۆز و خاوەن ئیرادە لە ناو بزووتنەوەکەدا بوونیان ھەیە و جەماوەرەکەشی چاوەڕوانی بەخەبەرھاتنەوە و بەخۆداچوونەوەیان لێ ئەکەن بەجۆرێک کە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانە دەنگیان یەکخەن و بێ دوودڵی بڕۆن ئەو دیوی ئازارەکان تێبپەڕێنن و ئەو ھاوڕێ و دڵسۆزە خاوەن ئیرادانەی کە بەھەر ھۆیەک یان باشتر بڵێم بێزار و بەناچاری بزووتنەوەکەیان بەجێھێشتووە و بەئیرادەوە بەردەوامی بە بەرەی گەل و دەنگە ناڕازیەکان ئەدەن بڕۆن و زۆر ڕاستگۆیانە و دوور لە غروور، دەستی پێکەوەیی و بنایات نانەوەیەکی ساغلەم و گێڕانەوەی ھیوایان بۆ درێژ بکەن. لەھەمان کاتدا بژارێکی ئەقڵانی ناو ڕیزەکان بکەن.
ھەر لەم دیدگایەشەوە پێویستە و وائەخوازێت لەیەکەم ھەنگاودا کە سەرجەم تیمی حکومەتی بزووتنەوەکە لە دەسەڵات و حکومەت بێنە دەرەوە دەستبەرداری پلەو پۆست و پارەکانیان ببن. لەھەمانکاتدا زۆر بوێرانەو بەڕوومەتداریەوە داوای لێبوردن لەگۆڕانخوازان و دەنگدەرەکانتان بکەن و ڕاستگۆیانە ئاشتیان بکەنەوە. لەھەنگاوی دووەمدا زۆر گرنگە بەگوڕو تینێکی گۆڕانخوازانە سەرجەم ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە گۆڕانکاری ئەرێنی و تەندرووستیان تێدابکرێت، بەجۆرێک کە ئەو سەرچاوە مرۆییە گرنگەی بێ ماندوو بوون بوونەتە پەپولەی دەوری مۆمەکەی گۆڕان. ئومێد بەخشانە و بەجۆرێک متمانە بگێڕێتەوە کە کێرڤی دەنگدەرانی بزووتنەوەکە بباتەوە ئاستی شایستەی گۆڕانخوازان و تێکشکاندنی ئەو چەقبەستوویەی ئێستا ھەیە بکاتە وەڵامێکی توندی دەسەڵاتە ڕژێم ئاساکەی حکومەتی ھەرێم. ئیتر ببێتە دەستپێکێک تاگەل و نیشتمان بەرەو کەناری ئارام بەرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت