عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: نامەی دووەمی مامۆستا ڕەئوف، پێش شەهید بوونی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لایەکى پەردەى پەنجەرەکەى لادا، ئەو وێنانەى رۆژانى زووى بەرچاوکەوتووە، دوو عارەبانەى دەستى لەتەنیشت دارتوویەک ڕاوەستا بوون. دوکانەکەى پشتەوەیان شیرینى فرۆش بوو. خەڵک بەزۆری ڕوویان تێ دەکرد. پەردەکەى دادایەوە بێ تاقەتى لە ڕوخسارىدا بەدىدەکرا. ماوەى شەش مانگ بوو، لەو ژوورەدا بەبێ دەنگى دەژیا. هەڵسایە سەرپێ. چەند جارێک هاتو و چوو، ژوورەکەى رێکخستەوە لەبەردەم پەنجەرەکە وەستا، دیمەنەکان بەبەردەمیا ڕەت دەبوون، عارەبانەى نەوت فرۆشێک لەبەردەمى نانەواخانەکەى ئەو بەرەوە وەستا، سەرنجى دایە نەوت فرۆشەکە، چاکەتێکى رەشى قەترانى بەسەر شەرواڵە نایلۆنەکەىدا شۆڕببۆوە، جامانەیەکى بەسەرەوە بەستبوو، یەک تەنەکە، دووان، دوانزەى بردە ژوورى نانەواخەنەکەوە. ڕەشمەى ئەسپەکەى خستە سەر زینەکەى، خۆى هەڵدایە سەر بەرمیلى عارەبانەکە، دەنگێک بەرزبۆوە، بەسەر هەموو ئەو جەنجاڵییەى سەر شەقامەکەدا کشا نەوت ، نەوت ، نەوت ، نه‌وت.
خەمێکى قوول دایگرت، باوکى هاتەوە یاد، پەنجەرەکەى داخستەوە، پرچە زەردەکەى لەسەر ڕووخسارى لابرد، بەسەر شان و ملی دا بڵاوبۆوە، خۆى بەرەو لاى ئاوێنەکە کشان، سەیرێکى خۆى کرد، کوڵمەکانى سوور هەڵگەڕابوون، هەستى بەکزبوونى خۆى دەکرد!
چۆن کزنابم.. ئەوانەى لەزیندانیشان هەر بەو جۆرە دەژین، دەنگى گریانێک بەئاگاى هێنایەوە، بەپەلە بەرەو لاى کشا. بەسوکى دەستى بەسەرو پشتیا هێنا، کەوتە لاواندنەوى شەپۆلى دەنگەکە، مۆسیقایەکى هێمن بوو، کۆبین ى خستە ناو باوەشى خەوێکى قووڵەوە، لەسەر قەرەوێڵەکە خۆى درێژ کردەوە. ڕەنگە ئەمڕۆ نامەکەیم پێ بگات، ئیتر شار بەجێ دێڵم ودەچمەوە بۆ ئەوێ!
لەم بیرکردنەوەدا بوو، خەو دایگرتبوو لەدەنگى گریانى (کوبین) بەخەبەر هات و بەرەو لاى چوو. کوبین گیان مەگرى، بووکە شووشەکەى دایە دەستى ئەویش، دەستێکى بەدەم و چاوى دایکیدا هێنا، لەباوەشیدا دانیشت.
دایکیشى ڕوومەتە گەشەکانى ماچ کرد. کەچووینەوە، بوکێکى جوانترت بۆ دەکڕم. لەخۆشیا هەردوو دەستى کردە ملى دایکى، تێکەل بەدنیاى بووکه‌ شووشه‌ جوانەکە بوو.
دەى ئێستا بۆم بکڕە.
ناکۆبین گیان ئێستا ناچینە بازاڕ، ئەو رۆژەى کەدەڕۆینەوە، گەر ئێستا بچینە دەرەوە، خەڵک دەمان ناسن، دوایی دەمانگرن!
بۆچى دەمانگرن؟
دایکى نەیتوانى قوڵپى گریانى بوەستێنێ، چەند دڵۆپە فرمێسکێک بەڕوومەتەکانیدا هاتە خوارێ تێکەل بەرپرسیارە گەورەکانى کۆبین بوون.
چەند جارێ دەستى هێنا بەسەریا، چاوەڕوانى وەڵام بوو، بەڵام دیمەنى شپرزەیی و مەلولى دایکی وەڵامى بێ دەنگى دایەوە.
(ئەوە شەش ساڵه‌ زیاترە شووم پێکردووە، بەهەمووى ساڵێک پێکەوە نەبووین، بڵێی ئەمجارەیان لەشوێنێک جێگیربین و هەناسەیەک بدەین)؟!!
ده‌نگی زه‌نگه‌که‌ زنجیره‌ی بیره‌که‌ی بچڕی،کۆبینی له‌ باوه‌ش کرد، خولیای هه‌واڵێک بوو، ده‌نگێکی نامۆ له‌ حه‌وشه‌که‌وه‌ به‌ر گوێی که‌وت، سه‌رنجی دایه‌، ناسییه‌وه‌ خه‌ڵکی گونده‌که‌یان بوو، به‌خێر هاتنی کرد، له‌ گه‌ڵ کەس و کاره‌که‌یدا به‌ده‌وریا دانیشتن، بێزاری له‌ روویاندا ده‌بینرا، له‌ سه‌رنجه‌کانی که‌وته‌ گومانه‌وه‌، ویستی بڵێ نامه‌ت هێناوه‌، به‌ڵام له‌ پرسیاره‌که‌ی کشایه‌وه‌، له‌ گه‌ڵ بێ ده‌نگی کابرادا، بێده‌نگی ژووره‌که‌ی دایگرت، زۆر پرسیاری لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، ویستی بڵێ ئه‌و له‌ کوێ یه‌؟ من چی بکه‌م؟ به‌ڵام کابرا سه‌ری گڵۆڵه‌که‌ی کرده‌وه‌، باس و خواسته‌کانی پچڕپچڕ کرد، ئه‌وانی شێواند، هیچی لێ تێنه‌ده‌گه‌یشتن، سه‌رسامی کابرا، تێکه‌ڵ به‌ بێزاری ئه‌وان بوو.
– بەدەنگێکى گیراوەوە وتى: مامە عەلى چى بووە، دەی قسە بکە؟
هەناسەیەکى ساردى هەڵکێشا، هێڵێکى راست و چەپى بەهیواکانى کۆبین و دایکى دا هێنان. کەوتە گێژاوێکى گەورەوە چەند دڵۆپە فرمێسکێکى تێکەل بەگێڕانەوەى کارەساتەکەکرد.
کۆبینى لەبیرچووەوە، تاس بردییەوە، ویستى بەقوڵایی هەموو هێزى بداتەوە قوڵپى گریان، بەڵام نەیتوانى سەرى نووساند بەدیوارەکەوە، لەدنیاى ژوورەکە دابڕا، کابراش لەگەل ماتەمینى کەسانى ژوورەکەدا هەر درێژەى بەقسەکانى دەدا.
– تەنیا رێگەیەک هەیە دەبێت بەوریایی بەوێدا بڕۆین بۆ ئەوەى بچینە سەر گۆڕەکەى، دەڵێن بۆمبى کیمیاوی لەزۆر شوێنى تریشدا بەکارهێناوە!!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت