دلێر محەمەد نوری: سوارێکی گلاو لە یەکەم غارداندا، وەڵامێک بۆ سەرۆکی نەوەی نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- بەڕای من شاسوارەکەی نەوەی نوێ گلا، چونکە بە هەمان ڕێگەدا غاریدا، کە دوو حزبی گەورەی دیکە پێشتر تێیدا گلان. هەمووان لە زۆنی سەوز و قوڵایی هەولێریش، ساڵانێکی زۆر داوایان لە یەکێتی کرد نەخزێتە نێو هەژموونی پارتییەوە، بەڵام یەکێتی تا پەیماننامەی دەباشان هەر ئەوەی کرد کە پارتی خواستی و جەماوەر نەیخواست، تا لە حزبی ژمارە یەکەوە بوو بە ژمارە سێ و تا ئەو ڕادەیەی نەوەی نوێش رکابەری بکات. گۆڕان بە تینێکەوە هاتە پێشێ و لە یەکەم تاقیکردنەوەی خۆیدا، جەماوەری توڕەی سنوری یەکێتی کردیان بە دووەم گەورەترین حزبی گۆڕەپان، و لە دوا هەڵبژاردنی عێراقیش هەرچییان پێدا بوو لێیان سەندەوە، چونکە کەوتە هەمان قوڕاوی هەژموونی پارتییەوە، کە پێشتر یەکێتی تێکەوت بوو. تا ئەمڕۆش لەو قوڕاوە دەربازی نەبووە.
ئەدی بە چ لۆژیک و بە چ خوێندنەوەیەکی سیاسیتان بۆ داخوازی هەمان ئەو جەماوەرەی، کە یەکێتی کرد بە یەکێتی و دواتر گۆڕانی کرد بە گۆڕان و ئینجا نەوەی نوێی دروست کرد، ئێوە بە هەمان ڕێگەی ئەواندا ئەسپی خۆتان تاودا کە ئەویش ڕێگەی سەرخستنی بەرنامە و هەژموونی پارتییە و چاوەڕێی گلەیی و گلان ناکەن!؟
2- لە بانگەوازەکەی بەڕێزتان بەراوردێکتان کردووە لە نێوان ڕێکەوتنی پارتی و ئەوەی خۆتان لە گەڵ سەدرییەکان، گوایە بۆ ڕووی گلەیی خەڵک و نوخبە لە پارتی نیە و لە نەوەی نوێیە. لێرەشدا من لەو لۆژیکەی ئێوە تێنەگەیشتم یاخود ئەمەش بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەرە سادە و دڵسافەکەیه کە دوای هەموو دەنگێکی ناڕازی ئەکەون. باشە ئەپرسم ئێمە چی لە 17 خاڵی ڕێکەوتنی ئێوە بکەین کە هیچ جۆرە گەرەنتییەکی لە گەڵ نیە و بەڵام ڕاستەوخۆ ئەچێتە خزمەتی جێ بە جێ کردنی ئەو 25 خاڵەی پارتی و ڕێکەوتنی ژێر بە ژێری لە گەڵ سەدرییەکان کە ئێوە کردووتانە بە بیانوو!؟
3- ئەرێ بە ڕاست نەدەکرا وەکو نەوەی نوێ نەچووبانەتە هیچ ڕێکەوتنێکەوە و چەند پێشمەرجێکی هەڵقوڵاوی دڵی جەماوەرتان تایبەت بکردایە بە نەوەی نوێ و جا هەرچ کوتلەیەکی شیعە یا سوننە، سەدری یان مالکی، کێ پێی ڕازییە ڕێک بکەوتنایە لە گەڵی و کێش پێ ڕازی نەبووایە ئەوا دوو هێندەی دیکە دڵی جەماوەرت ڕادەکێشا و کارت بەم پاڕانەوەیەش نەدەبوو و خۆشت لەو گوومانانە نەدەگلان. بۆ نموونە پێشمەرجی (کاراکردنی مادی 140و کێشەی پارێزگاری سەپاوی کەرکووک و جیاکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم و مووچە لە کێشە ماڵی و ئابورییەکانی بەغدا و هەرێم و وەرگرتنی گەرەنتی جێبەجێ کردنی ئەم دوو خاڵە لە یەکەم ڕۆژی دەست بە کاربوونی حکومەتی نوێوە…). کە باوەڕ ئەکەم بەم دوو و سێ خاڵە دەتتوانی دڵی جەماوەری ناوچە لە دەست چووەکان و ناڕازی هەرێمیش ڕازی بکەی لە نەوەی نوێ.
4- کارێکی دیکەی نا لۆژیکی و دژ بە یەکتان کە هۆکاری گلانی سیاسیتان بوو لەم جەولەی غاردانەدا، ئەوە بوو کە لە لایەک کاندیتتان هەبوو بۆ سەرۆکایەتی عێراق و کرتتانە بیانوو بۆ چوونە ژوورەوەتان تا نیسابی یاسایی بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی تەواو بکەن و لە لایەکیشەوە ڕێک کەوتن لە گەڵ کوتلەی سەدری بۆ سەرخستنی دووبارە کاندیدەکەی پارتی. ئەمە دەستێکی زۆر کەشفی نا سیاسییانە بوو کە تەنها لەو دەستانە ئەچوو کە لە سەر مێزی قومارە سیاسییەکەی پارتییەوە پێڕەکانیتان بۆ ڕێکخرابێت. بۆیە بە باوەڕی من ئەوە دەستە ئەوەندە کەشف بوو کە بە دەیان جۆکەریش تازە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ناتەقن.
5- ڕۆژێک لە فیس بووکدا نووسیم، کە ئەگەر سزای جەماوەر بکەن بە 111 بەشەوە، هەر وەکو کورسییەکانی پارلەمان، ئەوا بە یەک بەش سزای پارتی و بە 10 بەشیش سزای یەکێتی و بە 100 بەشەکەی دیکەش سزای گۆڕان دەدەم. برادەرێک لە کۆمێتێکدا نووسی بووی کە مادام سزای پارتی ئەوەندە کەمە بۆ نابمە پارتی؟ منیش لە وەڵامدا بۆم نووسی کە پارتی لە دوای جیابوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە شەستەکاندا، چووەتە خزمەتی بنەماڵەوە تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە و ڕاستگۆ بووە لە گەڵ خۆی و جەماوەریش و کورد و کوردستان و سەروەت و سامان و بەها نشتیمانی و ئینسانییەکانیشی ڕاستەوخۆ خستۆتە خزمەتی بنەماڵە و ئەنجا حزبەوە، ئەمەشی هەرگیز نەشاردۆتەوە. بۆیە کەمترین سزا هەڵئەگرێ. بەڵام یەکێتی هات وتی من یەکێتی گەلم ئەوێ، نشتیمانیم نەک خێڵەکی و بنەماڵەیی، لە خزمەتی کوردستان دەبم نەک حزب، بەڵام وردە وردە بوو بە کۆپییەکی کاڵی پارتی، بۆیە سزاکەی قورسترە. گۆڕانیش لە دوای بێ ئومێدی خەڵکی لەو بێ هیواییەی یەکێتی بەخشی، هات وتی من لە هیچیان ناچم، بەڵام کەوتە ئەم دۆخەی ئەمڕۆوە کە خۆیشی لە قوڕاوی سیاسی پارتی پێ ڕزگار ناکرێ نەک خەڵکی، هەر بۆیە بەشی شێری سزای بەر ئەکەوێت. نەوەی نوێش لە دوای یەکەم سەرکەوتنی جۆری خۆی، دەستە سیاسییەکەی وەها کەشف بێ و ببێتە هۆی نائومێدی خەڵک لە کاری حزبی و گۆڕانکاری سیاسی، ئەبێ لە داڕشتنەوەی دابەشکردنی سزای گەل چی بەر بکەوێت؟ وەڵامی ئەمە هەڵئەگرین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە نەوەی نوێ ئەوەندەی بیانوو داوە بە دەستەوە، کە ڕکابەرەکانی کاری لە سەر بکەن و سیحری بە یەگجاری بەتاڵ بکەنەوە.
6- زۆرێک وەکو بەندە، لە هەڵتۆقینی بەڕێزتان وەکو پارەدار و بازرگان بە گوومان بوون، چونکە ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت وەکو زۆرێک لە ملیاردێرە تازەکانی سێبەری حزبەکانی دەسەڵات ناتوانن لە فیلتەری (من این لك هذا؟) دەربچن، دواجاریش ئەوەندەی دیکە گوومانەکان چڕ بوونەوە کە بازرگانیتان گرێدا بە سیاسەتەوە. ئیتر لێرەوە هەموو گومانەکان بۆ ئەوە ئەچوو کە نەوەی نوێ گرێدراوی پارتی بێ و ئامانجی درووست بوونی پەرت کردنی زیاتری جەماوەری زۆنی سەوز بێت لە خزمەتی حزبی باڵادەستی زۆنی زەرددا. وا خەریکە سەرە داوەکانی ئەو گرێدانە سیاسییە دەردەکەون، گەر وا نیە بۆچی بەر لە یەکەم گۆنگرە لە سەر ڕەخنەگرتن لە سەرۆکی نەوەی نوێ کەسایەتییەکی وەکو شیروان شیروانی لە حزب دەردەکەن، بە بیانووی ئەوەی سەر بە پاراستنە، کەچی ئێستا ئێوە لە خزمەتی حزبی پاراستن کار دەکەن و ئەویش لە زینداندایە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت