ئەحمەد ڕەزا: شپرزەیی” کەمیی سەرنجدان و جوڵەی زۆر، هاروهاجیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* قصور الانتباه وفرط الحركة
* attention deficit hyperactivity disorder

دەروونناسیی: نەخۆشییەکی گرنگ لە منداڵییەوە، ADHD
شپرزەیی ” کەمیی سەرنجدان/ ترکیز، یان پەرتبوونی سەرنج و جوڵەی زۆر”، کە بە نەخۆشیی ADHD ناسراوە، لە گەوراندا پەیوەندیی بە تەندروستیی ئەقڵەوە هەیە. لە کۆمەڵێک کێشەی بەردەوام پێکدێت، وەک هاروهاجیی لە منداڵیدا، سەرنج پەرت بوون، ڕەفتاری پەلەپەل کردن، لە گەورەبوونیشدا پەیوەندیی ناجێگیر، لاوازیی کارکردن و کەمبوونەوەی باوەڕ بەخۆبوون و خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ و حولحولێتیی.
ئەم شپرزەییە لە تەمەنی 3- 6 ساڵیدا سەرهەڵئەدات، زۆرترینی لە تەمەنی 5 ساڵاندا، نیشانەکانی زوو دەرئەکەون، بەڵام لە هەندێک کەسدا دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەگاتە تەمەنی باڵق بوون.
لە هەر 10 منداڵێکی تووش بوو بەم شپرزەییە، سێ کەسیان ئەگاتە قۆناغی هەرزەکاریی، واتە لەو حەوت کەسەکەی تردا تێئەپەڕێت و ئاسەواری نامێنێت، یان شێوەی ئەگۆڕێت و هاوسەنگیی دروست ئەبێت. بۆ نمونە ئەو گەنجانە هەندێکیان توشی خەمۆکیی و هەندێکیتریان حولحولیی دەرئەچن، یان ئەبن بە بەنگکێش.. کەواتە پێویستە لە پێناوی پاشەڕۆژیاندا بە دروستیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەندیی بە پێکهاتەی مێشکەوە هەیە، بۆ نمونە نەخۆشی تووشبوو بە ADHD ڕەنگە بەشی پێشەوەی مێشکی – کە کۆنترۆڵی لێدانی دڵ و ڕێکخستن و سەرنجدان ئەکا- بە خاویی گەشە بکات.. جگە لەوەی نەخۆشییەکە خۆی بۆماوەییەو بۆ نەوەکان ئەگوێزرێتەوە، لەبەرئەوە هەندێک دایک و باوک، کە ئەزانن خۆیان تووشبووی ADHD ن، باشتروایە، وردتر چاودێریی مناڵەکانیان بکەن و پشکنینیان بۆ بکەن.
لە هەندێ باریتریشدا دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی و تاقەت نەبوون بۆ خوێندنەوە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دائەپۆشن و ئەیشارنەوە، لەبەرئەوە واڕاستترە ئەو تێکڕاییەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە 4% مەزەندەکراوە بە تووشبووانی ADHD، زۆر زیاترە.
لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ سیمای ADHD ئەبێتە خاڵی بەهێز بۆ کارەکانیان:
لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە نەخۆشی ADHD زیاتر حەزیان بە کاری داهێنەرانەو سەربەخۆیی و خێراییە لەچاو ئەوانیتردا، وەک پیشەی هونەریی و ئاگرکوژێنەوەو مامۆستایی و ئەوانەی لە بواری ڕیکلامدا کار ئەکەن، یان پیشە بچووکەکان، زیاتر ئەو کارانەی خەڵک زوو ماندوو ئەبێت بەدەستیانەوە.

نیشانە دیارەکانی:
1- بێ ئاگایی/ غەفڵەت و نەتوانینی سەرنجدان:
دایکان ناتوانن تێبینیی سەرنج نەدانی مناڵەکانیان بکەن، تا نەچنە بەرخوێندن، سەرەتاش مامۆستا لە کاتی وانە وتنەوەدا، یان کاتێ کارێک بە مناڵەکەدا دائەدا، هەستی پێئەکا.
جگە لەوەش مناڵانی تووشبوو بە ADHD ئاژاوەچین، ناتوانن سەرنجی زۆر بدەن و گوێ نادەنە هیچ یاساو ڕێسایەک و حەزیان بە بەزاندنی یاساکان هەیە، تەنانەت لە یاریکردنیشدا.. لەبەرئەوە کارەکانیان بە ئاژاوەگێڕانەو فەرامۆشکراو ئەبینرێتەوە.
هەروەک کێشەیان لە زۆروتندا هەیە لەهەر بابەتێکداو زوو تیایدا ئەوەستن، تاقەتی گوێگرتنیشیان لەوانیتر نییە.. بە دەنگێکی بچووک یان جوڵەیەک سەرنجیان ئەڕوا، لە کاتێکدا ئەوانیتر هەستی پێناکەن، یان گوێی نادەنێ.. زەحمەتە لەگەڵ ئەوانیتردا هەڵبکەن، لەبەرئەوەی توانای سەرنجدان و ناسینەوەی میزاجی ئەوانیتریان لاوازە.. بە زیندەخەون و بایەخدانە تایبەتەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن.
2- چالاکیی و جوڵەی بێ ئەنداز/ هاروهاجیی بەردەوام:
ئەمجۆرە لە مناڵیدا بەردەوام چاوەچاو/ ” مماطلة” ئەکەن، لە سەعیکردن و دەرس و دەوردا، لە یاریکردن و جێگۆڕکێی بەردەوام، لە سێ خولەک زیاتر، توانای مانەوەیان نییە، بە کورتییەکەی تۆتکە ناگرن.. توانای یاریکردنی هێمنیان نییە، حەزیان بە ڕاوڕاوکێ و بازهەڵدانە بەسەر شتومەکدا، بە جۆرێک تەواو دایک و باوکیان بێزار ئەکەن.. تاقەتی گوێگرتنی چیرۆکیان نییە.
3- پەلەپەل:
نەمانی سەبرو ئارامیی، چاوەڕوان نەکردن لەسەرەی خۆیاندا، پەلەکردن لە وەڵامدانەوەو پێبڕینی قسەی ئەوانیتر، ئازاردانی خودی خۆیان، لەبەرئەوەی بەبێ بیرکردنەوە هەڵسوکەوت ئەکەن، هەندێجاریش بەهۆی پەلەپەلییەوە بەرکەسانیتر ئەکەون، یان لە شتی مەترسیدار نزیک ئەکەونەوە، یان لە ماڵ هەڵدێن، یان ڕێکردن بەشەقامداو خۆهەڵدان لە شوێنی بەرزەوە.
4- دەمارگیریی.
5- کێشەی زۆر لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشار دروست بوون، یان ئاڵۆزیی تێپەڕاندنی کێشەکان. بەڵام هەریەک لە ئێمە لە یەکێک لە ساتەکاندا نیشانەی ئەم نەخۆشییەمان لێدەرئەکەوێت، بە بێ ئەوەی دووچاریشی بووبین، ئەوکاتە ئەزانین کە بە ADHD ەوە گرفتارین، کە نیشانەکانی کەڵەکە بن و ببنە مایەی کێشەی بەردەوام و زیاتر.. نیشانەکانیش لەگەڵ ماوەی منداڵیدا یەک بگرنەوەو پەیوەندیی نەپساوە لە نێوان نیشانەکانیدا هەبن.. بەڵام لە گەورەبووندا، بە حولحولێتیی و شپرزەیی و دڵەڕاوکێ دەرئەکەون.

هۆکارەکانی تووشبوون بە ADHD:
1- هۆکاری بۆماوەیی.
2- جگەرەکێشان و خواردنەوەی دایکان، لە دووگیانییدا.
3- دووچار بوون لە مناڵیدا بە ژەهرە ژینگەییەکان وەک خوێی فۆسفات و قوڕقوشم.PBso4

دەرەنجامە خراپەکانی:
1- تەممەڵیی لە خوێندن یان کارکردن.
2- بێ ئیشیی.
3- کێشەی دارایی.
4- کێشەی یاسایی.
5- ئالوودە بوون بە خواردنەوەو بەنگ/ هۆشبەر.
6- دووبارە بوونەوەی ڕووداوی ئوتومۆبیل، یان ڕووداویتر.
7- پەیوەندیی ناجێگیر لەگەڵ خەڵکدا.
8- خراپیی تەندروستیی جەستەو ئەقڵ.
9- لاوازیی وێنەی خود.
10- هەوڵی خۆکوشتن.

چارەسەر:
باشترین ڕێگە چارەسەر، بۆ زاڵبوون بەسەر ADHD دا، سەردانیکردنی پزیشکە، لەبەرئەوەی جگە لە ڕووە دەروونییەکەی، پێویستیی بە داوودەرمانیشە.. بەڵام لەسەرەتادا پێویستە دایک و باوک بە هیچ جۆرێک پەنا نەبەنە بەر لێدان و تووڕە بوون، گرنگتر ئەوەیە ڕۆتینیان لەگەڵدا بەکاربهێنرێت و کاتی تەواویان بۆ جووڵە پێ ببەخشرێت، هەروەک لە هەندێ قوتابخانەدا ڕەچاو ئەکرێ.

سەرچاوە:
– موقع mayo clinic / اضطراب فرط الحركة وتشتت الانتباه عند البالغين / 10/ 11/ 2021.
– منال العبدلاوي – حقائق لا يعرفها الكثيرون عن اضطراب فرط الحركة وتشتت انتباه الأطفال – موقع الجزیرة – 22/ 4/ 2021.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت