حەسەن ڕازانی: لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن، بەهۆکاریی خەوبینین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن، چونکە پێغەمبەر هاتۆتە خەوی کچێکی تەمەن 13 ساڵی خزمی سەربڕەکان و پێی گوتووە ئەو مامۆستایە سوکایەتی بە من و بە ئیسلام کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت!
(ئیترلە ئێستاوە لە پاکستان ئەگەر لەخەویشدا بتبینن و گوێیان لێتبێت کە تۆ سوکایەتی بە ئیسلام دەکەیت، ئەوە سزاکەت سەربڕین دەبێت!)

پاکستان/ پارێزگای پەختون خوا لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان
خوێندنگای جامیعە ئیسلامیە فلاح البنات
بە پێی دەیان سەرچاوەی سۆشیال میدیایی و تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەی ڕەسمی و تەنانەت دەزگای پۆلیسی پاکستان و زۆرێک لە دەزگاو ڕاگەیاندنەکانی جیهانی بەم شێوەیەی خوارەوە باس لەو ڕووداوە دەکەن:
لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان کە سەر بە پارێزگای پەختونخوایە و دەکەوێتە سەرسنووری ئەفغانستان بە دیوی پاکستانەوە، لە خوێندنگایەکی ئایینیدا بە ناوی فەلاحول بەنات کە تەواوی مامۆستاکانی ژنن و خوێندکارەکانیشی هەموویان کچن، ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی 29ی ئازاری 2022 کاتژمێر 7ی سەر لە بەیانی مامۆستایەک بە ناوی سەفورە بیبی بە چەقۆ سەریی دەبڕن.
دەزگای پۆلیسی پاکستان لە ناوچەکە مامۆستایەکی هەمان خوێندنگا و دوو لە خوێندکارەکان کە ئەوانیش خوشکەزاو برازای مامۆستا پلان داڕێژەرەکەن وەک تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان کردوون. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ناوچەکە، مامۆستا تاوانبارەکە کە لە هەمان کاتدا هاوڕێی مامۆستا سەربڕاوەکەشە ڕاستەوخۆ پلانداڕێژەری تاوانەکەبووە. ئێستا پۆلیس مامۆستاکە و دوو خوێندکارەکەشی گرتوون. هەروەها پۆلیس دەڵێ هەرسێک تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. بەرپرسێکی پۆلیس بە ناوی نەجمول حەسەن لیاقەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کە ئەو کەیسە هێشتا لە ژێر لێکۆڵنەوەدایە و دەبێ بزانرێت کە ئاخۆ ئەم کوشتنە پەیوەندی بە بابەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەرەوە هەیە یاخود شتی شەخسیەو دوژمنایەتی نێوخۆی ئەو دوو مامۆستایەیە. بە پێی ڕۆژنامەی ئەلمەشریقی پاکستانی کە ڕۆژانەیەو بە زمانی ئوردو دەردەچێت دەڵێت: “مامۆستا تاوانبارەکە ناوی عومرە ئامان و دوو خوێندکارە تاوانبارەکەش ناوی یەکێکیان رازیە حەنیفە و ئەوەی تریشیان ئاییشە نوعمان.”
هەر لە سەرهەمان بابەت، زاهید قوڕەیشی کە خزمی مامۆستا سەفورەیە بە پۆلیسی وت کە “هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوانی مامۆستا سەفورەو مامۆستا تاوانبارەکەدا نەبووە”. زاهید دەڵێ ” زۆر جاران مامۆستا تاوانبارەکەو مامۆستا سەفورە بە یەکەوە چوون بۆ دەوام و بە یەکەوەش هاتوونەتەوەو زۆر یەکتریان خۆش ویستووە”. زاهید لەو بارەوە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت: کە “ئەو کارە کارێکی زۆر دڕندانە بووەو داوای جێبەجێکردنی دادپەروەری لە حکومەت دەکم”. لە لایەکی تریشەوە مەولانە شەفیعو اللە بەڕێوەبەری خوێندنگاکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت: کە “مامۆستا سەفورە دوو ساڵ بووە لەو خوێندنگایە دەرسی وتۆتەوەو هەرسێک تاوانبارەکەش هی ناوخۆبوون.”
لە لێدوانێکدا هەردووک خوێندکارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. دەڵێن بۆیە مامۆستاکەیان سەربڕیوە، چونکە لە ماڵەوە خزمەکانیان و یەکێک لە خزمەکانیان کە کچێکی تەمەن 13 ساڵە ئەو خەوەی دیوە. لە خەوی کچە تەمەن 13 ساڵەکەدا ئەو مامۆستایە سوکایەتی کردووەو پێغەمبەریش، هاتۆتە خەوی و فەرمانی کردووە کە دەبێ ئەو مامۆستایە بکوژرێت و تۆڵەی لێبکرێتەوە. بۆیە ئەوانیش ئەو سوکایەتیەیان بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام پێ قەبوڵ نەکراوەو نەیان توانیوە چاوپۆشی لە مامۆستا سەفورە بکەن. هەر بۆیەش بە ئەرکێکی ئاینی ئیسلامیان زانیوە کە دەبێ تۆڵەی ئیسلام و پێغەمبەر لە مامۆستا سەفورە بکرێتەوە. ئەو دوو کچە دەڵێن: ئەوان تەنها فەرمانی پێغەمبەری ئیسلامیان جێبەجێکردووە.
پلانەکەش بەم شێوەیە جێبەجێدەکەن: ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی 29ی ئازاری 2022 کاتژمێر 7ی سەر لەبەیانی کاتێک کە مامۆستا سەفورە بیبی بەرەو خوێندنگاکە دەچێت بە مەبەستی دەوام، لە بەردەم دەرگای سەرەکی خوێندنگاکە دەکەوێتە کەمینی هەرسێک لە مامۆستا و دوو خوێنکارەکان کە برازاو خوشکەزای مامۆستا تاوانبارەکەبوون. هەرسێکیان بۆ ئەو کارە بە ئامادەباشی هاتوون و کوتەک و تێڵاو چەقۆیان پێبووە. هەر لەوێدا کوتوپڕ وەری گەڕاونەتێ و لە عەرزیان داوەو هەموو لەشیان بەچەقۆ و کوتەک هەلاهەلا کردووە، دواییش بە چەقۆ سەریان لە لاشەی کردۆتەوە.
جێگەی باسە کە لە پاکستان دا بە پێی یاسا سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام تاوانێکی قورسەو سزاکەی کوشتنەو لێخۆشبوونی نیە. هەر بۆیەش هەر کەسێک کە ئەوتاوانە ئەنجام بدات خەڵکی ئیماندارو ئیسلامی توندڕەوی پاکستان لە هەر کون و قوژبنێکی ئەو وەڵاتەدا لەسەر پۆلیس و دەزگای دەوڵەتی ڕاناوەستن کاری کوشتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵکو هەر خۆیان ڕاستەوخۆ هەڵدەستن بەو کارە وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی کە لەسەر شانیان واجیبە. لەو بارەوە بە پێی ڕاگەیاندنەکان پاکستان لە چەند دەیەی ڕابردودا ژمارەیەکی پێوانەیی یەکجار زۆری تۆمار کردووە کە خەڵکی تێدا سەربڕاوەو کژڕاوەو بەردەباران کراوە لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام.
دەگوترێت کە بەرپرسانی حکومەتی پاکستان چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە هیچ لێبوردن و لێخۆشبوونێک نیە بۆ ئەو گروپ و کەسانەی کە لەدەرەوەی یاساو دەزگای دەوڵەتیدا بەم شێوەیە خەڵک دەکوژن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر. بەڵام هێشتا خەڵک گوێ بەو قسانە نادات و پشت ئەستوور بە هەندێک حیزبی ئیسلامی هەرێ توندڕەو بەردەوامن لەسەر ئەو سزایانە.
توندوتیژی و سزای کوشتن و سەربڕین و بەردبارانکردن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام لە پاکستاندا مێژوویەکی لە مێژینەی هەیە. هەر لەو بارەوە بە پێی بەدواداچوونێکی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئاساییش کە ناوەندێکی بەناوبانگ و جێ متمانەیە لە ناو ئیسلام ئابادا دەڵێت: لە حەوت دەیەی ڕابردوودا 90 نەوەد کەسی سیڤیل بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام کوژراوون. هەربە پێی ڕاپۆرتێکی هەمان ناوەند دەڵێت: لە ساڵی 1974 وە کە پاکستان سەربەخۆیی وەرگرتووە 1400 هەزارو چوارسەد کەس تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەریان دراوەتە پاڵ و خراونەتە دادگاوە یان لە لایەن گرووپی توندڕەوی نێو شەقامەکانەوە تووشی سزاو ئەشکەنجەو کوشتن و ڕاوەدوونان بوونەتەوە. لە یەک دەیەی ڕابردووەوە 1200 دۆسیەی لەو بابەتە بە ڕەسمی تۆمارکراوە. کە ئەوەش ژمارەیەکی یەکجار زۆرەو لە زیادبووندایە.
تا ئێستا لە زور شوێنان لە وەڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت لە وڵاتانی نا ئیسلامیش بۆ نموونە وەڵاتە لیبڕاڵە ڕۆژئاواییەکان سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام یان باسی خەراپەی یەکێکیان یان هەردووکیان بە یەکەوە تاوانەو لێخۆشبوونی نیە. چارلی عەبدو لە ناوجەرگەی پاریسی فەرەنسادا وێنەی پێغەمبەری ئیسلامی بە شێوەی کاریکاتێری درووست کردو ئەویش چارەنووسەکەی کوشتن و تیرۆرکردن بوو. ئێستا هەر ئەوە نیە کە لەسەر ئەرزی واقیع ببینرێی کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام بکەی سزاکەت کوشتن و سەربڕین دەبێت، بەڵک و ئەگەر لە خەویشدا بتبینن و لێت ببیسن کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام دەکەی دەتکوژن، بەردبارانت دەکەن، کوتک و تێڵا بارانت دەکەن و قۆرتم و ملیشت بە کێردێک دەپەڕێنن. وەک، بۆ نموونە، کە بەسەر مامۆستا سەفورە بیبی داهات لە پاکستان. تەنها لە خەودا کچێکی تەمەن 13 ساڵ پێغەمبەر هاتۆتە خەوی و پێی گوتووە کە مامۆستا سەفورە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت. بکوژەکانیش فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە بە شێوەی ئەشکەنجەو سەربڕین. بێجگە لە خەوەکە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبووە کە مامۆستا سەفورە ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت.

تێبینی: بۆ ئەو بابەتە سوودم لە زۆر سەرچاوە وەرگرتووە . لە وانە:
https://www.aljazeera.com/news
https://www.youtube.com
https://www.insider.com/pakistan
https://www.geo.tv
https://www.albawaba.com
https://www.vice.com/en

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت