بورهان شێخ ڕەئوف‌: هەرێم و عیراق گەیشتوونەتە بنبەستی سیاسی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چەند رۆژی پێشوودا كاتێك پێشكەشكاری بەرنامەی یەكێك لە كەناڵە عیراقییە عەرەبییەكان ئەو پرسیارەی بەرەوڕوو كردمەوە، باشە بۆچی جاران نێوماڵی كوردی بێ‌ كێشەترین ماڵ بوو و هەموو جار لە دوای هەڵبژاردنەكان كاندیدی هاوبەشیان ئامادەبوو، بەڵام دوای 2018 ئەو تەبایی و هەماهەنگییە نابینین؟
من خێرا بیرم بۆ ئەوەچوو هەرچەندە پێشتریش ئاماژەمان پێداوە لە كات و شوێنی جیاوازدا، كە ئەوە كاریگەری غیابی سیمبول و كاریزمایەكی عیراق و كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە كە (مام جەلالە)، كە كۆكەرەوەی هەموو لایەنە ناكۆك و دژ و ناتەباكان بوو، ئەو بە عەقڵ و حیكمەت و ژیری خۆی، دركی بە گرنگی تەبایی و كۆدەنگی و سازان كردبوو، لەو پێناوەشدا بە بێ‌ سڵەمینەوە چی پێویست بووایە بۆ سەرخستنی ئەو خواستە دەیكرد، تەنانەت بە زیانی بەرژەوەندییەكانی حزبەكەی خۆیشی بووایە.
ئێستاش كە عیراق لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردایە بە یەكێك لە سەختترین و هەستیارترین وێستگەكانی پرۆسەی سیاسی و پێكەوەژیانی سیاسی دەڕوات، نێوماڵی كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار پێك نایەن و پارتی بە دوور لە هەموو رێكەوتننامەكانی پێشوو نێوانیان لەگەڵ یەكێتیی كاندید بە دوای كاندید پێشكەش دەكەن بۆ وەرگرتنی شایستە و پشكەكەی یەكێتی كە پۆستی سەرۆك كۆمارە و ئەو پەندە كوردییەمان وەبیر دەخەنەوە كە دەڵێت: (بەشی خۆم بۆخۆم بەشی تۆش دەخۆم)!
نێوماڵی شیعەش دەردێكی خراپتری تووشبووە، بۆ یەكەم جار لە عیراقی نوێدا رەوتی سەدر بانگەشەی بیرۆكەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكات بەدەر لە ماڵی شیعە و چۆتە نێو هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی (سەدر ،حەلبووسی، پارتی)، هەرچەندە بە دیدی من ئەمە گۆڕانكارییە لە ناوناندا زیاتر تاوەكو زۆرینە، چونكە ئەم زۆرینەیەش هەمان كاراكتەرەكانی پێشووی پرۆسەی سیاسین و بەشداری تەواوی هەموو نوشست و دەستكەوتەكانیش بوون، لە كابینەكانی پێشوودا، هەرچەندە شكست و پاشەكشەكانی زیاترە بۆ هاوڵاتیانی عیراقە، ئەوە من نیم ئەوە دەڵێم، خۆپیشاندانەكانی عیراق لە ساڵی 2019 و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، گەندەڵی و لاپەڕەكانی سۆشیال میدیا، شتێكی نهێنیان نەهێشتۆتەوە، ژێر بەڕەیان خستووەتە سەر بەڕە، ئەدی خێرە ئێستا ئەم هاوپەیمانێتییە تازە ریفۆرمخوازن و گۆڕانكارییان دەوێ و ئەوانی دی بەرپرسی هەموو شكستەكانن؟
راستە هاوكێشەی ژیانی دیموكراسی لە دوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێك دێت، بەڵام خوێندنەوەی واقیعی و لۆجیكی بۆ دۆخی عیراق و سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی ساز و ئامادە نییە بۆ كاری ئۆپۆزسیۆن، لە نەبوونی دام و دەزگای نیشتمانی و هێزی چەكداری ئەمنی و سوپا و دادگا كە زامن و مسۆگەر بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو بنیاتنەر كە چاودێری وردی كاروبارەكانی حكومەت بكات.
رووداوەكانی هەفتە و مانگەكانی پێشوو ئەوەیان پیشان داین كە هێشتا عیراق پێویستی بە سازانی نیشتمانییە بە میكانیزمی نوێەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت