عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی دوانزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زگم بەخۆم و کورد و زمانی کوردی دەسووتێ
هەندێک جار دادەنیشم بیر لە حاڵی خۆم و میللەتی کورد و زمانەکەی دەکەمەوە، خەمێکی قورس دامدەگرێ و وەک مۆتەکە سواری سەر سینگم دەبێ وەختە بڕستم لێ ببڕێ. کوڕە قیروسیا لەخۆم, سندان لەمن بدا. بەڵام ئەو خەمەی دیکەی کورد و زمانەکەی خەمێکی گەورەیە و بە دەست خۆم نییە و ناتوانم لەبیر خۆمی ببەمەوە. لەزۆر بۆنەدا نووسیومە و ئاماژەم پێ کردووە, بەڵام وەکو گوتوومە, ئەوانەی مەبەستى منن هەموو جارێ 33 مێشان لە گونی کەرەشین دەژمێرن و گوێیان لە قسەی من نییە. با هەندێک نموونە بێنمەوە.
زۆربەی ئەوانەی من ئاماژەیان بۆ دەکەم لە عەڕەبییەوە کراون بە کوردی. گوتەیەکی عەڕەبی هەیە بۆ ڕوونکردنەوە دەڵێ: ( سلط الأضواء علیه), کەچى دەڵێن تیشکی خستە سەر. بۆ من مەڵێن بۆ خوا بڵێن أضواء تیشکە یان ڕووناکی و ڕۆشناییە؟ تیشک ( شعاع)ە و دەبێ بڵێین ( ڕۆشنایی خستە سەر ). ( ملکة الجمال ), دەڵێن شاجوان. دیسان دەڵێم بۆ من مەڵێن بۆ خوا بڵێن, (ملکة) شایە یان شاژن؟ (جمال ) جوانە یان جوانییە؟ وەرگێڕانەکە هەمووی هەڵەیە و دەبێ بگوترێ ( شاژنی جوانی ) و ئەگەر بڵێن ( ملکة جمال العالم) دەبێ بڵێین (شاژنی جوانیی جیهان ). جارێکیان یەکێک بۆ پێشبڕکێیەکی سەگی جوان لە عەڕەبییەوە کردبووى بە کوردی ( ملکة جمال الکلاب) و گوتبووی شاجوانی سەگان. کاکە بۆ ناڵێی سەگێکی جوان. پێشبڕکێ بۆ جوانترین سەگ.
ئێمە زۆر جار خۆمان بە عەڕەبییەکەوە دەبەستینەوە لە زمانی عەڕەبیدا(سلبی و إیجابی ) هەیە, واتا چاک و خراپ و ئەرێنی و نەرێنییان بۆ دروست کراوە. باشە بۆ ( تأثیر إیجابی و تأثیر سلبی ) ئەگەر بڵێین کاریگەریی باش و کاریگەریی خراپ مانا نادات؟ قەیدی نییە ئەو دوو وشە دروست کراوە بە خێر بێن, بەڵام سلبی بۆ خراپ و ئیجابی بۆ چاک بەکار دێن. هەندێک نموونەی سەیر: دەڵێن گوتارەکە لە ژێر ناوی …… پێم وایە دەبێ بڵێین: گوتارەکە بە ناوی.
دەڵێن جۆرێک لە ڕێنووس بەکار دێنێ. ئەمە وەرگێڕانی ( یستعمل نوعا من الأملاء ) ی عەەبییە. ڕاستتر وایە بڵێێن: جۆرە ڕێنووسێک بەکار دێنێ. یان دەڵێن شێوازێکی تایبەت لە ڕێنووس. دەبێ بڵێین: شێوازە ڕێنووسێکی تایبەت.
دەڵێن هەڵدەستن بە گۆڕینەوەی ڕاو بۆچوون. دەبێ بڵێین ڕاو بۆچوون دەگۆڕنەوە. لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن شتی زۆر لەوە سەیرتر دەبینی کە زمانزانەکانی ( ئاخر زەمان) بەکاری دێنن. ئینجا ناهەقمە ئەگەر بڵێم زگم بە زمانی کوردی دەسووتێ. با جارێ هەندیک شتی دێکەتان پێشکێش بکەم و ئەوی دیکە بۆ دوایی هەڵدەگرم.
هەر کەسە بە دەردێکەوە گرفتارە و باسی دەکات. لەمێژە ئەو دوو کۆپلە شیعرەم لە فارسییەوە کردووەتە کوردی و بیرم نەمابوو, ئەمڕۆ لە دەفتەرێکی بچووکدا دۆزیمەوە. تکایە مەڵێن کۆنە دەفتەران دەگەڕێ, چونکە لە سایەى خوا جارێ وام لێ نەهاتووە.
کوڕێک بە باوکی دەڵێ:
جانا پدر تو صورت خوبان ندیدەای
چشم سیاە و زولف پریشان ندیدەای
چشم سیاە و زولف پریشان بهر طرف
تو ناز و عیشوەی یاران ندیدەای
باوک دەڵێ:
جانا پسر تو سفرەی بێ نان ندیدای
رنج عیال و نالەی طفلان ندیدەای
رنج عیال و نالەی طفلان بهر طرف
در نیمە شب رسیدن مهمان ندیدەای
کوردییەکەی: کوڕەکە
بابە گیان تۆ ڕووى جوانانت نەدیوە
چاوی ڕەش و زوڵفی پەرێشانت نەدیوە
چاوی ڕەش و زوڵفی پەرێشان بە هەر حاڵ
ئەتۆ ناز و عیشوەى یارانت نەدیوە
باوک
ڕۆڵەگیان تۆ سفرەی بێ نانت نەدیوە
هیلاکی و ناڵەی منداڵانت نەدیوە
هیلاکی و ناڵەی منداڵان بە هەر حال
بە نیوەشەو هاتنی میوانت نەدیوە
گوتم با نووسینەکە هەمە چەشنە بێت تا لێی بێزار و بێ تاقەت نەبن.
سبحان اللە دزى و درۆ هەموو جیهانی گرتۆتەوە, بە تایبەتی وڵاتانی جیهانی سێیەم و ئێمەی کورد لە هەردووکیان بەشی خۆمان بە زیادەوە بەدەست هێناوە.
دەڵێن جارێکیان ئەمریکاییەک دەچێتە یەمەن, ئەوەى جاران پێیان دەگوت ( الیمن السعید ). تەڕ سەعید نەبوو وەک ئێمە لەسەر شەقامێک دەرۆزەکەرێک دەستی لێ پان دەکاتەوەو دەڵێ: ( خیرفی سبیل اللە ). کابرای ئەمریکایی تێی ناگات, بەڵام ئەو دوو سێ وشەیە لەبەر دەکات و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی سواڵکەرەکە دەگرێ. ئەو کابرا ئەمریکاییە دەوڵەمەندە و دۆستی باڵیۆزی یەمەنە لە ئەمریکا. کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا, سەرێک لە باڵیۆزەکەی یەمەن دەدات, وینەی کابرای پیشان دەدات و دەڵێ بەڵام لە قسەکانی نەگەیشتم. باڵیۆزەکە دەڵێ ئەوە هەژارەو داواى خێرێکی لێ کردووی لەڕێی خوا. ئەمریکاییەکە دوای ئەوە یەک ملیۆن دۆلار بۆ بالیؤزەکە دەنێرێ و داوای لی دەکات کە بۆ دەرۆزەکەرەکەی بنێرێ و شوێنی وەستانیشی وەک لە ڤیدیۆکەدا هاتووە بۆ دەست نیشان دەکا. کە باڵیۆز ملێۆنەکە وەردەگرێ, دەڵی ئەو سەگبابە ملیۆنێکی بۆ چییە, نیو ملێۆنی بەسە. نیو ملیۆنەکە دەنێریتەوە بۆ یەمەن بۆ پارێزگاری ( صنعاء ) و داوای لێ دەکات بیدات بە سواڵکەرەکە. ئەمیش دەڵێ نیو ملیۆن زۆرە, دەیکات بە دوو بەشەوە, بەشێک بۆ خۆی و بەشەکەی دیکەی دەنێرێ بۆ بەڕیوەبەری گشتی پۆلیس تا بیگەیەنێ بە سواڵکەرەکە. ئەویش دەیکات بە نێوە, سەت و بیست پێنج هەزار دەنێرێ بۆ قائیمقام تا بیدات بە کابرا. قائیمقام نیوەى بۆ خۆی دەگێڕێتەوە و نیوەکەی دیکەی دەنێرێ بۆ بەڕێوەبەری پۆلیس. بە کورتی سەرەنجام 25 دۆلار دەمێنێتەوە و دەیدەن بە پۆلیسێک بۆ کابرای ببات. پۆلیسەکەش 25 دۆلارەکە دەخاتە تەنکەی باخەڵی و دەچێ کابرای سواڵکەر دەدۆزێتەوە و دەڵێ: بیرتە ڕۆژێکیان کابرایەکی ئەمریکایی لەو شێوەو لەو ڕەنگە وێنەی گرتی و تۆش داوای خێرێکت لێ کرد؟ سواڵکەرەکە دەڵێ, بەڵێ باشم لە بیرە. پۆلیسەکە دەڵێ دە باشە لە ئەمریکاوە وەڵامی بۆ ناردووى دەڵێ: خوا بتداتێ.
وا دیارە دزی نەخۆشییەکی درمە و زوو بڵاو دەبێتەوە و دەمێکە گەیشتؤتە وڵاتی ئێمەو قوڕی بۆ گرتووینەتەوە. لەگەڵ دزییەکە درۆشی لەگەڵە و دەڵێن پارە نییە, قەرزی کۆمپانیامان لەسەرە. ئەی باشە قوربان قەرزی ئێمەشتان لەسەر نییە؟ بۆ قەرزی کۆمپانیان دەدەنەوە و قەرزی ئێمە نادەنەوە و ئەو مووچانەی بڕیوتانە کەی دەماندەنەوە, کە شەموو لە مانگێ دەرچوو؟ بۆ کۆمپانیا خوێنی ڕشت و قوربانییدا و ماڵوێران و دەربەدەر و ڕۆڵە کوژراو و لە سێدارەدراو بوو یان ئێمە؟ کۆمپانیا ئێوەی هێنایە سەر تەخت و کورسی یان قوربانی دانی ئێمە؟ بڕواتان بێ کەس بەو دوعایەى ئێوە ناڵێ ئامین و بەقاتان پێ ناکا هەر وەک ئینکاری کردنتان لە کڕینی ڤێلا 18 ملیۆنییەکەی ئەمریکاتان کە خەڵک گاڵتەیان بەو قسانەتان دێت.
بۆ ناڕاستیی قسەکانتان شتێکم دێتەوە بیر. لە ساڵی 1959عبدالسلام عارف لە عبدالکریم قاسم هەڵگەڕایەوە, دوور خرایەوە و کرا بە بالێۆزی عیراق لە ( بۆن) پایتەختی ئەلمانیاى ڕۆژئاوا و نەچوو. ئەو سالە(1959) من لە گوندی سەرکەپکانی عەباسی مامەنداغا مامۆستا بووم, لە شوێنێکی هەوراز سەرکەپکان دانیشتبووین. چەند ئاغایەکی پژدەرێ وەک حەمەی عەباساغا و هەمزاغا کە پێم وایە نەوەی بابەکراغای سەلیماغای گەورە ئاغای پژدەرێ بوو, میوانی کاکەباس بوون. پیاوێک لە ڕانیە هاتبۆوە و هاتە لای کاکەباس و گوتی ( ڕەفیقەکەى کەریم حەودولقاسمیان دەسەرای ڕانیەى هاویشت, مەبەستی عبدالسلام عارف بوو ). عەبدولڕەحمانە ڕووتەی کۆیی کە هەتا بڵێی پیاوێکی چاک و کوردپەروەر بوو و ماڵەکەی لە سەرکەپکان بوو بۆ هەندێک کاری پارتی ناردبوویانە ئەوێ, کاکە باس گوتی: ڕووتە بڕۆ بۆ ڕانیە بزانە وایە. ڕووتە رۆیشت و کە هاتەوە گوتی کاکە باس قسەی ئەو کابرایە ڕاست نییە و کەسیان نەهێناوە. پیاوێک لەوێ دانیشتبوو ناوی کاکەخانی سۆرکان بوو و دەیانگوت باوکی زۆر درۆزن بووە. گوتی: کاکەباس قسەی کابرام ئەوەندە پێ درۆ بوو هەر وەک بۆ خۆم درۆیەکەم کردبێ وابوو. ئەو خەڵکە دڵنیان لەوەی قسەکانی بەرپرسان ڕاست نین, بەڵام ئاوى پیاوی دەسەڵاتدار سەر بەرەو ژوور دەڕوا و درۆیەکەی ئەوان ڕاستە و چەندان زوڕناژەن و دەهۆڵکوت دەڵێن ئۆباڵ بە ئەستۆمان ڕاستە و راستییەکەی ئەو خەڵکەش بە درۆ دادەنێن. قوربان بۆ نەگبەتی شتەکە ئاوەژوو بۆتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت