عیماد عەلی: ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا تەنها پەکەکە نیە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە یەکەمجار نیە تورکیا ئەم ئۆرپەراسیۆنانە بە ناوی لێدانی پەکەکەوە ئەنجام دەدات و ئەگەر لە رووی عەسکەریەوە پێشتر زۆرینەی شکستی هێناوە، بەڵام ئەمجارە زۆرجیاوازە و ئامانجی سیاسی دیکەی هەیە و بە ناوی جیاوازەوە هەوڵی دەستەبەری زەمینە و هەلی فراوانخوازیەکی گەورەی تورکیی یەکلاکەرەوە لە ئایندەیەکی دیاردا لەم ناوچەیە دەدات.
ئەردۆغان باش ئیستغلالی سەرقاڵبونی جیهان بە شەرٍەکەی ئۆکراین و وەزعی نێوخۆی کوردستان و عیراق دەکات و بۆ قووڵایی و شوێنی ستراتیجی زیاتر هەنگاو دەنێت، ئەمەش زیاتر بۆ باشترکردنی پێگە عەسکەریەکانیەتی لە هەرێمی کوردستان لە پێناو ئامانج گەلێک کە پاشان پێویستی پێی هەیە، ئەمە جگە لە زیاتر کردنی سەربازگەو شوێنە سیخوریەکانی و زاڵبونی و لاسەنگکردنی کارلێکە سیاسییەکان و راکێشانی هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ لای خۆی و تێپەرٍاندنی ئێران و فشارەکانی لە بەشێک لە عیراق. ئەمە ئەگەر ئەو پێگە سەربازیانە و سەنگ و قورسایی لە ناردنی نەوت و غازی هەرێم لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی نەکاتەوەو هەوڵی لاوازکردنی فشار و قورسایی ئێران و جەمسەرەکەی لەمەر ئەم مەسەلەیە بۆ مەرامی خۆی بەکارنەهێنێت.
ئەوەی لە نێوخۆی هەرێم هەیە لە پەرشوبڵاوی و ناکۆکی حزبەکان و گوێنەدانیان بە هیچ شتێک تەنانەت چارەنوسسازیش بێت بۆ کورد وایکردووە کە هیچ کات لەم قۆناغە باشتر نیە بۆ تورکیا لە سەرجەم رووەکانەوە تەراتێن بکات. وەزعی عیراقیش لەولاوە بوەستێت کە ئاڵۆزی و ناکۆکیەکان وایکردووە تورکیا بە ئاسانی مەرامی خۆی زیاتر بپێکێت.
ئەردۆغان خەونی گەرانەوەی شکۆ و مەجدی عوسمانی لە عیراق و ناوچەکە دەدات وەکو چۆن چەندین جار دووبارەی کردۆتەوە. لە نێوخۆی تورکیاش وا دەزانێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە و پێکانی ئامانجەکانی وادەکات دەنگێکی باش لە هەڵبژاردنی 2023 مسۆگەر بکات و سەربکەوێت و چەندین چۆلەکە بە یەک بەرد بپێکێت لە رووی تەکتیک و ستراتیجیشەوە. لە لایەکی دیکەوە هەوڵی سەرەکی تورکیا ئەوەیە کە لە قۆناغی ئاوابوونی قورسایی جەمسەرە جیهانیەکان و لێکەوتەکانی قەیرانی ئابووری جیهانی و کزبونی رۆڵی چەند زلهێزێک لە ناوچەکە وایکردووە تورکیا بیر لەوە بکاتەوە، بەڵکو پێگەیەکی بەهێز و قورس بۆ خۆی لەم ناوچەیە بەدەست بێنێت و وەکو زلهێزێک حسابی بۆ بکرێت و لە سەرجەم رووەکانەوە ئێران بەجێبهێڵێت.
ئەم جارە وادیارە بە راستی یەکێتی خاکی عیراق و نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆرٍانکاری بەسەردا دێت و دەکرێت ناوچەکە جێگۆرکێی هێزی ناوچەیی تێیدا رووبدات و زلهێزەکانی جیهانیش هەر یەکە و دەوڵەتێکی نزیک لە خۆی یان لە جەمسەرەکەی نوێنەرایەتی بکەن لە ناوچەکە، لەمەشدا کە تورکیایەک بەو شێوەیە بێت و ئێرانیش هەوڵی خۆی بدات و کاردانەوەی هەبێت، ئەوا کورد لە وەزعێکی نالەباری شپرزەی ئاوها چۆن دەبێت و چی دەکات و بەر کوێ دەکەوێت و پرسەکەی چی بەسەردا دێت، ئەوا روونە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت