رێباز مام شۆرش: چاکسازى و کەم قسەکردن و زۆر کارکردن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاکسازى و شۆرش بەپێى سەردەمەکان و شوێن و بیرو باوەرەکان جیاوازن، ئەوەى پێش سەدەیەک بە شۆرش دادەنرا، ئەمرۆ تەنها بە چاکسازییەکى ئاسایى دەژمێردرێت. چاکسازى لە رووى زمانەوە راستکردنەوە و چاکردن و رێکردنەوە دەگەیەنێ، هەڵە راستکردنەوە و کەڵێن پرکردنەوە و نەهێشتنى کەموو کورتییە، لە سەدەکانى رابردوو چاکسازى لە دژە کەنیسەو دەرەبەگ و ئاغاو و زۆردارى و چەوسانەوە بوو، بەڵام چەمکى چاکسازى لەم سەردەمەدا هێنانەدى خواستى کۆمەڵگەیە، لە چاکردنى خۆشگوزەرانى و پرکردنەوەى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە.
شۆرش تەنیا بۆ گۆرینى بارى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دەسەلاتى سیاسى و نییە، بەڵکو زۆرلایەنى دى وەک شۆرشى پیشەسازى، شۆرشى کشتوکاڵى، شۆرشى رشنبیریى، دەگرێتەوە، چونکە کۆمەڵگە لە تاک و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتووە، لە هەندێک کاتدا یەکیان دەبێتە هۆ و یەکیان دەبێتە ئەنجام.
گرینگى پەروەردە لەوەدایە تاک پێدەگەیەنێ و پێشى دەخات، تواناى ژیرى پتر دەکات و پەرە بەزیرکى دەدات، لەگەڵ ئەوەى کە پەروەردە بۆ فێرکردن و زانیارى وەرگرتن و رەوشت بەرزکردن بەکەڵکە، بەڵام سنوورى خۆى هەیە و کارى خۆشى دەکات، بەشێکى کۆمەڵگا چاک دەکات نەک سەرجەمى کۆمەڵگە، چونکە رەفتارو هەڵوێستى تاک پیتر پەیوەندى بەکارو بەرژەوەندییەوە هەیەن ئەوەى تاک بەرێوە دەبات پیتر بەرژەوەندییە نەک ئامۆژگارى و ئاراستە و فێرکردن.
چاکردن و گۆرینى کۆمەڵگە زیاتر بەکەمکردنەوەى دەسەڵاتى زۆردارو چەوسێنەرو وەرگرتنى مافى زەوتکراوان پێکدێت، سروشتى مرۆڤ تێکەڵەیەکە لە چاکە و خراپە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر لە سەر بەرژەوەندى دامەزراوە.
چاکردن و گۆرینى کۆمەڵگە بە پەروەردە چەسپاوترو مسۆگەرترە، بەلام کردەیەکى لە سەرخۆیە و خێرا نایەتەدى، چونکە گۆرین و چاکردنى ژیرى و رفتارى مرۆڤ کارێکى یەکجار ئاڵۆز و گران و لە سەرخۆیە و زۆرى دەوێت، بۆیە پێویستە پێش هەمووشتێک دەسەڵات بگۆردرێت، چاک و خراپى دەسەڵاتى بەکار و دەسکەوتەکانى دەردەکەوێت، چەندە بارى ژیانى کۆمەڵڤە چاک بێ، خۆشى و دەرونى بخاتە نێو تاک چەند دادوەرى و ئازادى و بەختیارى بهێنێتەدى ئەوەندە باشە.
کەم قسەکردن، زۆر کارکردن
بیرو قسە هاو بەندى یەکن، زۆر جاریش قسە دەکرێ بەڵام جێ بەجێ ناکرێت، یان پەیرەوى لێناکرێت یان قسەکەر قسەدەکات وه ناتوانێ بیکات، هەیە قسە دەکات تواناى نییە، تاک مافى خۆیەتى قسە لەسەر کەم و کورتى و نارێکى و گەندەڵى بکا، بەڵام دەبێ کەموکورتى و کەمتەرخەمى خۆشى بزانێ، ناشکرێت تەنها قسەى هەبێ و کردارى نەبێ، دەبین زۆر تاک هەن قسەدەکەن و کەچى خۆیان نموونەى چاک نین و بێ هەڵوێستن، ئەوەى قسەدەکات و رەخنە دەگرى پێویستە لە هەڵسوکەوت و ئەرکیدا رێکوپێک بێت، لە کلرو پیشەدا دڵسۆز و کاراو کارامە بێ، نابێ هەر رەخنە بگرێ و قسەى گەورە بکات و خۆى تاکێکى بێ کەڵک و خراپ و دواکەوتوو بێ.
ئێمەى تاکیش کەموکوریمان هەیە وەک
-چەندمان لە کارو ئەرکماند کەمتەر خەمنین، چەندمان بەدڵسۆزى و بەخێراى و بێ دواخستن کاروبارەکانمان جێ بەجێ دەکەین، چەند لە تاکەکانمان خاوێنى کۆڵان و شەقام و شوێنە گشتیەکان دەپارێزین و وەک ماڵى خۆمان سەیریان دەکەین، چەند لەوانەى هەر قسەمان هەیە، بەیاخ بە سەیرانگاو فەرمانگەو میوانخانە بە پاکى جێ دەهێلین، چەندمان درەختى شۆستەو شەقامەکان دەپارێزین و نایان شکێنین، چەندمان بەیاخ بە سامانى سروشتى کوردستان دەدەین و دارستانەکان نابرینەوە، چەندمان سامانى کوردستان لە ئاژەڵى کێوى و باڵندەکان دەپارێزین، چەندمان سامانى ماسى لە کاتى گەرە دەپارێزین.
ئەو تاکەى قسەى لە کارو کردەوەى زیاتر بێ چاوەروانى چیان لێدەکرێت با هەر رەخنە لەم ولاو نەگرین، بە بەخۆشماندا بچینەوە و لێپرسینەوە لە خۆشمان بکەین، تاچەند قسەکانمان کردۆتە کردەوە، خۆمان چۆنبین کاربەدەستەکانیشمان بەو شێوەیە دەبین، دەبێت چاکسازى لە خۆمانەوە دەست پێبکات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت