عیماد عەلی: کێشەکە لە گوشارەی بیری عەقڵی کوردیدایە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم قۆناغەدا کە هەموان ئاڵۆزی باری ژیانیان لەبەرچاوە، بابەتە هەستیار و گەورە و گرنگەکان لەمەرٍ فەلسەفە و سیاسەت و زانست لەبەرچاو دیارنین، بەڵێ هەمویان باسی تایبەتی خۆیان دەوێت و پێویستیان بە کورٍی تایبەتمەندی خۆیانە، بەڵام پێویستە بزانین کە پێکەوەیی و لێکئاڵاون و دابەش ناکرێن و هەر هەموویان لە زۆر شوێندا یەکدەگرنەوە و پێویستیان بەیەک دەبێت.
ئێمەی کورد لە بوار مەعریفەت و زانست لە دوای دواوەی پلەبەندی هەموو گەلانی جیهانین، هۆکارە سیاسیەکە و نەبونی دەوڵەت لە پێشەوەی رێگریەکانن و کۆی عەقڵی جەمعی کورد لە هیچ شتێکیدا کەمی نیە و پرٍ توانایە و ئەگەر بتوانین بڵێین زانان و داناشمان زۆرن و کۆی توانای بیرکردنەوەی عەقڵی کوردی ئەگەر پەرٍگیر نەبم لە وەسفەکەم هەر هیچ نەبێت هاوتای گوشارەی کۆی عەقڵی خەڵکانی دیکەی ناوچەکەیە ئەگەر زیاتریش نەبێت.
ئەگەر بێینەوە سەر سیاسەتەکە و واقعی خۆمان لەبەرچاو بێت و بە چاوی بەزەییەوە تەماشای شتەکان نەکەین، ئەم قۆناغە تاکە هەلێکە لە سەرجەم مێژووی کورددا بۆ بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتاری باش برەخسێت و وا بزانم هیچی نەماوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری بە فیرٍۆی بدەین و زەرەیەک سوودی بۆ نەوەکانی ئایندەمان نەبێت. بۆ؟
کورتبینی و مەودای کەمی بیرکردنەوە و هەژاری کۆی گشتی گوشارەی بیری جەمعی میلەتێکی وەک ئێمەی داماو و ژێردەستی ئەویتری داگیرکەر و ستەمکاری نەزان و جاهیل لە هەموو بوارەکاندا، لەگەلڕ تەماح و بەرژەوەندیە هەمەجۆرەکانی زۆر لایەنی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی تەنانەت بەرچاوی ڤیگەرەکانی کوردیشی گرتووە و نازانێت چۆن دەرچەی ئەو کۆبارە زەبەلاح و قورسەی سەرشانی چۆن بدۆزێتەوە و بۆ ئەوەی خۆی لێی خاڵی بکاتەوە.
ئەگەر رێگرەکانی بەردەم عەقڵی بیرکەرەوەی کورد بەم حاڵەتەی تێدایە ریزکەین بێگومان بێئومێد دەبین. ئایین، باری کۆمەڵایەتی، هەژاری باری مەعریفە و زانست، نەبونی گوشارەی عەقڵی جەمعی، نەبونی سەرکردە یان ئیلیت، درٍندەیی داگیرکەران، نەبونی و کەمی ئامرٍازە پێویستەکانب رزگاری، لەگەلڕ باری پەیوەستی خودی تاک و خاکەکەی و چەکەرەنەبونی عیشقی نیشتمانپەروەرێتی نوێ یان لە ناوبردنی لە لایەن داگیرکەران لە لایەک و زاڵبونی بیرۆکەی نارشیزیم لە مێشکی گەنجان لە لایەکی ترەوە، کۆی ئەمانە وای کردووە کە بڵێین ئا ئەمەیە باری مەعریفی و وەزعی خودیی کورد و وەزعی بابەتی کوردستان. دەتوانین بڵێین بەڵێ هێزی بیری کۆی عەقڵی کوردی ئەو توانا زەبەلاحەی نیە بگات بە چارەسەریی ئەو هەموو گرفت و کێشانە و رزگاری بکات لەو تەگەرە زۆر و سەختانە، لە هەمووی زیاتر بوونی کێشە و گرفتی نەبوونی عەقڵ و بیرکردنەوەی گونجاو و کەسی بەتوانای داهێنەر لە شوێنی تایبەتی خۆی و پەرشوبڵاوبونی ئەو تۆزە بەرهەمە کەمەی عەقڵی بیرکەرەوەی تاکی کورد و دروستنەبونی گوشارەی کۆی گشتی بیری کورد و بزربونی ئەوەی بە دەستەواژە سیاسیەکەی پێی دەوترێت رای گشتی، جا ئەگەر کۆمەڵایەتی بێت یان مەعریفی یان یان سیاسی یان فەلسەفی. (پوختەی نوسینێکی تایبەتە لەمەر گرفتەکانی ژیانی هەمەجۆری کورد).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت