نەبەز جەلال: بە هێلکەش زویر دەبن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەربڕینی ئەو جۆرە لە شێوازی ناڕەزایی شتێکی مۆدێرن و شیاو و ڕێگە پێدراوە، دووریشە لە دەربڕینی هەستی توندو تیژی و ئازارەوە.
گەر بێزلێکردنەوەو، بەسەرنەچونی هێلکەکە بێزاریان نەکات و زیانی ماڵی بەدوادا نەهێنێ یان کەسی بەرکەوتە شانی بە سوکییەکی مانادار لە پێگەی جیاوازی کەسی وەری نەگرێ و نەبێتە تایبەتمەندی دەروونی و گۆشەگیری نەدەرێتەپاڵ؛ تێدەگەین کە بەرهەمی ئەو هێلکە هاویشتن و هێلکە گرتنەوەیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
ئێستا هەموو لایەک تێدەگات کە ناڕەزاییەکان گەیشتووە بە چ شوێنێکی تەسک و تنۆک؛ کە ئیتر قبوڵکردن و ڕازیبوون بە بە بەردەوامی بیستنی پاساوەکانی لێکدانەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هیچ ناگۆڕێت و بەرهەمی نابێت.
ساڵانێکی زۆرە خەڵک بەردەوامە لە سکاڵاکردن و گەیاندنی گازنەدەکانی بەدەسەڵات، لە ئێستادا شوێنێک نەماوە دەنگی ناڕەزایی پێ نەگەیشتبێت بەرز نەکردبێتەوە، کاسە لێسەکان هەمیشە کاریان پیاهەڵدان و هۆکاری گەوجاندن و بە درۆدابردنی دەسەڵاتداراندان بووە، وا دەردەکەوێت کە خۆشیان ئەهل و زەوقی ئەو فوو تێکردن و خوتیلک خواردنەبن!.
گەر دۆخەکە هەڵسەنگێنن و بیخەنەوە پێش چاوی خۆتان و ببینن: کە چۆن لە یادەکانی ( شەهیدان، ئەنفال، هەڵەبجە، شەنگال )و، ڕۆژەکانی ( ئاڵا و جلی کوردی، باوکان و دایکان و تەنانەت منداڵان )یشدا، ڕەخنەباران دەکرێن!.
ببینن لە ساتەکانی بەرکەوتنی خەڵک و پرۆژەو ئەرک و ویستەکانی ( ئاوەدانکردنەوە، خوێندنگەو زانکۆکان، نەخۆشخانەو سەیرانگاکان، فەرمانگەو فەرمانبەرەکاندا، بابەتەکانی کارەبا و ئاو و گومرگ و عەلوەو کارگەو کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری و تەنانەت پەین و سەمادو پەلەوەرو پەلەقاژێکانیش)دا، قسەی ناخۆشتان پێدەڵێن و مێشیش میوانی لای گوێ ئاخنراوەکەشتان نابێ!.
دەببینن و چاوبکەنەوە لە کاتەکانی ( هەڵبژاردن و دەستی پڕ پۆست و پارە و هێزی پارێزگاو ڕەوایەتی پەرلەمان و ئەرکی یاسایی) دا چۆن چۆنی باس دەکرێن!.
ئێوە لەو هەموو ( هێزو مێزە، موچەو کوچە، باڵ و حاڵە )دا ناوتان ئەزڕێ هیچیش ناڵێن و نابیستن!.
ئێوە ئەو هەموو شتانە دەهێنن و دەبەن هیچ بێزارو دڵ تووند و دڵ شکاوی ناو ئەو خەڵکە نابن!!..
بە بەردەوامیش سوار ملی هاری خۆتان بوون و چەقی قینە ڕێی چەوتیشتان لە میلەتە داماوەکەی خۆتان گرتووە بە قوڕدا و گوێش لە هیچ شتێکی ئەو خەڵکە بەدبەخت و دڵسۆزە ناگرن!.
بێگومان ئێوە دەتانتوانی و دەکرا وا لە هەموان بکەن بە باوەشی گەرم و موحیبەتەوە گوڵبارانتان بکەن و بتانپارێزن، نەک وەک ئێستا بەم بەهاری پڕ نێزگز و شنەی جوانییە بۆن ساردو ڕەنگی پڕ پەشۆکاوی هێلکەی پیس بگرن!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت