ئەرکان عەبدوڵا: ڕۆڵی زانکۆ لەبازاڕی کاردا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان زانکۆ گەورەترین ناوەندی مەعریفی وڵاتە، گەشەکردن و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی پرۆسەی خوێندن و زانست بە ئامرازێکی گەورەی هێنانەدی گۆڕانکاریە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دادەنرێت. پرۆسەی خوێندن هەر لە مێژەوە تاوەکو سەرهەڵدانی یەکەمین زانکۆی ئەوروپی لەشارەکانی بۆڵۆنی و پاریس و لەندەن و تەنانەت زانکۆ نوێکانی ئەمڕۆش بە بەردەوامی لە خۆ نوێکردنەوەدان بەتایبەتی لە ژێرکاریگەری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و پێداویستیەکانی بازاڕی کاردا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا وڵاتە پێشکەتوەکانی جیهان هەمیشە لە کێبڕكێی یەکدان لە ڕێگەی تەرخانکردنی بوجەیەکی تایبەت بۆ پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ وەبەرهێنان لە توانای فکری و تێگەشتنی مەعریفی وە ئامادەکردنی خوێندکارێکی داهێنەر و شارەزا بۆ بازاڕی کار.
لەمڕۆدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ جێبەجێکردنی یەکەم هەنگاوی نەخشە ڕێگەی چاکسازی لە کەرتی پەروەردە و فێرکردنەوە دەست پێدەکەن، وڵاتی فلەندا بەدید و دونیابینیەکی کراوە و لەڕێگەی پلانێکی درێژ مەودا و بە دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی پرۆگرامەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ فێربوون و گرنگیدان بە چەمکی (Edupreneurship) و پراکتیکەکردنی ئایدیاکان و زانستی واقیعی لە بازارسازی کاردا، هەموو ئەم هۆکارانە وایکردووە خۆی لە لوتکەی هەرمی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان ببینێتەوە لە ڕوی پەروەردە و فێرکردنەوە. لە ڕاستیدا یەکێک لەو وڵاتانەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە بۆ من وڵاتی قەتەرە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو و بە پاڵپشتی خەرجکردنی نزیکەی شەش ملیار دۆلاری ساڵانە بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار و پەروەردەکردنی تاکێكی وشیاری بەهرەمەند، لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کەرتی پەروەردە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و هێنانی لقی نوێی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان و بەستنەوەی بەرنامەی کاری خوێندن بە بازاڕی کاری وڵاتەکەی لە بواری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا و تەواوی سێکتەرەجیاوازەکانی ژیان، ئەمەش گاریگەری هەبووە لەسەر دیاریکردنی پێگەی وڵاتی قەتەر و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت وە ئاستی وڵاتی قەتەر لە ڕوی گرنگیدان بە پرۆسەی خۆێندن، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی پێنجەمی جیهاندا دێت.
لێرەدا پێویستە بپرسین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پلە بەندیەدان؟ بەداخەوە زانکۆکانی هەرێم هیندەی ڕۆڵی کارگەیەک دەبینن بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بڕوانامەدار ‌هێندە ڕۆڵی ناوەندێکی ئەکادیمی نابینن، ساڵانە بەرهەمی ئەم زانکۆیانە پێگەیاندنی چەندین هەزار خوێندکارە لە پسپۆریە جیاوازەکان، بەشێکی زۆری ئەم پسپۆریانە توانای ڕەخساندنی هەلی کاریان نیە لە کەرتی تایبەت وە لەهەمان کاتدا دەرفەتی دامەزراندنیان نیە لە کەرتی گشتیدا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لە پێشینەی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازیبێت لە کەرتی پەروەردە و گرنگیدان بێت بە ئەنجامدانی کاری توێژینەوەی زانستی بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کاری وڵاتانی دیکەی وەکو ئیسرائیل کە بەیەکەم وڵاتی جیهان دادەنرێت ساڵانە نزیکەی ٤.٢% بودجەی وڵاتەکەی تەرخان دەکات بۆ ئەنجامدانی تویژینەوە، هەروەها بۆ دەربازبون لەم قەیرانە قوڵەی زانکۆکانی ئێمەی تێکەوتووە پێویستە بودجەیەکی شایستە تەرخان بکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری توێژینەوەی زانستی لەسەر کۆکردنەوە و شیکارکردنی زانیاریەکان بۆ دەستنیشانکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئامادەکردنی مامۆستا کە یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی سەرخستنی پرۆسەی خوێندن، هەروەها بەپێی واقیع و ژینگەی کۆمەڵگا و گرنگیدان بە کردنەوەی ئەو پسپۆریانەی داواکاری بازاڕی کاری هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت