عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی چواردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژگار بە خۆشی و ناخۆشییەوە تا سنر دەوام ناکات
جارێ پێش هەموو شـتێک وەک لە نووسینەکەی پێش ئەمە چۆن فرمێسکم بۆ ( دانەر) ی شەهید داباراند, ئەوهاش ئەم جارە بۆ ئەو دایک و چوار منداڵەی ئاکرێ دادەبارێنم و بە کوڵ دەگریم. خزمینە ئەم کۆستەش وەک کۆستی قوربانییانی لافاوەکە قورسە, بەڵام ئەوانەی شوێنیان گەرم و نەرمە و پاروویان چەور و بەتامە هەست بە ئێش و ئازاری خەڵکی لێ قەوماو ناکەن, ئەوانەی بێ فەرمانی خوا و بە فەرمانی شەیتان بوونەتە ملیۆنێر و ملیاردێر چاویان خەڵکی ڕەش و ڕووت نابینێ. ئەو دایک و منداڵانە شەهیدن، چونکە لە ئەنجامی نادادی و ستەم لەنێو چوون. بەڵام دنیا بۆ کەس تا سەر نییە. چاوچیسکۆ چی لێ هات؟ قەزافی لە کوێیە؟ ئەی پۆل پۆت و حوسنی موباڕەک و چەندان دەسەڵاتداری دیکە. ئەگەر دەسەڵات بۆ خەڵکی دیکە بمابایەوە دەگەیشتە دەستى تۆ, ( لو دام لغیرک لما وصل الیک . هەر بۆیە ئەم شیعرەتان پێشکێش دەکەم و ئینجا نازانم بە دڵتان دەبێ یان نا.
ئەم شیعرە بە عەڕەبی دوو دێڕ بوو لە فێس بووک ( بابەکە شێخ عزیز) بڵاوی کردبۆوە. بەرچاوم کەوت و خوێندمەوە و تێی گەیشتم و کردم بەم شیعرە کەمێک درێژە . عەڕەبییەکەیم لێ بزر بوو و زۆر گەڕام نەمدیتەوە. لەبەر ئەوە داوای لێ بوردن لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەکەم. بێ گومان ماناکەیم لەدەست نەداوە، بەڵام زۆریشم بۆ زیاد کردووە تا ئەوانەی بە دەسەڵات و سامان دەنازن تێی بگەن.
بەچاو سەیری ڕۆژگار دەکەم دەبینم چەرخی دەسووڕێ
خەم و خۆشی بەردەوام نین هەر یەکە زوو زوو دەگۆڕێ
دەبێ مرۆی خاوەن ژیری هەمیشە وریا و دانابێ
کورد دەڵێ مریشک تاسەر لەژێر سەبەتەدا نابێ
چەندان پاشای زەبر بە دەست کۆشک و تەلاریان بنیات نا
بەڵام ڕۆژگار لێی ڕووخاندن نە خۆیان مان نە کۆشک ما
بە چاوی دڵ لێی بڕوانە, کە دنیا دەوران دەورانە
سامان و دەسەڵات هەرتک, ئەنجامەکەیان نەمانە
نە بە دەسەڵات یا سامان باغر مەبە گەر بە هۆشی
نە خەم تاسەر دەوام دەکا, نە شادی و سەیران و خۆشی
کەسێ بنازێ بە دەسەڵات پێی وابێ هەر بەردەوامە
بڕوام پێ بکە برای شیرین, ئەو کەسە گێل و نەفامە
هەر لەسەر بەردەوام نەبوونی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی, شتێکتان بۆ بگێڕمەوە. پێم وابێ هاوینی 2005 بوو بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی بۆ دوو ڕۆژ یادی قانیعی خوا لێ خۆشبووى کردەوە و گەلێک کەسی قانیعناس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگ کرابوون. ڕۆژێکیان یەکێکیان شتێکی گێڕایەوە و گوتی: زەمانی خۆی پیاوێک لەو ناوچەیەی ئێمە پەیدابووە بە ناوی ( عیزەت بەگ ) و لەو خەڵکە بووە بە میری سەربڕ. دەسەڵاتى بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و واى لێ هاتووە بکوژ و ببڕ خۆی بووە. بەبێ فەرمان و ڕەزامەندیی ئەو نە کەس توانیویەتی ژن بۆ کوڕ و برا و کەسوکاری بێنێ و نە کەسیش کچ و خوشکی بە مێرد بدات. ئیدى زوڵم و زۆرییەکەی لەوەدا نەبووە. ئێ, ڕۆژگار تێپەڕی و شەو و ڕۆژ ڕاوی یەکتریان نا, ئەم دەڕۆیی ئەو دەهات. دوای ماوەیەک ڕۆژێک پیاوێک لە دۆڵێکی ئەو ناو شاخانە تووشی کابرایەک دەبێ کەرەلۆتییەکی داوەتە پێش خۆی و هەندێک شڕکە و پرکەی لەنێو گونیەیەک خستۆتە سەر پشتی کەرەلۆتی. پیاوە بە نەرێتی کوردەواری سڵاوی لێ دەکات و لێی ورد دەبێتەوە و وەک بیناسێ وایە. بیر دەکاتەوە و لە دڵێ خۆیدا دەڵێ من ئەو پیاوەم دیوە. سەرەنجام بیری دەکەوێتەوە و دەڵێ کوڕە خۆ ئەوە دەڵێی عیزەت بەگ . لێى دەپرسێ: تۆ عیزەت بەگی؟ کابرا دەڵێ بەڵێ. پیاوە ڕوو دەکاتە ئاسمان و دەڵێ: خوای پەروەردگار هەر تۆ دەزانی کاران بکەی, ئەو عیزەت بەگەی گونی گونداری دەردێنا ئێستا وا زەلیل بووە دوای کەرە لۆتییەک کەوتووە و بە پێ دەڕوا. خوایە هەر خۆت دەزانی چۆن لووت و کەپووی زۆرداران دەشکێنی. قسەکەی ئەو کۆتایی هات.
منیش قسەی دڵی ئیوە دەکەم و دەڵێم دنیای کۆن و نوێ پڕە لەو جۆرە ڕووداوانە و خوا لەسەر کەس باز نادا و جلەو بۆ ئەوانە شڵ دەکا, بەڵام لەپڕ لە جڵەویان دەداتەوە و دەم و قەپۆزیان دەشکێنێ و یان وەک عیزەت بەگیان لێ دەکا, یان بە دەستی زوڵم لێکراوان لە نێو دەچن, یان دەردێکی بێ دەرمانی وەک ( هواری بو مدیەن) ی جەزائیریان بۆ دەنێرێ و بە ڕەزیلی دەیانکوژێ, ( إن اللە یمهل ولایهمل ).
دیسان مقۆ مقۆی بڕینی مووچە و برینی جەستەی ئێمە سەری هەڵدایەوە و وەزیری دارایی دەڵێ: ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێ بە لێ بڕین یان بە دوو مانگ جارێک مووچە دەدەین. یەکێکی دیکەش هەر واى فەرمووە. پێم وایە, بیلامانێ, لێ بڕینەکە زیاتر قازانجمانە نەک دوو مانگ جارێک. دەستیان خۆش بێت, بەدارمان دادەدەن, بە بەردمان دادەدەن ئارەزووى خۆیانە, ئێمە ( عەبدون مەئموورین ). لێرە شتێکم دێتەوە بیر. دەڵێن جارێک قازییەک لە شارێک دادەنێن. مانگی ڕەمەزان دێت, جەنابی قازی بە 29 ڕۆژ دەیکات بە جەژن. ساڵی دووەم بە 28 ڕۆژ دەیکات بە جەژن. خەڵکەکە دەڵێن وا چاکە داوا کەین جەنابی قازی تا 28 ساڵی دیکە لێرە بێت, چونکە هەر ڕەمەزانەی ڕۆژێکی لێ دەقرتێنێ و بەو 28 ساڵە ڕەمەزانمان لە کۆڵ دەکاتەوە. منیش دەڵێم وا چاکە مووچە نەدەن بە کەس و هەر وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بمێننەوە, ئەوسا بە شێنەیی پارە بەشی هەموویان دەکات و سندانێش لە ئێمە بدات، چونکە دەڵێن پارە نییە مووچەی پێ بدرێ. ئەمە قسەیەکی ( جۆرج بێرناردشۆ ) ى ئیرلەندیم بیر دەخاتەوە. ئەو سەری ڕووتابووەوە و ڕیشێکی پڕی هەبوو. لێێان پرسی دنیا چۆن دەبینی؟ گوتی دنیا لە نێوان سەر وە ڕیشمدایە, زۆری بەرهەم و خراپ دابەش کردن. تا خرتکەو پرتکەیەکی دیکە بەخێر دانیشن و خێر و خۆشیتانم ئاوانتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت