هۆشیار ئەحمەدی: ئیتر چیاکان بە تەنیا بۆ پاراستنی کورد هیچیان پێ ناکرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راستە شاخە بەھەیبەت و شکوەکان توانیگیانە تا ئیمڕۆ کورد لە ھێرشی سەخت (شەڕ و کوشت و بڕ و کۆمەڵکوژی و پاکتاوی فیزیکیی نژادی) بپارێزن. بەڵام لە سەردەمی تێکنۆلۆژیی مودێڕنی پێوەندی (ئینتێرنێت، تۆڕە بەرفراوان و بێ سنوورە کۆمەڵایەتییەکان و موڵتی مێدیا)دا شاخە سەخت و چیا بەسام و ھەیبەتەکان، زاخە و ئەشکەوتە قاییم و بەردینەکان ئێتر ھیچیان لە دەست نایێ، هیچیان پێ ناکرێ.
ئاخر ڕاستە ئەوان بەرگەی تۆپ، تەێیارە، سارۆخ و لەیزر، و چەکی ناوۆکی و ھیدرۆژنییش ئەگرن، بەڵام پێشی شەپۆلە رادیۆییەکانی ماھوارە، سەتالایت، تەلەوزیۆن و ئینتێرنێتیان خۆ پێ ناگیرێ.
گەر لایەک بۆیان سەلمیاگە، کورد وەک نیشتیمانەکەی بە لەش و گیان، سەر سەرختە، ئاسان نیە بە لەش و گیان لەو خاکە کۆتایی پێ بێ.
بۆیەش تەنانەت ئەگەر بە گیان و لەشیش جارێ لەناو نەچین، داگیرکەرانی کوردستان بە چڕی خەریکن بە مەبەستی تواندنەوەی رەگەزیمان، بێ پسانەوە ھێرش ئەکەنە سەر زوان و کولتوور و شوناس و دابو نەریت و مانەویات و بەها مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان. بۆیە ئێتر ئەو دروشمەی “گەورەترین پاڵپشتمان چیاکانی کوردستانن) بەتەنیا خۆی قسەیەکی پووچ و بێ مانایە.
بەڵکوو لەم سەردەمەدا ئەشێ و پێویستە کار لە سەر لایەنی مانەوی، هوشیاری، وریایی، ئاوەز، بیر و هزر و زانست و فەلسفە و مێژوو و کۆمەڵناسی بکەین. و پێویستە بۆ پێشمەرجی گشتیان، ئاگامان لە زمانەکەمان بێ. بە زمانی نەتەوەیی کورد، ھوشیاریی تاکی کورد بەرز بکرێتەوە. پانتایی و قووڵایی دەرک و شعوورمان گەشەی پێ بدرێ. بۆ ئەمەش گشتمان بەرپرسیارین، گشتمان ئەشێ ھەست بەو ئەرکە بکەین و بە پێی توانا و ئیمکان و لوان کاری بۆ بکەین.
گرتنی مامۆستایان و چالاکانی زمانی کوردی و دادگایی کردنیان، سزادانیان بە زیندانی دوور و درێژ ئەتوانێ بەشێ لە پیلانە بێ. ئەوان گەرەکیانە لە ڕلگای کردنە ئامانجی خزمەتکارانی زمانەوە، ترس و دڵەڕاوکێ بۆ حەزیارانی زمان و کولتووری کورد دروست بکەن. هاوکاتیش بە باشترین ئیمکانات و دڵڕەشانەترین پلانەوە خەریکن بوردمانی هزری و عەقڵی و ڕەوانیی و شعووریی کورد ئەکە. ئەو بوردمانەی مەبەستمانە. ئەو بوردمانەی ئامانجەکەی تێکشکاندن، داگیرکردن و کۆنترۆڵی مێشکەکانی تاکی کوردە. مخابن تا ئێستاش زۆر تێیدا سەرکەوتوو بوون.
ئەگەر ھەر تاکێکی کورد ھەوڵ بدات خۆبەخشانە بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاسانە ئینترنێتییەکان زوانی دایکیی خۆی فێر ببێ و بەکاری بێنێ و دەوروبەرەکەی بۆ فێڕبوونی ھان بدات و پێیان فێر بکات. ئیتر رێژیمە داگیرکەرەکان ناتوانن ئاسان زاراکان تەریک بخەنەوە و بیانگرن و تاوانباریان بکەن و حوکمی زاڵمانەیان بەسەرا بسەپێنن.
ھیوامە ھەر کوردێ هەست بە جیدیی بوونی ئەو مەترسییە بکات و ئەرکی خۆی لە بواری زوان و کولتور و شوناسی نەتەوەکەیا بناسێ و ھەوڵ بۆ راپەڕاندنی بدات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت