خەندان جەزا: خۆشم دەوێی پیاو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

کێ دیووییە مەل بەبالێک بفرێ؟ کێ دیووییە مریەم زیندووبێتەوە؟ ژیان بێ رەگەزی بەرامبەر ناهاوسەنگە نا ھاوسەنگ! شەری من لەگەڵ تۆی پیاو نیە، دلنیابە من نەئێستاو نەرابردوو هیچ رقوکینە و جەنگێکم لەگەڵ تۆ نەبوەو نییە. من سالانێکە هاوارمە کە تۆی پیاوم خۆش دەوێ، عاشقتم و عاشقمی، وەلی کەس بروام پێناکات.
شەری من لەگەڵ ئەو دابونەریتە دارزاوەیە کە لەمێژە فەلەجەو قرخن بووە. شەری من لەگەڵ ئەو شەرەفەیە کە ھێشتا خۆڵی بیابانی لەسەرە، لەگەل ئەو سیستەمە لەرزۆکەیە کە سالەهایە سەری شۆرە بێ ئابڕووە بێ شەرەفە.
هیچ کات تۆی پیاو بە بەختەوەرتر لەخۆم نابینم! ھیچ کات تۆ بەپالەوانی دێوکوژەکان ناناسم! لەچەقۆو تەورەکەی دەستت بە قاتل نابینم، دلنیابە. تۆ لەمن بەدبەخت تری، دەزانم ژن دەسوتێ، دەفرۆشرێ، لەچاڵ دەنرێ، ناوگەڵی خوێناوی دەکرێ، سەردەبڕدرێ، دەزانم زۆر لەوەزیاتر ژن هەلاهەلا دەکرێ، بەلام دەبێ بزانیت ژن قوربانیە و تۆی پیاو باجەکەی دەدەیت! تۆ بەدبەختی چیتر ئابڕوتنییە لە سوچێکی تەڵخترین ئاوێنەدا خۆت ببینی.
ئەوە تۆی بەدبەختی کەدەبێ تەواوی ژیانت پاسەوانی نێو سانتیمەتری ناوگەڵی من بی. شەری من لەگەل تۆی چارەرەش نیە، هاواری من ڕووی لەتۆی بێ باڵ نیە، تۆدەزانیت چەنێک بەدبەختی ھەی پیاو؟ لەئاسمانی ولاتێکی پڕ رەنگوبۆندا تەنها بەبالێک دەبێ بفریت، لەبری چڵێ وەنەوشە دەبێ شمشێرو چەقۆ تیژکەیت، لەبری ئامێزێکی پر متمانە باوەشێک ترس دەگری.
زانیوتە تۆی پیاو لە پانتاییەکی بێسنوردا تەنها خۆت، بەلێ تەنها تۆ دەبێ وەک بولبولێکی لاڵ لەقەفەسی ئابرودا بخوێنی؟
تۆ بەتەنها دەبێ پێشەوای هەموجەنگەکان بی، دەبێ تۆ بەرپرسی هەمو حیزبەکان بی، دەبێ هەرتۆ پێش نوێژی مزگەوتەکان بی. بەتەنھا تۆ بەتەنھا….
ئای چەنێک بەدبەختی پاسەوانی شەرەف. ئاخر نەدەکرا چ من چ تۆ لەبری شەرەف پارێزگاریمان لە سەروەری مرۆڤ بکردبا؟
دەبێ لەم زمانەم حالی بی. من شەرم لەگەڵ تۆ نیە، شەری من سالانێکە لەگەل ئەو فەرهەنگو یاسا داتەپیوانەی نیشتمانن کەتۆیان بەتەنھا کردۆتە کۆیلەو دەبێ پاساوانی ناوگەڵی من بی. شەری من لەگەڵ ئەو مینبەرانەیە کەتۆیان کردۆتە دێودرنج! تۆیان کردۆتە بکوژو قاتل! تۆیان کردۆتە تیری کەوانی جەھلپەرستی! باجی دۆڕاندن لەپێناو پاراستنی قەلای شایەکی شەھوەتباز دەدەی. شەری من لەپێناو ئازادی تۆو سەربەستی خۆمدایە.
ئاخر کێ دیویە مەل بەبالێک بفرێ؟ نە تۆی پیاو نەمنی ژن بێ یەکتر هاوکێشەیەکی ناتەواودەبێ. تۆیەک هێندە عاشق رۆژی هەزارانتان خۆی دەکاتە قوربان سنگومەمکەکانی ژنانی ولات، تۆیەک بە سەدانجار دێرێ هۆنراوەی حەزت بەباڵای پرچما هەلدەواسی! ئاخر تۆیەکی پیاو هێندە بەخشندە دەتەوێ من لەئامێزی ورژانتا غەرقی چێژبکەی! چۆن دەبێ ببیتە بکوژم؟
ئەوە تۆنیت کە دەمبەیتە قوژبنێکی تاریکو هێزی خۆت لەدرینی پەردەیەکی چکۆلەدا تاقی دەکەیتەوە نا، نا ئەوە تۆنیت کە لەسەر ماچێک سەرم لەلاشەم دەکەیتەوە، کاتێ خۆت تینوی ماچی!
ئەوەتۆنیت کە ژن لەدوای ژن دەخەیتەژێر و زۆرانبازی بردنەوەی پیاوەتی لەگەل دەکەیت.
ئەوە ئەو فەرهەنگو یاساورێسا دارزاوانەن تۆیان بەدیل گرتوەو لەژێر ئەشکەنجەی دەروندا ناچارت دەکەن ببیتەدرندە لەپێناو بردنەوە، ئەوە ئەو سیستەمو مینبەرانەن تۆیان داماڵیوە لە بەخشندەی و ناجاریان کردویتو دەیانەوێ بەتەنها بالێک بفریت.
تۆم خۆش دەوێ بێ تۆ ناژیم، وەرە با لەیەکبگەین. دلنیابە ژیان بێ تۆ مەنفایە، هیچ کات ناتوانم بەتەنها بالێک بفرم، بەلام ئەگەر هاتی تەنها خۆت وەرە، ئەو فەرهەنگە ماندوم دەکا. گەرھاتی تەنھا وەرە ئەو پاراستنی شەرەفە ناشرینتدەکا
خۆشم دەوی پیاو لێم حالیبە
چاوەرێی ئەو چەقۆیەم کە ئێستا نا ساتێکیتر گەردنی منیش ببڕێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت