عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی شانزەهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکەو پرتکەی ئەم جارە دوو پارچە شیعرە, یەکێکیان هی خۆمەو بۆ وەسفی زمانی کوردی و هوشداریشە بۆ ئەوانەی ماڵ و موڵک و سامانیان لە زمانی کوردی لەلا گرنگتر و بایەخدارترە و هەروەها ئەوانەش کە بە نەزانی, خۆیان بە زانا و زمانزان دەزانن و بە ناوی تازەگەری و(مۆدێرنێتە) وە خەریکن ئەو زمانە شیرینەمان لێ دەشێوێنن.
شیعری دووەم هی ( أحمەد مطر) ە کە شەش ساڵی تەواو لەمەوبەر کردوومە بە کوردی و ئەو ناوی سەرکردەى لێناوە.

زمانی کوردی هەنگوینە زمانە
زمانی کوردی دەریایەکى پڕ لە مرواری و گەوهەرە
دەتۆش مەلەی تێدا بکە و لەو گەوهەرە هەندێک بەرە
زمانی کوردی دەریایەکی شین و پاکی فراوانە
لە نێو زمانانی دنیا دەڵێم پاکترین زمانە
زمانی کوردی ئاسمانەکەی فڕگەی زور وشەی باڵدارە
هەر یەکەی ئاوازێک دەچڕێ, کەمانچەیە و عود و تارە
زمانی کوردی تاڤگەی زیوە دەڕژێتە نێو دەروون و دڵ
هەر وشەی زمانی کوردییە لە نێو زمانانا دەبێ بە گوڵ
زمانی کوردی ئاسمانێکە پڕە لە ئەستێرەی وەک زیو
پڕە لە وشەی جوان و شیرینی خێر لەخۆ نەدیو
زمانی کوردی باخستانە وشە تێیدا دەجریوێنن
لەو باخستانە گوڵ وشە بە ڕەنگاو ڕەنگ سەر دەردێنن
لەو باخستانە زمانە ئەستێرە گول دەزریوێنن
لە سروشتی پاک بێ گەرد بە زۆر شێوە خۆ دەنوێنن
زمانی کوردی مێرغوزاری شیعری دڵداری وئەوینە
بۆ خەبات و تێکۆشانیش مەیدانی پان و بەرینە
زمانی کوردی دەشتی سەوزە و شاخی پڕ لە لێڕەوارە
شەهید لەوێ گوڵاڵەی سوورە لێی بنواڕە باش دیارە
زمانی کوردیمان زمانی یەکسانیی ژن و پاوە
هیچ زمانێ وەکو ئێمە ئەو مافەی بە ژن نەداوە
زمانی کوردی کلیلە بۆ کردنەوەی دەرگای زیندان
هەڵمەت و نەعرەتەی کوردە لەڕێی خەبات, قوربانیدان
زمانی کوردی ڕاپەڕینی چینی کرێکار و جووتیارە
نرکەی زەحمەتکێشی کوردە هەمیشە جێ دەستی دیارە
ئەو زمانە شیرینەیە کە هۆکاری مانەوەمانە
هۆی خۆڕاگریمان و هەوێنی گەشانەوەمانە
زمانی کوردی خوڕەی کانی هاژەی تاڤگەو ڕووبارە
شنەی سروە وشەماڵی سەر مێرگ و چیمەنی بەهارە
زمانی کوردی چەندی بڵێی شیرین و جوان و بێ گەردە
خەریکە وا دەیشێوێنی ئەو نەزانە ئەستۆ وردە
کەسێ زمانی خۆی نەزانێ, دیارە ناپاک و نامەردە
هەر وەک حاجی قادر دەڵێ بێ گومان بە زؤڵە کوردە
ئەوەی ئەم زمانەی لا سووک بێ , ڕووڕەشی هەردوو دنیا بێ
دەستی بشکێ و تا ماویشە لە هەردوو چاو نابینا بێ
زمانی کوردی لەبۆ ئێمە سەنگەر و پشت و پەنایە
هەرچەندێکی پێی هەڵبڵێم لەوە زیاتری پێ ڕەوایە
سلێمانی/ 4- 1- 2022

شیعرەکەی أحمد مطر
ئەو شاعیرە عەڕەبە شۆڕشگێڕە خەڵکی بەسرایە و لە چینێکی هەژارە. شیعرەکانی گڕیان لێ هەڵدەستێ, بۆیە هەم خۆى و هەم شیعڕەکانی لە هەموو دەوڵەتە عەڕەبییەکان قاچاغ و قەدەغە بوون. ئەو هەموو سەرکردە عەڕەبەکان دادەشۆرێ و ئاوەڕووتیان دەکا و یەو شیوەیە پیشانی گەلی عەڕەبیان دەدا وبەسەر هیچیاندا باز نادات. بە داخەوە زۆر گەڕام دەقە عەڕەبییەکەیم نەدۆزیەوە, دەبێ ئەوەش بڵێم بۆ ڕێکیی کێش و سەروا دەسکارییەکی کەمم کردووە، بەڵام ماناکەیم لەدەست نەداوە . بێ گومان بەڕێزتان ئەوە دەزانن شیعرێکی عەڕەبی بە شیعری کێش و سەروادار وەرگێڕی بۆ کوردی ماندوو بوونی زۆری دەوێ.

شیعرەکە بە ناوی ( سەرکردە) یە
بە جەنابی سەرکردەم گوت : تۆ ئێمەت هێنایە دنیا؟
گوتی: نەخێر, هەزار جار نا
گوتم: خوا تۆی کردە خواوەند لەسەر ئێمە ؟
گوتی: حاشا خوایە , کەی ئەمەیان ڕێ و جێمە
گوتم: ئێمە داوامان کرد کە تۆ بێیت حوکممان بکەی؟
گوتی: نەخێر , کەی ئەوە ڕووى داوە ئاخر , پێم بڵێ کەی
گوتم: ئێمە دە وڵاتمان هەبوو
یەکان لە کەڵک کەوتبوو, زیاد بوو لێمان
ئەو نیشتمانەشمان دا بە تۆ
گوتی: شتی ئاوا ڕووى نەداوە
ئێوە بوختان دەکەن پێمان
شتی وا هەرگیز نەکراوە
گوتم: قەت قەرزێکمان لێ کردوویت و
ئەگەر پێتی نەدەینەوە
ژێر ئەم خاکە بکەیتە جێمان ؟
گوتی: نەخیر
گوتم کە تۆ نە خواوەندی و نەباوک و
نە سەرکردەی هەڵبژێردراو
نە خاوەنی موڵکمانی و
نە خاوەن قەرزی پێ نەدراو
ئەى کوڕی هین بۆ هێشتا هەر سوارمان دەبی ؟!
لێرەدا خەون هاتە کۆتا
بەهۆش خۆمی هێنامەوە لێدانی زۆر توندی دەرگا
بیکەوە زۆڵی کوڕی زۆڵ
وا دیارە خەونێکی ناپاک
لەم شوێنەدا مؤڵ بووە مؤڵ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت