دانا مەنمی: لاوازی فیکری تاکی کورد بۆ ئازادی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی کە ئێستا زۆرینەی رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هەتا حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش بە کاری دەهێنن چەمکی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنە، کەم هێزی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەدۆزینەوە کە باس لە گرنگی ئەم چەمکە نەکەن و وای نیشان ئەدەن کە ڕیزگرو گەشەپێدەری ئازادی ڕادەربڕینن و پاراستن و بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئازادی ئینسانەکان وەک یەکێک لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەیان دەکەن.
بەڵام بە داخەوە وەک زۆربەی چەمکەکانی تری ناو کایەی سیاسی کوردی چەمکی ئازادی رادەربڕین و قسەکردن و رەخنەگرتنیش لە رووی تیۆرییەوە هەوڵی فیکری ڕاستەقینە لە ئارادا نییە بۆ تیۆریزەکردن، جارێ ئازادی ئینسانەکان بەر لەوەی چەمکێکی سیاسی، ئەخلاقی بێت، چەمکێکی فەلسەفیە، هەر تاکێک یان هەر کۆمەڵگایەک پرسیاری فەلسەفی گەورە لە خۆی نەکات ناتوانێت پرسیاری سیاسی گەورەش لە خۆی بکات! لاوازی فیکری تاکی کورد لە سیاسەتدا رێشە قوڵەکەی دەگەرێتەوە بۆ لاوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و تێرامان و ڕاڤەکردن، کاتێک بیرکردنەوە و تێڕامان نەبوو قسەکردن لەسەر ئازادی من و تۆ و کۆمەڵگا کارێکی قورس دەبێت، بۆیە هەموو دابڕانێک لە فیکرو لە تێڕامانی فەلسەفی دابڕانێکی قوڵە لە چەمکی ئازادی ئینسانەکان.
ئازادی من و تۆ و ئەوانی دیکە بەستراوە بە ئازادی تاکەوە و ئازادی تاکیش تەنیا لە کۆمەڵگای ئازاددا دابین دەکرێت، مەسەلەن بۆ ئەوەی ئازادی کۆمەڵ دابین بکرێت دەبێ ڕێز لە ئازادی تاک و دیدو ڕوانینی جیاواز بگیرێت، خۆئەگەر نا ئازادی کۆمەڵ بەبێ ئازادی تاک بە دەست نایەت، ئازادی گرنگی و بایەخدانە بە تاک و خودی مرۆڤ، ئازادی کەرەستەی مرۆڤە بۆ دروستکردنی خودی مرۆڤ، مرۆڤ دەبێ خۆی ئەم ئازادییە بۆ خۆی بونیاد بنێت، گەر مرۆڤ خۆی بونیادی نەنێت کەس بۆی بونیاد نانێت، بەڵام هەمیشە بەریەککەوتنی ئازادی من لەگەڵ تۆ، یان ئازادی تۆ لەگەڵ ئەوانیتر ئەگەرێکی کراوەیە، لەم بەریەککەوتنەدا ئازادی مانای خۆی وەردەگرێت، واتە ئازادی من بە تەنیا کاتێک مانای هەیە کە لە پەیوەندیدایە بە ئازادی تۆوە تا چەندیک گرنگی و ڕێز لە روانینی جیاوازو ئازادی ئەویتر دەگریت!
مارکس قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت؛ مرۆڤێک کە ئەویدی دیل دەکات ناتوانێت خۆی ئازاد بێت. مەرجی یەکەم بۆ ئازادی ئەوەیە کە من و تۆ لەگەڵ ئەوانیتر ئازاد بین و ئازادی ئەوانیتریش ڕێزلێگیراو بێت لای ئێمە، بۆیە ئازادی من بەر لەوەی دەست بە ئەزموون و خۆتاقیکردنەوە بکات، بەر لەوەی ئەگەرەکانی ناو خۆی بخاتە گەڕ، بە ئازادی ئەویدی دروستبووە، کەواتە پراکتیزەکردنی ئازادی گرێدراوی دیدو ڕوانین و جیهانبیبی من و تۆیە بۆ ئازادی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت