دلێڕ محەمەد نوری: ماتماتیکی سیاسی،، (+)×(-)=(-).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پۆزێتیف و نێگەتیڤ، ئەڕێنی و نەرێنی، دوو ئاماژەی ماتماتیکین و پەلیان بۆ هەر بوارێکی ژیانیش ڕاکێشاوە. ئەوەی مایەی خەمە لێرەدا، کارلێکی ئەم دوو ئاماژەیە لە یەکتری، لە زمانی لۆژیک و پڕۆسە ماتماتیکییەکەدا، ئەوەیە بە هەمان کارلێکەوە پەلیان بۆژیان کێشاوە. بەوەی هەمیشە، – ئەتوانێ + بگۆڕێت بە – و هەرگیز + ناتوانێ – بگۆڕێت بە +. بۆ نموونە کاتێ کەسێکیش فێری خویەکی خراپ ئەبێت لە کەسێکی دیکەوە، کورد ئەڵێت: دوو گا لە دۆڵێکدا، گەر ڕەنگی یەکیش نەگرن، خووی یەک هەر ئەگرن. باشە بۆ نەدەکرا گایە پۆزەتیڤەکە خووە چاکەکانی خۆی بدایە بە گایە خراپەکە لە دۆڵەکەدا؟
گەر ئەو هاوکێشە ماتماتیکییەی سەرەوە لە نێو کایەی سیاسی کوردی و لە نێو حیزبە سیاسییەکانی باشور بدۆزینەوە، دەگەینە ئەنجامێک کە سیاسەتی کوردی پێ بە پێی ئەو هاوکێشەیە ڕۆیشتووە، بە بێ کەم و کوڕی. ژماردەی سەربەرەوخوار (العد التنازلي) ی کێرڤی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیاریشمان، پێمان دەڵێت کە هەرچی کار و چالاکی و هەنگاوی نەریێنیمانە لە پێشەڕەویدایە بەرانبەر بە دواکەوتنی ئەرێنییەکانمان. ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ و شەفافییەتی دارایی و ئیداری و نشتیمان پەروەری و… هتد، لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە پاشکشێی بەردەوامە بەرانبەر بە پێچەوانەکانی ئەم چەمکانە کە لە برەودایە. ئەوەیش کە هۆکاری ئەم دۆخەیە حزب و کارێکتەر و سەرۆک و سەرکردە و کارێکتەرە چالاکەکانی کۆمەڵگا و فەرهەگ و ئایینییەکانن. کەواتە بەرپرسەکانی پشتی ئەم دۆخە حزبەکان، تەلەفزیۆنەکان، مەلا و بانگخوازەکان، هونەرنامەندەکان و… هتد. گەر کەمێک ڕونتر بە هەموواندا بچینەوە دەبینن کامانە پۆزتیڤ و کامانە نێگەتیڤن و چۆن ئەمانەی دوایی گاریگەری خۆیان جێهێشتووە.
پارتی وەکو کۆنترین حزبی کاریگەری کوردی هەتا ئاشبەتاڵ ئەتوانین بە حزبی پۆزەتیڤی لە قەڵەم بدەین. بەڵام کاتێ بڕیاری ئەکەوێتە دەستی سەرکردەی دەستەمۆ و نا بوێر، ئەوا بەم جۆرەی لێ دێت: پارتی کاریگەری هەمووان × سەرکردەی نەزان و نا بوێر و چاو لەدەستی دەر= ئاشبەتاڵ و حزبی تاکڕە و بنەماڵە. یەکێتی لە دوای ئاشبتاڵ وەکو دووەم تاکە حزبی گەورەی شۆڕشگێڕ و خاوەن بەرنامە و کاری دەستەجەمعی، کاتێک ناتوانێ مسقاڵێک پارتی بگۆڕێت و بگرە وردە وردە خۆی لاسایی پارتی ئەکاتەوە. کاتێکیش جڵەوی خۆی ئەداتە دەستی پارتی و دەست ئەکات بە گەندەڵی و نادادپەروەری و بەرتەسککردنەوەی ئازادی، ئەوا هاوکێشەکەی بەم جۆرە دەبێت: یەکێتی × ناعەدالەتی و گەندەڵی = پارتی سۆشیال عەشایەر.
گۆڕانیش وەکو هێزێکی ئۆپۆسزیۆنی بەرهەڵستکاری دوو حزبی گەورەی چەکداری گەندەڵ، کاتێ تێکەڵ بە ئیدارە و پۆست و پارە ئەبێت، ئەوهای لێ دێت: گۆڕانی گۆڕانکارییەکان + پۆست و پارە و دەسەڵات = دوکانی سیاسی بێ کورسی. کاتێ یەکێتی و پارتی و دواتریش گۆڕان وەکو حزبانێکی بە ناو عەلمانی حەیابەرە، هەرچی ئاوی سازگاری ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی و دادپەروەری هەیە پیس و لێخن ئەکەن، ئیتر ئەبنە مایەی دروست کردنی چڵکاوی سیاسی و هەرچی بیری توندڕەوی و شۆڤێنی و دژە ئازادی و دژە دیموکراسی و دژە مافی مرۆڤ هەیە گەشە ئەکەن و کۆمەڵگا ئەپێچنەوە بە خۆیان. ئیتر هاوکێشە ماتماتیکییەکەی ئەمانیش وای لێ دێت: ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی ژنان × حزبی ئایینی و بانگخوازی میانڕەوەی خشکەیی یان بیری توندڕەویی و کۆنەپەرستی ئاشکرا = 1400 ساڵ بۆ دواوە.
لە دوای ئەمانەش ڕۆڵی حزبی فرت و فێڵ دەست پێ دەکات. حزبێک وەکو نەوەیەکی نوێ خۆی نیشان دەدات، بەڵام بە کەسمان ناڵێت بەو گەنجییە چۆن وا ملیاردێرە و نە پێشمان ئەڵێت چۆن وا بێ منەتە لە هەمووان؟ ئەمیش بۆ خۆی ئەسپی خۆی بە نێو ئەم چڵکاوەدا تاو دەدا و زوو زوو ئەگلێ. جارێ لە دەسەڵاتدا نەماندیوە، بەڵام لە ئێستاوە تارمایی گەندەڵی و تاککڕەوی و بنەماڵەیی هەمووانی لە خۆی پۆشیوە. هاوکێشەی ئەمانیش ئاوهایە: نەوەی نوێ × فڕت و فێڵی سیاسی = گلانی شاسوارێک لە کۆتاییدا.
لەم نێوەندەدا وردە هاوکێشەی گەڵێ سەیر و سەمەرەی دیکەش پەیدا دەبن، بۆ نموونە: حسک × پارە و بودجە بۆ هێز = پاشکۆی پارتی. شیوعی و بزوتنەوە × تاییدی یەک بازنەیی هەڵبژاردن = سەروو کورسی بەلاش لە پارتییەوە. ئابوری سەربەخۆی نێچیرێک × عەقدی پەنجا ساڵەی سوڵتانی = بڕینی بودجە و بێ مووچەیی. ئاوازدانەری زەوقسز × کچە گۆرانبێژی فووتێکراو = وێڕانکردنی مەزاجی هونەری. قەڵەم و بڕوانامە و ڕۆژنامەوانی ئازا و بوێر × چەردەیەک دۆلاری مانگانە لە داهاتی نەوت = زەلیل و درۆزن و مکیاجی حزب و سەرۆکەکان.
تا ئێرە من ئەمەندەم لە بیرە کە چۆن هاوکێشەیەکی ماتماتیک، بەوەی هەمیشە نێگەتیڤەکان ئەتوانن پۆزێتیڤەکان بگۆڕن بە نێگەتیڤ، کاری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کورد کردووە. ئاخۆ ئەگەر ئێستا خوارزمی بگەڕێتەوە، ئەبێت چەند پەشیمان بێتەوە، لەو یاسایانەی بۆ ماتماتیکیشی داناوە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت