ئەســعەد قەرەداخـــی: فەرهەنگی موزیک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەناوی خودێـی پەروەردگار
هەرچەند بیرم له دەوڵەمەندی زوانی كوردی و، زەنگینی و ڕەنگینی هونەره مۆزیكییەكەی دەكردەوه، لەلایەك خرۆشی دەیگرتم و لەلایەكی تر نیگەرانی لەوەی كه چۆن خەرمانی هونەری كوردیی له دەشـتی بێكەسیدا دەدرێته بەر باڕەشی ڕۆژگار و بەدەستانی نامۆ، شەنوكەو دەكرێت.
ئەم دیمەنه وەك تارماییەك هەمیشه له پێشچاومدا دەهاتودەچوو كەوتبوومه نێو گێژاویەوه، نەمدەزانی چۆن خۆم هەڵدەمه نێو ئەو تارماییەوه و مشتێك له نهێنیەكانی هەڵگۆزم و بیانهێنمەوه نێوجیهانی ڕۆشناییەوه. بۆ چەند
ساڵێك كەوتمەخۆم تا به پشتیوانی خودێ و هاوكارانی دڵسۆز كەوتمەسەر گوڵەوەچنی ئەو وشانەی دەشێن له توێی نووسراوێكدا وەك زاراوه كۆبكرێنەوه، بەناوی
فەرهەنگی مۆزیك.

بەربوورە Preface
گوڵەوەچنی وشـەگەلێك و، گێژان و بێژان و داڕشـتنیان بۆ ڕۆنانی زاراوەیەك….زۆر لە نووسـین و وەرگێڕان سـتەمترە، چونكە لە هەموو زوانێكدا وەك پەرداخكردن و بـیرازاندنی فەڕسـەنگێك وایە بۆ هەڵچنینی تەلارێك بەشـێوەیەكی هەنداز و نەخشـین. واتە داڕشـتنی وشـەزاراوەیەك كە تەواو مانای زوانەیی و فەلسەفەیی خۆی ببەخشێت.
ئێمەی كورد لەم مەیدانەدا كەم ئەزموون و سـستڕەوین كە دەشێت هۆیەكەی بگەڕێتەوە بۆ چەند فاكتەرێكی وەك: ژێردەسـتەیی و پاوانكردنی زوانی دایك وەك پێویســت، دابڕین لە جیهانی دەوەرە و كەمتەرخەمی و چەند هێندێكـیتر.
لەم چەند دواســاڵانەی ســەتەی بیسـتەم و سـەرەتا سـاڵەی ئەم سـەتەی ئێستاماندا لە باشووری كوردســتان بە ئازادانە بەبێ هیچ سـانسـۆرێكی داگیركەر گەلێك چالاكی لە گشـت بوارەكانی هونەریی و ڕۆشـنبیرییدا بە ئەنجامدەدرێت. ئەم هەلە ڕەخســاوە بۆتەهۆی ئەوەی گەلێك ڕۆشـنبیری بەتوانا كە جارانی ژێرەسـتە نەیاندەتوانی بیروڕا و توانای بەهرەیی خۆیان هەڵێنجێنن و بیخەنە بەردەستی خوێنەواران، ئێســتا بە دەیان و سـەدان گۆڤار و پەڕاو لە چاپدەدرێن كە تێـیاندا هەیە جێی دڵخۆشـیـیە و
ئومێدی ئەوەیان لێدەكرێت كە ببنە ژێدەر و سەرچاوەیەك بۆ لێتۆژینەوە و لێكۆڵینەوە.
خوێنەری هێژا… ئەم نووسـینەی كە لەبەر دەسـتدایە تایبەتە بە زاراوە مۆزیكیەكان، بەری ڕەنجی چەند ســاڵێكمە كە پێوەی خەریكبووم تا گەیاندوومەتە ئەوەی ببێتە بەرهەمێكی هونەری لە بواری مۆزیكـدا.
ســەرەتا بەپاڵپشــتی چەند ســەرچاوەیەكی عارەبـی كەوتمە ڕەشـنووســی، هەرچەندە نە نیایـیم {قەناعەتم} پێدەهات و نە تێری دەكردم، چونكە پێشــەكی دەمزانی تەنیا هەر بەو ســەرچاوانە وەك پێویسـت كارەكەم بۆ ناهێنرێتە ئەنجـام، لەبەرئەوەی كە زوانی عارەبـی ئەگەرچـی زوانێكی باڵا و بێغەوشە بەڵام كە لەو سـەرچاوانەی ورد دەبوومەوە، بۆم دەردەكەوت دانەران و نووسەرانی لە ڕووی لایەنە مێژوویی و هونەریەكانەوە زۆر لایانداوە بەلای خۆیاندا و زۆریش پەراوێزانە ئاوڕیان لە غەیری خۆیان داوەتەوە، جارێ خۆ هونەری كوردی مەگەر لەنێو ســەدان نووســراو و باڵووكراوەدا تەنیا چەند دانەیەكی كەمی بەویژدان بە چەند دێڕێك ئەگەر ئاماژەیان پێدابێت. لە سـەرچاوە توركییەكاندا هەر بە هەمان شـێوە و بگرە خراپتر، لە سەرچاوە فارسیەكانیشدا ئەگەر باسـیش كرابێت وەك لەهجەیەكی ئێرانی/مەحەللی}وەك خۆیان دەڵێن{ و بە بەشـێك لە كەلتووری خۆیان دەزانن.
ئەم گەڕان و پەیجوریەم بووە تەگەرەیەكی گەورە لەبەردەمدا و وەك پێویست نەمدەتوانی لەســەر كارەكەم بەردەوام ببم. بەڵام لە كۆتاییەكانی سـاڵی 6991ز كاتێك ڕووم لە هەندەران كرد و لە وڵاتی ســـوید گیرسـامەوە، بەدەم خوێندنمەوە چكەچكە كەوتمە هەڵدانەوەی ڕەشنووسەكانم و لێوەیڕا بزێویی كەوتە گیانمەوە بۆ گەڕان بەدوای ســەرچاوە ئاوروپاییەكان كە بەڕاســتی بۆمدەركەوت لەنێو زەریایەكی قووڵ و بەرینی زانست و هونەردام. خۆشبەختانە دەرووی زۆر لایەنم بەئاسانی بۆ كرایەوە، بەرەبەرە كەوتمەخۆم و دەسـتمكرد بە خوێندنەوە و كۆكردنەوە و هەڵگۆزینـی ئەو ژێدەر و چاووگانەی كە لەباربوون بۆ زاراوە مۆزیكییەكان ئەویـش بە بەكارهێنانی زۆر ســەرچاوە و ژێدەری تایبەت بە هونەر بە هەموو لایەنەكانیەوە، هەروەها زوانەفەرهەنگی ئەو میللەتانەی كە ڕۆڵیان هەبووە لە دانانی زاراوە مۆزیكیەكاندا وەك ئیتالیایی، فەڕەنســایی، ئەڵمانیایی، ئینگلیزیی و ئیسپانیایی ئەویش بە پەیداكردنی وەرگێڕاوی ئەو فەرهەنگانە بۆ زوانی ئینگلیزی، ســوێدی یاخود عارەبـی. ئەم فرە سـەرچاوانە بوونە وزە و پاڵهێزێكی وا كە بەخۆشم بوێرم بكەومە لێكدانەوە و ڕاڤەی زۆر لە زاراوانەی كە چ لە زوانەكەمانەوە نزیكن و چ پەیوەندی تەواویان بە هونەری مۆزیكی كوردییەوە هەیە. بەتایبەتیی لێكدانەوەی زوانەوانی و هونەری بۆ ناوی ئەو دەســگامۆزیكیە خۆرەڵاتیانەی كە ئێمە لەگەڵ میللەتانی دراوسـێدا هاوبەشین كە هەر میللەتەیش لە دیدەی خۆیەوەڕا لێكیانیداوەتەوە.
بەداخەوە ئێمەی كورد لەم چەند ساڵانەی دواییەدا كەوتینەوە خۆمان ئەگەرچی لەمالاو لەولا هەوڵی چكەچكەی چەند مۆزیكزانێكی دڵسـۆز دەدرێت بۆ ڕاسـتكردنەوە و شـیكردنەوەی هونەریانەی زۆر لەو دەسـگایانە و هێنانەوەی بۆ باوەشی زێدی ڕەسـەنی.
خوێنەری هێژا، ئەمەی كە بەندە بۆ ڕۆشـنبیری كوردی بە بەرهەمی هێناوە مشـتێكە لەو خەرمانەی كە هەردەم شـەنوكەوی تێدادەكرێت و هەرگیزیش تەواوبوونی بۆ نیە. كانیاوێكی ســازگاری ئاوێسـەر ئاسـایە كە چەندە لێی بنۆشـرێت تینوێتی ناشـكێنێت.
هیوادارم بەم كۆمەڵە زاراوەیە كە خۆی دەدات لە نزیكەی سـیانزەهەزار وشــە و سـەدوچوار ئامێری مۆزیك} ئەوانەی كە زۆر باون { توانیـبێتم گچكەخزمەتێكی زۆر ڕاشـكاوم بە زوانە شـیرینەكەی كوردستان و هونەرە مۆزیكە ڕەسـەنەكەیم كردبێت. ئێوەی بەڕێزیش بە سـینەیەكی فراوان و گیانێكی كوردەواریانەوە پەسـەندی بكەن و لەو كەموكوڕیانەیش ببوورن كە تیایدا بەرچاودەكەوێت. بەئومێدی ئەوەی كەسانی دڵســۆز هەنگاوی دروسـتـر و بنیادتر بنێن بۆ بەرهەمی بەپێزتر!.
بۆ بزاواندن و دەوڵەمەندكردنی زوان و هونەر و ڕۆشنبیریی كوردیی/مان بەشـێوە و سـیمایەكی شیاوتر و پەسـەندتر.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەرتوکەکە کلیک بکەرە سەر/ فەرهەنگی موزیک

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت