بەیان ئیبراهیم: مافی ژن یان بەرگرتن لە تیرۆری ژن، بەرگرتن لە تاوان یان سزادانی تاوانباران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگە ئێمە لە خۆمان بپرسین ئەم هەمو کوشتنی ژنانە بۆچی، ئایا دەتوانرێ ناو بنرێت سەرەتای قۆناغێک بۆ بڕینی قۆناغێکی تر و چونە ناو قۆناغیکی تازەوە و ئەم بازدانە پێویستی بە قوربانیدانی هەندێ ژن هەیە تا دەگاتە قۆناغێکی جیاواز تر، بەو پێیە هیچ گۆڕانکاریەک بێ قوربانی دان ناتوانێ شۆڕشێک بێت و بچێتە قۆناغێکی ترەوە، ئەوا دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ ئەو بڕینە بکەین و هەڵکۆڵین بکەین تا دەگەنە سەر ڕەگ و پلێت.
‎توندوتیژی تا دەگاتە تێرۆر لەهەر ئاستێکدا بێت، لەهەر خانەیەکی کۆمەڵایەتی چینی کۆمەڵایەتیدا بێت، دەتوانرێت لە ئەمڕۆی گلوباڵ و کرانەوەی دنیا و ئاسانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕێی پێ بگیرێ کە بە پلەی ئەولەویەت ئەم بەرپرسیاریەتیە دەکەوێتە ئەستۆی دەستەڵات و پاشان نوخبەی ڕۆشنبیر و دواتر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە دەتوانن بێ خوێن و بێ قوربانیدانی گەورە بەربە تیرۆر و توندوتیژی بگرن و بە کەمترین خوێن قۆناغەکە تێبپەڕێنین وەک لە مێژوی زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتودا بونی هەبوە.
‎ئەوەی دەبینرێت لەسەر ئاستی مافەکانی ژن و ئازادیە کەسیەکان لە کوردستان داتاکان ئەوەمان پێ دەڵین کە نەک هەر ئەم سێ نوخبەیە ( دەستەڵات وەک یاسا و جێبەچیکردن و ڕۆشنبیر وەک گوشار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەک پشتوانی ماف و ئازادی ) نەک هەر لە ئاستی ئەم تیرۆر و تاوانەدا هیچ ناکەن، بەڵکۆ وەک سەیرکەری ڕوداوەکان دەبینرێن و تەنها گواستنەوەی تیرۆرەکانە وەک هەواڵ لە چوارچێوەی چەند بەیاننامەیەکی هەواڵی کرچ و کاڵدا نەبێت نەیتوانیوە ببێتە گوشارێک بۆ بەرگرتن لەم هەمو تاوانانە.
‎لە ماوەی تەنها دوو مانگدا تاوانی کوشتنی ژنان بە دڕندەترین شێواز ڕۆژ بە ڕۆژ داتاکان بەرزتر دەبنەوە، کە دەبو هەر تاوانێکی لەم جۆرە ببوایەتە شۆڕشێک و گەورەترین خۆپێشاندانی کۆمەڵایەتی دروست بکردایە تا ببوایەتە گوشارێک هەم بۆ سەر دەستەڵات و هەم بۆ سەر ئەو بیرکردنەوە کلتوری و داب و نەریتانەی کە دەبنە هۆی ژن کوشتن، بەڵام لە دۆخێکی شپرزەی وەک ئەمڕۆی کوردستاندا کە هەمو سێکتەرەکان تێک چووە، ئەم هەڵوێستە نابینرێ. کەواتە لە بەرامبەر ئەم بێدەنگیانەداو لە بەرامبەر ئەم هەمو قوربانیانەی ژناندا چی بکەن باشە؟.
‎ئایا بە دوای مافەکانی ژناندا بگەڕێین یان داوای کۆتایهێنان بە قوربانی بکەین لە کاتێکدا لە نێو بیری کولتووری و نەریتدا کوشتن بە ناوی شەرەف و هەندێ ئاماژەی ترسناکەوە ئامادەگی هەیە، وە ئایا داوا بکەین تاوانباران سزا بدرێن بە پێی یاسا یان کار بکەین بۆ وەستاندنی تاوان، هەمو ئەمانەش بە یەکگرنی هەرسێ لایەنەکە ( دەستەڵاتی یاسادان و جێبەجێ کردن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ) وە گوشاری نوخبەی ڕۆشنبیر و ناوەندە ئەکادیمیەکان یەکبگرن لە چوارچێوەی پاکێجێکی چارەسەرسازیدا و کار بۆ دانانی بەرنامەیەک بکەن بۆ مافەکانی ژن لە ڕوی پەروەردەیی و هوشیاریەوە هەمو ناوەندە زانستی و کۆڕ و سیمناراتی فراوان و خۆپیشاندانی گەورە ڕێک بخڕێت و بە تایبەتی تریش لە ڕوی پەروەردەیەوە بخرێتە ناو مەنهەجەکانی خوێندنەوە هەر لە سەرەتایەوە وەک وانەیەک بخوێندرێت سەبارەت بە مافەکانی ژن و یاساکانی بەرگری لە مافی ژن، بەداخەوە نەک هەر نەبوەتە بابەتێکی زانستی و پەروەردەیی لە هیچ یەکێ لە ناوەندەکانی خوێندندا ئەمە نابینین، بۆیە نەبونی هوشیاری بەرامبەر مافەکانی ژن و یاساکانی بەرگری لە مافی ژن کوشتنی ژنان و تیرۆرکردنیان بە بیانوی جیاواز ئامادەگی هەیە ئەوەی باویشە و گشتیە دوای مەرگێکی تر و داتایەکی تری کوشتنی ژنان قسە لەسەر بەرگرتن دەکرێت لە کاتێکدا ئەم بیری تیرۆرە بەردەوامی هەیە لە ناو بیرکردنەوە و دنیابینی کوردیدا.
‎گرنگە پێش ئەوەی کار بۆ بەرگرتن لە تیرۆری ژنان بکرێت کار بۆ مافەکانی بکرێت کە ئەمە بو بە بەرنامە ئۆتۆماتیکیەن بەر بە تیرۆری ژن دەگیرێ، وە کێلگەی دوەم گرنگە لە ڕوی پراکتیکیەوە کار بۆ یاساکانی تاوان بکرێت بۆ جێبەجێ کردنیان و بەرگرتن لە تاوان کە ئەمە بوە کارپێکراو ئۆتۆماتکیەن تاوان کەمتر دەبێت، خۆ ئەگەر ئێمە هەر تاوان ڕوبدات و داوای سزادانیان بکەین بێ ئەوەی بە زانستی بەر بە تاوان بگرین دوبارە دەبێتەوە ، ئەگەر چی دەستەڵات خۆی غەرقی دنیایەک نەخۆشی و کێشەی گەورەیە لە پەنایدا نەک هەر ناتوانێ ئەمە بکات، بەڵکو لە ستێپی دوەمدا ناتوانێ تاوانباران سزا بدات، تەنها چەند ڕاگەیەنراوێکی کرچ و کاڵ نەبێت، کە هەمو ئەمانە ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە یاساکانی مافی ژن هەرگیز لە چوارچێوەی بیرێکی خێڵگەرایی وەک دەستەڵاتی کوردیەوە تەنها نوسراوی سەر کاغەز دەبێت وەک دەبینین تا ئێستا هیچ کەسێک لە بکوژانی ژن سزا نەدراون وەک پێویست.
‎پێشنیار دەکەم گردبونەوەیەکی گەورە ڕێکبخرێت وەک قۆناغی یەکەم و دواتر ئامادەکردنی پاکێجێکی ورد لە ماف و یاساکانی ژن و جێبەجێ کردنی و دواتر کۆنفرانسێکی گەورە بکرێت و کار بۆ مافەکانی ژن بکرێت لە ڕوی پەروەردەیی و هوشیاریەوە و وەک قۆناغی یەکەم ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی میدیا کاری بۆ بکەن پاشان یاساکانی پاراستنی مافەکانی ژن بخرێتە ناو مەنهەجی خوێندنەوە لە قۆناغی دوەمدا بۆ هەر تاوانێک کە دەکرێت دوبارە و سەد بارە بێتەوە لەم دۆخی بێدەنگیەدا خۆپیشاندانی گەورە ڕێک بخرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت