عیماد عەلی: دادگای فیدراڵی لە نێوان یاسا و سیاسەتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش هەموو شتێک، لێرەدا کە باس لە دادگای فیدرالًی دەکەم بەواتای لایەنگیری و پشتگیریمان نیە لە حکومەتی هەرێم، چونکە پێشتر بە فراوانی باسمان لەم دەسەلاتە گەندەڵ و بێفەرٍە کردووە و هەمووان دەسەڵاتی کوردستان دەناسین و دەزانین گەیشتۆتە ئاستێک لە گەندەڵی حوکمرانی بە راستەوخۆ و رەزامەندی خۆی بوبێت یان لە دەرئەنجامی بارودۆخی بابەتی چۆن وابەستەی چەتەی جیهانی سیاسی و ئابووریی کردووە و، ئەگەر لە نێوخۆوە تا رادەیەک هیوای چارەسەری مابێت، ئەوا لێکئاڵانی بەرژەوەندیە هەمەچۆرە گەورەکانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکان، بواری بۆ بریاری سەربەخۆی دەسەڵاتی هەرێم لە زۆر لایەنەوە و بەتایبەتی لە سێکتەری ئابووری نەهێشتۆتەوە و وایلێهاتووە بەدەست گرفتە ئاڵۆزە دروستکراوەکانی مشەخۆرانەوە دەناڵێنێت، بەڵام نابێت ئێمە لە دژی گەندەڵی نێوخۆ ناحەقی لایەنی بەرامبەر قبولًکەین.
لێرەدا مەبەستمانە بەدوور لە هەر بۆچونێکی سیاسی و عەقیدی و فکری و بە دیدێکی رووتی پیشەگەرانە کاری داداگای باڵای فیدراڵی عیراق هەڵسەنگێنین.
سەرەتا، ئەوەی هەیە داداگایەکی فیدراڵی گشتگیرە نەک دادگای تایبەتی دەستوری کە زۆربەی وڵاتان لە بواری دەستور و راڤە و شیکردنەوەی بەندەکانی پشتی پێدەبەستن و پێویستە لە تەنیشت دادگای فیدراڵیەوە دادگایەکی تایبەت بە دەستوریش هەبێت، بە تایبەتی بۆ وڵاتێکی فرەپێکهاتەی وەک عیراق.
دەکرێت کۆمەڵێگ پرسیار بوروژێنین بۆ دەرخستنی حەقیقەت لە مێژووی دەستوری و یاسایی و گرنگیدانی دادگای فیدراڵی عیراقی بە مەسەلە گرنگ و چارەنوسسازەکانەوە لەو رۆژەی دامەزراوە تاوەکو رۆژگاری ئەمرۆمان:
* بۆ رۆژێک داواکاری گشتی لە عیراق و ئەم دادگایە بە تایبەتی پرسە گرنگەکانی نەخستە روو یان یەکێک بە ناوی سکاڵاوە نەیخستە بەردەست بۆ تاوتوێکردنی وەکو ئەو مەسەلانەی کە ئەمرۆ بەناوی سکاڵاکارەوە دەکرێت، کەچی لە پرٍێکدا ئەم داداگایە خۆی هەڵقورتێنێن بە پرسێکی وادا کە بە هاویشتنی هەنگاوێک لەو بوارە ترسناکترین بارودۆخ لە عیراقدا دروست دەبێت.
* هەمووان چۆنێتی دامەزراندنی ئەم دادگایە دەزانن کە پشکی حزبەکان رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لەوەدا، بۆیە هەر بریارێکی لەمەر کێشە گەورە و ئاڵۆز و گرێ ئامێزەکان دەەزانین ئەوانەی ئەو دادوەرانەیان کاندید کردووە چیان دەوێت و بریارەکان چی لێدەکەوێتەوەو هەر ئەم دادگایە چۆن متمانەی هەمووانی لە دەستدەچێت و چۆن کەس هیچ بەهایەک بۆ باڵاترین دامەزراوەی یەکلاییکەرەوەی کێشەکان دانانێنێت. تا دواجاریش وای لێدێت دواپەناگەی بریاردانی یاسایی هیچ قورساییەکی نامێنێت.
* ئەوەی تێبینی ئەو خێراییەی کاری ئەم دادگایەی لە زۆر بواردا و بە تایبەتی پێکهێنانی حکومەت و ململانێی حزبەکان و ماوە یاساییەکانی هەڵبژارنی سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دەست بردن بۆ مەسەلەی ساختەکاریی بێ پێشینە لە ماوەیەکی کورتدا کردبێت، دەزانێت ئەم دادگایە چەند لە ژێر فشاردایە و چۆن بریارەکان دەردەکات.
* دادگایەک کە باڵاترین دەسەلات بێت لە وڵاتێکدا و کۆتا قسە لای ئەو بێت و بگاتە ئەوەی هیچ پیرۆزیەکی نەمێنێت یان بەدەستی خۆی پیرۆزی خۆی و برٍیارٍەکانی نەهێڵێت، چۆن متمانە بە سەربەخۆیی و بێلایەنی دەکەیت.
* ئەگەر بە وردی تەماشای ئەم چەند مانگەی کاری ئەم دادگایە بکەیت، بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن عورفە سیاسیەکانی خستۆتەلاوە و بیدعەی سیاسی بە ناوی یاساوە بەکار هێناوە، بەڵام لە نەبوونی مەرجەعێکی دیکەی یاسایی، زۆرینە گوێی لێدەکرن و زۆرجار خۆیان لە وتنی حەقیقەت لەمەر ئەم دادگایە دەدزنەوە و لە ترسی پشێوی زیاتر چاوەرٍێی دەرئەنجامی بریار و چۆنێتی جێبەجێکردنی دەکەن، بەلام مەرج نیە گوێرایەڵی بن.
بۆیە، ئێستا ئا لەم کاتەدا دەتوانین بڵێین عیراق بۆتە کۆمەڵێک دامەزراوەی زیادەرۆی سیاسی و بازاری ئاڵۆگۆری سیاسی مامەڵەی پێوە دەکات و کەس چارەونسی راستەقینەی نازانێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت