بەهرۆز جەعفەر: پۆلێنکردنی هەڕەشەکان و دۆزینەوەی دەرفەتەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕووی تیۆرییەوە، هەمیشە ڕیالیستەکان، لیبراڵەکان و مارکسیستەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا لە ململانێی فیکریی دان سەبارەت بەوەی هەڕەشەکان لە کوێوە دێن؟. بەبڕوای ڕیالیستەکان هەڕەشەکان لە دەرەوە دێن، کاتێک دەوڵەت -هەرێم یاخود کیانی نیشتیمانی (هێز-Power) ی کەم ئەبێتەوەو (هەیبەت-Prestige ) ی نامێنێت ئەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییانەوەیە کە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییدا دێنە ئاراوە، سەدان نمونە هەن، لەوانە دۆخی خراپی ئێستای ئەوروپاو ئۆکراینا بەتایبەت لە بەرئەنجامی هەڕەشە دەرەکییەکانەوەیە.
مارکسیستەکان، جەوهەری فەلسەفەکەیان ئەبەستن بە پرسی (چینایەتی-Class) یەوە لە کۆمەڵگەدا، بەبڕوای ئەوان ئەوەی ئەم جیاوازییە چینایەتییە دروست ئەکات لە ناوخۆ داو لە دەرەوەشدا بریتی یە لە جیهانی لیبراڵ و سەرمایەداریی. هەرچی لیبراڵیستەکانن بە تایبەت نێو لیبراڵەکان خۆیان وەک فاکتەرێک بۆ کارئاسانی و دروستکردنی دەرفەت و بوژانەوەی بازاڕ و گەشەی بانکی و جموجوڵی کەرتی تایبەت ئەبینن!

یەکەم / هەڕەشەکان لە عێراقدا لە کوێوە دێن؟
بە پلەی ئیمتیاز سەرچاوەی هەڕەشەکان لە عێراقدا، لە لاوازبونی ڕۆڵی “دەوڵەت”ەوە دێن، دەوڵەت بە مانای دامەزراوە، بە مانای هێز، بە مانای بزنس، بە مانای هەیبەت لە عێراقدا نەماون، واتە ئامرازەکانی هێز بە دەست دەوڵەتەوە نیین، بەڵکو بە دەست گروپە ئاینی و میلیشیاکان و کرێگرتە هەرێمایەتیەکانەوەن. کەوایە دەوڵەت لەم چرکەساتەدا زۆر بە سادەیی ئامادەیە بکەوێتە بەردەم هەڕەشە ژینگەییەکان، کەم ئاویی، هەڕەشەی ئابوریی، بێکاریی، شەڕی ناوخۆ و … تادوایی.

دووەم/ هەڕەشەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە کوێوە دێن؟
هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، لە زۆر حاڵەتدا وەکو کاراکتەرێکی دەوڵەتیش ئاکتی کردووە. سێ جۆر هەڕەشەی گەورەی کەوتۆتە بەردەم:
1- لە ناوخۆدا کۆی سیستەمی حوکم (واتە دەستەڵاتی یاسادانان، دادوەری، دەستەڵاتی جێبەجێکردن کە حکومەتە) پێویستە لەوە بەهێزتر بن کە هەن، هەروەها کۆی سیستەمی سیاسی (سیستەمی سیاسی لە قانونی دەستوریدا واتە تەواوی سیستەمی حوکم، تەواوی حیزبەکان، تەواوی میدیاکان، تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان ئەگرێتەوە) پێویستی بە ئەپدەیتکردنەوە هەیە. بۆ نمونە حیزب میدیای هەیە حکومەت نی یەتی، حیزب هێزی هەیە و حکومەت نی یەتی، حیزب بزنس ئەکات حکومەت نی یەتی. لە هەندێ کاتیشدا هەر لەناو حیزبەکانەوە کار لەسەر لاوازنیشاندانی حکومەت ئەکرێت! لە کاتێکدا پێویستە هەموان هەوڵی بەهێزکردنی حکومەت بدەن و حکومەتیش ئەرکە زانستییەکەی بریتی بێت لە دوورخستنەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، بەڕێوەبردن و پلاندانان، ئەنجامدانی ئاکتە دیبلۆماسییەکان و دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ هاوڵاتیان.
2- هەڕەشەی دووەم لە عێراقەوە دێت، ئەمەیان هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، دەوڵەتی مەرکەزیی عێراق! لێی بەرپرسیارە، کە دەوڵەت ڕۆڵی نەماوە لەم ناوچەیەدا، بۆ نمونە ئێستا حکومەتی هەرێم بڕیاری دا نەوت و گاز ڕادەستی عێراق بکات، بەڵام کام عێراق؟. کامە دەوڵەتە؟ کامە دامەزراوە؟ لە عێراقدا 79 گروپی میلیشیایی لە دەرەوەی دەستەڵاتی حکومەت هەن و حکومەتیش بودجەو مووچەیان بە زیاتر لە (7.9) تریلیۆن دیناری ساڵانە بۆ دابین ئەکات؟! گروپە میلیشیاکان 8 گومرکیان لە بەردەستە کە ساڵانە سەروو 3 تریلیۆن دیناریان لە ڕێگەی بازگەی نا-یاسایی و گومرکەوە دەست ئەکەوێت! کەواتە هیچ کاتێک لە نێوان بەغداو هەرێمی کوردستاندا بابەتەکە پەیوەست نییە بە دەستور یان دادگای فیدراڵییەوە بەڵکو پەیوەستە بە (هێز)ەوە، چۆن هێز بناسین و چۆن هێزی ئابوریی و میدیایی و مرۆیی و سەربازیی و دیبلۆماسیی سەرپێ بخەین؟ چۆن پەیوەندییەکانی هێز ببینین، ئەمەیە کڕۆک، نەک دەستور !و دادگا!ی فیدڕاڵ!ی، چونکە لە دەستوری عێراقدا ئەوە قەدەخەکراوە کە حکومەتی فیدڕاڵ دژی هەرێمەکان هێز بەکاربهێنێت، بەڵام دەیان جار بەکاریان هێناوەو، شەوانەو ڕۆژانە ئەمە ئەبیندرێت.
3- هەڕەشەی سێهەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدایە، بۆ نمونە ئێستا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاشتی و ئاسایشی جیهانی تێکچون، زلهێزەکان ئەیانەوێت وێنای سیستەمی نوێی جیهانی بکەنەوە، هێزە هەرێمیەکانی وەکو تورکیاو ئێران و کەنداویش ئەیانەوێت زۆرترین پشک و بەرژەوەندی خۆیان لەو گۆڕانکارییە گەورەیەدا بچەسپێنن، کوردیش لەو نێوانەدا ئەبێت جێگەی خۆی بکاتەوە نەک ئەوانی تر لەسەر مێزە خڕەکە بێ ئامادەیی کورد بڕیار لەسەر چارەنوسی بدەن.
ئەگەر پرۆسە نەوتییەکان بۆ هەموو جیهان بریتی بن لە چوار قۆناخی گرێبەست، گەڕان و پشکنین، دەرهێنان، هەناردەکرن. ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان قۆناخی پێنجەمیشی هەیە کە بریتی یە لە بە بازاڕکردن و لۆبی کردن. لە ناوخۆدا پێویستە بە چوار قۆناخەکەدا بچێتەوە دوور لە موزایەداتی حیزبی و ئایدۆلۆجی و دەنگە دەنگی پۆپۆلیستی، لە دەرەوەشدا پرسی نەوت و گاز وا ئەکات کورسییەک بۆ هەرێم لە لوتکەو کۆبونەوە گەورەکان و میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەدا مسۆگەر بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت