عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی حەڤدەهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو خەونی سەیرم بینی.
پێش ئەوەی خەونەکانتان بۆ بگێڕمەوە, پێم خۆشە قسە لە بارەی شتێکی دیکە بکەم ئەگەر ئێوە پێتان ناخۆش نەبێ, چونکە ئەگەر ئەوەی دەیڵێم بە دڵی ئێوە نەبوو ئەوە مانای ئەوەیە ڕەنج بەخەسارم. زۆرجارئێمە داوای نەکردنی ڕەفتارێک لە کەسێک دەکەین, بەڵام لەهەمان کاتدا خۆمان ئەو کارە دەکەین. جارێکیان کوڕێکی مێردمنداڵێ دۆستمان کە دوایی بوو بە پێشمەرگەو بەداخەوە شەهیدبش بوو, جگەرەی بە دەستەوە بوو , گوتم خراپە جگەرە مەکێشە, گوتی ئەی ئەگەر خراپە خۆت بۆ دەیکێشی. ئێستا ئەوە بە شێوەیەکی دیکە و زەقتر لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ. بۆ نموونە, لە سەروبەندی خۆپیشان دانەکانی عیراق و توند و تیژى نواندن بەرانبەر خۆپیشاندەران, بەرپرسە باڵاکانی ئێمە ئامۆژگاریی حکوومەتی بەغدایان دەکرد کە نەرم بن لەگەڵ خۆپیشاندەران و بەپیر داواکارییەکانیانەوە بچن کەچی لێرە خۆپیشاندەران کە داوای مافی خۆیان دەکرد بە شەق تێیان دەکەوتن و رەوانەی زیندانێیان دەکردن. یان دەبینی داوای تەبایی و یەکڕیزی دەکات, بەڵام ئەمە هەر بە قسەیە و قسەی ڕووتیش ناچێتە ناو گیرفانەوە و هەموو ڕەفتار و کردەوەکان پێچەوانەی یەکڕیزی و تەبایین . من چەند جارێک گوتوومە دەبێ کردار و گفتار دوو تاى تەرازوویەک بن و هاوسەنگ بن و ئەگەر وا نەبوو , دەست لە ئەنجامی باش بشۆ . دێڕە شیعرێکی عەڕەبی هەیە دەڵێن هی (ئیمامی علی کوڕی أبو طالب ) ـە, دەڵێ:
لاتنه عن خلق و تأتی بمثله ــــــــــــ عار علیک إذا فعلت عظیم
واتە نەهی لە کارو کردارێک مەکە کە خۆت دەیانکەیت, ئەگەر ئەوە بکەیت شوورەیی شەرمەزارییە بۆت.
لێرە قسەیەکی خۆشم بیر دەکەوێتەوە, بە داوای لێ بوردنەوە دەیگێڕمەوە بە جیاوازیی نێوان هەردوو لایەن.
جارێکیان ژن و مێردێک نێوانیان تێک دەچێ و قسە لەگەڵ یەکدی ناکەن و شتاقیان نایانەوێ دەست پێشخەری بکا بۆ ئاشت بوونەوە. هەردووکیان لە ماڵەکەن، بەڵام لەگەڵ یەکدی لالووتن. ڕۆژێکیان پیاوەکە هەندێک برێشکەی دێنێتەوە کە نۆکی برژاویشی تێدایەو دەیدا بە کوڕەکەی. کوڕەکەی نۆکەکە ناخواو فڕێی دەدات. باوکەکە بە کوڕەکەی دەڵێ : کوڕم نۆکەکە بخۆ سوودی هەیەو وانێکەکەت گەورە دەبێ. ئیدی ژنەکە خۆی بۆ ناگیرێ و دەڵێ: دوژمنی قەلبی خۆت, ئەی بۆ خۆت بۆ دوو سێ دەنکان ناخۆی؟. بە داخەوە ئامۆژگاریی خەڵکی دەکەین, بەڵا م خۆمان کار بە ئامژگارییەکانی خۆمان ناکەین, بەڕاستی شوورەیی و مایەی شەرمەزارییە بۆ کەسانێک خۆیان بە بەرپرس دانێن, بەڵام وەک بەرپرس ڕەفتار نەکەن.
ئینجا با خەونەکانتان بۆ بگێڕمەوە. زۆرجار قسەیەک دەکەین وەک ئیدیۆم یان پەند و دەڵێین ( پیاو شەڕ و تڕ بە دەست خۆی نییە ) و من دەڵێم خەونیش وایە. کەواتە دەبێ بڵێین شەڕ و تڕ و خەون دیتن پیاو بە دەست خۆی نییە. لەم شەوانە بەری بەیانییەکەی لە خەونمدا دەڕۆیشتم و ڕێم کەوتە ماڵێک. لە خەونەکە لاقم ساغ و سەلیم بوو و بە چاکی دەڕۆیشتم. بەردەمەکەی دوو سێ پلیکانە بوو. سەرکەوتم و چوومە ژوورێ و کەسم نەدی, حەوشێکی بچووک و لە چوارگۆشەیەکی بچووک سێ ڕووەکم بینی, یەکیان وەک توور وابوو حەزم لێ کرد و بێ بیرکردنەوە هەڵمکێشا, سەلکەکەی درێژکۆلە بوو وا دیار بوو لە توورە سپییە درێژکۆلەکان بوو. لەو کاتەدا ژنێکم بینی سەیری دەکردم، قسەی نەکرد، بەڵام سەیر کردنەکەی تووڕەیی پێوە دیار بوو . ڕووەکەکەم دانا و هاتمە دەرەوە. لە دەرەوە کوڕێکم بینی دەمناسی کەرکووکی بوو. گوتی: باوکم دەڵێ ئەوە بۆ چۆتە ماڵی ئێمە و ئەو توورەی هەڵکیشاوە. لە دڵی خۆمدا هەستم بە شەرمەزارییەکی بێ وێنە کرد, یەکەم بۆ دزییەکەم و دووەمیش دزیکردن لە ماڵە کەرکووکییەک کە دڵ و قودسی کوردستانە و من دەڵێم ( گیانی ) کوردستانە. چوومە لاى باوکی کوڕەکە بۆ عوزرخوایی هێنانەوە سەرەکە لەوەدابوو ئەویشم دەناسی. ئەوەندە پیاو بوو بۆ شێو بانگی کردم و ئێوارە پێکەوە نانمان خوارد، برنج و بامیە بوو. پێم وابێ پیاوەکە دەیویست نمەکی بکەم وەک کەرکووکییەک و جارێکی دیکە بیر لەوە نەکەمەوە دزی لە کەرکووکییان بکەم، چونکە بەڕاستی باجێکی قورسی کوردایەتییان داوەو هەتا ئێستاش هەر دەیدەن و دزی کردن لە خەڵکی کەرکووک تاوانێکی گەورەیە. کە خەبەرم بووەوە گوتم ئۆخەی باش بوو خەون بوو.
خەونی دووەم سەیرتر بوو. لە خەونمدا شۆڕش دەستی پێ کردبووە وە و پێشمەرگەی زۆر بڵاو بوو بوونەوە. بە منیان گوت بڕۆ قسە بۆ خەڵک بکەو ئامانجی شۆڕشیان بۆ باس بکە. لە خەونەکەدا دەبوایە قسە بۆ هەموو پارچەکانى کوردستان بکەم. منیش سەر شاخێک کەوتم کە دەیڕوانییە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان و کەڕەنایەکم+ بە دەستەوە بوو بۆ هۆشیار کردنەوە و بۆ ئەوەى هەموویان گوێیان لە قسەکانم بێ و گوتم: جەماوەری خەڵکی کوردستان, ئێوە هەمیشە دەستەچیلەی هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکی کوردستان بوون و ئەوە شەست ساڵە بە ماڵ سووتان و ماڵوێرانی و دەربەدەری باجی کوردایەتی دەدەن و هەزاران ڕۆڵەتان شەهید و بێ سەروشوێن بوون . شۆڕش بۆ ئیوەیە لە پێناوی ئێوەدایە. جارێکی دیکە کەس دەست بۆ ماڵ و سامانی میللەت درێژ ناکات و خۆی لەسەر حیسابی خەڵکی قوربانیدەر دەوڵەمەند ناکات و منداڵە بەرپرس وەکو منداڵی ئێوە دەبن. کەس لەمەو دوا خۆی بە خواى سەر زەوی نازانێ. زۆر شتم گوت و ئەوەی لە دلی ئەو خەڵکەدایە هەموویم هەڵڕشت. بەڵام لە شتێک دەترسام. لەوە دەترسام یەکێکم وەک کابرای گۆرین لێ ڕاست بێتەوە و بڵێ باشە ئەوە ئێوە هاتوون ڕزگارمان کەن, ئەى دوای ئەوە کێ ئێمە لە دەستی ئێوە ڕزگار کات؟! دیسان خەبەرم بووەوە و گوتم ئۆخەی دنیا ئارامە و هیچ لە گۆڕێ نییە, بەڵام ئەو دڵخۆشییەم نەما کاتێک کە دیسان هەواڵی لافاو هەستانی هەولێرم بیست. خوایە بەگەورەیی خۆت ئەو خەڵکە بێ دەرەتانە بپارێزی, بە تایبەتی خەڵکی هەولێر و دەور و بەری کە ئەوە ماوەیەکە لافاو پێیان فێر بووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت