هۆمەر نۆریاوی: وریا بە “وریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر دەمێکە لەم هەرێم و وڵاتەی کە من و هەزارانی وەک بەڕێز “وریا غەففووری” تێدا دەژین، بە قەدەر پوولێک بایەخ بۆ زمان و چاندی کوردی دانانرێت و بگرە سامانی فەرهەنگیی کوردان وەبەر ناڕەواترین هێرشی ئەم ناوەند و ئەو کەسایەتی بەناو زانستیی و ئەدەبیی فارس دەکەوێت و مخابن یان کەس ناوێرێت وردە داکۆکییەک لە فەرهەنگ و کولتوورە دێرین و دەوڵەمەندەکەی خۆی بکات یانژی لەبەر داکۆکیکردن و پاراستنی زمان و فەرهەنگی خۆت، وەبەر توندترین هەڕەشە و گوڕەشە دەکەویت کە بەڵێ جاڕی جوداییخوازیی و چی و چی لێ دەدات و سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ ساز دەکرێت.
لە لای مرۆی گۆشکراو بە ئەقڵییەتی سەردەستەوە، منی کورد تا کاتێک بە دڵسۆز و پاڵەوان و پیاوچاک دادەنرێم کە هەموو ژیانم بخەمە خزمەت بەرگری لە زمان و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست و پارێزەری سنوورەکەیان بم ئەگینا گەر بە موو لەم پرسە لا بدەم و خۆیان گوتەنی،هێڵە سوورەکانیان ببەزێنم، ئیدی دەبمە جوداییخواز،نۆکەری بێگانە و سەدان خەسڵەتی دژە مرۆییت دەدرێتە پاڵ. ئەم پرسە هیچ لە لای مرۆی وڵاتی سەردەست، چ ئەورووپانشین و چ ناوخۆیی، تۆسقاڵێک تۆفیر ناکات و ئەودیوی هزر و زەینییەتی هەمووان هەر یەکە و لە دەوری هەمان پرس دەسووڕێتەوە. گەر بمهەوێت نموونە بخەمە بەرچاو خوێنەری ئەم چەند دێڕە،نموونەکان یەک و دوو نین و ئەوەی ئەورووپانشین و ناوخۆیی دوو دیوی یەک دراو دێنە ئەژمار.
هەر لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا هەڵوێست و ڕوانگە و بۆچوونی چەندان ناوەند و کەسایەتی ناسراوی نەتەوەی باڵادەست هەر وەک فەرهەنگستانی زمانی فارسی،محەممەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی، مەحموود دەوڵەتئابادی، شیرین عیبادی،ئەمیر تاهیری، ڕەسووڵ نەفیسی و… هتد، ڕاستیی ئەم پرسەمان لە لا ڕوون دەکاتەوە. هەر بۆیە کەسایەتییەکی ناوداری وەرزشیی و یاریزانێکی ژیر و چاوکراوەی وەک “وریا غەففووری”کە کەس گومان لە گەلپەروەربوونی ناکات و لە ناو ماڵباتێکی نیشتمانپەروەردا بار هاتووە، پێویستە گەلێک ژیرانە هەلەکان بقۆزێتەوە و هەرگیز نەبێتە کوتەک و دارەدەستی ئەم لایەن و ئەو ئالی ناکورد و بۆ مرازی گڵاو و پۆخڵی خۆ دەکاری نەهێنن. بەداخەوە ئەمە نەریتێکی هەرە کۆنی وڵاتە سەردەستەکانە کە لە قۆناخە هەرە هەستیارەکانی دیرۆکدا ئێمەی کورد وەک بەناو پاڵەوان و ڕزگاریدەر دەکار دێنن، بەڵام کاتێک کارەکەیان بۆ چووە سەر ئیدی دەستبەردارمان دەبن و بگرە شار بەدەر و وڵات بەدەریش دەکرێن. گەر ئێمە لە پێناو پاراستن و ڕاژە و خزمەتی زمان و فەرهەنگەکەی خۆماندا خەبات بکەین و لەو پێناوەیشدا گیانمان بەخت بکەین و ببینە قوربانی، بۆ هەمیشە ناومان لە نێو ڕووپەڕی مێژووی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە و لە یادگە و مێشک و هزری نەوە لە دوای نەوەدا ناومان وەک خۆر دەدرەوشێتەوە. دوا وتەم ئەوەیە پاڵەوانبوون لە لای نەتەوە و گەلەکەی خۆت، هەزار هێندەی نەتەوەی دی، سەنگ و بایەخی دەبێت بۆیە با لە ڕێی پاراستن و خزمەت بە زمان و فەرهەنگەکەی خۆمانەوە،ببینە پاڵەوانی گەلەکەی خۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت