هۆمەر نۆریاوی: میدیای کوردی و سۆرانی و بادینی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە زۆربەی بەناو میدیاکاری ئێستای نێو ڕووبەری ڕاگەیاندنی کوردی جگە لە شێوە ئاخاوتنەکەی خۆ، زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر زمانی کوردی نییە؛ بۆیە ڕاگەیاندنەکەیشمان هێشتا لە نێو بازنەیەکی بەرتەسک و سنوورداردا دەسووڕێتەوە و لە ڕاستیشدا گەمە بە بینەر و بەردەنگی خۆی دەکات.
مرۆ سەری سووڕ دەمێنێت کاتێک دوو میدیاکاری نێو کەناڵێکی کوردی بە باشی لە شێوە ئاخاوتنی یەکدی تێنەگەن. ئەمە کارەساتە و نیشانە بۆ ئاستی نزمی وشیاریی نەتەوەیی دێتە ئەژمار. نازانم پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی ستافی میدیا کامانەن کە پێویستە شارەزابوون لەسەر زمان بۆ ڕاگەیاندنکارێکی کورد لە سەرووی هەموو مەرجەکانەوە بێت کەچی میدیاکارەکەی ئێمە تەنێ شارەزا بە شێوە ئاخاوتنەکەی دەڤەر،شار،گوند و گەڕەکەکەی خۆیەتی هەر بۆیە حاڵی میدیای کوردی ئێستاکە ئەوەندە ئاڵۆسکاو و شپرزە.
ئاستی نزمی وشیاریی نەتەوەیی بەشی زۆری میدیاکاری کورد تا بەوێندەرێ چووەتە پێش کە یەک بەو بڵێ”لە بادینییەکەت تێناگەم” و ئەوی دیکەیش ببێژێ”نزانم سۆرانی بئاخفم”. دە ئاخر چاوەڕوانی چی لە خەڵکی ڕەشۆک بکەین کاتێک نوێنەری بەر مایکەکەمان هەمان هەڵەی باو و سەرزاری ڕەشۆک پاتە بکاتەوە و هەست بە جیاوازیی نێوان کوردیی ناوین و ژووروو نەکات!
ڕاستە میدیای بینراو و دیتیاری ئێمە خاوەنی مێژوویەکی ئەوەندە دوور و درێژ و کۆن نییە و تازە لە سەرەتای ڕێداین(مەد تێ ڤێ،کۆتایی ساڵی 1995). ئەمەیش هەر بە ڕاست دەگەڕێت کە هێشتاکە زانستگە و ناوەندە باڵاکانی خوێندنمان نەیانتوانیوە کادێر و ستافی پسپۆڕ و کارامە و لێزان و شارەزای بواری ڕاگەیاندن پەروەردە بکەن، بەڵام ناشوکری نەبێت بۆ پتر لە 25 ساڵ دەچێت کە کورد بۆ خۆی خاوەنداریەتی میدیا و ڕاگەیاندنی خۆی دەکات و خودانی کەناڵی سەربەخۆیە و دەیتوانی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە وەک لە گەلێک بواردا هێزی مرۆیی کارامە و پیشەیی و پسپۆڕی پێگەیاندووە، لە هەمووان گرینگتر و هەستیارتر، ئەم ئەرکە گرینگەیش لە نێو دنیای ڕاگەیاندندا جێبەجێ بکات و ئاوڕێکی ڕاستینە لە دنیای میدیا بداتەوە کە هەنووکە گەلانی جیهان بە ڕاگەیاندنی پێشەنگ و پێشڕەویانەوە دەناسرێنەوە. کەچی ئێمە تازە خەریکی شەڕەدندووک یان بە واتایەکی دی، شەڕەگەڕەکین. بەڵام لەو لاوە میدیای زەبەلاحی نەیار دەمێکە خۆی ماتین داوە و لە کەمیندایە و هەڵەکانمان دەقۆزێتەوە و ئێستا ئیتر بە ئاشکرا وەبەر هەمە جۆرە بۆردمانێکی میدیاییمان دەخات و ڕۆژانە لەسەر تەنانەت پەروەردەی کۆمەڵگەیشمان دەور دەبینێت و پێوەر بۆ شێوازی هەڵسوکەوتیشمان دادەنێت.
ئەو شاڵاوە ترسناکەی ئێستای میدیای فارسی، عەرەبی و تورکی کە ڕووی لە کۆمەڵگەکەی ئێمەیە و پلانەکانی لە ڕێی خودی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییەوە جێبەجێ دەکرێت و ئێمەیش سووک و هاسانێ بە لایدا تێدەپەڕین، بۆ سبەی شیرازەی نەک خێزان بگرە کۆمەڵگەکەیشمان تێک دەشێوێنێت.
خەڵکانی تورک،عەرەب و فارسزمان بە ڕۆشنبیر و ڕەشۆکەوە، بە ناوخۆیی و ئەورووپانشینەوە ،بە یەک دیدە و یەک ڕوانگە و بۆچوون لە زمانی کوردی دەڕوانن و هەرگیز وەک زمانی نەتەوەیەکی سەربەخۆ چاو لە زمانی کوردی ناکەن و لە میدیای بینراو و نووسراوی خۆدا خۆیان گوتەنی”بە ” زبان محلی”(زمانی خۆجێی)ناوی دەهێنن. ئیدی نازانم ئەم دەستەواژە نەزۆکە لە نێو کامە قامووسدا جێی دەبێتەوە.
پڕ خویا و ڕوونە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوش و دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستافێکی پیشەیی خەمخۆر کە وەک چلۆن بۆ پڕکردنەوەی ستافی کەناڵەکەی ئەوەندە پێوەر و شەرت و مەرجی پیشەیی دەوری تێدا نابینێت و مخابن سیاسەت دەستی ناوەتە بینەقاقای میدیاکەیشمان و ڕاگەیاندنەکەمان تەنێ بووەتە جێبەجێکاری پلان و بەرنامەکانی ئەم حیزب و ئەو پارتی کوردی، لەو لایشەوە ئەوەی لە پەراوێزدایە، زمان و چاندی نەتەوەکەمانە. ئەوەی ڕاستی بێت هەنووکە لە هەمبەر پڕۆپاگەندە یان بە واتایەکی ڕاستتر، هورووژمی فەرهەنگیی ناحەزانی نەتەوەکەماندا ملکەچ و دەستەوەستان ڕاوەستاوین و زۆر خێرا لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕەپارەیەکی کەمدا زمان و کولتوورەکەمان هەرزانفرۆش دەکەین و تازە بەمەیشەوە خەنین و یاری بە فەرهەنگ و زمانەکەمان دەکەین و ئەوەی ریکلامی تێکدەر بە حاڵی زمان و چاندی کوردییە بڵاوی دەکەینەوە و بەم چەشنەیش بڕوات جگە لە ڕیکلام، درامای بێ ناوەڕۆک و لاوازی تورکی، عەرەبی و فارسی،جێ بە فەرهەنگەکەی خۆمان لێژ دەکات و تەخت و بەختمان تێک دەشێوێنێت کەچی ئێمە بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین و بەهەندی وەربگرین،ڕۆژانە و بە شێوازی نەرم تاک و کۆی کۆمەڵەکەمان لاسایی شێوە ئاخاوتن و ڕەوتاری ئەم ئەکتەر و ئەو دەورگێڕی فارس، تورک و عەرەبی نێو دراماکان دەکاتەوە. هەر بۆیە گەر بەم چەشنە بچێتە پێش، هەر ئەم نەرمە ڕەوتارانە سبەی دەبنە نەریت؛ئیدی ئەودەم سڕینەوەیان، هەوڵ و خەباتێکی درێژخایەنی فەرهەنگی و پلان و خەرج و تێچوو و زەحمەتێکی هەزار هێندەی گەرەکە و هەر وا سووک و سانایش ناچێتە سەر. بەڵام میدیاکارانی ئێمە تازە خەریکە لەسەر سۆرانی و بادینی بەشەڕ دێن کە ئەم شێوە کردار و هەڵسوکەوت و ئاخاوتنە تەنێ لە خەڵکانی ڕەشۆکی نەخوێندەوار دەوەشێتەوە نەک میدیاکار کە پێویستە بەوپەڕی وشیاریی نەتەوەیییەوە ئەرکەکەی ڕاپەڕێنێت و ئاگاداری شێوازی قسەکردنی خۆی بێت چونکە میدیا ئاوێنەی باڵانوێنی نەتەوەیەک دێتە ئەژمار و ئەمڕۆکە بەسات میوانی هەموو شوێنێکە و بە بێ هیچ چەشنە بانگێشتکردنێک، لە هەموو شوێنێک ئامادەیە. بۆیە ئەگەر میدیای کوردی لەم ئاستەدا کاڵفامانە و ناپیشەیی بجووڵێتەوە، بە هەمان شێوەیش کۆمەڵەکەمان لە خشتە دەبات و سبەی پڕکردنەوەی کەلێنەکان هەزار هێندە کار و خەباتی گەرەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت