بورهان شێخ ڕەئوف: خۆڵبارین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەردەلوول و گێژەڵووكە و خۆڵبارین هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، هەر لە عیراق و ئێران و سوریاوە تا سعودیە، چڕی و توندییەكەشی ئەوەندە بوو كە هەزاران كەس بەهۆیەوە روویان لەنەخۆشخانەكان كرد، گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكان وەستێنران، خۆڵبارینەكە هەروەها بووە مایەی سەرسووڕمانی دانیشتووانی جیهان، شارەزایان و كاربەدەستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەمە ئاكامی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و خراپیی مامەڵەی حكومەتەكانە لەگەڵ ژینگەدا.
ئێستا رەنگی پرتەقاڵی لە شارە گەورەكانی تاران و بەغدا و ریاز و شام نیشانەی هاتنی شەپۆلێكی نوێی خۆڵبارینە، جاران لە كۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای هاویندا ئەم گێژەڵووكانە دەهاتن، بەڵام ئێستا بە تایبەتی لە مانگی ئازاری 2022 ەوە هەفتانە دووبارە دەبێتەوە.
لە عیراق حكومەت مۆڵەتی گشتی راگەیاند و هاووڵاتیان و كارمەندانی خۆی ئاگاداركردەوە كە لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە، خۆیان ئامادە بكەن بۆ گێژەڵووكەی دەیەم، تەنانەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند تا ئێستا زیاتر لە هەزار كەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
لە كوێتیش فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بۆ جاری دووەم هەموو گەشتەكانی خۆی وەستاند بەهۆی خراپی كەشوهەوا و خۆڵبارینەوە، تەنانەت كوێتییەكان وێنەی ڤیدیۆییان بڵاوكردبۆوە كە هەموو شەقامەكان چۆڵ بوون لە هاووڵاتیان بەهۆی كەمبوونەوەی مەودای بینینەوە.
لای خۆیەوە دەستەی پێشبینی كەشناسی سعودیە رایگەیاندبوو: «مەودای بینین كەم دەبێتەوە تا ئاستی سفر لەسەر رێگاكانی ریازی پایتەخت لەم هەفتەیەدا»، بۆیە شۆفێرەكانیان ئاگاداركردەوە لە پابەندبوون بە رادەی خێرایی، لەلایەكی ترەوە زیاتر لە 1285 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردبوو بە هۆی تەنگەنەفەسی و بوونی كێشە لە هەناسەداندا .
شارەزایان و پسپۆران هۆكاری ئەم خۆڵبارینە دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواو وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، لە لایەكی دیکەوە عیراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواو و بەبیانبوونی لەسەرە، بەهۆی بێ بارانی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كە لە رۆژەكانی وەرزی هاویندا دەگاتە سەروو پەنجا پلەی سەدی.
ئێرانیش هەفتەی پێشوو خوێندنگە و فەرمانگە حكومییەكانی تارانی پایتەختی داخست بەهۆی گەردەلوولی خۆڵەوە كە وڵاتەكەی گرتەوە، دەیان گەشتی فڕۆكەوانی هەڵوەشێنرایەوە، زیاتر لە 800 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كرد بەهۆی كێشە لە هەناسەدانیاندا، ناوچەی خوزستانی بیاباناوی لە خۆرئاوای ئێران گەورەترین زیانی بەركەوت.
لە سوریاش نەخۆشخانەكان خرانە دۆخی ئامادەباشییەوە بۆ پێشوازیی هەموو ئەوانەی كێشەیان لە كۆئەندامی هەناسەدا هەیە بە تایبەتی رەبو، دوای ئەوەی پارێزگای دیرلزوری نزیك سنووری عیراق خۆڵبارین گرتییەوە.
لە كۆتاییدا بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو و ژینگەوە ئێستا عیراق لە زەرەرمەندترین وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، تاكە رێگەچارەش بۆ خۆپارێزی، رووپۆشكردنی زەوییە بە رووەك و سەوزایی بە شێوەیەكی فراوان و چڕ بۆ كەمكردنەوەی تەوژمی با و بەرگرتن لە گەردەلوولی خۆڵین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت