دانا مەنمی: دیداری پینەکردنی کەموکوڕییەکان و تاپۆکردنی حیزب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ هەمیشە پێویستی جدی بە گفتوگۆیە بە ئامانجی تێگەیشتن، گفتوگۆش مانای بیرکردنەوەو بیرگۆڕینەوە لەپێناو دۆزینەوەی هەقیقەت و کەیشتن بە تێگەیشتن،مرۆڤی بە ئاگا یان بێدەنگ دەبێت یانیش خۆی دەپارێزێت لە چەلەحانێ کە فەزای گفتوگۆ تێکدەدات، گفتوگۆ پێویستی بە ژینگەیەکی ئاسایی دوور لە ژینگەی رق و دەمارگیری و حەساسییەتە، گفتوگۆ بەشێکە لە بازنەی ژیری مرۆڤ و بەشێکی دانەبڕاویشە لە ژیانی مرۆڤ و چەکێکی بەهێز و کاریگەری مرۆڤی بەئاگاو هوشیارە لە سەر مێزی دانوستاندن.
لەدوای کودەتاکەی هەشتی تەمموزەوە خودپەرستی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی و هەڵبەزو دابەز و عەیب و عاری یەکێتی وەک یەکێتی لە گۆرەپانەکەدا و وەک شەریکێکی پارتی لە حکومەتدا ناشاردرێتەوەو پینە ناکرێت، دیداری یەکێتی دیداری بێ گفتوگۆی عەقڵانی و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و ویژدانی کە تەنها باوەشی بۆ ئەوانە کردووەتەوە کە خودپەرستی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی یان قبوڵە و بوێری رەخنەگرتن و شرۆڤەکردنی ئەو دۆخەی ئێستای یەکێتی یان نییە کە ئایا یەکێتی یەکێتی تێکۆشەرەکانە یان یەکێتی پلانگێرو خانەوادەچییەکانە؟!
ئامانج لە بەستنی دیداری یەکێتی کە لە دهۆکەوە دەستی پێکرد و لە سلێمانی کۆتایی هات، زیندووکردنەوەی ووتی وتییەکەی هەشتی تەمموز و خۆدزینەوە بوو لە ڕەخنەی جدی و رێگەش نەدرا کە بەشداربوانی دیدارەکە راستگۆیانە گفتوگۆی ڕاشکاو بکەن و بپرسن لە سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی کە کێ شەرعییەتی داوە بەتۆ بەبێ هەلبژاردن و کۆنگرە خۆت وەکو سەرۆکی یەکێتی بناسێنیت؟! ئەم دیدارە نەیتوانی پرسی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و هەوڵی کوشتنەکە چۆن بووەو بۆچی شکستی هێنا باسبکات! نەیتوانی پرسی ژەهرەکەو قسەوباسی ژەهرەکانی تر بوروژێنێت کە ناوبەناو سەرکردەیەکی یەکێتی قووت دەبویەوەو بانگەشەی ژەهراوی بوونی دەکرد ! دیدارەکە نەیتوانی دەستێوەردانی پارتی لە بارودۆخی یەکێتی، پرسی قاچاخچێتی دەرمان و جگەرە، پرسی کوشتن و تیرۆری سیاسی کە لە دوای هەشتی تەمموزەوە تورکیا جوڵەی سیاسی و هەواڵگری خۆی لە سلێمانیدا زیاد بووە شرۆڤە بکات، زۆر بابەتی گرنگ و هەستیاری تر کە دەبوایە لەو دیدارەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرایە، بەڵام نەکرا.
دیداری یەکێتی نەیتوانی دەستبخاتە سەر برینەکانی سلێمانی و قەیرانی سوتەمەنی (غاز، نەوت، بەنزین ) و پرسی موچەی فەرمانبەران و داخستنی زانکۆکان و هەتا خۆڵ و خاشاكی شەقامەكان، ئەم دیدارە نەیتوانی پەردە لەسەر داگیركردن و فرۆشتنی زەوی و شوێنە ستراتیژییەكانی سلێمانی هەڵبداتەوە! نەیتوانی خۆپیشاندانی خوێندکاران و دەرماڵەکانیان دەربڕینی ناڕەزایی خەڵک شرۆڤە بکات! دیداری یەکێتی نەیتوانی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی خاوێن بکاتەوە لە هەڵەو کەموکوڕییەکانی دوای هەشتی تەمموز و دیدگا و دەنگە جیاوازەکان بە سینگێکی فراوان قبوڵ بکات.
دیداری یەکێتی دیدارێکە ناچێتە ناو خانەی دیدارو گفتوگۆو دیراسەکردن بۆ دۆخی یەکێتی و قەڵەمڕەوییەکەی، دیدارەکە زیاتر لە نمایش و شانۆگەری سیاسی دەچێت کە سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی میرغەزەبانە بە بێ هەڵبژاردن و لە دەرەوەی ڕێکاری حیزبی و پەیڕەوپرۆگرام و شەرعییەتی یاسایی خۆی دەکاتە سەرۆکی یەکێتی و یەکێتیش لەسەر خۆی تاپۆ دەکات!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت