عەتا قەرەداخی: رەگەزی خاک و جیهانبینی نەتەوەیی لە شیعری حەسیب قەرەداخی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

-1-
مەبەست لە خاک چیە؟ ئایا خاک تەنیا وەکو رەگەزێکی سروشت سەیر دەکرێت، یان خاک وەکو رەگەزێکی سروشت دەکرێت بە کەرەستەی بەرهەمهینانی شیعر و شیعریەتی لێ بەرهەم دەهێنرێت. لەو پرۆسێسەشدا مانای خاکبوون وەکو رەگەزێکی سروشت بەجێدەهێڵێت و بە مانایەکی باڵاتر بارگاوی دەکرێت و لەوێوە خاک دەبێتە نیشتیمان یان وڵات. نیشتیمان دوور لە چەمکی سیاسی وەکو زاراوەیەکی بێ لایەن بە مانای شوێنی نیشتەجێبوون دێت، بەڵام لەگەڵ بەستنەوەی ئەم زاراوەیە بە کۆمەڵناسی سیاسیەوە راستەخۆ بە مانای ئەو شوێنە کە نەتەوەیەکی تێدا دەژی. واتە لەم روانگەیەوە چەمکی نیشتیمان و نەتەوە پێکەوەبەستراون، واتە لێرەوە نیشیمان هەر ئەو رەگەزەی خاکە کە لە روانگەی کلاسیکەوە یەکێکە لە پایەکانی بوونی نەتەوە. بەڵام لە روانگەی کۆمەڵناسی نوێوە کاتێ چەمکی نیشتیمان دەبێتە چەمکێکی خاوەن شووناس کە نیشتەجێی سەر ئەو نیشتیمانە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان بن و سنووری سیاسی و جوگرافی ئەو نیشتیمانە دیاری کراوبێت.
ئێمە لەم باسەدا هەوڵدەدەین لە ئاستی یەکەمدا ئاخاوتنی چەمکی خاک لە شیعری حەسیب قەرەداخیدا بکەین وەکو رەگەزێکی سروشت، پاشان خاک لە روانگەی بوونیەوە بە زێد بۆ بکەرێک باس بکەین کە توانای ئەوەی هەیە خاک بگۆڕێت بۆ نیشتیمان و نیشتیمان بگۆڕێت بۆ وڵات کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وڵات هاوواتای دەوڵەتە. هەر لێرەشەوە دەشێت ئەوە جێگیر بکەین کە خاک یان نیستیمان پێش بوونی بە چەمکی سیاسی هاوشانی گوتاری مانەوەیە، لە کاتێکدا نیشتیمان وەکو چەمکی سیاسی، یان وەکو وڵات هاوشانی گوتاری ناسیونالیزمەو لە راستیشدا ئەو زەمینەیە کە گوتاری نەتەوەیی تێدا بەرهەم دێت و ئەو گوتارەی تێدا پیادە دەکرێت. شاعیر دەڵێت:
تا دێت خاکم خۆشتر دەوێت،
چونکە وڵات لە دڵمایە..
وەکو دایک لە دڵمایە!
ئەگەر بەردێ لەو بنارە،
دابتاشرێ، ئازارێکەو لەبن نایە …
وەک زامێک لە دڵمایە!
لە نێوانی ئەشک و خەما
من بەستراوم بەم خاکەوە،
نیشتیمانم جێناهێڵم! نیشتیمانە بێ باوکەکەم،
ئەی تۆ بۆچی بەجێتهێشتووم؟
کەی دێیتەوە، ناخی وێرانەی بی دایکم؟
هۆ دایە گیان… بەستەم هاوار…
رازم هاوار…شیعرم سەدای بێ ئاسەوار!
ئەم باسی پەیوەندی خۆیی و خاک دەکات و لەو نێوەندەشدا باسی ئەوە دەکات کە خاک خۆشەویستەو رۆژ لە دوای رۆژیش خۆشەویستی ئەم بۆ خاک زیاتر دەبێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە خۆشەویستی ئەم بۆ خاک لە پێش کاتی دەربڕینی ئەو رستەیەوە دەستی پێکردووە، بەڵام لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا ئاستی ئەو خۆشەویستیە زیاد دەکات. ئەم لەخۆوەو بێ هۆ خاکی خۆش ناوێت، بەڵکو هۆکارێک هەیە کە وا لەم دەکات خاکی خۆش بوێت، ئەویش ئەوەیە کە وڵات لە دڵیدایە. بێگومان دیسان خاک بە زیدو نیستیمان دێت، بەڵام ئاشکرایە وڵات یان نیشتیمان مانای زیاتر لە خاک هەڵدەگرن کە ئەمی دووەمیان زیاتر خاسێتی رەگەزێکی سروشتی هەیە، بەڵام وڵات یان نیشتیمان زیاتر ئەو رووبەرەن کە لە قۆناغی جوگرافیای سروشتیەوە گواستراونەتەوە بۆ جوگرافیای سیاسی و وڵات و نیشتیمان وەکو پێکهاتەی جوگرافی بە بێ بوونی پێکهاتەی مرۆیی هیچ پێناسەیەکیان نیە، ئەو پێکهاتە مرۆییەش ئیتنیک یان نەتەوەیە. واتە ئەم تەنیا باسی خۆشەویستی خاک وەکو شوێنی لە دایکبوون و شوێنی ژیان و پەیوەستبوونی مرۆڤ بەخاکەوە لەم روانگەیەوە ناکات کە زیاتر بنەمایەکی غەریزیی هەیە. لە کاتێکدا پەیوەندی ئەم بە خاکەوە وەکو وڵات و نیستیمان کە لە دڵیدایە پەیوەندی ئینتیمایە کە ئەویش ئەگەر ریشەی غەریزەیشی تێدابێت، بەڵام هێشتا لەسەرووی غەریزەوەیەو سەرچاوەکەی هەست و هوشیارییە. ئەم وڵات لەناو دڵیدایە، دڵ لە دەرەوەی پێکهاتە مادیەکەی سەرچاوەی سەرەکی ژیانەو هاوکات دڵ سەرچاوەی خۆشەویستی و عەشقە. لەم رووەوە ئەم وڵاتی خۆش دەوێت و عەشقی وڵاتە. هەروەک لێکچوون لە نێوان خۆشەویستی دایک و خۆشەویستی وڵاتدا دەکات. لە راستیشدا ئەم وڵاتی بۆیە خۆش دەوێت چونکە وڵات لە دڵیدایە واتە ئەم عەشقی وڵاتە.
بێگومان مادەم ئەم عەشقی وڵاتە، هەست بە هەموو ئازارەکانی وڵات دەکات، بەجۆرێک وڵات وەکو بەشێک لە جەستەی خۆی دەبینێت و هەر رەگەزێکی جوگرافیای وڵات رووبەڕووی کێشەیەک یان ئازارێک بێتەوە، وەکو ئەوە وایە بەشێک لە جەستەی ئەم دوجاری کێشە یان ئازار بووبێت. لێرەدا خاک کە وەکو وڵات یان نیشتیمان وەسف دەکرێت دەبێتە بەشێک لە جەستەی ئەم، یان بوونی ئەم. بێگومان ئەم وەکو شاعیرو وەکو مرۆڤێکی هەستیارو هوشیار بە ئاگایە لە هەموو بوون و جەستەی خۆی. هەر لەبەر ئەوە هەرگیز نیشتیمانەکەی بەجێناهێڵێت، واتە وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ئەم و نیشتیمان لەناو یەکتردا تواونەتەوەو بەوپێیەش ناشێت لێکتر جیاببنەوە، یان لێکتر جیابکرێنەوە، بەڵام دیارە نیشتیمان ئەمی بەجێهێشتووەو لێی جیابووەتەوە بۆیە لە هۆکاری ئەو جیابوونەوەو بەجێهێشتنە دەپرسێت. هاوکات نیشتیمانەکەی خۆی وەکو بوویەکی تەنیاو بێکەس، بێ باوک وەسف دەکات. لە پشتی ئەم وەسفکردنەوە قسەکەری دەقەکە ئاستی باسکردنی نیشتیمان لە شێوە گشتیەکەیدا بەجێدەهێڵێت و باسی نیشتیمانە تایبەتیەکەی خۆی دەکات، کە لەبری باسکردنی وڵات یان نیشتیمان لە رووی ئامادەبوون و شوناس و شارستانێتیەوە، وڵات وەکو بوویەک باس دەکرێت کە زیاتر جێگای سۆزو بەزەیی و لاواندنەوە بێت. ئەمەش بەتەواوەتی نیشتیمانەکەی ئەوی شاعیرە کە تاکو ئێستا نەیتوانیووە لە رووی ئامادەبوونەوە خۆی لەبەرامبەر ئەوانی تردا بسەلمێنێت و لە هەست و نەستی دەرەوەی خۆیدا بوونی هەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە وڵات لە شێوەیەکدا بەرجەستە دەکات کە جێگای بەزەیی بێت و لەسەر بنەمای جوڵاندنی سۆزو بەزەیی ببێتە جێگای سەرنجی ئەوانی تر. واتە لێرەدا شاعیر وێنەیەکی ریالیستیانەی نیشتیمانەکەی خۆی لە مێژوودا بەرجەستە دەکات، کە بەدرێژایی مێژوو ئەم قسەکەرە کە ئیتنیک یان پێکهاتەی مرۆیی سەر ئەم خاکەیە لەبری ئامادەبوون و بوون بە بکەری دروستکردنی رووداو و بکەری بەرهەمهێنی شارستانی بە مەبەستی دروستکردنی مێژوو بۆ ئەم خاکە، چاوی لە سۆزو بەزەیی ئەوانی تر بووەو هەروەک هەمیشە لەبەردەم مەترسی سڕینەوەدا بووە، کەچی لەبری ئەوەی ئەم ببێتە بڕیاردەری چارەنووسی نیشتیمان و نیشتیمان بە بڕیاری ئەم بجوڵێت، کەچی لە لایەک نیشتیمان ئەم بەجێدەهێڵێت و لە لایەکی تریشەوە لەبری ئەوەی ئەم رێگا لەو بەجێهێشتنە بگرێت و وا لە نیشتیمان بکات نەک هەر ئەمی نەوەی خۆی لە ئامێز بکات و لێی جیانەبێتەوە، بەڵکو لە رووی ئامادەبوونەوە ئامێزی بۆ ئەوانی تریش بکاتەوەو لە رووی ئامادەبوون و لە رووی بەشداریکردنی لە بەرهەمهێنانی شارستانیتی مرۆڤایەتیدا خۆی لە ئاستی ئەوانی تردا بسەلمێنێت. هەتا خاک نەگاتە ئەم قۆناغە نابێتە وڵات یان نیشتیمانێکی خاوەن شوناس. ئەو خاکەی شاعیر لەم دەقەدا دەیدوێنێت، نەگەیشتووەتە ئاستی ئامادەبوون و خۆسەلماندن، نەگەیشتووەتە ئاستێک کە قسەی هەبێت، کە کاری هەبێت، کە رووداو درووست بکات، کە هەنگاوی بەرەو هاتنە ناو مێژوو هەڵبهێنێت، واتە ئەم خاکە لە رووی ئامادەبوونەوە تەنیا خاکە و خاسێتی وڵاتی وەرنەگرتووە، واتە هێشتا جوگرافیایەکە خاسیتی سروشتیبوونی هەیە، نەک خاسێتی سیاسی یان وڵات و نیشتیمان بە چەمکی کۆمەڵناسی. شاعیر لە رێگای وێنەو لێکچواندنەوە، لە رێگای بەکارهێنانی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی شیعریەتەوە دەقێکی جوانی شیعری بەرهەم دەهێنێت کە بنیادی پێکهێنانی ئەم دەقە لەسەر پەیوەندی دووانەی من / نیشتیمان بنیاد نراوە، بەڵام وەکو دووانەیەکی دژ نا، بەڵکو وەکو دووانەیەک کە لە فەزایەکی سۆفیانەدا لەناو یەکتردا دەتوێنەوە، هەمان شێوەی تواندنەوەی رۆحی سۆفی لە رۆحی باڵادا. بەڵام لەو تواندنەوەشدا شتێک بەجێنامێنێت. هۆکارەکەیشی لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئاشکرا دەبێت کە ئەویش نائامادەبوونی هەردوو جەمسەری دووانەکەیە واتە ئەم و نیشتیمان کە خاسێتی عاشق و مەعشوق، یان خاسێتی سۆفی و رۆحی باڵای یەزدانیان هەیە و لەناو یەکتردا دەتوێنەوەو هیچ ئاسەوارێکیش بەجێناهێڵن چونکە لە بنەڕەتدا لە رووی ئامادەبوونەوە نادیارن. واتە هیچیان ئامادەبوونێکی مادییانە، یان تەنانەت مەعنەوییانەشیان نیە. لەم روانگەیەوە سەرباری بەرهەمهێنانی جوانی و جوانی داڕشتن و جوانی شیعریەت، گوتارێک بەرهەم دەهێنێت لە چوارچێوەی گوتاری لاواندنەوەدا پێناسەدەکرێت، کە ئەویش وەکو بەشێک لە گوتاری هەڵوەشاندنەوە، یان سڕینەوە سەیر دەکرێت. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ناشێت لەپشتی ئەم گوتاری لاواندنەوەوە رەگەزەکانی گوتاری مانەوە ئامادەبوونیان هەبێت؟

-2-
شاعیر بەو ئەندازەی پەیوەستە بە خەک و نیشتمانەوە، ئەوەندەش پەیوەستە بە خەڵکەوە. ئەمەش دووانەیەک پێکدەهێنێت، کە دووانەی خاک/ خەڵکە، کە دووانەیەکی پێکەوە پەیوەستن و هیچیان بێ بوونی ئەویتریان بوونی نیە. ئەم هەرچۆن خەمی خاک و نیشتیمان بووەتە خولیاو خەمی هەمیشەیی بەهەمان شێوە خەمی خەڵکیش هەڵدەگرێت. لە شیعری ( خەمی خەڵک)دا دەڵێت:
ئەوەتەی من پێم گرتووە خەمی خەڵکم لە کۆڵایە / کە رۆژ هەڵدێ تا ئێوارە / هەمووی هەر لە باوەشمایە./ بۆ تاریکی چرایەکی وا هەڵئەکەم / لە رەنگی جوانی دنیایە! کەچی هەر سەیر لەوەدایە / من شاعیری میللەتێکم / سەدان ساڵە بەری خۆری لێ ئەگیرێ و / وەکو پێویست کەسێک بە خەمیەوە نایە!
ئەم وەکو رزگارکەر خۆی پێشكەش دەکات. سەرەتا خۆی وادەناسێنێت کە ئەوەتەی هەیە لە خەمی خەڵکدایە. ئەو خەمەش وای لێ دەکات بیر لە دۆزینەوەی رێگای کۆتایی پێهێنانی ئەو خەمانە بکاتەوە. بێگومان ئەگەر کۆمەڵگایەک خەم داگیری کردبێت، ئەوا مانای وایە لە تاریکیدا دەژی. لێرەوە ئەم وێنای کۆمەڵگایەکمان بۆ دەکات کە فەزای سەرەکی و باڵادەست تیایدا فەزای تاریکیە. تاریکی خاسێتی کۆمەڵگای دواکەوتوو، سەرەتایی و سەرکوتکراووە. واتە ئەو کۆمەڵگایەی ئەو وێنای دەکات کۆمەڵگایەکی کارەساتبارە. کۆمەڵگایەکە لە ژێر فشاردایە. بەڵام ئەم وای نیشان دەدات کە لە دەرەوەی خۆی ئەم فشارەی بۆ دەهێنرێت و سەرکوت دەکرت و بەری تیشکی خۆری لێ دەگیرێت. ئەم بۆ رەواندنەوەی تاریکی و بۆ کۆتاییهێنان بەو خەم و نیگەرانیە چرایەک هەڵدەکات. بێگومان چرا هێمای رووناک کردنەوەو کۆتایی هێنانە بە تاریکی. واتە ئەم دیسان دووانەی تاریکی/ رووناکی درووست دەکات بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەمسەری تاریکی و باڵادەستبوونی جەمسەری رووناکی. ئەو چرایەی ئەو هەڵیدەکات هەموو جوانیەکانی دنیا کۆدەکاتەوە. واتە ئەم لە روانگەی خۆیەوە پرۆژەیەکی هەیە بۆ کۆڕانکاری، بۆ کۆتاییهێنان بە خەم و تاریکی، بۆ گۆڕینی ئەو فەزا ناهەموارەی کە هەیە بۆ فەزایەکی تر کە رووناکی و ئاسودەیی و خەندە لە بری خەم و فرمێسک و نیگەرانی لە خاسێتە دیارەکانی بێت.
ئەم پرۆژەیەی ئەم تەنیا لە چوارچێوەی بیرلێکردنەوەو نەخشە بۆداناندا دەمێنێتەوەو لە سەر زەمینەی واقیع جێبەجێ ناکرێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە سەرباری ئەوەی بیرۆکەی گۆڕینی ئەو فەزایەی هەیە، بەڵام ناتوانێت بیروبۆچوونەکانی بخاتە بواری پیادەکردنەوە، چونکە سەدان ساڵە رێگری لێ دەکرێت و بەربەستی بۆ دادەنرێت. دیارە ئەم لەو رووەشەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئەوانی تر بە فریایی بکەون و لەو دۆخە رزگاری بکەن، بەڵام لەوەشدا بێ هیوا دەبێت چونکە کەس بە هانایەوە ناچێتت. لەم دەقەدا شاعیر بارودۆخی ئەو کۆمەڵگایەی کە لە بارێکی ناهەمواردا دەژی و ئەم بووەتە خەمخۆری و هەر لە راستیشدا ئەوەی ئەو باسی دەکات کۆمەڵگاکەی خۆیەتی کە هەوڵدەدات چرای رووناکی بۆ هەڵبکات، بەڵام نەک هەر تیشکی ئەو چرایە دڕن بەو تاریکیە نادات، بەڵکو لە راستیداو لەسەر زەمینەی واقیع تەنانەت چراکە داناگیرسێت. ئەوەش بەرەو ئاستێکی تر لە تێگەیشتنی دەبات کە هەستکردنە بە ناکارایی خۆی. واتە لێرەوە بەجۆرێک سەرەتای قۆناغێک لە بوونی ئەم کەسێتەدا دەست پێدەکات کە دەشێت بە قۆناغی خۆناسین ناوببرێت، خۆناسین بەو مانایەی کە تێدەگات ئەم ناکارایەو توانای هیچ گۆڕانکارییەکی نیە. لێرەوە بە ئاراستەیەکی تر چاو دەکاتەوەو چاوەڕوانی پشتگیری ئەوانی ترە بۆ دەربازکردنی ئەو میللەتەی خەمەکانیانی هەڵگرتووە، بەڵام لەوەشدا دووچاری بێ ئومێدی دەبێتەوە، چونکە کەس بە هانایەوە نایەت.
لێرەدا ئاخاوتن لەسەر دوو لایەن دەکەین. یەکەمیان بوونی ئامادەبوونی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەم دەبێتە هەڵگری خەمەکانیان. دووەم ئەمی شاعیر وەکو نموونەی دەستەبژێری کۆمەڵگا کە چۆن دەڕوانێتە کۆمەڵگاکەی خۆیی و چۆن سەیری رێگای گواستنەوەی لەو بارودۆخە خراپەی تیایدایە بۆ بارودۆخیکی باشتر دەکات. بێگومان دەشێ بپرسین ئایا خەمەکانی خەڵک چین؟ ئەو هۆکارانە چین وا لە خەڵک دەکەن خەمی هەبێت؟ ئایا خەمەکانی خەڵک خەمی نەبوونی ماف و ئازادیە یان خەمی ترسە لە ئایندە؟ بێگومان ئاشکرایە ئەو خەڵکەی ئەم باسیان دەکات میللەتەکەی خۆیەتی. لەسەر ئەو بنەمایەش دەردەکەوێت خەمی میللەت خەمی دواکەوتوویی و نەبوونی ماف و ئازادیە. خەمی مانەوەیە لە دەرەوەی مێژوو، خەمی نەبوونی شوناس و نەتوانینی خۆسەلماندنە. ئایا هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە چین کە وایان لە میللەتەکەی ئەو کردووە بەو جۆرە بمێنێتەوە؟ ئایا هۆکاری ناوخۆیین، یان هۆکاری دەرەکین؟ ئایا تەنیا دەرەوە بەرپرسە لە بوونی ئەو بارودۆخە، یان خودی میللەت خۆیشی لەبەر زۆر هۆکاری پەیوەست بە بوونی خۆی و ئامادەبوونی خۆی لە ئاستێکدا بەرپرسە سەبارەت بەو بارودۆخەی کە تیایدایە؟ بێگومان ئاشکرایە ئەو خەڵکەی خەمیان هەیەو ئەم خەمەکانی ئەوان هەڵدەگرێت و خۆیشی یەکێکە لەوان، بەگشتی سەرچاوەی خەمەکانیان هەم خۆیانن و هەم دەرەوەی خۆیشیانن. خۆیان تا چرکەساتی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە شیعریە نەیانتوانیووە بوونی خۆیان بسەلمێنن، واتە نەیانتوانیووە لە زەمینەی خۆیاندا ببنە خاوەنی خۆیان و ببنە بکەری سەر ئەو زەمینە. ئەم لاوازییەش وایکردووە نەتوانن فشاری دەرەوە رەتبکەنەوە، یان هەڵبووەشێننەوە. بە پێجەوانەوە زۆربەی کات لەبری لە رووداوەستان و کاردانەوە بەرامبەر بە فشاری دەرەوە بێ دەنگ بوون، یان خۆیان داوە بەدەستەوە. ئەو کاردانەوە سادانەیشی کە هەیانبووە لەجۆری هەوڵدانی ئەم بۆ داگیرساندنی چرایەک بۆ رەواندنەوەی تاریکی، یان چراکە دانەگیرساوە، یان هێندەی رووناکی نەبووە کە دڕن بە تاریکی بدات. لە ئەنجامی ئەم ناکاراییەدا، بەردەوام چاویان لەوەوە بووە ئەویتر، واتە ئەوی دەرەوە بە فریای بکەوێت و بیپارێزێت. لەم رووەشەوە واینیشان داوە ئەم هەر هەنگاوێک بنێت رێگای لێ دەگیرێت. ئەم تێڕوانینە لە گەوهەردا دەبێتە هۆی رووخاندنی گیانی بەرگری و لە رووداوەستان و سەرئەنجام ئەم پێکهاتەیە هەوڵدەدات وەکو قوربانی خۆی نیشان بدات. ئەوەش بە ئومێدی بزواندنی هەست و سۆزو بەزەیی ئەوانی تر. واتە دیسان ئەم پێکهاتەیە لەبری ئەوەی لە رێگای خۆسەلماندن و کارەوە ئەوانی تر ناچار بکات دان بە بوونیدا بنێن، هەوڵدەدات ببێتە جێگای بەزەیی ئەوانیتر. ئەوەتا شاعیر باسی ئەوە دەکات کە ئەوانی تر وەکو پێویست بە دەنگیەوە نایەن. واتە لێرەدا جۆرێک لە چاوەڕوانی بۆ سۆزو بەزەیی و یارمەتی ئەوانیتر دەردەکەوێت. ئەمەش جارێکی تر کارکردنە لە چوارچێوەی گوتاری پاڕانەوە کە ئەویش بەشێکە لە گوتاری شکست. گوتاری شكست گوتارێکی تراژیدیە، بەڵام لە پشتی هەموو شکست و تراژیدیایەکەوە گیانێکی بەرخوردان و رابوونەوە خۆی مەڵاس داوەو بەو ئەندازەی رووخان لە دەرەوەدا روودەدات، ئەو گیانی بەرخوردانە لە ناوەوە بەهێزتر دەبێت تا سەرئەنجام خۆی نمایش دەکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، بە گوێرەی ئەو خەڵکەی خەمیان هەیەو ئەمی شاعیر خەمی ئەوانی هەڵگرتووە، ئەو گیانی رابوونەوەیە تاکو کاتی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە شیعریە نەیتوانیووە بگاتە ئاستێک واقیعی شکست بگۆڕێت بۆ رابوونەوە، یان بۆ خۆبنیادنانەوە. واتە سەرباری بوونی هەندێ لە رەگەزەکانی گوتاری مانەوە لە بنیادی ئەم دەقەدا وەکو داگیرساندنی چرایەک کە هەموو جوانی دنیا کۆبکاتەوە بە ئومێدی روونکردنەوەی ئەو تاریکستانەی کە ئەم خەڵکەی تێدا دەژی بە ئومێدی ئەوەی بتوانن رێگای بەرەو داهاتوو ببینن. بەڵام ئەم رەگەزەی گوتاری مانەوە کە لەناوخۆیدا بەرنامەی پاراستن و دەربازکردنی ئەوانی لەو خەمە هەڵگرتووە، کە تیایدا دەژین بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بتوانن بمیننەوەو درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بێ جوڵە دەمێنێتەوە، چونکە رەگەزی مانەوە کە چراکەیە داناگیرسێت، یان رووناکی نادات ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مانەوە بەشێوەیەکی پارێزراو دەستەبەر نابێت.

-3-
( کۆچێکی رەشپۆش ( یەکێکە لە دەقە دیارەکانی حەسیب قەرەداخی کە لە ساڵی 1982 دا نووسیووێتی. ئەم دەقە باسی کۆچکردنی نالی، یان لەسەر بنەمای ئەوەی دەقەکە دەیەوێت بیڵێت باسی سەرهەڵگرتنی نالی دەکات. کاتێ باسی سەرهەڵگرتن دەکەین، مانای ئەوەیە نالی بە ناچاری وڵات بەجێدەهێڵێت. دیارە هۆکارەکانی ناچاربوونی نالی بۆ بەجێهێشتنی زێدی خۆی لە دەقەکەدا رووبەرێکی دیاریکراو داگیر دەکات. ئاشکرایە نالی لە دیارترین شاعیرانی کوردو یەکەمی سێ کوچکەی بابانە. واتە ئەو کەسێتیەکی ئاسایی یان سادە نیە، هەربۆیە لە مێژوویەکدا کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە زێدو نیستیمان شتێکی دەگمەن بووە، بەو پێیە کۆچکردنی نالی کۆچێکی ئاسایی نیە. بە تایبەتی ئەگەر ئەوەش بزانین کە نالی شاعیری میرنشینی بابان بووەو بەوپێیەش دەشێ سەرباری کێشەو کەموکورتیەکان خەونی رەنگاوڕەنگی بۆ میرنشینی بابان و ئاییندەی کورد لەسەر ئەو میرنشینە بنیاد نابێت.
سەدو چل ساڵێک لەمەوبەر مەلا خدر / عەبایەکی دا بەشانداو لە ژوورەکەی هاتە دەرێ/ چەند فەقێیەک لە خانەقا بەڕێیان کرد هەتاکوو (وەیس) / هاواریان کرد وشەی کوردی ماڵوێرانە / شارەزووریش بێ بارانە / نالی ئەڕوات هەوار دوورە / کەچی خاکمان لە کاغەزی هەندەراندا / هەتا ئێستەش بێ سنوورە! / .
لەم دەستپێکەدا نالی کە وەکو مەلایەک دەناسێنرێت، بڕیاری کۆچەکەی دەدات. شوێنی دەستپێکردنی کۆچەکەی سلێمانی و بە دیاریکراویش لە مزگەوتی خانەقاوە دەکەوێتە رێ و فەقێکان هەتا ( وەیس) کە ئەوسا رۆژئاوای سلێمانی بووە، بەڕێی دەکەن. ساڵی کۆچکردنەکە بەپێی ئەوەی لە دەقەکەدا هاتووە پێشی سەدو چل ساڵە، کە دەکاتە نیوەی یەکەمی دەیەی چوارەمی سەدەی نۆزدە. بەپێی ئەوەی لە پێشەکی دیوانی نالی بنەماڵەی زاناو پایەبەرز مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیشدا هاتووە کۆچکردنی نالی لەو مێژووەدا بووە، واتە بە لای کەمەوە دەوروبەری پانزە ساڵ پێش روخانی میرنشینی بابان. فەقێکان نالی وەکو خاوەن پایەو داهێنەرو بەرپرسی وشەی کوردی سەیر دەکەن و ئەوان پێیان وایە کۆچکردنی نالی مانای مەرگی وشەی کوردی یان بەدەربڕینێکی تر مەرگی زمانی کوردی. هەرئەوەش نا بەڵکو ئەوان ناڕاستەخۆ نالی دەچوێنن بە هەورو کۆچی نالی بریتیە لە کۆچی هەورەکان و بێ بارانی. دیارە بێ بارانیش مانای وشکەساڵی و نەهاتی. بەم پێیە کۆچی نالی وەکو کارەساتێکی گەورە وێنادەکرێت و روودانی ئەو کۆچە دەبێتە هۆی بەجێمانی وێرانەیەک لە دوای ئەوی کۆچکەرەوە. هەروەک لەسەر زمانی فەقێکانەوە، شاعیر ئەوە دەردەبڕێت لە کاتێکدا نالی وڵات لە بارێکی بەوجۆرە شڵۆق و ناهەمواردا بەجێدەهێڵێت، وڵات خۆیشی هێشتا لەسەر نەخشەی جوگرافیای جیهان نەناسراوە، یان پێناسە نەکراوە چونکە هیچ سنوورێکی نیە کە مەبەست لەوەش سنووری دانپێدانراوە. لێرەدا بەئاشکرا دیارە کە شاعیر، نالی و کۆچی نالی دەکات بە ئامراز بۆ باسکردنی وڵاتەکەی نالی و خۆی لە دوو ئاستدا: یەکەمیان بێ شوناسی وڵاتەکەی ئەمانە لەسەر نەخشەی جیهان، دووەمیان لە ڕێگای نالی و باسکردنی هۆکارەکانی کۆچەکەیەوە ئاخاوتنی ئەو هۆکارانە دەکات کە بوونەتە هۆی روخاندنی میرنشینی بابان و زۆرینەی ئەو هۆکارانەش دەگێڕێتەوە بۆ کەموکورتی لە کەسێتی کوردی و کەموکورتی لە بوونی ئیتنیکی کوردیدا. بەڵام ماوەی نێوان کۆچکردنی نالی و رووخاندنی میرنشینی بابان ئەم لێکدانەوەیە لاواز دەکات.
نالی رۆیی و کەس هەڵنەستا،/ کە رۆژ هەڵهات و گشت شتێ ئاشکرا بوو / دەرگای بەبە مۆرکرابوو / ئەوسا دەستتان دا بە دەستا، هاتن و چوون / بۆ نەبوو بوون وا هەر نەبوو؟/ هۆ خەڵکینە، ئەوا سەدو چل سال ئەبێ / لە شارەزوور، سەری حەبیبە هەر شینە / لە هەر کەسێک داوای خەوێکی نالی کەین /ئەڵێ: هەڕۆ هەڕۆ نینە!
سەرەتا دەبێ ئەو راسیە میژووییە دووبارە بکەینەوە، کە کۆچکردنی نالی هاوکاتی روخاندنی میرنشین نەبووە، دەشێت نالی لە خەیاڵی قوڵ و مەودا فراوانی شاعیرانەی خۆیدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسەتی خراپی براو ئامۆزا برازاکانی بنەماڵەی بابان پێشبینی ئایندەیەکی رەشی بۆ دەسەڵاتی میرنشینەکە کردبێت و ئەوەش هۆکاری کۆچکردنی نا، بەڵکو هۆکاری نەگەڕانەوەی بووبێت.
پێدەچێت کۆچی نالی، بێچگە لە فەقێکانی خانەقا کە دەقی شیعرەکە واینیشان دەدات فەقێی نالی خۆی بوون، کەسی تر بایەخ بە کۆچکردنەکەی ئەو نادات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەی نالی بەرهەمهێناوە بۆ کۆمەڵگای ئەوکاتەی سلێمانی یان کۆمەڵگای کوردەواری بایەخێکی ئەوتۆی نەبووە. بەرهەمی نالی شیعرو زیندووکردنەوەی زمانی کوردیە. دەبێت بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگای کوردی دەیەی چوارەم و پێنجەمی سەدەی نۆزدەیەم، کێ بایەخی بە شیعرو زمانی کوردی دابێت. واتە لێرەدا هەمان بۆچوونەکەی گۆران-ی هاوشانی نالی لە داهێناندا دێتەوە یاد. کە دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سونعەتکار ناگیرێت، چونکە لە کۆمەڵگای لەمجۆرەدا هونەرو داهێنان بەهایەکی نیە. هەرچەندە ئەو پرسیارە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە کە داخۆ کۆمەڵگای گریکی لەسەردەمی داهێنانە مەزنەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆو داهێنەرانی تردا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بووە؟ ئایا لە ئاستێکی هێندە پێشکەوتوودا بووە کە بەهای هونەر تێگەیشتبێت؟
ئەو شەوەی نالی کۆچی کرد بۆ بەیانیەکەی کە خەڵک بەئاگاهاتن، دەسەڵاتی میرنشینی بابان روخابوو. خەڵک هیچیان لە دەست نەهات تەنیا دەستی بێئومێدییان دا بەیەکداو ئاخیان هەڵکێشا. راستە ئەو ئاخ هەڵکێشانە دەلالەتی جۆرێک لە پەشیمانی هەڵدەگرێت، بەڵام ئایا خەڵکی شار لەچی پەشیمان بوون؟ ئایا ئاخیان بۆ ئەوە هەڵدەکێشا کە دەسەڵاتی میرنشینیان لەدەستچووبوو یان پەشیمانی ئەوە بوون کە بەباشی پشتگیری میرنشینیان نەکردبوو؟ بەڵام شاعیر لەبری نالی بەو خەڵکە دەڵێت ئێوە لە ئاستی نەبوودا بوون و نەتتان توانی رۆڵێکتان هەبێت لە پاراستنی میرنشیندا. بێگومان ئەم وێنەی کۆچکردنە زیاتر بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی گونجاوە، وەکو ئەوەی ریچ باسی دەکات و دەڵێت ئەمشەو شێخ خالید بەخۆی و خێزانیەوە سلێمانی بەجێهێشت، بەڵام کۆچکردنی ئەو زیاتر لە دە ساڵ پێش کۆچکردنی نالی بووە. واتە هیچیان لە سەروبەندی روخاندنی میرنشیندا کۆچیان نەکردووە.
ئاشکرایە حەبیبە کە وەکو خۆشەویستی نالی بەجۆرێک لە بیرو خەیاڵی خوێنەری نالیدا جێگیربووە، کە گومان لە بوونی حەبیبە وەکو مەعشوقەی نالی ناکرێت. هەرچەندە لە رووی راستیەوە دەشێ وێنەیەکی بەرجەستەکراوی خەیاڵی نالی بێت، ئەو خەیاڵە فراوانەی کە داهێنانی نالی بەرهەمهێناوەو چەندین یۆتۆپیای دروستکردووە، یۆتۆپیای مەستورەو، یۆتۆپیای میرنسینی بابان و زمانی کوردی و چامە رەنگینەکەی بۆ لاواندنەوەی میرنشین و لەپاڵ ئەوانیشدا یۆتۆپیای حەبیبەو شارەزوورو دەیان دنیای رەنگاورەنگی تری نێو دەقەکانی. بێگومان نالی بەپێی ئەوەی زانراوە هەرگیز بە حەبیبە ناگات، دوای رۆیشتنی نالی حەبیبە دەمێنێتەوەو هەتاکو ئێستاش حەبیبە وەکو هێمای ئەو مەعشوقە ماوەتەوە کە هەرگیز بە عاشقەکەی ناگات. سەری شینی حەبیبە هێمایە بۆ دوو کارەساتی هاوکات بە گوێرەی ئەو، کە یەکەمیان کۆچی نالیە و دووەمیشیان کارەساتی روخاندنی میرنشینی بابانە.
نالی کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی زێدی خۆی، واتە نیشتیمان بەجێدەهێڵێت. ئایا هۆکاری سەرکی ئەوەیە کە ئەم شاعیرە چاوی بەوەدا هەڵنایەت کە سلێمانی بەبێ دەسەڵاتی بابان ببینێت. بەڵام پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە نالی پێش روخاندنی میرنشین زێدو خاکی خۆی بەجێدەهێڵێت. بێگومان ئەگەر کۆچی نالی پێش روخانی میرنشین بێت، مانای وایە روخانی میرنشین هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچە نیە. دیارە نالی چووە بۆ حەج و ماوەی زۆر لە سام ماوەتەوەو دەشێت کە لەوێوە روخاندنی میرنشینی بیستبێت، ئیتر چاوی بەرایی نەدابێت بگەڕێتەوە سەرتەرمی میرنشین. بەڵام ئەگەر لەپێش روخاندنی میرنشیندا نالی بڕیاری دابێت کۆچ بکات و نەگەڕێتەوەو چوون بۆ حەج بیانوو بووبێت بۆ ئەوە کۆچ بکات. لەبارێکی وەهاشدا دەبێت ئەو هۆکارانەی وایان لە نالی کردبێت کۆچ بکات کێشەو گرفتەکانی ناوخۆی میرنشینی بابان بووبێت بە تایبەتی ململانیی نێوان براو ئامۆزا بابانیەکان و پاڵدانی بەشێکیان بە شای قاجارییەکانەوەو و بەشێکی تریشیان بە خەلیفەی عوسمانی و بابی عالیەوە. ئەمە سەرباری ناکۆکی ناوخۆی خەڵک و نەبوونی هیچ بنەمایەکی یەکێتی و یەکبوون لە ئاستی خوارەوەی خەڵک و بایەخنەدانی میرانی بابان بە ژیانی خەڵک و خەریکبوونیان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەو سەرگەرمبوونییان بە رابواردن و بەزم و کەیفی ژیانی تایبەتیانەوە. کە بێگومان ئەم خاڵەی دوواییان بەردەوام هەڕەشەبووە بۆ سەردەسەڵاتە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی کوردستان و هەرئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی روخاندنیان بووە. دەقەکە وەکو دەقیکی شیعریی زیندوو بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی هۆکاری کۆچەکەی نالی بەکراوەیی بەجی دەهێڵێت.
شاعیر باسی ئەوە دەکات لە شارەزووری زێدی نالی و حەبیبەدا، کە لە رۆیشتنی نالیەوە حەبیبە سەری شینە، داوای خەونێکی نالی لەهەر کەس بکەین، ئەو وەڵامەمان دەست دەکەوێت کە هیچ خەونێکی نالی دەست ناکەوێت. مەبەست لە خەونی نالی چیە؟ بێگومان مەبەست لە خەونی نالی هیواو خواستە ئایندەییەکانی نالیە. کە ئەویش لە لایەک بەواقیعیکردنی یۆتۆپیای میرنشینی بابان و چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەو سەربەخۆبوونێتی. لە لایەکی ترەوە زیندوکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی و کەلتوری کوردی و گەیاندنێتی بە ئاستی کەلتووری نەتەوە دیارەکانی تر بە تایبەتی عەرەب و فارس و تورک، واتە خەونی بوونی دیوان بەهەرسێ زمان و رەتکردنەوەی هەڵوێستی هەموو ئەوانەی کە ئەلفازی ئەو کە ئەلفازی کوردیە بە خۆکردی ناو دەبەن. ئەم دەیەوێت زمانی کوردی هاوشانی زمانی ئەوانیتر بێت، چونکە ئەم بایەخی زمان دەزانێت و لەو رووەوە بۆچوونی ئەو لە ئاستی نەدرکێندراودا هاوشێوەی ئەو بۆچوونەی هەندێ لە خاوەن تیۆرییانی بابەتی نەتەوەی و زانستی زمانە، کە باس لەوە دەکەن زمان بریتیە لە دەوڵەت، دەوڵەتیش واتە سەربەخۆیی، ئەمەش مانای بەرهەمهێنانی گوتاری تەواوی نەتەوەییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەگوتراودا و لەم دەقە شیعرییەدا گوتاری نەتەوەیی تەواو بەرهەم دێت کە ئەمەش تێپەڕاندنێکی ئاشکرایە بەسەر گوتاری لاواندنەوە، یان تەنانەت بەسەر گوتاری مانەوەدا.
بڕۆ نالی بڕۆ نالی / تەختی شارەزوور بێ تاجە / کە شارەزوور تاجی نەبێ / شاعیریشی بێ رەواجە.
بە رەچاونەکردنی مێژووی کۆچەکەی نالی، ئەمی شاعیر پشتگیری نالی دەکات بۆ کۆچکردن. پاساویشی بۆ ئەم پشتگیریکردنە روخانی دەسەڵاتی شارەزوورو کەوتنی تاجەکەیەتی. هەڵبەت مەبەست لە شارەزوور لەو چوارچێوەیەدا کە دەقەکە لێی دەدوێت میرنشینی بابانە. نالی سەرلوتکەی شاعیرانی بابان بوو، ئێستا میرنشینەکە رووخاوە، بەوپێیە سەروەری ئەوی شاعیریش دەڕوخێت. هەر بۆیە شاعیر هەست دەکات دڵشکاوەو پاساوی مانەوەی نەماوە بۆیە دەیەوێت بروات. لەم هەنگاوەشدا شاعیر پشگیری دەکات. هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کە تاجی دەسەڵات دەڕوخێت و دەشێت لە دوای خۆیەوە هیچ بەجێنەهێڵێت، بەڵام تاجی دەسەڵاتی داهێنان ناڕوخێت و نەک بۆ کاتی خۆی دەشێت داهێنان بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوەو ئەو تاجە رەونەقدارترو بەرزتر بێت. داهێنانی نالی خۆی باشترین نموونەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، چونکە دیارە میرنشینی بابان روخاو بێجگە لە تۆمارێکی مێژووی دوو لایەنە، واتە ئەرێنی و نەرێنی شتێکی تری بەجێنەهێشتووە، بەڵام شیعری نالی بەزیندوویی ماوەتەوەو بەردەوام بابەتی قسەلەسەرکردن و توێژینەوەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە ئێستا ناوی نالی دیارترو ناسراوترو لە هەست و گوێی خەڵکدا زیاتر ئامادەبوونی هەیە لەچاو هەموو میرانی باباندا.
شاعیر بە نالی دەڵێت:
مەیەرەوە / چونکە خەڵکی پرسش دەکەن / چیتان کرد لە تەختی “ئەحمەد”،/ بە پیلانی کاسبهای شار رێتان نەبرد!/
بەدوای ئەمەدا شاعیر داوا لە نالی دەکات نەگەڕیتەوە، بۆ ئەو مەبەستەس پاساوی خۆیی هەیە کە ئەویش پەیوەستە بە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشینەوە. ئەو پێیوایە خەڵکی نالی و بەرپرسانی میرنشینیش دەخەنە بەردەم ئەو پرسیارەوە کە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشین چی بوون؟ بێگومان هەر شاعیر خۆی بە نیوە دێڕێکی سالم بەشێک لە وەڵامەکە دەداتەوە کە پیلانی کاسبکارانی شاربووە، بەڵام نە دەسەڵاتی میرنشین و نە نالیش وەکو شاعیرو روناکبیر پەییان بە پیلانی کاسبکارانی شارنەبردووە بۆ رینوێنی کردنی رۆم بۆ پایتەختی میرنشین لە لایەک و پشتگیرنەکردنی میرنشینیش بۆ بەرگریکردن لە لایەکی ترەوە. لێرەدا شاعیر هەمان شێوەی سالم هۆکاری روخاندنی میرنشین دەخاتە ئەستۆی کاسبکارانی شار. بەڵام لە راستیدا شاعیر لێرەدا هەمان شێوەی نالی خۆی لەوە بەدوور دەگرێت کە باسی ئەوە بکات هۆکاری سەرەکی روخاندنی میرنشین ناکۆکی و ململانێی براو ئامۆزاکانی بنەماڵەی بابان بووە لەسەر کورسی دەسەڵات و سڵ نەکردنەوەیان لە دابەشبوون و پەنابردنی هەندێکیان بۆ فارسەکان و هەندێکی تریشیان بۆ تورکەکان. هەروەک دەشێت سیاسەتی بەڕێوەبردنی خراپیشیان لە ئاستی ناوخۆدا وایکردبێت کە کاسبکارانی شاری تەواو بێزار کردبێت بۆیە کاسبکاران پشتیان لە دەسەڵاتەکەیان کردبێت. ئەو کاسبکارانەی سالم باسیکردون و حەسیبیش دێڕەکەی ئەوی وەرگرتووە بە گوێرەی ئەوکاتەی کۆمەڵگای کوردی کاکڵەی دروستبوونی خاوەن پیشەو پیشەوەران و مانیفاکتۆریا بوون، کە ئەوەش بنچینەی دروستبوونی چینی بۆرژوا یان چینی ناوەندە. کە بەشێوەیەکی گشتی هەر دەسەڵاتیکی بەڕێوەبردن لە هەر کۆمەڵگایەکدا پشتگیری بازاڕ، یان کاسبکاران یان چینی ناوەندی نەبێت ناتوانێت بۆ ماوەی دوورودرێژ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام دیارە دەسەڵاتدارانی بابان و تەنانەت نالیش وەکو روناکبیری سەردەمەکە لەوە تێنەگیشتوون. هەر لەڕاستیشدا یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوێستوەرگرتنی دەسەڵاتی بابان لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئەوە بووە کە رێبازەکەی مەولانا رێبازی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاو کاسبکاران و بەرهەمهینەران بووە.
لەم دەقە شیعریەدا، حەسیب قەرەداخی سەرباری لایەنگری بۆ نالی و بۆ کۆچکردنی و سەرباری خستنەڕووی رەخنەش لەسەر بنەمای ئاخاوتنی هەندی لە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشین، بەڵام ئەو لە روانگەی بەرهەمهێنانی گوتاری نەتەوەییەوە سەیری ئەو دەسەڵاتە دەکات و روخاندنی دەسەڵاتەکە وەکو بەشێک لە دەسەڵاتی نەتەوەی کورد بەکارەسات وسف دەکات.

-4-
یەکێکی تر لەو دەقە زیندووانەی حەسیب قەرەداخی کە جیهانبینی نەتەوەیی هەیە ئەو دەقەیە کە لە یادی دووسەد ساڵەی سلێمانیدا نووسیووێتی. لەم دەقەدا شاعیر وەکو نەخشەسازی دروستکردنی سلێمانی دەردەکەوێت لە رووی باسکردنی وردەکارییەکانی بنیادنانی شارەکەوە. هەروەها لە روانگەی باسکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی پایتەختی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی وەکو کەسێکی شارەزای بواری سەربازی باسی شوێنە نوێیەکە دەکات کە دوورترە لە مەودای چەپۆک و قامچی تورک و عەجەم. ئەو بە ئومێدەوە سەیری بنیادنانی شاری نوێ دەکات و هاوشێوەی ئەو یۆتۆپیای کە سالم بۆ میرنشینی بابانی دروست دەکات لە رووی دەسەڵات و هێزو سوپاو رێ و شوێنی بەڕێوەبردنەوە، حەسیب قەرەداخی بە ئومێدێکی بەسەرچووەوە دەیخواست میرنشینی بابان بە جۆرێک بەهێزبووایە وەکو ئەوەی شێخ رەزا لە خەیاڵدا دەیڵێت سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو، نە مەحکومی عەجەم بوو، نە دیلی ئالی عوسمان بوو. بەڵام ئەم سەرباری خەیاڵی شاعیرانەو نیشاندانی رووە ئەرێنی و جوانەکانی شار، هاوکات رووە نەرێنی و دزێوەکانیش ناشاریتەوەو ئەوانەش نیشان دەدات کە ئەو سەباری دەورو کاریگەری دوژمنکارانەی دەرەوە، لە رۆم و عەجەم( تورک و فارس ) و لە مێژووی نوێشدا دەەوڵەتانی بڕیاربەدەست کە ئەو نوێنەرەکانیان بە سوورەی چاوکاڵ ناودەبات، هۆکاری ناوخۆیی بۆ بەدبەختیەکانی شار نیشان دەدات، کە هۆکاری سەرەکی روخاندنی میرنشینی بابان دەبەستێتەوە بە ناکۆکی نێوان براکانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پەیوەندی خراپی نێوان لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین و دانیشتوان بەتایبەتیش کاسبکاران. هەروەک لە سەردەمی ششخ مەحمودیشدا کاتێک شێخ داوای سەربەخۆیی و دروستکردنی مەملەکەت بۆ کورد دەکات، لەولاوە دەیان دژو نەیاری بۆ راست دەبێتەوەو هەندێکیشیان راستەخۆ یان ناڕاستەخۆ پشتگیری داگیرکەری ئینگلیز دەکەن.
قەڵاچۆلان بێ دەرفەتە، بی بەراوە / سای سیبەری بەیانیان هێشتا قورسە / سێبەری لای ئێوارانی تێ رماوە/ … جێ شارێکم لا مەبەستە / دوور لە قەپی گورگی عەجەم / رێگەی دەستیشم بداتێ، کە ناچاربووم/ لە لمۆزی رۆمیش بدەم / عەجەم گورگەو رۆمیش دێوە / پەنای ئێمەی چاو تێبڕاو / قەڵای لوتکەو زەردەو کێوە/
ئەگەر لە رونگەی نەتەوەوە سەیر بکەین میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی دەسەڵاتێکی ناوچەیی خێلایەتیە، بەڵام دەسەڵاتێکی کوردی بووەو ئەگەر دووچاری شکست نەبووایەو نەڕوخایە، ئەوا ئەگەری ئەوەی هەبوو زیاتر پەرەیبسەندایە و ببووایەتە دەسەڵاتێکی خاوەن شووناسی کوری. لەم رونگەیەوە دەقەکە وەها سەیر دەکرێت کە کارکردنە لەناو مێژووی کوردداو هاوکات لایەنگیری بۆ لایەنە گەش و ئەرێنیەکانی ئەو مێژووەو بکەرەکانی ناو ئەو مێژووەش هەیە.
لەو رۆژەوە خەمی منی/ پەیامی سۆزو بەستەمی/ تۆ گیانمی تۆ جەستەمی/ .. لەو رۆژەوە دەستەو دوعام/ وەک مەولانا دەمی گورگت لێ دەبەستم/ دەستی دێوت لێ لا ئەدەم/ دەستەسڕت بۆ با ئەدەم/ گوللبەنت لە مل ئەکەم/.
لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا خۆشەویستی و لایەنگری رەها بۆ سلێمانی و بۆ ئەو دەسەڵاتانە هەیە کە لە سلێمانیدا دامەزراون، کە ئەوانیش دەسەڵاتی میرنشینی بابان و دەسەڵاتی شێخ مەحمودی حەفیدزادەیە، کە هەردووکیان دوو دەسەڵاتی کوردی بوون. لە ئاستی قوڵ و نەبینراوی دەقەکەشدا خواست و ویستی نەک هەر پاراستنی ئەو دەسەڵاتانە هەیە بەڵکو خواست و ویستی رەهاو بەهێز بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردی لە شوێنی دەسەڵاتی میرنشینی بابان و دەسەڵاتەکەی شێخ مەحموددا هەیە. ئەمەش گەوهەری جیهانبینی گوتاری ئەم دەقە شیعرییەی حەسیب قەرەداخیە، کە جیهانبینیەکی نەتەوەییە و ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەییەوە. ئاشکرایە شیعری ئەم شاعیرە بە شێوەیەکی گشتی پۆلێن دەکرێت بۆ شیعری عیرفانی و شیعری نەتەوەیی و نیشتیمانی. شیعری لاواندنەوەو تەنانەت دڵداریش کە زیاتر دڵدارییەکی سۆفییانەیە لای ئەو، کە بە چەمکی ئەفلاتونی بە دڵداری خاوێن ناودەبرێت، دەچنەوە چوارچێوەی شیعرە عیرفانیەکانیەوە. شیعری بەرخوردان و بەرهەڵستی کردن و خۆبەدەستەوەنەدان و لاواندنەوەی شەهیدان و سەروەری پێسمەرگەو راپەڕین و پەسنی جەماوەرو ئەو شیعرانەی کە داوای ئاشتی و برایەتی و یەکێتی و یەکبوونی کورد دەکەن و ئەو شیعرانەی بە باڵای شەهیدان و سەروەرانی وەکو شێخ مەحمودو قازی محەمەدو بارزانی و .. ئەوانی تریشدا هۆنیوونیەتیەوە دەچنە چوارچێوەی شیعرە نەتەوەییەکانی ئەم شاعیرەوە.
حەسیب قەرەداخی نە لە رووی پێگەی باڵای داهێنانییەوە، نە لە روانگەی پێگەی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەپەروەرییەوە هەتا خۆی لە ژیاندا بوو، پێگەو جێگەی رەواو شایان بەخۆیی پێنەدرا. بەڵام ئەو لە سەربنەمای ئەو داهێنانە شیعرییەی بەرهەمی هێناوە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەو شاعیرێکی داهێنەرە، داهێنەریش نەمرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت