لوقمان مستەفا: پێشێلکردنی یاسای قەدەغەکردنی فرەژنی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لوقمان مستەفا: پێشێلکردنی یاسای قەدەغەکردنی فرەژنی.

بە پێی توانا ھەوڵدەدەین لە باسەکەماندا خۆ بە دوربگرین و نەچینە ناو ژیانی ھیچ کەس و لایەنێکەوە کە ببێتە ھۆی لەکەدارکردنی کەسێتی مرۆڤەکان، چونکە بابەتەکەمان یاساییە و زیاتر بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیانە لە مادە یاساییەکان.
پێشتر چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ڕێگه‌ ده‌درا پیاوان له‌ دادگاكانی هه‌رێم پڕۆسه‌ی ھاوسەرگیری و ماره‌بڕینی ژنی دووه‌م ئه‌نجام بده‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند مه‌رجێكی سه‌ره‌تایی داندرابوو، به‌ڵام به‌ هۆی فشاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان له‌ ساڵی 2011دا یاسای باری كه‌سێتی جارێكی تر هه‌موار كرایه‌وه ‌و چه‌ند مه‌رجێكی گوایە قورسی بۆ ئه‌و پیاوانه‌ دانرا كه‌ بە نیازن ژنی دووەم بهێنن.
به ‌پێی یاسای ژماره‌ 15ی هه‌مواركراوی 2008 كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند كرا له‌ مادده‌ی دووه‌می یاسه‌كه‌دا هاتووە: نابێ هاوسه‌رگیریی ژنێك زیاتر بێت مه‌گه‌ر به‌ ڕێگه‌ی پێدانی دادوه‌ر نه‌بێت و ده‌بێت ڕێگه‌پێدانیشی ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت وه‌ك: له‌ به‌رده‌م دادگا ڕه‌زامه‌ندیی ژنی یه‌كه‌م وه‌ربگیرێت له‌سه‌ر هێنانی ژنی دووه‌م. تووشبوونی ژنه‌كه‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی سه‌لمێندراو كه‌ ڕێگه‌ له‌ كاری سه‌رجێیی بگرێت و ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌بێت یاخود توانای منداڵبوونی نه‌بێت.
له‌ به‌شێكی تری مه‌رجه‌كانی یاسه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و پیاوه‌ی له‌ ژنێك زیاتر دێنێت توانای دارایی وای هه‌بێت كه‌ به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ردوو ژنه‌كه‌ی بکات و به‌ به‌ڵگه‌ بیسه‌لمێنێت و جه‌ختیش له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێت ژنی یه‌كه‌م له ‌كاتی گرێبه ستی هاوسه‌رگیری مه‌رجی دانابێت كه‌ هه‌وێی به‌سه‌ر نەهێنێت.
یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر پیاوێك گرێبه‌ ستی هاوسه‌رگیریی بۆ زیاتر له‌ ژنێك به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌رجه‌كانی ماددەی دووه‌می یاساكه‌ ئه‌نجام دا بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانی ده‌كرێت كه‌ له‌ شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ ساڵێك زیاتر نه‌بێت و سزاش ده‌درێت به‌ بڕی 10 ملیۆن دینار.
بەھیچ شێوەیەک لە قورئانی پیرۆزدا فرەژنی واجب نەکراوە، نە وتراوە سوننەتە و نە وتراوە فەڕزە، بەڵکوو مەرجیشی بۆ داندراوە. ھێنانی ژنی دووەم لە قورئاندا نەھاتووە بڵێ فەڕزەو لە سوننەتیش وا نەھاتووە بڵێ بیکەن، بەڵام ڕێگە دراوە پیاو لە ژنێک زیاتر بێنێت له‌ هه‌مان كاتیشدا كۆمه‌ڵێك مه‌رج داندراوه‌ بۆ پیاوان كاتێك ژنێكی تر دێنێت ده‌بێت عه‌داله‌تی بكات له‌سه‌ر سه‌رجێییكردن و دابینكردنی بژێوی ژیان».
ئیسلام كه‌ ڕێگه‌ی داوه‌ فرەژنی هه‌بێت بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌ له‌وانه‌ گه‌ر ژماره‌ی ئافره‌ت زیاتر بوو له‌ پیاوان، گه‌ر ئافره‌تێك كه‌سی نه‌بوو په‌نای بدات پیاوێك بیخوازێت و خزمه‌تی ئافره‌ته‌كه‌ بكات و له‌ زۆر مه‌ترسی دوور بخاته‌وه».
بۆیە ئەوە راست نیە یاساکە بوو بێتە ھۆی کەمبوونەوەی ھێنانی ژنی دووەم ، چەند گۆرانکاریەکی کەمی پێوە دیارە : – له‌وانه‌ راستە یاساکەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھی عێراق جیاوازیی هه‌یه‌، چونكه‌ دوای ئەوەی یاسای باری کەسی لە ھەرێمی کوردستان ھەموار کرایەوە کۆمەڵێک مەرجی بەناو قورسی داناوە بۆ ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێت ژنی دووەم بێنن».
بەڵام ھۆی کەم بوونەوەکەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ھاوڵاتیانی ھەرێم دروست کرد.! چونکە نەیاساکە و نە ھێزی جێبەجێکردنەکەش نەیتوانیوە وەک پێویست و بە شێوەیەکی یەکسانیخواز و دادپەروەرانە لە نێوان تاکەکانی ھاوڵاتی وەک یەک و بێ جیاوازی جێبەجێبکات.
وە بە زەبەری ھێز و ئیغرای مادی یاخود بە جۆرێ لە جۆرەکان دەم کوتی ژنی یەکەمی دەکات و ژنی دووەمی لە دەرەوەی ھەرێم مارەدەکات رێ لە سکاڵاکان دەگرێ.!
لەم حاڵەتەدا کە سکاڵاکار بونی نیە و یاساکەش بێ ڕێزی پێکراوە ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی داواکاری گشتی کە دەبێ بێتە سەرخەت و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دا سکاڵا لە دژی ئەو کەسانە بجوڵێنێ کە بێرێزی بەیاسا و پێشێلکردنی یاسا دەکەن.
بۆ ئەوەی ڕێ لە خۆدەربازکردنی کەسێکی خاوەن پلەوپایە و دەست رۆیشتوو بگیرێت کە سەرپێچی یاسای کردووە دەبێت ھێزی جێبەجێکار ھەموو ھێزو توای خۆی بەکاربێنێ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی.
چونکە سزاکە رون و ئاشکرایە دەڵێت بە غرامەمە و حبس.!
بۆیە کەسە دەست رۆیشتوەکان رەنگە بتوانێ بە ئاسانی بری غرامەکە بدات و بەڵام بەپێی یاساکە بەھیچ جۆرێ نابێ چاو پۆشی لە بەند کردنەکەی بکرێت. چونکە یاساکە زۆر رون و ئاشکرایە گەر رێو شوێنی یاسایی بەرانبەر نەگیرێتەبەر گەر کەسەکە بەند نەکرا وەک خەڵکی ئاسایی سزا نەدرێ ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی یاساوە.!
لە کاتی لێپێچینەوە لە کەسی سەرێچیکار جا لە ھەر پلەو پایەیەکدابێ ئا لێرەدا تواناو بێ توانایی لایەنی جێبەجێکار و یاساکەمان بۆ دەردەکەوێ ، ئەگەر نەیتوانی بە ئەرکەکانی خۆی ھەستێت کە دادگا بریای لەسەرداوە ئیتر شتێ نامێنێتەوە بە ناوی یاساوە و یاساشکێنی دەبێتە باو.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت