بورهان شێخ ڕەئوف: بەشێکی خەڵكی عیراق خاوەن پێداویستی تایبەتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاكامی هەموو ئەو شەڕ و جەنگ و ململانێ‌ و توندوتیژییانەی لە شەست ساڵی رابردووی عیراق، هەر لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961 ەوە تاوەكو جەنگی ئێران- عیراق، ئینجا شۆرشی نوێ‌ و داگیركردنی دەوڵەتی كوەیت و دواتر جەگی كەنداو و رزگاركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، شەڕی تیرۆری ئەلقاعیدە و سەرهەڵدانی داعش، ملیۆنان كەس لە دانیشتووانی عیراق بەلای كەمەوە ئەندامێكی جەستەیان لە دەست داوە و خاوەنی پێداویستی تایبەتن، ئەوەی جێگەی داخە بەشی زۆرینەی ئەوانەی كەم ئەندام بوون لە چینی گەنجان و منداڵانن.

زۆربوونی كەم ئەندام بەهۆی رووداوە خوێناوییەكان
ئەمانەش كێشەو ئازارەكانیان زیاتر دەكات بە نەبوونی نەخۆشخانەی پێویست و تایبەت كە گرنگی بە ئازارەكانیان بدات، جگە لە پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە. شتێكی نامۆ نییە لە هەموو كووچە و كۆڵانەكانی شارەكانی عیراقدا خاوەن پێداویستی تایبەت ببینی، بە تایبەتی دوای هەموو رووداوە خوێناوییەكانی ئەم دواییەی عیراق چ لە خۆپیشاندانەكانەوە تاوەكو شەڕی تیرۆر و لێكەوتەكانی.
ئامارەكانی ئاژانسەكانی هەواڵ ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ژمارەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بەرز بووەتەوە بۆ سەرووی پێنج ملیۆن كەس لە عیراقدا، كەم ئەندامیەكەیان جۆراوجۆرە لە بیستن و بینین و جوڵانەوە.
رێكخراوی كۆمەڵەی كەم ئەندامانی عیراق گلەیی زۆریان لە دامودەزگاكانی حكومەتی عیراق هەیە، دەڵێن حكومەت هیچ شتێكی بۆ سوپاییەك لە خاوەن پێداویستی تایبەت فەراهەم نەكردووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، جگە لە 15% پێداویستیەكانیان، هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردووە كە ئەو خزمەتگوزارییە كەمەشی پێشكەش دەكرێت رەچاوی تایبەتمەندی كەمئەندامەكان ناكات، بواری تێكەڵاوبوونی كۆمەڵایەتیان بۆ ناڕەخسێنێت، هەلی كار و وەرشەی تەندروستی و راهێنانیان بۆ دابین ناكات لەگەڵ زۆر شتی گرنگی تر.

سەدان هەزار كەم ئەندام
كۆمیتەی مانگی سووری عیراقی لە 15- 3- 2022 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە 600 هەزار كەم ئەندامی عیراقی هەن كە پێویستیان بە راهێنانی جەستەیی هەیە، لەوانە 200 هەزاریان پێویستیان بە دروستكردنی قاچ و دەستی دەستكرد هەیە.
لە لایەكی ترەوە ئێش و ئازار و خەمی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە هەڵكشاندایە بەهۆی پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتەوە و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیان، كەم ئەندامان دەناڵێنن بە دەست كەمی پشتیوانی و نەبوونی بەرنامەی تایبەت بۆ راهێنان لە رووی دەروونییەوە، بەشی زۆریان هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە خوێندنی زانكۆ تەواو بكەن، ئەوانەشیان خوێندنیشیان تەواو كردبێت هەلی دامەزراندنیان بۆ دابین نەكراوە.
هەروەها چالاكوان و چاودێرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە عیراق باس لەوە دەكەن كە هەموویان گیرۆدەی زۆر دەرد و مەینەتن لە رووی ساغڵەمی و كۆمەڵایەتییەوە، هەروەها زۆربەشیان ئەگەر هەموویشیان نەبێت ناتوانن كاربكەن بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان و خێزانەكانین دابین بكەن، ئەمەش بەڵگەی هەژاری و نەبوونی ئەم توێژەیە لە كۆمەڵگای عیراقی.
لە كۆتاییدا ئەوەی مایەی نیگەرانییە دوای ئەو هەموو جەنگ و كارەساتەی بەسەر عیراقدا هاتووە، بە هۆی جەنگ و هەروەها شەڕی ناوخۆییەوە، هێشتا حزب و لایەنە سیاسییەكانی عیراق هیچ پەند و عیبرەتێكیان لەو ماڵوێرانی و هەموو كەم ئەندامە وەرنەگرتووە و هەر سەرقاڵی ململانێی سیاسیی ناڕەواو دوور لە واقیعی عیراقن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت