عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیستەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دووگیان و بریژکە
ڕەنگە بڵێن دووگیان و برێژکە کوجا مەرحەبا. نا هەقیشتان نییە, چونکە ئەو دوو شتە زۆر لێک دوورن. بەڵام بۆ دڵنیاییتان دەڵێم ئەوانە دوو بابەتی لێک جیان و هەر یەکەیان بە جیا باسی لێوە دەکەم. جارێ پێش ئەوەی باسیان بکەم دەبێ ئەوە بزانن دووگیان تەنیا بۆ ئادەمیزاد بەکاردێت و دیارە ژن دەگرێتەوە, چونکە پیاو دووگیان نابێ. بۆ گیاندار ناگوترێ دووگیان, بەڵکو دەڵێین ئاوس.
یرادەرێک بابەتێکی نووسیوە کە پێم وایە وەرگێڕانە و دەڵێ: سەگێک و فیلێک پیکەوە لە یەک کاتدا دووگیان بوون. لە دوای سێ مانگ سەگەکە شەش تووتکەی بوو. وەکو گوتم گیانداری مێ ئاوس دەبێ و دووگیان نابێ. کە زگەکەی دانا دەڵێن زا. گیانداران بە گشتی دەزێن, بەڵام سەگ و گورگ دەترەکن. دێڵەسەگ کە بێچووى دەبێ دەڵێن ( ترەکی ). رۆستەم حەوێزیی شاعیر هەجووی پیاوێکی خراپ دەکات کە ئازاری زۆری داوە, دەڵێ:
خۆزگە لێی دابا شەوە, شەوێ دایکە دەترەکی
منداڵی وای نەبووبا حیز و دەنی و دوودەکی
لەبەر ئەوە دەڵێم ئەو برادەرە لە وەرگێڕانەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. من عەڕەبییەکەم نەدیوە, بەڵام داوای لێ بوردن لەو برادەرە دەکەم و دەڵێم هەندێک زاراوە هەن پێویستە مرۆڤ بیانزانێ تا تووشی هەڵە نەبێ.
با واز لە دووگیانەکە بێنێن بچین بەلای برێژکەوە. خۆی ڕاستە برێژکەیە, بەڵام بۆ گوتن بە برێشکە خۆشتر دەگوترێ. برادەرێک, کە نووسینی بە پێز و جوانی زۆرە باسی برێشکەی کردووەو وەک ئەو بیستوویەتی گوایا ژنە جوولەکەیەک لە کۆیە گەنم و نۆکی برژاندووە و پێى گوتووە بریشکە. من بە تەلەفۆن بەخۆشیم گوت کە برێشکە زۆر لەوە کۆنترە. جاران زەمانی زوو وەک ئێستا ( چەرەس) نەبوو و هەموو ماڵێک کە گندۆرە شووتییان دەکڕی, تۆوەکەیان فڕێ نەدەدا و جوان دەیانشووشتەوە و پووچەلەکەیان فڕی دەداو ئەوی دیکەیان بە جیا هەڵدەگرت. ئینجا ژنی ماڵ دەهات ئەوانەو گەنمی پاک کراویشی ئامادە دەکرد دوای ئەوەی تەڕی دەکرد خوێی پێوە دەکرد یان دەیخستە ناوخوێواوک و سێڵی نانی دەهێنا و هەڵێ دەگێڕایەوە, یان لەناو تاوە ( مەقڵی )ی گەورە هەر یەکە بە جیا دەیانبرژاند. هەروەها نۆکی سوێرکراویشیان دێنا لەناو سێڵەکە کە هەندیک لمی وردیشیان تێ دەکرد, نۆکەکەیان لەناو ئەو لمە گەرمە دەبرژاند. زۆر جار ئەو نۆکەیان دەکوتا وەک ئاردی لێ دەهات پێیان دەگوت (قاوت ) و بە چنگ دەیانخوارد. هەتا دەڵێن ڕۆژێکی ڕەشەبا پێرێژنێک تەشی دەرست و کیسەیەکی پڕ قاوتی لای خۆی دانابوو دەستی دەبردە ناو کیسەکە ئینجا بۆلای دەمی خۆی دەبرد, بەڵام ڕەشەبا نەیدەهێشت هیچ شتێک بچێتە دەمی. لێیان پرسی پوورێ ئەوە چى دەخۆیت؟ لە وەڵامدا گوتی هەتا ئەو بایە لەو کونەوە بێ هێچ. خزمینە با شتێک بڵێم, دەترسم مووچە پاشەکەوتکراوەکانمان بەهۆی ڕەشەبای حکوومەتی هەرێم وەک قاوتەکەی پیرێژنی لێ بێ هیچى نەچێتە دەممان. ئێوە دەڵێن چی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت