محەمەد بەرزی: خـائـن نیشتمانی نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وشەی خیانەت بە پێی ڕووداو و کارەکتەر و شوێنەکانی جیاوازی هەیە. بەڵام بە گشتی دەکرێت بەمجۆرە پێناسەی بۆ بکەین: ( خائن ئەو کەسەیە، کە دڵسۆزی نیشتمان و نەتەوە و هاوڕیێ و دۆستی خۆی نییە. یان ئەو نۆکەرە سەرشۆڕەیە، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆی نەبەستۆتەوە بە نیشتمانەوە. بە یارمەتی و پشتیوانیکردنی دوژمن، خیانەت و ناپاکی لە وڵات و میللەتەکەی خۆی دەکات ). بە مەش وەک مرۆڤێکی بەکرێگیراو، نرخ و بەها و شەرەف و ویژدانی خۆی بەرامبەر بە دەستکەوتێکی دیاریکراو دەفرۆشێت. خیانەتیش لە نیشتمان، تاوانێکی گەورەیە و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بە خیانەتی گەورە و گران دادەنرێت، هیچ ئاین و یاسا و باوەڕێکیش نییە ڕێگای بە خیانەتی نیشتمان دابێت. چونکە نیشتمان شەرەف و شکۆی مرۆڤە. ئەو شوێنە ئارامەیە، کە بە تاسەوە دەمانگرێتە باوەشە گەرموگوڕەکەی خۆیەوە. ئەو سێبەر و ساباتەیە، کە لە سایەیدا ڕۆحمان پشوو دەدات. ئەو بۆن و بەرامە زۆر خۆشەیە، کە ناخی دڵمان دەکاتەوە. ئەو خاکە پاک و پیرۆزەیە، کە لەسەری دەژین و لە باوەشیدا دەمرین و لە تەنیشت باوباپیرانمانەوە دەنێژرێین. ساتێک لێی دوورین بە دڵێک نا، بەڵکو بە هەزار دڵ بیری دەکەین. کاتێکیش دەگەڕیینەوە بۆ لای، بە پەرۆشەوە خاک و خۆڵە پیرۆزەکەی ماچ دەکەین و ئۆخژن و ئارامی دەدات بە دەروونمان. هەر بۆیە نیشتمان تەنها وشەیەکی ڕاگوزەرانە نییە، بەڵکو شادگە و ڕووگەی خەون و خەیاڵ و دنیا فراوانەکەی پڕ دۆست و هاوڕیی و کەسوکار و یادگارییەکانی ئێمەیە و مەحاڵە تەنها ساتێک لە ڕۆحمان ببێتەوە. بە پێچەوانەشەوە خائن لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی شۆڕراوەتەوە، ناپاکی چۆتە خوێن و دەمارییەوە و لە کوێ بای پارە و پاروو هەبێ، لەوێ شەنی خۆی دەکات و لە هیچ خراپەیەک سڵ ناکاتەوە. ماک و گرێیەکی پیسی شیرپەنجەیە و جگە لە بڕینەوەی، هیچ چارەسەرێکی تری بۆ نییە، بە کورتیش جۆرەکانی خیانەتیش بریتیین لە:
1- سیخوڕیکردن دژی وڵاتەکەی خۆی و بردنە دەرەوەی نهێنییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا بۆ وڵاتانی دەرەوە. جا سیخوڕەکە، یان کەسێکە، یان هێزیی سیاسییە، یان رێکخراوە.
2- هاوبەشیکردن لە پلانگیڕی وڵاتانی دوژمن، دژی وڵاتەکەی خۆی.
3- چەک هەڵگرتن و شەرکردن و چاوساغی بۆ دوژمنی نیشتمانەکەی و واڵاکردنی سنورکەشی بۆ تەراتێنی هێز و سیخوڕەکانی داگیرکەر و بێگانە.
4- ڕادەستکردنی سەنگەر و هێز و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستیدایە بە دوژمن، بە خواستی خۆی و بێ بەرگریی.
5- تاڵانکردنی سەروەت و سامان و برسیکردنی خەڵکی و کاولکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات و کۆمەڵگا و ئاسایشی گشتی.
6- بوون بە بەشێک لە هزر و ئایدایی دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمن، بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی نیازپاکی دوژمن و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان، بە مەبەستی خەپاندنی ڕای گشتی و خۆڵکردنە چاو و خەفەکردنی دەنگی زوڵاڵی هاوڵاتیان، تا دەستبەرداری هیوا و خەبات و تێکۆشانی خۆیان بن.
ئەوەی شایانی باسە ناکرێت هەرگیز باوەڕ بە خائن بکرێت، کە نیشتمانی خۆی دەفرۆشێت. چونکە ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، سەرێکی هەیە و هەزار سەودا و بە ئاسانی هەموو کەسێک دەفرۆشێت. هەتاوەکو ئەو کەس و لایەنانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان شەرەف و ویژدانی خائن بە پارە و پۆست و کۆشک و تەلار دەکڕن، چاک دەزانن ئەو نۆکەرانە خیانەت چۆتە خوێن و دەمارایانەوە و مانای شەرم و سەرشۆڕی نازانن و جێگای متمانە و ڕێز نیین. ئەوان وەک مەقاشێک ، یان چەشەیەکی چەوری ناو تەڵەیەک بەکاریان دەهێنن، کاتێکیش دەگەن بە ئامانجی خۆیان. ئەوا هەر زوو وازیان لێدەهێنن و بە چاوێکی سووکەوە سەیریان دەکەن و وەک نۆکەرێکی کۆیلە ڕەوانەی لاپەڕە ڕەشەکانی ناو مێژوویان دەکەن. لەم بارەیەوە هیتلەر دەڵێ: ( ڕیسواترین کەسانێک، کە ناسیومن، ئەوانە بوون کە یارمەتییان داوم وڵاتەکانییان داگیربکەم ) .. هەروەها ناپلیۆن ئامادە نەبووە تەوقە لەگەڵ ئەفسەرێکی خائنی خەڵکی نەمسادا بکات، کە هاتبوو پاداشت و خەڵاتی زانیارییە گرنگەکانی وەربگرێت، کە بە نهێنی بە ناپلێونی دابوو، تا بەسەر نەمسادا سەربکەوێت. هەربۆیە ناپلیۆن خەڵاتە زێڕەکەی بۆ فرێدەداتە سەر زەوی. لە وەڵامدا ئەفسەرە خائنەکە بە ملکەچێ و لەسەر ئەژنۆ بە ناپلیۆن دەڵێ: ( تەنها هیوا و ئاواتی ژیانم ئەوەیە لەگەڵ ئێوەی مەزندا تەوقەیەک بکەم. لە وەڵامدا ناپلیۆن دەڵێ: ئەو زێڕەی سەر زەوییەکە بۆ کەسانی وەک تۆیە، بەڵام سەبارەت بە دەستم، مەحاڵە بەر دەستی پیاوێکی خۆفرۆش بکەوێت، کە خیانەتی لە نیشتمانەکەی خۆی کردبێ ).
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: کاتێک لە وڵاتێکدا کەسانی ناپاک و هێزی سیاسی خائن دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەوا مەحاڵە باسی بەرژەوەندی نیشتمان و ئازادی و تەبایی و چاکسازی و دواڕۆژێکی ڕووناک بکرێت. تەنها ڕێگای ڕزگارییش ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەیە، کە جگە لە خیانەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە. لەم بارەیەوە جیڤارا دەڵێ: ( ئەگەر دەتەوێت وڵاتەکەت ئازاد و سەرفرازبێ، ئەوا پێویستە دە فیشەک بخەیتە ناو چەکەکەتەوە، نۆ دانەیان بۆ خائن و دانەیەکیشییان بۆ دوژمن ). ئەمەش نیشانەیە، کە خائن لە دوژمن و داگیرکەر تاوانبارترە. بێگومان مێژووی لە خوێن هەڵکێشرای میللەتەکەمان، پڕە لە خائن و خۆفرۆشی ناپاک، کە فرچکیان بە نۆکەری گرتووە و سەریان لای دوژمنە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیشیان، تەنها تەخت و بەخت و تەلارە و فڕیان بەسەر نیشتمانەوە نییە.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت