کەمال محەمەد: بێ دەنگی شەقام و مانیفێستی قەیرانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئێمەی ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە خەریکە خۆمان لەدەست ئەدەین، لەواتایەکدا ھەر تاکێک خۆی بە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە نازانێت کە وەرچەرخان لە ژیان و تەمەنی خۆیدا بکات بەپێی سەردەم، لەھەر کوێیەک دەنگێک ھەبێت خوازیاری ژیانکردن بێت بەو ئەندازەیە تاوانبار دەکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا شوێن پەنجەی فشار و چەوسانەوەیەکی سامناک، یەکێک بووە لە بنەماکانی لەدایک بونی ئەم سیستەمەی کە ھەیە.
بێدەنگی شەقام ھەمیشە شێوە بەرێوەبەرێتی سیاسی مەترسیدار و زیاد بونی بێکاری کۆمەڵگایەکی لەمەعنەویات دابڕێنراو مرۆڤایەتییەکی بەربۆتکراو بەرھەم ئەھێنێت کەدوا جار فاکتەرەکانی دەست نیشانکردنی کۆمەڵگایەکی سۆسیۆلۆژی لاواز و پەک ئەخات کە ئەمەش گرفت بۆ رونکردنەوەی تیۆری راست و ڕێگاکانی چارەسەری شەڕە باوەکانی مەدەنییەت دروست ئەکات و بۆ ماوەیەکی درێژ سیستەم لەدەستی دیماگۆژەکاندا ئەبێتە ناڕەسەنترین ئامرازی بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و بەمانایەکی دیکە ھاوڵاتیان ناتوانن بەشداری سیاسی خۆیان بسەلمێنن.
نەوەی دوەمی دەسەڵات لەھەرێمی کوردستان فاشیزمێکی نوێیە کە تەنانەت رێگا بە خۆپیشاندان نادەن و لەرێگای یاساوە دەنگی ئازاد کپ ئەکەن بەمەبەستی مانەوەی ھەمیشەیی خۆیان لەدەسەڵاتدا، لێرەدا نەبونی بەرنامەیەکی سیاسی و لۆژیکی و نەبونی ئۆپۆزسیۆنیکی جددی و کارا بۆتە ھۆی لەدەستدانی جوڵەی شەقام و خۆرسک بونی کردە سیاسیەکەی و دروست بونی کەلێنی گەورەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لەبەرامبەردا بەردەوام زیاد بونی سیستەمە سەرمایەداریە نیولیبڕاڵییەکەی دەسەڵاتدارانی حیزبی.
لەھەرێمی کوردستان ھەمو مرۆڤێکی یاخی نەیتوانیوە بەشێک بێت لە جوڵەی شەقام و بەرەنگارییەکی گەورە دروست بکات و دونیایەکی نوێ بۆ خۆی و ئاییندە بئافرێنێت و کۆتایی بە مانیفێستی قەیرانەکان بھێنێت، ھۆشیاری سیاسی شەقام کاتێک دروست ئەبێت کەبتوانێت تاک لەژێر ھەلومەرجی قورسی گۆشەگیری و لەناو رەوشی دەست بەسەری و دیلیدا دەربھێنێت و ڕای بھێنێت کەچۆن درێژەپێدەری مافە یاسایی و سروشتییەکانی خۆی بێت و بەرگری لێ بکات، رون و ئاشکرایە کە ئەم ھەڵوێستە دەرفەتێک بۆ دادگایی کردنێک دەرەخسێنێت کە حەق بەسەر ناحەقدا سەربکەوێت.
ئێمەی ھاوڵاتیان پێویستە یاخی ببین و شۆک ببین و وە بیر خۆمان بێینەوە کە چۆن تاکی دەسەڵاتدار تا دێت داگیرکاری بۆ پلەو پایەو ئیمریاتۆری خۆی ئەکات تاکی چەوساوەو ژێردەستیش لەنێو قوڵترین کۆیلایەتی نەھامەتیدا ئەژی،کەئەوترێت وەبیر خۆمان بێینەوە بۆ رێگرییە لەو سیستەمەی بەھا مەعنەوییەکانی لەدەستداوەو و تادێت خاوەن ئەربابەکان لەپێناو قازانجی خۆیان درێژی پێ ئەدەن.
ئێمە بۆ ئەوەی لەو دوالیزمە مەترسیدارەی کە بە ھاوڵاتییەکی ئەم ھەرێمەین ناوی ئەبەین تەسلیم نەبین و ھەڵوێست وەرگرین و تۆکمەترین ھەڵوێستیش ئەوەیەکە بەشداری ئەو سیستەمە پێدراوە نەبین کە بەزۆر سەپێنراوە و دواجار ھەوڵی بەرجەستەکردنی ئازادی بدەین و ھەمو ئازادییەکیش پەیوەستە بە پێگەی چالاکی و جوڵەوە ،چونکە بەراوەستان ناتوانین باس لە ئازادی بکەین و ھەر راوەستانێک مردنی ئازادی و بەردەوامی سیستەمە، ئێمە بۆ ئەوەی لەجەستەی خۆمان و تەنانەت ھەبونیشمان بەئاگا بین پێویستە ھۆشیار بین و کاریگەری گەورەو ئەوتۆمان ھەبێت و ئازادی لە کۆمەڵایەتی بونەوە دەست پێ بکەین و لێکدانەوە بۆ سیستەمە بکەین کە کۆیلایەتی بۆ گەل و پاشایەتی بۆ نەوەکانی دەسەڵات ھێناوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت