سەردەشت محەمەد: شیری سپی و ڕۆژی ڕەش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەنگە زیادەڕۆی نەبێ ئەگەر بڵێم بەدرێژای مێژووی کورد هیچ سەردەم و قۆناغێک نەبووە هێندەی ئێستا کەلێنی گەورە کەوتبێتە نێوان خەڵک و کاربەدەستانەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەگوزەرێت دۆخێکی زۆر هەستیار و تەواو پڕمەترسییەو ئەگەر حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا بەم جۆرە درێژەبکێشت ئەوا بارودۆخی سیاسی لەهەرێمدا توانای درێژەپێدانی نامێنێت و دەبێت بە خۆویست یاخود بەهەر ڕێگایەکی دیکەبێت لەداهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری بێتەئاراوە.
لەکاتێکدا کە ناوچەکەو بەتایبەت عێراق لەبارودۆخێکی ئەمنی و سیاسی ناسەقامگیردایە بۆیە پێویست دەکات حکومەتی هەرێم ژیرانەتر و باشتر لەهەرکاتێکی دیکە بەتەنگ ژیان و گوزەرانی خەڵک و دۆخی سیاسیبن لەهەرێمدا کەچی لێدوان و قسەی بەرپرسانی حکومی هێندەی دیکەی خەڵک نائومێد دەکەن و هاوڵاتیان دەخەنە بارودۆخێکی سەخت و پڕ لە قەیران و نائومێدییەوە.
ئەوەتا دوێنی بینیمان و بیستمان کە وەزیرێکی حکومەتی هەرێم لەبری دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجا و بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام کە دوو پێداویستی سەرەتایی هەموو خەڵکێکە لەم جیهانەدا،کەچی داوا لەخەڵک دەکات هەفتەی جارێک جلەکانیان بشۆن و لەبەر خۆر وشکی بکەنەوە بۆئەوەی کارەبا بەفیڕۆ نەڕوات و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاویش تانە لە موبەڕیدە دەدات، هەر ئەوەندەنا ئەمڕۆ بینیمان سەرۆکی حکومەت، ئەو حکومەتەی کە جگە لەقەیران و قەرز و تێکدانی دەرونی خەڵکی تائێستا هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە دێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار داوا دەکات کارگەی شیرەمەنی لەناوەڕاستی چەند گوندێکا دروست بکرێت و بەمەش گوندنشینان شیرەکانیان بفرۆشن بەم کارگەیە و بەمەش هەلی کار بۆ چەندین کەس دەستەبەردەبێت.
بیرکردنەوە لەم پرۆژەیە لەکاتێکدایە کە ماوەی سێ ساڵە هەرێمی کوردستان دوچاری وشکەساڵی بووە و بەمەش ڕۆژلەدوای ڕۆژ ژیانی گوندنشینان و ئەوانەی بەکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن بەرەو وێران بون و لەناوچون دەچێت و بەشێک لەخاوەن ئاژەڵەکان بەناچاری دەستبەرداری ئاژەڵەکانیان بون و بەشێک لەگوندەکانیش هەر لەزوەوە بەهۆی نەبونی ڕێگاوبان و ئاو کارەبا و پڕۆژەخزمەتگوزاریەکانی دیکە و هەروەها سیاسەتەی هەڵەی حکومەتی هەرێمەوە چۆڵکراون.
وشکەساڵی بەتەنها هۆکارنییە بۆ بێهیوابونی گوندنشینان و خاوەن ئاژەڵەکان،بەڵکو قاچاخچێتی و هێنانی ئاژەڵ لەسنورەکانەوە و هەروەها هێنانی ڕۆژانەی هەزاران تەن لەبەروبومی سپیایی لەئێران و تورکیاو ساغ کردنەوەیان لەبازاڕەکانی کوردستاندا چەندین ساڵە هەڕەشەیە بۆ سەر بەروبومی سپیای لەناوخۆی هەرێمدا و هەروەها بێپلانی کابینەیەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم دەرحەق بەگوندنشینان چەندین ساڵە هەڕەشەی گەورەیە لەسەریان و هەر ئەو بێپلانێش بوو وای لەگوندنشینان کرد دەستبەرداری ژیانی گوند ببن و خۆیان بدەن بەدەست قەدەری ژیانکردن لەشارەکاندا، بەداخەوە ئەم جۆرە لەوتار و قسەکردنەی سەرۆک و کاربەدەستانی حکومەت بەرامبەر بەخەڵک نەک هیچ لەژیانی خەڵک ناگۆڕێت،بەڵکو بە بپێچەوانە پەتی نائومێدی خەڵک ئەستورتردەکات،ئەگەر نا چۆن دەکرێت سەرۆکی حکومەت لەم ڕۆژگارەدا کە ژیان لەبەرچاوی خەڵک تاریک و ڕەشە بێت و پێیان بڵێت شیر بفرۆشن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت