شێرزاد شێخانی: نامەیەک بۆ بەڕیز مەسعود بارزانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆکی بەڕێز: نازانم جەنابت هەست بەوە دەکەی میللەت لێتان بێزارە ؟. ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە بۆچی لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا خەڵک بەگشتی بایکۆتی کردن ؟. حیسابی ئەوەت کردووە چەند سەدهەزار دەنگتان لەدەستداوە؟. قەت لەخۆت پرسیوە بۆچی بە درێژایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عیراق هەمیشە دەنگی حزبەکەتان لەپاشەکشەدایە؟. ئایا جەنابت بەدرێژایی ساڵانی سەرۆکایەتیت، قەت هەستت بە قەیرانەکانی میللەتەکەت کردووە لەنەبوونی خزمەتگوزاری کارەباو ئاوو وکێشەی گرانی بازاڕو زیادبوونی باجی سەر خەڵک؟.
ئایا قەت پرسیوتە بۆچی کەرتی پەروەردە وێران بووە؟. هیچ جارێک ئاوڕت لەکەرتی تەندروستی داوە کە لەسەر حیسابی گیرفانی هاوڵاتییان سەدان کەس بوون بە ملیۆنێرو ملیاردێر؟. قەت پرسیوتە بۆچی نرخی دەرمان ئاوا گرانە کە هیچ مووچەخۆرێک نەتوانێ بەرگەی بگرێ ؟. هیچ پرسیارێکت کردووە بۆچی لەماوەی دوو ساڵدا 176 تۆن دەرمانی ماوەبەسەرچوو داخڵی هەرێمەکەت ئەبێ ؟. هیچ جارێک پرسیوتە ئەم هەموو مادە بیھۆشکەرانە لەکوێوە ئاودیوی سنورەکەت ئەبێ ؟. ئەم هەموو تلیاکە لەکوێوە دێنە هەرێمەکەت و گەنجەکانی وڵاتەکەتیان کردۆتە حەشیشەخۆر؟ .
قەت بیرت کردۆتەوە ئەو میللەتەی تۆ کە لەسەر دەریایەک نەوتدایە ، بەڵام بەرمیلێک نەوتی سپی نیە زستانان ژووری مناڵەکانی پێگەرم بکاتەوە ؟. قەت تەماشای تەلەفزیۆنت کردووە سەدان سەیارە سڕڕە ئەگرن بۆ بەنزینێکی هەرزان ؟. قەت وەزیری سامانە سروشتیەکانت بانگ کردووە لێی بپرسی هۆکاری گرانی بەنزین چیە ؟. قەت پرسیوتە بۆچی هەزاران دەرچووی زانکۆکان لەچایخەنەکان بێ ئیشوکارن و هیچ هەلێکی دامەزراندنیان بۆ نارەخسێ ؟. هیچکات پرسیوتە بۆچی لەزستاندا کارەبا نامێنی و لەهاویندا گەڕەکەکان بێ ئاو ئەبن ؟!.
نازانم جەنابی سەرۆک ئەو سەدان راوێژکارەی دەوروپشتت ، ئەو هەزاران سەرکردەو کادیرو ئەندامانی حزبەکەت ، قەت رۆژێک لەرۆژان جورئەتی ئەوەیان کردووە راستی وەزعی ناهەمواری خەڵکی وڵاتەکەت پێبگەیەنن ؟. خۆ ئەمە ئەرکی حزبایەتی سەرشانیانە . بەڵام قەت محاسەبەی سەرکردەکانی حزبەکەی خۆت کردووە لەسەر ئەو هەموو پاشەکشەیەی دەنگەکانتان ؟.
جەنابی سەرۆک ، سی ساڵە ئێوە حوکمڕانی ئەم میللەتە ئەکەن و هەموو دەرگایەکی ئازادیتان بەسەریاندا داخستووە ، دەزگا ئەمنیەکانتان دەستیان خستۆتە بینەقاقای میللەتەکەتەوە ، نایەڵن بێنە سەرشەقام ناڕەزایی دەربڕن ، لەسەر کۆمینتێک خەڵک ئەخەنە کونجی زیندانەوە !. سی سالە بە وەهمی لەناوچوونی ئەزموونی کوردستان ئەم خەڵکە ئەترسێنن !. سی ساڵە سامانی سەر زەوی وژێرزەوی بۆ خۆتان و دەوروپشتتان ئەبەن . گیرفانتان نەما پارەی تێنەکەن ، بۆ حەفتا پشت پارەتان گلداوەو ئاییندەی نەوەی نەوەکانتان تەئمینکردووە . میللەتیش نان نیە بیخوات !!. جەنابی سەرۆک ، هەژاری تەنها ئەوە نیە خەڵک نانی نەبێ بیخوات ، ئەوە هەژارییە کە پارەت نەبێ پاسکیلەک بۆ مناڵەکەت بکڕی ، نەتوانی تاکە بازنێک بخەیتە دەستی ژنەکەتەوە ، نەتوانی مۆبایلێک بۆ کوڕە هەرزەکارەکەت بکڕی .
جەنابی سەرۆک ، کارەبا ژیانە ، بەڵام ئەوە سی ساڵە ئێمەتان لەم ژیانە بێبەش کردووە . بە چ حەقێک ماڵی مەسئولەکانتان چراخان بێت ، ماڵێ هاوڵاتیانیش تاریکستان ؟. من ئەزانم جەنابی سەرۆک سی ساڵە بۆ یەک چرکەش کارەبا لەماڵەکەی ئێوە نەبڕاوە ، هەر بۆ تاقیکردنەوە نیو سەعات کارەبا لەماڵەکەی خۆت بکووژێنەوە ئینجا بزانە هیچ مانایەک بۆ ژیان ئەمێنێ ؟. ئاو ژیانە ، بەڵام هەزاران هەزار ماڵی ئەم وڵاتە پێنج رۆژ جاریک لەقرچەی گەرمادا دڵۆپە ئاوێکی بۆ بەرنادەنەوە !. ئێوە هەموو خۆشییەکتان بۆ خۆتان بردووەو هیچیش نادەنە میللەتەکەتان !. بەچ حەقێک مەسئولەکانتان شەق لەدەفتەر دۆلار بدەن ، باڵەخانەو مەزرەعە وکۆمپانیا قۆرخبکەن ، خەڵکیش ترسی ئەوەی هەبێ نرخی ئاردو رۆن بەرز بێ نەتوانی بیکڕێ ؟
جەنابی سەرۆک بیرت دەخەمەوە ، ئەو نازونیعمەتەی ئێوە تێیدانە بەرهەمی خەباتی میللەتێکە کە هەشتا ساڵە قوربانی ئەدات ، ئەو مەسئولانەی ئێستا موقەدەراتی هەرێمەکەیان بەدەستەوەیە رۆژێک لەرۆژان خوێن لەلووتیان نەهاتووە ، هەر کوڕی فەقیرو هەژارە شەهیدو بریندار ئەبێ . تەنها وەکو وەفایەک بۆ خوێنی ئەو قوربانییانە ئاوڕێک لەو میللەتە بدەرەوە . ئەم میللەتە لەدژی زوڵمو ستەمکاری راپەڕی و ئێوەی هێنایە سەر حوکم ، ئایا ئەوە پاداشتەکەیەتی شەو تا بەیان حەڕەسی موزەخەی ئاو بێ بۆ موبەریدەکەی ، یان مناڵەکانی بەتاریکیەوە بچنە بن بەتانیەکانیان تا بەیانی لەسەرما بلەرزن؟.
هیچ گومانم نیە خۆشت باش ئەزانی ئەوانەی لەدەوروبەری خۆتن ، ئینسانی ماستاوچی ودرۆزن و مشەخۆرن ، زۆرباش ئەزانی راستیەکانت پێ ناڵێن نەوەکا دڵت بڕەنجێ . وڵاتت بۆ ئەکەنە شامی شەریف ، بەڵام لەواقیعدا وڵاتەکەت ومیللەتەکەشت لەتاریکترین رۆژگاری خۆیدا ئەژی . گرانی وبێکاری ، وەستانی جووڵەی بازار ، زیادکردنی باجو رسومات ، نەبوونی خزمەتگوزاری و پرۆژەی ژێرخان ، ئەمانە حاڵی میللەتەکەتانە کە هەستی پێناکەن!.
جەنابی سەرۆک تەنانەت جەلادەکانیش هەندێجار ماندووهیلاک ئەبن لەئەشکەنجەدانی قوربانییەکانیان . دەسەڵاتی ئێوە دەیان ساڵە ئەشکەنجەی ئەو میللەتە ئەدات و هەموو سنوورێکی بەزاندووە . بۆیە لێرەوە داوا لەبەرێزت دەکەم بەر لەوەی تۆفانی جەماوەر هەڵسێت ئەم میللەتە رزگار بکە لەدەست ئەو سوپا گەندەڵ ومشەخۆرو بوودەڵانەی بەناوی تۆو حزبەکەتەوە ئەم میللەتە ئەچەوسێننەوە . تۆ ئەگەر بتەوێ ئەم وەزعە چاک بکەی زۆر ئاسانە . چونکە حزبەکەت دەسەڵاتدارەو تۆش بە مەرجەع ئەزانێ . دە کەواتە قۆڵت هەڵکەو بنێرە بەدوای پێنج کەسایەتی نەیاری خۆت وحزبەکەت ئەوانەی لەناو خەڵکدا بە معارزی دەسەڵاتەکەتان ناسراون ، بەدڵێکی فراوانەوە پێشوازییان لێبکەو گفتوگۆیان لەگەڵ بکەو گوێیان لێبگرە ، چونکە قسەی راست و دروست لای ئەوانە نەوەک لای ماستاوچی وکاسەلێس و درۆزنەکانی دەوروبەری خۆت و حزبەکەت.
جەنابی سەرۆک دەمەوێ بیرت بخەمەوە کاتێک شەقامی ئێران بەرووی شای ئێراندا تەقییەوە ، هیچی بەدەستەوە نەما تەنها فرۆکەیەک بۆ گواستنەوەی خۆی ومناڵەکانی .. کاتێک میللەت بەرووی حوسنی موبارەکدا تەقیینەوە ئەمریکای هاوپەیمانیشی نەیتوانی دیفاعی لێبکات .. نموونەی صەدامیشت لەبیر نەچێ کە شانازی بەوەوە دەکرد خاوەنی دوو ملیۆن بەعسی و یەک ملیۆن سوپاو دووسەد هەزار جاش و سوپایەک لەخۆفرۆش و قەڵەمفرۆش وویژدان مردوو بوو ، بەڵام ئەمانە هیچیان دادی دەسەڵاتەکانیانی نەدان ، چونکی بە کورت وموختەسەری جەنابی سەرۆک ئەمانە کاتەکەیان لەدەستچوو . بیریشت نەچێ گەورەم ، هیچ هێزو دەسەڵاتێکی ستەمکار نیە بتوانێ لەبەرامبەر هێزی میللەتێکی چەوساوەدا خۆی رابگرێ ، بە تایبەتیش میللەتێکی برسی وهەژارو غەدرلێکراوی وەکو میللەتی کورد ..
جەنابی سەرۆک ، پێغەمبەری خوا (د.خ) دەفەرموێ ( کلکم راع وکلکم مسؤول عن رعیته ) . لەم سۆنگەیەوە ئەو نامەیەم بۆ ناردی ، هیوادارم بە دڵێکی فراوان وئەقڵێکی کراوەوە بیخوێنیتەوە .
حورمەتم بۆ جەنابت قبوول بفەرموو..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت