کارزان کۆیی: لوط” بەسەرخۆشی لەگەڵ کچەکانیدا جووت بووە! تکایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باوەڕداران خودای گەورە بچوک مەکەنەوە!
هیوادارم باوەڕداران و پیاوانی ئایینی لەم وتارەم دڵگران نەبنو وتەی ناشرینم ئاڕاستە نەکەن، چونکە ئەوەی نوسیومە و شیمکردۆتەوە (یەک) وشەی خودی خۆمی تێدانیە‌، بەڵکو ئەوە کتێبە پیرۆزەکان و سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکانی خودی ئایینی ئیسلام و ئاینەکانی دیکەی ئەهلی کیتابن، لەکتێبە پیرۆزەکانیاندا وایان فەرمووە نەک من وەک لە پەراوێزەکاندا ئاماژەم پێداون، لەبەر ئەوە هەرسوکایەتی کردنێک بەئێمە سوکایەتی کردنە بەکۆی هەموو ئایینەکان لەپێش هەمووشیانەوە سوکایەتی کردنە بەئایینی ئیسلام، لەبەر ئەوەی ئەوانەی من لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەم، قورئانی پیرۆز هەرهەمووی پشت ڕاستکردۆتەوە.!.
حەزرەتی(لوط) یەکێک بووە لەپێغەمبەرەکانی خودا(١) لەقورئانیشدا (٢٧)جار ناوی هاتووە(٢) لوط کوڕی هارون برازای حەزرەتی ئیبراهیم بووە(٣) خودا ناردویەتی بۆ جێگایەک لە (ئەردەن) لەودەمەدا بەوشوێنە دەوترا (بسدوم) ئێستا بەهەمان شوێن دەڵێن (بحیرە لوط) تابانگهێشتی میلەتەکەی بکات بۆ کاری چاکە و خودا پەرستی، میلەتەکەی وەک لەسەرچاوە مێژوویەکاندا هاتووە میلەتێکی زاڵم و ستەم کاربوون، پیاوانیان نێرباز بوون و دەست درێژی سێکسیان کردۆتە سەرمیوان و ڕێگر و چەتە بوون، بۆ زانیاری بەڕێزتان (لوط) بەدرێژایی تەمەنی پێغەمبەرایەتی لەبانگەشەکەیدا یەک کەس لەقەومەکەی باوەڕی پێنەکردووە، تەنانەت هاوسەرەکەشی کەدەوترێت ناوی (والهة) بووە باوەڕی پێ نەکردووە(٤) ((سەرنج: لەزۆرێک لەسەرچاوەکاندا هاتووە گومان هەیە لەسەرناوی هاوسەری لوط، لەبەر ئەوەی لەکتێبە پیرۆزەکاندا ناوی نەهاتووە و لەهەموو قورئانیشدا نەک ناوی هاوسەری لوط ناوی هیچ ئافرەت و خاتونێک نەهاتووە جگە لە “مەریەمی کچی عەمران” نەبێت. ک.ک.)) لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکاندا هاتووە ئەم چوار فریشتەیە (جوبرائیل و میکائیل و ئسرافیل و کروبیل)(٥) چونەتە ئەوشوێنەی (لوط)ی پێغەمبەری لێبووە، لەشێوەی چوار گەنجی جواندا(٦) لەڕوباری (سەدوم) چاویان بەکچەکەی (لوط) کەوتووە خەریکی ئاوکێشان بووە، چوار فریشتەکە هەواڵی (لوط) دەپرسن، کچەکەی (لوط)یش پێیان دەڵێت: ((لێرە لەشوێنی خۆتان بمێننەوە تائەم هەواڵە دەگەیەنمە باوکم)) کاتێک (لوط) ئەو میوانانە دەبینێت زۆر گەنج و جوانن، دەترسێت لەوەی قەومەکەی بەزۆر دەستدرێژی سێکسیان بکەنە سەر، لەبەر ئەوە (لوط) باسی بەدڕەوشتی قەومەکەیان بۆ دەکات و داویان لێدەکات لەشوێنی خۆیان بمێننەوە تاتاریک دادێت، دوای تاریک بوون بەنهێنیی دەیانباتەوە بۆ ماڵەوە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەمانە فریشتەن، کاتێک هاوسەرەکەی (لوط) ئەو کوڕە جوان و لوسکانە دەبینێت بەنهێنی قەومەکەی ئاگادار دەکات و پێیان دەڵێت: ((لوط میوانی جوان و لوسکەی لایە))(٧) کاتێک (لوط) بەمەدەزانێت دەرگای ماڵەکەی دادەخات، قەومەکەی (لوط) دێنە بەردەرگا داوای ئەو کورە جوانانە دەکەن، (لوط) بۆئەوەی میوانەکانی بپارێزێت تابەزۆر لاقەیان نەکەن، زۆر لەقەومەکەی دەپاڕێتەوە، بەڵام ئەوان هەر سوور دەبن لەسەر داوای خۆیان، (لوط) بەناچاری بۆ پاراستنی میوانەکانی کچەکانی خۆی دەبەخشێتە قەومەکەی و پێیان دەڵێت: ((خەڵکینە ئەوانە کچمن کچەکانم پاکترن بۆئێوە)) ئەم هەڵوێستەی (لوط) لەقورئانیشدا پشتڕاست کراوەتەوە، ئەوەتا خودای گەورە لەقورئاندا ئاماژەی پێداوە کە”لوط” گوتویەتی: ((ياقوم هؤلاء بناتي هن أطهر لكم))(٨) قەومەکەی (لوط) وەک لەقورئاندا هاتووە بەم شێوەیە وەڵامی حەزرەتی (لوط) دەدەنەوە و دەڵێن : ((قالوا لقد علمت ما لنا في بناتك من حق وإنك لتعلم ما نريد))(٩) واتا ((گوتیان ئاگاداریت ئێمە هیچ کارمان بەکچەکانت نیەو خۆت دەزانیت ئێمە چیمان دەوێت)) دوای ئەو بەخشینەش قەومەکەی (لوط) هەر وازناهێنن هەوڵ ئەدەن دەرگای ماڵەکەی بشکێنن، لەبەر ئەوە (لوط) بەڕاشکاوی بەمیوانەکانی دەڵێت: ((ئەگەر هەر هێز و توانایەکم هەبووایە یاخوود پشت و پەنایەکی بە‌هێزم هەبوایە بۆ پارستنی ئێوە ئەوە پەنام بۆ دەبرد)) ئەم هەڵوێستە بێ هیوایەیی (لوط) بۆ خۆی کوفرە و ئاماژەدانە بەبڕوا نەبوونی “لوط” بەهێز و توانای خودای گەورە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێبینیە لەقورئانیشدا ئەم هەڵوێستەی(لوط) پشت ڕاست کراوەتەوە: ((قال لو أن لي بكم قوة أو آوي إلى ركن شديد))(١٠) دوای ئەوەی فریشتەکان حاڵی گەلەکەی (لوط) دەبینن و سکاڵای پێغەمبەرەکەی خودایان دەبیستن، یەکێک لەفریشتەکان باڵێک بەسەرئەوانەی بەردرگا دێنت، ئیدی چاویان هیچ نابینێت و دەگەڕێنەوە، لەدوای ئەوە فریشتەکان خۆیان ئاشکرا دەکەن و دەڵێن: ((ئەی “لوط” ئێمە فریشتەین و نێردراوی پەروەردگارین، ئەو تاوانبارانە ناتوانن دەست درێژی بکەنە سەر ئێمە، لەبە ئەوە خۆت و خێزانەکەت لەکۆتا تاریکی شەودا بڕۆن و ئاوڕمەدەنەوە تەنها هاوسەرەکەت نەبێت لەبەر ئەوەی ئەویش سزای تاوانباران دەیگرێتەوە، کاتی جێبەجێکرنی سزای لەناوبردنیان، ئەم بەرەبەیانەیە، ئەو وادەیەش ئایە نزدیک نیە؟)) لەقورئانیشدا ئەمەش پشت ڕاستکراوەتەوە (( قالوا يالوط إنا رسل ربك لن يصلوا إليك فأسر بأهلك بقطع من الليل ولا يلتفت منكم أحد إلا امرأتك إنه مصيبها ما أصابهم إن موعدهم الصبح أليس الصبح بقريب))(١١) لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژدا قەومەکەی (لوط) لەئاسمانەوە بەرد باران کران و سزا و ئەشکەنجە دران و ئەوجێگەیە تەخت کرا، لەقورئانیشدا بەم شێوەیە ئاماژە بەو سزایە دراوە ((فلما جاء أمرنا جعلنا عاليها سافلها وأمطرنا عليها حجارة من سجیل))(١٢) بۆ زانیاری بەڕێزتان لەزۆرێک لەسەرچاوەکان و تەفسیرەکاندا هاتوە گوایە (حجارة من سجيل) دوو وشەی فارسیە (سنگ و گل) سنگ بەواتای (بەرد) دێت و گل یش بەواتای (گڵ) دێت، بەڵام عەرەب کردونی بەیەک وشە و بەعەرەبیان کردووە(١٣) لەزۆرێکیش لەسەرچاوەکاندا هاتووە گوایە ئەو بەردانە قوڕ بوون و بەئاگری جەهەنەم سوور کراونەتەوە و هەربەردێکیش ناوی ئەو کەسەی لەسەر نووسراوە کەدەدرێت بەسەریدا ((سەرنج: هەر بەڕێزێک لەسەر چۆنیەتی دروستکردن و ناونوسین لەسەر ئەو بەردانە گومانی هەیە، یابەدرۆ و بوهتانی دەزانێت، بۆدڵنیابوون دەتوانێت سوود لەم سەرچاوە ئیسلامیە وەربگرێت. ک.ک.))(١٤) سەرچاوە مێژووییەکان و دەقە پیرۆزەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لەدوای ئەوە بەڕێنمایی مەلائیکەتەکان حەزرەتی (لوط) بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتۆتە (صوعر) ئێستا بەو شوێنە دەڵێن: (غور زغر) لەوێدا لە نێو ئەشکەوتدا لەگەڵ هەردوو کچەکەیدا ژیاوە، کچە نۆبەرەکەی ناوی (ریثا) ریسا بووە، پاش ماوەیەک بەخوشکە بچوکەکەی کەناوی (زغرتا) بووە دەڵێت: ((باوکمان پیر بووە و ئێمەش کەس نایەت بەلامانەوە وەک خەڵکی زەوی.. دەڵێیت چی؟ مەی بدەین بەباوکمان و سەرخۆشی بکەین و لەگەڵیدا جووت ببین تا منداڵمان لێی ببێت؟.)) ((سەرنج: لێرەدا کچەکەی کەگوتوویەتی: وەک خەڵکی سەرزەوی مەبەستی لەوە بووە خۆیان بەشاخەوە بون و بەتەنها ژیاون. ک.ک.)) خوشکە بچوکەکەشی ڕازی دەبێت، شەو مەی دەدەن بەباوکیان، نۆبەرەکە واتا کچە گەورەکە لەگەڵ باوکیدا جوت دەبێت، بەبێ ئەوەی باوکی ئاگاداربێت و بزانێت، بەیانی نۆبەرەکە بۆ خوشکە بچوکەکەی دەگێڕێتەوە دەڵێت: ((دوێنێ شەو لەگەڵ باوکمدا جووت بووم، ئەم شەویش مەی دەدەینێ تۆش لەگڵیدا جووت ببە تامنداڵت لێی ببێت)) ئەو شەوەش مەی دەدەنە باوکیان، کچە بچوکەکەش دەچێتە لای باوکی و لەگەڵیدا جووت دەبێت، بەبێ ئەوەی باوکی بزانێت و هەستی پێ بکات، هەردوو خوشکەکە منداڵیان دەبێت لەباوکیان، نۆبەرەکە کوڕێکی بوو ناو نرا (مٶاب) دەوترێت ئەو (مٶابە) باوکی (المٶابیین)ی ئێستایە، خوشکە بچوکەکەش کوڕێکی لەباوکی بوو ناو نرا (بن عمي) ئەویش باوکی {بنی عمون}ی ئێستایە، بۆدڵنیابوون لەم ڕووداوە سەیر و سەمەرەیە و بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر بەڕێزتان دەتوانن لەبری سەرچاوەیەک ئەم سێ سەرچاوە باوەڕپێکراوە بخوێننەوە(١٥)(١٦)(١٧) لەهێندێک سەرچاوەدا دەوترێت پێدەچێت ئەم بەسەرهاتە دروستکراوی جولەکە بێت، بۆ ناوزڕاندنی (المٶابین و العمونیین) لێدوان و شیکردنەوە لەسەر ئەم بۆچونە زۆرە و ئەوەش کاری ئێمە نیە، مەبەستیشمان لەگێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە بۆ هەست ڕوشاندنی کەس نیە، مەبەستمان تەنها ئاگادار کردنەوەی باوەڕدارانی دڵپاکی ئەم نیشتیمانەیە، تا بەهزری خۆیان بیربکەنەوە، چونکە گەورەترین کێشەی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە زۆرینەی باوەڕداران بەهزری خۆیان بیرناکەنەوە بەڵک و دوای هزر و هاتووهاواری پیاوانی ئایینی کەوتوون، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە دەبینین زۆرێک لەپیاوانی ئاینی بۆ ئەوەی باوەڕداران چمکی عەباکەیان بەرنەدەن و بەردەوام لەسەر نەفامی ئەوان بژین، ئەم ڕاستیانە لەباوەڕداران دەشارنەوە و نایانەوێت جگەلەخۆیان کەسی دیکە لەسەر ئایین بدوێت، بەڕێزان من پێم وایە ئەم چێرۆکە سەرتاپای دوورە لەڕاستی و کەسانێکی بژی پێش هەزاران ساڵ دروستیان کردووە بۆکەسانی نەفام و ناڕۆشنبیری ئەوودەمە تابەناوی خوداوە بەردەوام لەسەر ورگی ئەو کاڵفامانە بژین، بەڵام ئێستا لەم سەردەمی جیهانگیریەدا مێرمنداڵێکیش دەزانێت ئەم بەسەرهاتە خودای گەورەی تێدا بچوک کراوەتەوە، ئەوە جگەلەوەی سەدان پرسیاری لای باوەڕدارانی بەفام و ڕۆشنبیران و خاوەن هزرەکان دروستکردوە و دەڵێن و دەپرسن:
١/ دەبێت گەورەیی و حیکمەتی ناردنی ئەو پێغەمبەرە چی بێت کەچەندین ساڵ بانگەشە بۆ خوداپەرستی بکات، بەڵام کەس باوەڕی پێنەکات تەنانەت هاوسەری ژیانی خۆشی؟.
٢/ خودای گەورە بۆخۆی دەفەرموێت: ((يعلم ما في السماوات والأرض ويعلم ما تسرون وما تعلنون والله عليم بذات الصدور) (١٨) ئەی خودای گەورە کەدەیزانی قەومەکەی (لوط) کەسانێکی خراپن و باوەڕ بەپێغەمبەرەکەی ناکەن بۆ ئەو ئەرکەی بە(لوط) سپارد؟.
٣/ بەچی لۆژیکێک باوەڕ بەپێغەمبەرێک بکەین ئەوەندە بێ دەسەڵات بێت بۆپاراستنی میوان، کچەکانی وەک کاڵا ببەخشێتە کافر و بەدڕەوشتان و نێربازان.
٤/ تاوانێکی گەورەیە و گاڵتەپێکردنە بەخودا کەسێک پێغەمبەر بێت و خودای گەورەی لەپشت بێت، لەکاتی تەنگانەدا بڵێت:( گەر هێز و توانا… یان پشت و پەنایەکی بە‌هێزم هەبوایە بۆ پارستنی ئێوە ئەوە پەنام بۆ دەبرد)) من نازانم ئەم دەستەواژە سەیر و سەمەرەیە چۆن لەقورئانی پیرۆزدا جێگەی کراوەتەوە، لەهامان کاتیشدا چۆن لەقورئاندا پشتڕاست کراوەتەوە، کە ئەمە بۆخۆی کوفرە و بۆمان دەسەلمێنێت (لوط) نەک پێغەمبەر نەبووە بەڵکو بڕواشی بەبوون و گەورەیی و دەسەڵاتی خودا نەبووە دەنا پەنای بۆخودا دەبرد.
لەکۆتاییدا وەك هەمیشە دەڵێم : ((تکایە… باوەڕداران خودای گەورە بچوک مەکەنەوە)) خودا زۆر لەوە گەورەتر و دانا و زاناترە کەسێک بکاتە پێغەمبەر، ئەوەندە بێ ئاگابێت کچەکانی بتوانن سەرخۆشی بکەن و لەگەڵیدا جووت ببن و منداڵیان لێی ببێت ئەو پێغەمبەرەش هەربەخۆی نەزانێت، تکایە. تکایە باوەڕداران. بەهزری خۆتان بیربکەنەوە ئەم چیرۆکە سەیرو سەمرانە لە کوێی هزرو بیری مرۆڤی ڕۆشنبیردا جێگای بڕوا پێکردنە و جێگەی دەبێتەوە؟!

١/ العلامة إبن منظور، لسان العرب، الجزء الثاني العشر، الطبعة الثالثة، مٶسسة التأریخ العربي، بیروت لبنان، صحیفة ٣٥٨.
٢/ خضر محمد عرابي، کتاب کنز الأسئلة و بنک الأجوبة، باب الأسئلة الدینیة صحیفـة ٤٩٣.
٣/ الامام الحافظ عماد الدین أبو الفداء أسماعیل بن کثیر القرشي الدمشقي، قصص الأنبیاء، الطبعة الخامسـة، دار الطباعة و النشر الأسلامیة، مکتب القاهرة، الباب السابع، صحیفة ٢٤٣.
٤/ عبداللە محمد بن الأنصاري القرطبي، الجامع لأحکام القرآن، الجزء الثامن عشر، مطبعة دار الکتب المصریة، صحیفة ٢١٨.
٥/ العلامة المحدث السید هاشم البحراني، البرهان في تفسیر القر‌آن، الجزء الرابع، الطبعة الثانیة، مٶسسة الأعلمي للمطبوعات، بیروت شارع المطار، صحیفة صحیفة ١٢٣.
٦/ الأمام الحافظ عماد الدین أبو الفداء، قصص الأنبیاء، تحقیق الدکتور عبدالحي الفرماوي، أستاذ التفسیر وعلوم القرأن بجامعة الأزهر، طبعة الثانیة، من الناشرالی مٶسسة النور للنشر، صحیفة ٢٤٩ .
٧/ السيد هاشم الحسيني البحراني،البرهان في تفسیر القرآن، الطبعة الثانیة، مؤسسة الأعلمي للمطبوعات بیروت لبنان، الجز‌ء الرابع صحیفة ١٢٤.
٨/ القرآن الکریم، سورة ، {هود } الآیة ٧٨ .
٩/ القرآن الکریم، سورة ، {هود } الآیة ٧٩
١٠/ القرآن الکریم، سورة ، {هود } الآیة ٨٠ .
١١/ القرآن الکریم، سورة ، {هود } الآیة ٨١ .
١٢/ القرآن الکریم، سورة ، {هود } الآیة ٨٢ .
١٣/ أبن الکثیر الدمشقي، البدایة و النهایة، الجزء الأول، الناشر مکتبة المعارف بیروت، صحیفة ١٨٢
١٤/ أسماعیل بن عمر، أبن الکثیر الدمشقي، تفسیر القرآن العظیم، الجزء الرابع، منشورات دار طیبة للنشر والتوزیع المملکة العربیة السعودیة، الطبعة الأولی، صحیفة ٣٤٠و ٣٤١.
١٥/ علاء أبوبکر، کتاب ماذا خسرالعالم بوجود، طبعة ثانیة، رقم الایداع ٧٢٤٢/٢٠٠٥ صحیفة، ٣.
١٦/ القس أنطونیوس فکري، تفسير سفر التکوین، کنیسة السیدة العذراء مریم، الفجالة- القاهرة، الاصحاح التاسع عشر، آیة ٣٠- ٣٨.صحیفـة ٢٧٢.
١٧/ محمد حسین الطباطبائي، المیزان في تفسیر القرآن، الجزء العاشر، منشورات مٶسسة الأعلمي للمطبوعات، بیروت، لبنان، الطبعة الأولی، صحیفة ٣٤٧.
١٨/ / القرآن الکریم، سورة {التغابن } الآیة ٤

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت