حەسەن ڕازانی: پاڕادۆکسیەت لە کوردوستان و ژیان لە سەرشێوازی پاڕادۆکسی.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاڕادۆکس بریتیە لە دوو شتی ناکۆک بە یەک یان دژ بە یەک و نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ یەکتردا. پاڕادۆکسیەت لە نێو کۆمەڵگادا هێندە زۆرە تەواوی کایەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگای گرتۆتەوە. ئەوانەی کە ژیان و گوتارو کردەوەیان بە شێوەیەکی پاڕادۆکسیانە دەبەن بەڕێوە، هێندە زۆرن لە نێو کۆمەڵگادا، بەشی تەواوی کون و قوژبن و کایەیەکی ژیانی نێو کۆمەڵگا دەکەن، هەروەها هێندەش چالاکن کە بە هەموو لایەنەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگادا ڕادەگەن.
بوونی پاڕادۆکسیەت و ژیان بە شێوازی پاڕادۆکسیانە هێندە بە زیان بۆ کۆمەڵگا دەشکێتەوە کە: ناهێڵێت متمانە بە یەکترهەبێ، ناهێڵێت سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ کۆمەلگا دابمەزرێنرێت، ناهێڵێت کە ڕاست و ناڕاست لێک جیابکرێتەوە، هەروەها ناهێڵێت بە ئاسانی کە بتوانرێت ڕاستگۆ لە درۆزن جیا بکرێتەوە، یان دیندارێکی لە خوا ترسی ڕاستەقینە لە دینبازێکی سیاسەتباز جیا بکرێتەوە، یان نیشتیمانپەروەرێک لە جاسووس و خۆفرۆش ونۆکەرێکی دوژمنان جیا بکرێتەوە، یاخود چالاکوانێکی مافی مڕۆف لە جەلادێک جیابکرێتەوە، یان ئەنفالچیەک لە مامە ڕیشەکەی گەرمیان جیا بکرێتەوە، یاخود گەندەڵێکی تا سەر ئێسقان لە دەستپاکێک جیا بکرێتەوەو … هتد. ئیتر لەو بارەوە دەتوانن پارادۆکسیەت و پاڕادۆکسی بژمێرن بە بار، بە تەغار یان بە هەزار.
لێردا زۆر بە کورتی هەندێک لە پاڕادۆکسەکانی نێو کۆمەڵگا نیشان دەدەین. ئەمانە تەنها وەک نموونەن و زۆری تریش بوونیان هەیە. ئیتر هەر کەسێک دەتوانێت لە ئەنجامی لێوردبوونەوە لە دەوروبەری خۆی و لە کەسەکان دەتوانێت دەیان نموونەی تر زیاد بکات و بیان خاتە ڕیزەوەو درێژەی پێبدات. ئەوەی من تەنها ڕێچکە شکاندنە بۆ ناسینەوەی پاڕادۆکسەکان. بۆ نموونە:
1- لە بواری دەرهێنان و مامەڵە بە نەوت و گازەوە بۆتە ملیاردلێری وەڵات و ناوجەرگەی زەوی لە بن دەرهێناوەو شاخ و دەشت و دارو دەوەنی لە بنڕا هەڵکەندووەو کەچی لەولاوە خۆشی بە پارێزەری ژینگە دەزانێت.
2- هەر لە دوای هاتنە سەر کورسی دەسەڵات و بوونی بە فەرمانڕەوا، لە گیرفانێکی بەتاڵەوە بوو بە یەکێک لە هەرێ ملیاردلێرە گەورەکانی جیهان و باسیش لە دەسپاکی دەکات و نیازی ئەوەشی هەیە کە گەندەڵی بنبڕ بکات.
3- هەرچی بە خوێچێشت بیگاتێ لە دەوری خۆیی و لە سەر کورسی دەسەڵاتی خڕکردوونەتەوەو هیچ کەسێکی تری نەماوە کورسیەکی گەورەو پڕداهاتی بۆ دابین نەکردبێ و کەچی دەشڵێت نابێ خۆخۆیی و مەحسوبیەت و خزم خزمێنە هەبێ.
4- هەموو ژیانی بەوە بەناوبانگ بوو کە دژی بە بنەماڵەکردنی کورسی فەرمانڕەوایی یە لە پاش خۆی، کەچی هێشتا گیانی لە بەردا مابوو کە بەچکەکانی هەڵیان کوتایە سەر کورسیەکەی.
5- دەیگوت دژە بنەماڵەم و نابێ خێڵ و قەبیلەو بەرەباب بەسەر نەتەوەدا زاڵ بکرێن، کەچی هەموو ژیانی بۆ ئەوە بوو نەتەوە بکاتە قوربانی نەک هەر خێڵەکەی بەڵک و نەتەوەی کردە قوربانی بەرەبابەکەشی. قسەو شیعاری شتێکەو کردارەکەشی شتێکی ڕێک پێچەوانە. دوو شتی ناکۆک بە یەکن.
6- هەموو ژیانی بە شاخەوە بۆ ئەوە بوو کە ئەوەی سەدام لە دژی کورد دەیکرد، ئەوان هەرکە حوکمیان کەوتە دەست پێچەوانەکەی نیشانی خەڵک بدەن، کەچی کە هاتنە سەر کورسی بە ئیعتیڕافی خۆیان گوتیان: ئێمە کارێکمان بەو میللەتەی خۆمان کرد سەدام نەیتوانی پێی بکات” دوو بۆچوون و دوو کرداری دژە یەکن.
7- بە بەردەوامی دەیڵێتەوە کە ئەو شانازی بە پێشمەرگە بوونیەوە دەکات، بەڵام 31 ی ئاب لەگەڵ ئەو شانازیە دا نایەتەوە و هەروەها بوونی بارەگاکانی سەربازیی و ئیستیخباڕاتی تورکیا لە نێو خاکی کوردوستانی باشووردا بە تەنیشتی خۆیەوە ئەو پێشمەرگەبوونەی پشتڕاست ناکاتەوە. ئەو کارانەو پێشمەرگەبوون لە گەڵ یەکتر نامۆن و دژە یەکن.
8- خاوەنی کارێکە کە چەندین کرێکار لەبەردەستی ئەودا دادو فیغانیانە، کەچی ئەندامێکی بە ڕواڵەت چالاکی نێو حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری یە.
9- هەموو ڕۆژێک لە نێو خۆپیشاندانەکاندا بوونی هەیە کە چالاکوانێکی نێو بەرەنگاری لە مافی ژنان و لایەنگری یەکسانی نێوان ژن و پیاوانە، کەچی ژنەکەی خۆی لە ماڵەوە نەبێ ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی نە جل لەبەر بکات و نە ڕای هەبێت و نە دەشهێڵێت لە گەڵ نێرینەیەکی نامەحڕەمدا ببینرێت.!
10- ئەندامە لە ڕێکخراوێکی مافی ئاژەڵاندا بەڵام بە شەوانیش پۆلیس و چەکدارەو لە گەڵ تیمێکدایە کە قڕان دەخاتە نێو سەگ و پشییلەی بەرەڵا .
11- دەڵێت نابێ ژینگە پیس بکرێت و سەری زمان و بنی زمانی پاکو خاوێنی ژینگەیەو پاراستنی سەوزاییە، کەچی یەک داری بچووک لە حەوشەکەیدا هەبوو خێڕا ئەو دارەشی بڕی و شوێنەکەی کردە هۆدەیەک بۆ کرێ و هەر جارێکیش دەڕواتە سەیران یەک کۆڵ عەلاگەو زبڵ لە دوای خۆی بەجێدێڵێت و دەڵێت: لێی گەڕێ ئەوە ئیشی شارەوانیە”.. ڕۆژ نیە لە پەنجەرەی ماشێنەکەشیەوە بوتڵێک یان قوتووە ساردیەک فڕێنەداتە سەر جادەو دەڵێ: مام ئەحمەد سبەینێ زوو لای دەبات” ..
12- هێندە نوێژو تەراویح دەکا نێوچەوانی نیشانەو چاڵێکی لێ پەیدا بووە وکاتێکیش کە پێی دەڵێن ئەوە نێوچەوانت بە نوێژ وای لێهاتووە؟ لە وەڵام دا دەڵێت” سیماهم فی وجوههم من اثر السجود”، سەری زمان و بنی زمانیش باسی میزان و کێشەو پێوانی دادپەروەرانە دەکات، کەچی تەرازووەکەی سەر دوکانەکەی بۆ فرۆشتنی شتومەک بە لەحیم فێڵی تێداکردووە بە قازانجی خۆی و زەرەری یەک بە یەکەی کڕیارەکان.
13- هەزار سوێند و قورئانان دەخوا کە پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە ، کەچی بۆ زیاتر لە سێ حیزب کاری جاسووسی دەکا بەسەر خەڵکی نا حیزبییەوەو ساڵ نییە بە دەست و ڕاپۆرتی ئەو چەندین کەس تووشی ئەشکەنجە نەبن.
14- تەماشا دەکات کە خەڵکێکی زۆر دژی دەسەڵاتە. دەڵێت هەلییەتی با بچم کۆیان بکەمەوە و چەند کورسیەکی پڕداهاتیان پێ وەربگرم لە نێو پەڕلەماندا.!
15- دەڵێت گوایە سەرنووسەری ڕۆنامەیەکی بێلایەنە، کەچی بە تایتڵی گەورە و ڕەنگێکی جوان نووسیویەتی: “لە سەر بڕیاری بەڕێز” ……” شەقامی نێوان فولکە گەورەکەو پەیکەرە کەی هەمیشە زیندوو و نەمری باوکی چەوڕێژکرا…”
16- لە بەرهاوڕێ ژنەکانی، هاوسەرە داماوەکەی خۆی بە چراو شەدا لێی دەگەڕێت و نایبینێت کەچی لە دژی فرە ژنیش هەمیشە پێنووسەکەی لە سەر کاغەزە.
17- دەڵێت لە لای ئەو لە ئاڵای کوردوستان و پێشمەرگە پیرۆزتر نیە ، کەچی لە ژێر هێزو کورسی ئەو ئاڵایەدا لە دزی و خەیانەتی نیشتیمانی و گەندەڵی و نۆکەری بۆ دوژمنانی ئەو ئاڵایە درێغی نەکردووە.
18- دەڵێت هەرگیز تەماشای ژنی نامەحرەم ناکات و سەری زمان و بنی زمانی ئەوەیە کە دەبێ ژنان خۆیان داپۆشن،کەچی هەموو شوێنە بەناوبانگەکانی شەوانی ژنان لە ناوشار ئاشنان بەو جوامێرە..
19- لە مەسەلەی ژمارەی ژن و ژن هێناندا دەڵێت دەبێ سوننەتی پێغەمبەر لەبەر چاو بگیرێت و وە دوا ئەو بکەوین، بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر زەکات و سەرفترە جولەکەش تای ناکات.
20- خۆیان بە حیزبی چەپ و کۆمۆنیست دەزانن ،کە چی لە ماڵەکانیاندا ڕەسمی شێخ مەحمودو سەعید نەورەسیان بە قەبارەی دوو 2م بە 2م هەڵواسیوە.
21- درێژی باڵای لە 150سم تێناپەڕێت کەچی لە پێشبڕکێی باڵابەرزاندا بینراوە.
22- زمانی دایکی خۆشی بە ڕەوانی نازانێت و توانای یەک لاپەڕەشی نووسین نییە کەچی چەندین کتێب بڵاوبوونەتەوەو ناوی ئەویان لەسەرە.
23- بۆ یەک خولەکیش نایەوێت هەر بۆ پشووش لە بن لادیوارێک دابنیشێت، کەچی مووچەی بندیواری وەردەگرێت.
24- دەتوانێت بچێت بۆ هەرچی وەڵاتی گەورەی جیهانیەو تەراتێنێ لە هەمواندا دەکات و دەشڵێت هەموولا دوژمنی منن. لەولاوە لۆمەی جیهانگیر دەکات کە پێی دەڵێت نۆکەری هەموو دەوڵەتانە. کە چی کە جیهانگیر لێی قەوما یەک دەوڵەت نەیوێرا وەخۆی بگرێت.
ئیتر دەتوانرێت لەو بارەوە درێژە بە ژیانی پاڕادۆکسیەت بدرێت لە نێو کۆمەڵگادا. هەر یەکێک لە ئیمە بەو پێیەی کە ئەزموونمان هەیەو لە دەوروبەرو کەسانی نزیکمانەوە تێفکریوین، دەتوانین زۆر نموونەی تریش ریز بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت