دانیار محەمەد: جیاوازی خەونی پێشو خەونی ئێستە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەڵکی کوردستان لەدژی ڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆی پێشووی عێراق ڕاپەڕین. وێستگەیەکی گرنگ و پڕبایەخ بوو لە تێکۆشانی گەلەکەمان، چونکە ئەو ڕاپەڕینە مەزنە گەلی کوردی لە فەوتان و لەناوچوون پاراست کە ڕێژیمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن بەھەموو توانایەکەوە کاری لەسەر دەکرد و خواستی ئەوەی ھەبوو نەتەوەکەمان لەچوارچێوەی فکری ناسیۆنالیزمی عەرەبییدا ئاسمیلە بکات و شوناسی نەتەوەیی و کوردبوونمان بسڕێتەوە.
ڕاپەڕین ئەوسا درز و کەلەبەرەکانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانی نەھێشت و ھەموومانی بەیەکەوە، لە شاخ و لەشار لەچوارچێوە و دەوری خواستێکی گەورەی نەتەوەیی کۆکردەوە، خواستی ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لەدەست ڕێژیمێکی فاشیست کە مۆتەکە و مەترسییەکی گەورە بوو لەبەردەم خواست و ئاواتی دێرینەی نەتەوەکەمان، خواستی ژیانێکی ئازادانە وەکوو ھەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر گۆی زەوی کە بە ئازادانە دەژیت و مافی هەیە. ئەوسا وابوو، چاوی ھەمووان لەسەر ئازادی، سەربەخۆیی و دەربازوون لە قۆناغە سەختەکە و ھاوھەڵوێستی و یەکڕیزی و تەبایی بوو.
ھەنووکە ڕەوشەکە تەواو پێچەوانەیە ئامانجەکانی ڕاپەڕین لەلایەن مافیایەکی حکوومەتییەوەبە لاڕێ و ئاراستەیەکی دیکەدا گۆڕاوە، خەونی گەلیان لەناو برد.
خەڵکی ڕاپەڕیوو لە بەری ڕەنجی خەبات و تێکۆشانی خۆی نەخوارد و ھیچ بەرھەمیشی لێ نەچنیوەتەوە و کە بڕیار وابوو ھەموومان لەژێر چەتری دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بێ ھیچ ھەڵاواردن و جیاوازییەک پشوو بدەین و ژیانێکی شەڕەفەتمەندانە و پڕ لە کەرامەت بەسەر بەرین.
نووکە لە ھەرێمی کوردستاندا، دزی زۆرە و گەندەڵی و ھەڵلووشینی سامانی گشتیی وڵاتیش بێ ئەژمارە زۆرە لەبەرامبەریشدا، تادێ خەڵک و حکوومەت زیاتر لێک دوور دەکەونەوە و درز و کەلەبەری گەورەتریش لەنێوانی ئەم دوانەدا درووستدەبێ.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەدرێژایی 31 ساڵی دوای ڕاپەڕین، ھەرگیز وەکوو ئێستا ھێندە بێ پشتیوان نەبووە لەلایەن خەڵکەوە و بۆچی. چونکە مافیای حکوومەتیی زۆرە و ھیچ چەشنە دادپەروەرییەکیش لە ئارادا نەماوە.
حکوومەت و قەوارەی ھەرێمی کوردستان کە بەری ڕەنجی تێکۆشانی خەڵک و بەرھەمی ڕاپەڕینە، بەدەست مافیای حکوومەتییەوە گیری خواردووە.
لەژێر سایەی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕیندا کەمینەیەکی مافیای حکوومەتیی دەوڵەمەند دەبن، لەشکرێکیش لە چین و توێژە پەراوێزخراوەکەی کۆمەڵگا ڕۆژ بەڕۆژ ھەژارتر و تەریک تر دەبن.
بەداخەوە!، دوای ڕاپەڕین مافیای حکوومەتیی دۆخێکی وەھای خوڵقاند کە یەکڕیزی نەتەوەیی لەسەر زەمینی واقیع بوونی نەمێنێ و زۆرینەی خەڵک ئینتیمای بۆ خاک و نیشتیمان کاڵ بێتەوە.
تەنانەت لەشکرێکیش لە خەڵک خەون بەوەوە دەبین کە قوڵپکردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دووبارە گەڕانەوەی ڕێژیمی پێشووی دیکتاتۆریش دەکەن.
دز زۆرن، درز و کەلەبەرەکانیش گەورەن، زەنگی مەترسی بۆسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان لێدراوە و تادێ مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیش زۆرتردەبن، کەچی مافیای حکوومەتیی گوێیەکی نییە بۆ بیستن و چاوێکی نیە بۆ بینین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت