زاهیر باهیر: بەرگری لە ئازادیی، بانگەوازێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادیی کەسانی دیکەوە، تیرۆر و کوشتنی کەسانی دیکە، کوشتن و تیرۆری تۆش بە دووی خۆیدا دەهێنێت. ئاگرە سوورە لە خۆت بە دوور نابێت، ئەوەی ئازادی نەیارانی فکریت سەرکوت بکات، هی تۆش دەکات، ئەوەی کە دەستی بە خوێنی نەیارانی فکریتا بچێت، دەستی بەخوێنی تۆشدا دەچێت
ئەوەی کە لە ئێستادا باشوری کوردستان خۆشبەختانە لێی بێ بەشە تەنها جەنگی ئەهلییە کە هیوادارم ئەوە ڕوونەدات. تێڕوانینێکی سەرپێیانە مێژووی هەرچی دەردەسەری و نەهامەتییەکانە هەر لە وشکەساڵی و بێ بارانی و بێ ئاوی و خۆڵبارین و بێ موچەیی و گرانیی و بێ ئیشیی و ڕەوکردن و بوونی پەتا و نەخۆشی جۆرا و جۆر و نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و هێڕشی مووشەکی حەشدی شەعبی و موشەكباران و بۆمبارانی دەوڵەتی ئێرانی. تا دەگاتە کوشتنی کەسان و دۆستانی سەر بە ڕۆژئاوا و پەکەکە لەناو شاردا لە ڕێگای میتی تورکی بە هاوکاری بەکرێگیراوانییەوە، هەروەها هێڕشی درۆنەکانی تورکیا و کوشتنی هەر کەسێك بیانەوەێت لە هەر شوێنێکدا. هەر هەمو ئەمانە لە یەك چاوتروکاندا بەیادت دێنەوە و هەر هەمووی بە زیادەوە لە کوردستاندا هەیە و بەداخەوە گەر بیشڵێم خەڵکی لەوێ دەستوپەنجەی خۆیانیان لەگەڵدا نەرم دەکەن و لای زۆرینە بووەتە بارودۆخێکی ئاسایی و بە خێرای دێن و بە خێراییش گوزەر دەکەن. وەڵامیش یا پرسە گرتنە یاخود ” هیچ ناکرێت”.
ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە خەڵكی کوردستان تێیدا دەژین. بەڵام ڕاستە هەندێك لەوانە کە ناونوسم کردون ڕەنگە چارەسەرکردنیان ئاسان نەبێت بەتایبەت کارەساتە سسروشتییەکان، یاخود ڕەنگە لەتەك هەندێك لەوانەدا ڕاهاتبێتین. بەڵام ناکرێت چی تر لەگەڵ کارەساتی گەورەتردا ڕابێین و بە ئاسایی وەریگرین.
‌هێڕشی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا ناکرێت قەبوڵ بکرێت، دەکرێت کە ڕابوەستێنرێت. گەر لەم قۆناخەیدا ڕانەوەستێنرێت کارەساتی دیکەشی بەدوادادێت. هەر بە کوشتنی دۆستان و لایەنگرانی ڕۆژئاوا و پەکەکە و پەیەدەوە ناوەستێت دوایش سەرەی تۆش دێت.
ئەو کەڵەگاییەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات بەسەر باشووری کوردستانەوە کە بە ئارەزوی خۆی کەی بیەوێت دیتەوە ناوەوە و کێی بوێت دەتوانێت تیرۆری بکات مەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیڵ لەگەڵ سوریادا بیکەن.
تۆیەك کە خۆت بە چەپی رادیکال و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز دەزانیت، گەر لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاواشدا نەیەیتەوە هێڕشی درۆنەکانی تورکیا لات، نابێت ئاسایی بێت، دەبێت ئەوە بزانیت ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادی ئەوانی دیکەوە، تا زۆربەی زۆری ئازاد نەبێت ، ئازادیی راستەقینە مەحاڵە. دانیشتن و نەکردنی هیچ کەمپەین و چالاکییەکی راستەوخۆ لە خزمەتی مانەوەی بارودۆخە هەنوکەییەکەدایە.
کوشتن و تیرۆری کەسانی سەر بە پەکەکە، سەر بە پارتی، بە یەکێتی، بە ئیسلامی و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان یاخود هەر لایەنێکی دیکە کارێکی نامرۆیانە و قیزەوەندە ئیتر لە هەر ڕێگایەکەوە بێت تا دەگاتە تیرۆرکردنی بە درۆن.
بەڕای من دەتوانرێت زۆر شت بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێڕشانەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای خەباتی ڕاستەوخۆ و کاری مەیدانییەوە. کۆکردنەوەی واژۆ و ڕێپێوانی سەر شەقامەمان و ڕێگرتنی شەقامەکان و دابڕینیان لە یەکدی. جگە لەو ڕێگا و بانانەی کە تەنکەری نەوت و شمەکی دیکەی بە قاچاخ پێدا دەڕوات، هەر هەموو ئەمانە چالاکییەکی بێ بەرهەمن، لەبری پەیداکردنی هاوپشتی و گیانی هاوخەباتیی، ڕەنجاندنی خەڵکی ئاسایی دروست دەکات، سنوری دوورخستنەوەیان لە ڕیزەکانی ناڕەزاییکەران دیاریدەکات، توڕەبوون و نەیاریی خۆی بە خۆپیشاندەران پەیدا دەکات.
با کار لەسەر چالاکی کاریگەرانە بکەین. ئیمە لە هەر کوێیەك بین خاوەندرۆنەکان و وێرانکەرانی کوردستان و بکوژانی ڕا و بۆچونی جیاواز لەوێن بە خۆیان و بەژەوەندەییەکانیانەوە. ئەمڕۆ گرنگە لە هەر شوێنێك بین بە جیاوازی بیر و بۆجونمانەوە بی ئەوەی یەکدی کۆنترۆڵ بکەین، بێ ئەوەی سەرمایەی سیاسی لێ دروستبکەین، بێ ئەوەی ڕای خۆمان بەسەر یەکدیدا فەرز بکەین دەتوانین چەند جالاکییەکی گرنگ ئەنجام بدەین.
وەرن ئێمە لە لەندەن لە بری ڕێپیوانی سەر شەقامەکان و بەزایەدانی وزە و وەختمان با چالاکی مەیدانی ئەنجام بدەین بە زەرەر گەیاندن لە ئابووریی دەوڵەتی تورکیا و پایەکانی، کۆمپانیاکانی، شۆپەگەورەکانیان، بەرژوەندی بزنسمانە گەورەکانی و زۆر شتی دیکە هەیە کە لە تواناماندا هەن بیانکەین بێ ئەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان دروست بکەین. هەر یەك لەوانە لە هەموو شوێنیکی دیکەی ئەوروپا بە تایبەت لە پایتەخت وشارە گەورەکانیا هەن و دەتوانرێت هەمان شت بکرێت.
هەرچیش سەبارەت بە باشوورە هەمان ئەو کەس و لایەنانە دەتوانن زیاتر بکەن و کارایی زیاتریش دابنێن. بۆ من نییە کە بڵێم چی بکەن، چونکە من لەوێ ناژیم دڵنیام ئەوان زۆر باش دەزانن کە چ جۆرە جالاکییەك زەربە لە ئابووری تورکیا لە ڕوی بازرگانی و هەروەها لە بوارەکانی میدیا: لە بەرنامەی زاڵی تورکی و بڵاونەکردنەوەی درامە بێ سەر و بەرکان و بونی پەیمانگا و کۆمپانیا و… تد، هەر ئاواش چالاکییەك کە کارایی لەسەر پەڕلەمانی کوردستان و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، دادەنێت تاکو فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا.
ئیتر کاتی هاتنی هەنگاوی عەمەلییە و خۆڕزگارکردنە لە پرسەدانان لاواندنەوی شەهید [ ئەو وشە و دەستەواژە بێ ناوەرۆکە] و کۆکردنەوەی واژۆ و گرتنی پشتی مایکرۆفۆنەکان و کردنی قسەی هەلەق و مەلەق.
تکایە گەر کەسێك لە لەندەن ئامادەی ئەو جۆرە چالاکییە با لە ڕێگای فەیسبوکەوە پەیوەندیم پێوە بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت