سەلاح حسێن ئەفەندی: ئاژاوە، نائومێدی، ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت/ بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکانی حوکمڕانی و کاربەڕێوەبردنی گرتۆتەوە، ئابووریی، سیاسیی، خزمەتگوزاریی، خوێندن و فێربوون، سەربازی و ئاسایش. لێرەدا مەبەست لە ئیفلیجبوون ئەوەیە کە داموودەزگاکان، حکوومەت، پەڕلەمان و دەستەڵاتیی یاسایی لاوازن، دەستەڵاتیان بەسەر هەموو ناوچە و یەکەکانی دەوڵەتدا نییە، دەستەڵاتیان بەسەر حیزب و گروپەکاندا نییە، توانای بڕیاردانیان سنووردارە یاخود بڕیارەکانیان بۆ ناچێتە سەر. لایەنێکی تر ئەوەیە کە ناتوانن وەک پێویست ئەرکەکانیان بەڕێوەبەرن، ئەو تۆزە پڕۆژە و کار وچاکسازیانەی دەیکەن نیوە و ناچڵن و زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچن.
دوو جۆر لە گەندەڵی هەن. یەکەمیان گەندەڵی سادەیە کە لە زوربەی وڵاتاندا هەن. ئەوانە بریتین لە بەرتیل وەرگرتن، دزین و لادانی هەندێ داهات، دانانی خەڵکی ناشیاو لە هەندێ پۆستدا، فێڵکردن لە باجدان. ئەم جۆرە گەندەڵییانە بێ گومان زەرەربەخشن و کاردانەوەی خراپیان لەسەر داهاتی دەوڵەت و ئاستی خزمەتگوزاری هەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری گەورە و یەکلاکەرەوەیان لەسەر ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە و داموودەزگاکانی دەوڵەت کەمە.
گەندەڵی دووەم کە ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان باوە، سیستمی گەندەڵە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەموو داموودەزگاکانی دەوڵەتی گرتۆتەوە، هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە، هیچ کەرت و کونوقوژبنێک نەماوە دەستی بۆ نەبرێت.
زۆر لەسەر گەندەڵی دەوترێ، هەر لە خەڵکی سادەوە هەتا کاربەدەستان لەسەری دەدوێن، بە دەیان و سەدان نموونە دەهێنرێتەوە، وای لێهاتووە باسکردنیان وەکو گاڵتەبازاڕی لێهاتووە، سواوە، سەروبنی نییە، بە هۆیانەوە کەوتوینەتە گومان و نائومێدێوە، خەڵکی نازانن ڕوو لە کێ بکەن، لە کوێوە دەستپێبکەن، هەموو کۆمەڵگەی خستۆتە گێژاو و ئاژاوەوە.
ئا لێرەدا حەز دەکەم کارەکە ئاسانتر کەم: لە لایەکەوە سەرچاوەی سیستمی گەندەڵ دەستنیشان بکەم، لە لایەکی ترەوە، ئەوانە کێن کە لە ئاژاوە و گێژاو و نائومێدی سوودبەخشن؟ بۆچی سوودبەخشن؟ لەم زەمینەیەدا، پڕۆسەی کەپیتالیزمی نووخبە، کە لە بەشەکانی پێشوودا باسم کردن، لە وڵاتەکەماندا بە چ شێوازێک بەڕێوە دەچێت؟ کاردانەوەی لەسەر ژیانی هاوڵاتی و پاشەڕۆژی وڵاتەکە چین؟
سیستمی گەندەڵ لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە دوو سەرچاوەی سەرەکی هەیە کە زەمینەیەکی گونجاویان بۆ کەپیتالیزمی نووخبە ڕوخساندووە:
یەکەمیان/ مافی مامەڵەکردنە بە سامان و داهاتی گشتی وڵاتەوە،
دووەمیان/ قۆرخکردنی بازاڕ و جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانە.
لە وڵاتێکی زەبەلاحی وەکو چین و چەندین وڵاتی تری تازە پێگەیشتوو کە بە قۆناغی کەپیتالیزمی نووخبەدا تێپەڕ دەبن، ئەو دوو سەرچاوەیە بە ئاشکرا دیارن، هەڕەشەن لەسەر بەردەوامبوون لە گەشەکردن و خۆشگوزاری خەڵک و پرۆسەی دیموکراسی تیایاندا، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کێشەکە لەوە قوڵترە، چونکە وڵاتەکە دەستەڵاتی ناوەندی بەهێزی تێدا نییە، بەڵکو ئەو پڕۆسەیە لە لایەن چەندین حیزب و میلیشیا و بنەماڵە و گروپەوە بەڕێوە دەچن، بوونەتە مۆرانە و کەوتونەتە گیانی هەموو داموودەزگاکانی دەوڵەتەوە.
مامەڵەکردن بە سامانی گشتی و داهاتی وڵات، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی ڕەیعییە و پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بنەمای ئابوری لاوازە ، کاردانەوەی زۆری لەسەر گەشەکردنی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵک هەیە. ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا سامان و داهات لە لایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی پێوە ناکرێت، بەڵکو ئەو گروپ و پێکهاتانەنەن کە بەوە هەڵدەستن. ئەوانن هەتا بۆیان بچێتە سەر ئەو داهاتانە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. ئەوەی مایەوە بەکاردەهێنرێ بۆ خزمەتگوزاری، ئینفراسترەکتوور، مووچە بە مەبەستی کڕینی وەلای خەلک. هەر لەبەر ئەوەشە هیچ لەو ئەرکانە وەکو پێویست بەڕێوە ناچن: بۆ نموونە خزمەتگوزاری لە ئاستێکی نزمدایە، گەندەڵێکی زۆری تێدایە، ئینفراسترەکتوور خراپە، موچە کورت دەهێنێت ودوادەکەوێت، هەر وەکو خێرپێکردن دابەش دەکرێن
مەبەست لە مامەڵەکردن بە سامان و داهات ئەوەیە، کە ئەوانە موڵکی گشتین دەبێ پەڕلەمان و حوکمەت بەپێیی یاسا بڕیاریان لەسەر بدەن، بەڵام نوخبەی دەستەڵاتدار، ئەگەرچی ئەوانە موڵکی خۆیان نین، وەکو مولی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، بە هەوەسی خۆیان لەناو خۆیاندا دابەشیان دەکەن، خەڵکی پێ دەکڕن، کوپمپانیای پێ دروست دەکەن، بە هەوەسی خۆیان زەوی و گرد و داهاتی گشتی بەسەر خەڵکی نزیک لە خۆیانەوە دابەش دەکەن.
قۆرخکردنی بازاڕ، بەزۆر خۆ بەشەریککردن لە پڕۆژەکاندا، سەرانەسەندن لە کاسبکار و سەرمایەدار، پشک وەرگرتن لە کومپانیا دەرەکییەکان و بوون بەشەریکیان بێ بەرامبەر، سەرچاوەیەکی سەرەکی تری سیستمی گەندەڵە. دەکرێ دەوڵەت بتوانێ باج لە کومپانیا و سەرمایەدار بسێنێت بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی خەزێنەی دەوڵەت، گەشەکردنی بنەمای ئابووری وڵات و خزمەتگووزاری، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا زوربەی ئەوانە دەچنە خەزێنەی تایبەتی نوخبە دەستەڵاتدارەکانەوە.
لەم زەمینەیەدا، ئاژاوە دروست بووە، داموودەزگای دەوڵەت لاواز کراون، داری نائومێدی و بڕوا بەخۆ نەبوون و بێ متمانەیی و گوێنەدان بە بەرژەوەندییە نیشتیمانییە هاوبەشەکان ئاودەدرێ. هەر لەم زەمینەیەدایە سەرمایەداری نوخبە پەیدا بووە و دەوڵەمەند بوون، پرۆژە لەدوای پڕۆژە بەڕێوە دەبەن، کومپانییەکانیان هەیمەنەیان هەیە، بەزۆر بوونەتە شەریک قازانجی هەموو کاسب و سەرمایەدارێک، بەو پرۆژانە هەڵدەستن کە قانجازی خێرا و مسۆگەری تێدایە، دوور دەکەونەوە لە پرۆژەی ستراتیژی، گرفتەکان بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵنەوە، قەیران لەسەر قەیران دروست دەکەن. بۆچی؟ چوونکە لەو ئاژاوە و ناێومێدی و بێ متمانەییەدا دروست بوون و وا دەزانن هەتا هەتایە دەتوانن تیایدا سوودبەخش بن.
ڕێگەی چارەسەر بۆ هەموو ئەم گرفتانە، بونیادنانی وڵاتێکی پێشکەوتوو، خەڵکێکی خۆشگووزەران، کە هەموو خەڵکی وڵات، بە نوخبەی دەستەڵاتداری ئەمڕۆشەوە درەفتیان تیایدا هەبێت بحەسێنەوە، هەنگاونانە بۆ وشککردنی ئەو دوو سەرچاویە: ڕێگەگرتن بە مامەڵەکردنی گروپ و حیزب و بنەماڵە دەسترۆیشتووەکان بە سامان و داهاتی گشتییەوە، هەروەها ڕێگەگرتنە لە قۆرخکردنی بازاڕ و ڕوتاندنەوەی کاسبکار و سەرمایەداری وڵات، ڕێگە خۆشکردنە بۆ کومپانیا و بانکی دەرەکی کە وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا بکەن.
داموودەزگاکانی دەوڵەت، پەرلەمان و حکومەتی هەڵبژێردراو و دەستەڵاتیی یاسایی سەربەخۆ دەبێ سەرلەنوێ بەهێز و کاریگەر بکرێت، سیستمی فیدرالی لە هەموو ئاستەکاندا فراوانتر و قوڵتر بکرێتەوە. بەهێزکردنی داموودەزگاکان گەندەڵی کەمتر دەکاتەوە، بەشی زۆری سامان و داهاتی گشتی دەگەڕەنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، کە دەکرێ لە بەهێزکردنی بنەمای ئابووری و ئینفاسترەکتوور و خزمەتگوزاریدا بەکاربهێنرێن.
من ناڵێم هیچ گۆرانکاریی و بوژاندنەوە لە وڵاتەکدا ڕووی نەداوە، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان، بەڵام لەم زەمینە پۆسەتیڤەی کە ئەمڕۆ ڕوخساوە: دەوڵەمەندیی وڵات لە سامان و داهاتی گشتیدا، کرانەوەی بازاڕ، خستنەسەرپشتی مەرزەکان لەگەڵ دەرودراسێدا، بەستنەوەی وڵاتکە بە جیهانی دەرەوە، تەکنەلۆژیای پەیوەندی و زانیاری، هەتا ڕادەیەک سەقامگیری و ئاسایش، بوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراو و نوێنەرانی وڵاتان و کومپانیای دەرەکی لە وڵاتەکەدا، جووڵە و چالاکی کاسبکاران و سەرمایەدار و گەنجانی وڵاتەکە…، هەموو ئەمانە دەیان قات زیاتر لە ئێستا دەتوانن گووڕبدەن بە بوژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەدا.
لەم زنجیرە وتارانەدا دەستبراوە بۆ چەندین بابەتی گرنگ کە کاریگەریان لەسەر ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەن. هەموو یەکێک لەمانە پێویستیان بە توێژینەوە و داتا و وردبوونەوەی قووڵتر هەیە، داواکارم لە داهاتوودا بتوانم بەشێوەی وتار یان نامیلکە بەردەوامیان پێ بدەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت