دانا مەنمی: شەقی سەوزەو بە ئارەزوو! وەڵامێک بۆ حەمەی مانگ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێتی ھێزێکە بەردەوام چەند ماسکێکی جیاوازی پۆشیووە، هەر جارەو لە ژێر ماسکێکی نەتەوەیی، ماسکێکی دیموکراسی، ماسکێکی شۆڕشگێڕی، ماسکێکی خەمی خەڵک و بەرەی خەڵک، ماسکێکی سۆسیاڵ دیموکرات خۆی گوڕیووە، بەڵام ڕووی ڕاستەقینەی یەکێتی تەواو جیاوازە لە ماسکەکانی!

یەکێتی وەکو پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی و هێزێکی ناپاک دیماگۆجیی و بەڵتەچی و مافیا و کلیپتۆکراسییە ، لەدوای ٣٢ ساڵ لە هونەری بەڕێوەبردن نەیانتوانیوە لەگەڵ پارتی دا ژێرخانێکی ئابوری بەھێز بۆ پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک لە “ئاو و کارەبا و موچە “دابین بکەن ،هاوتەریب دۆخێکی مەترسیداریان بۆ خەڵکی ناڕازی و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان درووست کردوە کە کارکردن زۆر زۆر ئەستەم بووە!

حەمەی مانگر دانیشتوی شاری سلێمانییە و خێزاندارەو پێنج منداڵی هەیە و لەخۆشەویستی بۆ یەکێتی سیان لە منداڵەکانی ناوناوە ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) کاتی خۆی لەسەر ناونانی منداڵەکانی رەخنەی زۆر لە حەمەی مانگر گیرا بەڵام کاردانەوەی حەمەی مانگر ئەوەبوو کاتێک منداڵی چوارەمی لە دایک بوو ناوی نا ( سەوزە ) دواتریش منداڵی پێنجەمی ناونا ( ئارەزوو ) مەبەستی لە ناونانی منداڵەکانی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەوزەو بەئارەزوو ) ! مەبەستی حەمەی مانگر لە ناونانی منداڵەکانی بە ناوی (یەکێتی ، نیشتیمانی، کوردستان ، سەوزە ، ئارەزوو ) گوزارشت و خۆشەویستی بوو بۆ یەکێتی ، بەڵام مافی ئەوەی نەبووە مافی منداڵەکانی پێشێل بکات لە پێناو خۆشەویستی بۆ حیزبێک کە دواجار ئەوە نیشانەی نەبوونی هوشیاری بووە لای حەمەی مانگر و لەگەڵ ناوهێنانی منداڵەکانی حەمەی مانگر یەکڕاست وێنەی حیزبێکی شەرمەزارو چەواشەکار و دووڕوو بێ ڕوومان دێتەوە یاد کە شەرم لە خیانەت و ناپاکی و دزی وتاڵانی ناکات .

ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی بە کەتەر هێرش دەکەنە سەر حەمەی مانگر و پەلاماری دەدەن ، بەڵام بە پێی ووتەی کەسوکارەکەی بێت حەمەی مانگر لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان رەخنەی توندی لە یەکێتی و پارتی گرتووە و ئەوەش هۆکاری پەلاماردانەکەی بووە ، کەواتە دیوی پشتەوەی پەلاماردانەکان گێچەڵی یەکێتی یە بە حەمەی مانگر لەپای ئەوەی کە منداڵەکانی لەخۆشەویستی یەکێتی ناو ناوە ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەوزەو بە ئارەزوو ) بۆیە شەقی یەکێتی شەقی ئارامی و هەلیکار و سۆسیال دیموکراتە ، شەقی سەوزەو بەئارەزوو !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت