شێرزاد شێخانی: وانەی ئایین مەسڕنەوە ، پەیامەکەی راستکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەساڵانی شەست و حەفتایەکان لەپۆلی پێنجەمەوە وانەی ئایین و مێژوو بە چڕی دەخوێندرا. مەنهەجی کتێبەکانی ئەم دوو وانەیەش بەقەدەر رۆمانێک قەبە بوون. هەم لەوانەی ئایینی وهەمیش لەکتێبی مێژوودا هەمیشە تووندوتیژی موسڵمانان دژ بە ئایینەکانی تر پیرۆزکراوە. جوانترین نموونەی ئیسلامی لەمەنهەجەکاندا گەورەکردن و رێزگرتن بووە لەسەرکردە جەنگاوەرەکانی سەردەمی یەکەمی ئیسلامدا. دەیان شەڕوغەزاو کۆمەڵکوژی ئەو سەردەمە لەکتێبەکانی مەکتەبدا باسدەکرا. بە گوێرەی مەنهەجی خوێندنی ئەوسا بوایە، دەبا جیلی ئێمە هەموومان تووندڕەو جەلادو پیاوکۆژ بوونایە، چونکی لەمنداڵییەوە فێری ئەم نەزمەی کوشتوبڕیان ئەکردین. بەڵام چونکە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەو خێزانەکان و تەنانەت مەلاوخەتیبی مزگەوتەکانیش رۆڵیان هەبوو لەبڵاوکردنەوەی گیانی تەبایی و لێبووردەیی و رێزگرتن لەئایینە جیاوازەکان، بۆیە ئەم فکرە تووندوتیژییە کاریگەری نەبووە بەسەر هزری گەنجانی کۆمەڵگەوە.
خێزان مناڵی پەروەردە ئەکرد بە رێزگرتن لەگەورەو خۆشەویستی دەروجیران. مەلای مزگەوت سیاسەتبازی نەئەکردو کەسی تەکفیرو تەجریم نەئەکرد. نە فکری سەلەفی نە ئیخوانیش لەو سەردەمە رەواجیان نەبوو. خیتابی مزگەوت هاندانی خەڵک بوو بۆ چاکەو پیاوەتی و خێروخێرات. کۆمەڵگەش تەندروست بوو، جیاوازی لەنیوان ئایینەکان نەدەکرد، بەتایبەتیش لەگەڵ کریستیانەکان. خەڵکی عەنکاوە و هەرمۆتە و دیانا و ئاکرێش هەمان جلوبەرگی کوردەواری خۆمانەیان لەبەر ئەکردو تەنانەت جامانەشیان وەکو ئێمە ئەبەست. لەتازییەکاندا دەهاتنە مزگەوتەکانمان، ئێمەش ئەچووینە کلێساکانیان. کەس لەئایینی بەرامبەرەکەی نەئەپرسی و بیری جیاکاری وتووندوتیژی و جوودی نەبوو.
کاتێک سیاسەت تێکەڵ بە دین کراو لەدوا ساڵەکانی حەفتایەکاندا رابوونی ئیسلامی بەهۆی داگییرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤییەت و بەکارهێنانی گەنجانی ئیسلام لەلایەن ئەمریکاوە دژ بەو داگییرکارییە، ئیدی دەرگای جەهەننەم بەسەر فکری ئیسلامیدا کرایەوە. ئـێستا لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا بە هەرێمەکەی خۆشمانەوە دین و سیاسەت تێکەڵ بەیەکتر کراوە، هەم حزب وبانگخوازەکان سیاسەت ئەکەن، هەم سیاسەتمەدارانیش دینەکە ئیستغلال ئەکەن وەک هەر گرووپێکی بەرفراوانی ناو کۆمەڵگە بەمەبەستی راکێشانی دەنگیان لەهەڵبژاردنەکاندا..
بەلای منەوە پاڵەوانانی ئیسلام ئەو سەرکردە عەسکەرییانە نین کە سەری نەیارەکانیان لەناو مەنجەڵدا ئەکوڵاندو سواری ژنەکانیشیان ئەبوون، یاخود ئەوانەی بە خوێنی قوربانییەکانیان رەنگی رووباریان ئەگۆڕی بۆ سوور، یان ئەو سوڵتان و خەلیفانەی برا شییرەخۆرەکانیان لەناو بێشکەدا ئەکوشت لەترسی لەدەستچوونی کورسییەکانیان، پاڵەوانی راستەقینەی ئیسلام ئەوانەن کە سوودیان بە کۆمەڵگەی خۆیان و شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەخشیوە وەکو ( ئیبن سینا، خەوارزمی، بیرۆنی، ئیبن هەیسەم، ئیبن روشد ) و… هتد. نموونە جوانەکانی لای خۆشمان ( کاک ئەحمەدی شێخ و مەلا ئەفەندی و رەشاد موفتی و مەلا عبدالکریم مودەریس و موفتی پێنجوینی و حاجی قادری کۆیی ) و دەیان داهێنەری ترن کە پێویستە کوردی موسڵمان شانازییان پێوە بکەن و بیانکەنە نموونەی جوانی و رەوشتبەرزی و گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاسوودەیی. بۆیە پێویست ناکات دەسەڵات ئەم یارییە خەتەرناکە بکات بە هەڵدانی مییزەڵانی تاقیکردنەوە ( بالون اختبار ) بۆ ئەوەی بزانێ کاردانەوەی خەڵکی موسڵمان چییە لەسەر لابردنی وانەی ئایینی لە قوتابخانەکاندا. نە ئێمە کۆمەڵگەیەکی وەها پێشکەوتووی وەکو فەرەنساو بەریتانیاین کە هوشیاری لەلای تاک تا ئەو پلەیە بەرز بێ کە تێبگات ئایین مەسەلەیەکی خودییە لەنێوان مرۆڤ وخالیقەکەی، نە وڵاتێکی کۆمۆنیستیشین ئایین بە ئەفیۆنی میللەتان بناسێنین. کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی محافیزکارو خواناسە، ئەگەر ژمارەیەکی کەم نادینیش بن، هیچ لەوەزعەکەی ناگۆڕێ، بۆیە پێویستە دەسەڵاتی کوردی هەزارجار بیربکاتەوە پێش ئەوەی دەست بۆ دینەکەمان ببات کە تاکە شتێکە پێکەوەمان ئەبەستێتەوە.
گۆڕانکاری لەمەنهەجی وانەی دینی زۆر لەپێشترە لەقەدەغەکردنی دینداری کە ئەم قەدەغەکردنەش بێگومان قومبەلەیەکی تەوقیتکراوەو هەردەم ئامادەیە بەرووی خودی دەسەڵاتەوە بتەقێتەوە، ئەوکات نە راسپاردەکانی ئەمریکاو وڵاتانی تر دادی ئەم دەسەڵاتە ئەدات، نە میللەتە موسڵمانەکەش ڕەحم بە دەسەڵاتێک ئەکات کە سەرتاپای ژیانی ئینسانی کوردو شییرازەی کۆمەڵایەتی تێکوپێک داوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت