بەختیار شارەزوری و عادل عەزیز: دوبارەبونەوەی هەڵەکردن، دوبارە بونەوەی مێژو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوی ئەم ناوچەیە بە حکومی ڕێککەوتنە مێژوییەکان مەحکومە بە دوبارە بوونەوەی مێژو، چونکە ڕێککەوتنەکان ئەگەر مێژویەکی دوریان هەبێت ئەوا تا ئێستاش کاریگەریان ماوە و بگرە هەندێکیان تا ئێستاش کاریان پێ دەکرێ و ئەوانەشی لە مێژودا کراون زۆر جار ڕێککەوتنی وڵاتان لە ژێر کاریگەری ئەو ڕێککەوتنانەدا دەکرێ ( سایکس بیکۆ ، زەهاو ، ئەرزڕۆم ، ئەماسیە ، جەزائیر و… هتد). بۆیە هەر سەرکردە و حیزب و دەوڵەتێک ئاگای لەم ڕێککەوتنانە نەبێت وکاریان لەسەر نەکات ئەو دەکەوێتە دەرەوەی مێژو، کەواتە بۆ ئەوەی لە گەڵ تایتەڵەکەماندا پێکەوە گوتارێک بدەین وەک بانگەوازێک بۆ دەستەڵاتداران، دەبێت بڵێین ئایا ڕێککەوتنی جەزائیر لە فۆرمێکی تردا لە ئارادایە.؟
لە ئێستادا جیهان بە گشتی ئەم ناوچەیە لەبەردەم گۆڕانکاری خێرادایە و جیهان بەرەو جەمسەرگیری (ئەقتاب ) دەڕوا ئەم ڕۆشتنەش ڕەگێکی مێژویی هەیە و بگرە جەنگەکانیش جەنگی ئەمڕۆ نین و جەنگێکە لە مێژودا دەبو بکرایە، بەڵام بە هۆی نەخۆش کەوتنی مێژوەوە دواخراوە بۆ ئەم ئێستایەی کە دەبێت وڵاتان و جیهان بە قوڵی مامەڵەی لەگەڵ بکەن، هەمو گۆڕانکاریەکانی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگی ئەو ڕێککەوتنانەی لە مێژودا کراوە، لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان کە نە دەوڵەتە نە دەتوانێ لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەنگی هەبێت، نە خۆشی یەکگرتوە، بگرە دابەش بوە بەسەر دوو هێزی ناوچەییدا (ئێران و تورکیا) کورد بە گشتی لە مێژودا دوا کەوتوە، واتا لە مێژوی ناوەنددا نەیتوانیوە ببێتە هێزێک و دەوڵەت یان ئیمپراتۆریەتیەکی هەبێت، تەنها چەند میرنشنێکی بچوکی هەبوە ئەوانیش دەرهاویشەتی ڕێککەوتنەکان و دابەش بون بەسەر هێزە گەورەکاندا ، کە ئیستەی دو زۆنی ( سەوز و زەرد) هەمان ڕێککەوتنی وڵاتان و هەمان جوگرافیا و هەمان دابەشکاریە بە هەندێ جیاوازی بچوکەوە .
لە ئێستادا کە شەڕی ڕوس و ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە، کە دەکرێ بە گەورەتر ببینرێ لەوەی کە جەنگی نێوان دو وڵات بێت، لەم نێوەندەدا (ڕوس و چیبن و هند و ئێران ) کە وەک جەمسەرێک لەگەڵ چەندین وڵاتی تردا بونەتە هاوپەیمانێک و دەیانەوێ ئەمریکا دەربکەن و ڕۆڵی ناتۆ نەهێڵن و وارشۆیەکی تر لە بەرگێکی تردا بەرامبەر ناتۆ دروست بکەن، لەم کاتەدا کە هەڕەشە و ئابڵۆقەی بەردەوام هەیە بە تایبەت شەڕی غاز، لە ئێستادا ڕوسیا کە دابینکەری زۆرینەی غازی ئەوروپایە وەک چەکێک دژی ولاتانی ناتۆ بەکاری دەهێنیت و کێشە بۆ ئاسایشی غاز و بۆریەکانی غاز دروست بوە ( نۆرد ستریمی یەک و دوو، تاناب، نابۆکۆ ) وڵاتانی ناتۆ بە دوای جێگرەوەدا دەگڕێن، یەکێک لە جێگرەوەکان هەرێمی کوردستانە، کە هەم تێچوی گواستنەوەی کەمە و هەم بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکانی جیهان دەستیان دەکەوێت لە ڕێی تورکیاوە، کە توکیا خۆی زۆر پێویستی بەم غازە هەیە.
لەم نێوەندەدا ئەگەر تورکیا باڵانس لە نێوان ڕوس و ئەوروپا ڕابگرێ، بەڵام هەر وەک یەکێک لە وڵاتانی ناتۆ دەبینرێ، لە بەرامبەردا ئێران هەیە کە لەگەڵ تورکیا هەم لە ڕێککەوتندان و هەم لە ململانێدان بە پێی کەیسەکان دەگۆڕێ، تورکیا و ئێران لە ڕێککەوتنیاندا کە هەر دەچێتەوە سەر ڕێککەوتنە کۆنەکان ( ئەماسیە و زەهاو و ئەرزڕۆم ) ڕۆڵی تورکیا لە سوریادا بێت و ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا ( کارت بە کارت ) بە پاراستنی بەرژەوەندی یەکترەوە، لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی ناکۆکی یەکێ لە خاڵە هەر دیارەکانی ناکۆکی بریتیە لە غازی هەرێمی کوردستان، کە ئێران دژی ناردنی غازی کوردستانە بۆ تورکیا و ئەوروپا و تورکیاش دەیەوێ هەرچۆنێک بێت بە جێگرەوەی کەمێکی غازی روسی دەستی بگاتێ ، کە پێ دەچێ ئەم ململانێیانەی ئێران و تورکیا پەل بکێشێ بۆ ئەو کەیسانەی کە هاوبەرژەوەندین و ئێران جارێکی تر لە سوریا و کوردانی خۆسەری سوریاوە کار لەسەر دژایەتی تورکیا بکات.
ئێران و ڕوس هەرزوو لە ڕێگەی بەغداد و دادگای فیدڕاڵیەوە کاری لەسەر ڕێگرتن کرد لەسەر هەناردەکردنی غازی هەرێم، ئەگەر کورد بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تورک و ئەوروپا ئەم کارە بکات ئەوا دور نیە دوای ململانێیەکی توندی تورکیا و ئێران ڕێککەوتنێکی وەک ڕێککەوتنی جەزائیر بکەنەوە و کورد بەرنەوە چوارگۆشەی یەکەم و ئاشبەتاڵێکی تر دوبارە بێتەوە، خۆ ئەگەر کورد بیەوێ سود لە غازی وەربگرێ ئەوا عێراق باشترە لە تورکیا، چونکە بە پێی دەستور لە بارگرژەیەکاندا کورد لە بەغداد دەتوانێ مافەکانی بەدەست بێتنێت نەک لای ئەردۆغان وەک لە 75دا شای ئێران دوای ڕێککەوتن کوردی فرۆشت، واتا ئەردۆغانی ئێستا و شای ئێرانی کۆن دوبارە دەبێتەوە، خۆ ئەگەر گڵۆپی سەوزی بەغداد و ئێران لەسەر هەناردەکردنی غازی هەرێم نەبێت ئەوا مەحاڵە وا بە ئاسانی تورکیا بیەوێ غازی هەرێم ببا، خۆ ئەگەر ئێران سور بێت لەسەر نەناردنی غای هەرێم ئەوا دور نیە تورکیا ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران بکا و ڕێککەوتنی جەزائیر دوبارە ببێتەوە، کە ئەمەش دەکاتە دوبارەی هەڵەکردن و دوبارە بونەوەی مێژو.
کورد لە نەوتا ئەگەر تا ئاستێک سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە داهاتی فرۆشتنی نەوتا بۆ نوخبەیەک نەک بۆ دامەزارەویی و دەوڵەتداری و خەڵک، ئەوا بە هۆی ئەوەوە بوە کە ئەمریکا باڵادەست بوە و ناتۆ کاریگەری هەبوە و ئێرانیش گڵۆپی سەوزی هەڵکردبو بە هۆی دانیشتنەکانی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ئێسا دوای زیندوبونەوەی ورچە سپیەکە و جەنگی ئۆکراین هەمو دۆسیەکان گۆرانکاری بەسەردا هاتوە، کورد بیەوێ هەمان یاری لەسەر دۆسیەی غازیش بە هەمان ئەقڵیەتەوە بکات ئەوا ڕێک دوبارە بونەوەی مێژوە و سەرەتای دەرکەوتنی ئاشبەتاڵێکی ترە، لەم کاتەدا کورد هەم لە ناوخۆدا متمانەی نەماوە و خەڵک بە پێی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان پشتی کردوەتەوە دەستەڵاتی کوردی، هەم لەسەر ئاست سیاسەتی دەرەوە و بەغداد توشی کێشەی زۆر بوە، لەم حاڵەتەدا بەرگەی بچوکترین ڕوداو ناگرێ بۆیە لە هەمو حاڵەتێکدا بەغداد باشترە لە ئەنقەرە و تاران و مافی کورد پارێزراوترە.
لە ئێستادا کە تورک هێرشی دەست پێ کردوە ئامانجی سەرەکی نەوت و غازی هەرێم و کەرکوکە نەک قەندیل، دواجار ئەگەر ئێران لەبەرامبەر کارتێکدا ڕازی نەبێ ئەم پلانە سەرناگرێ و کوردیش وەک دۆڕاوی سەرەکی لە یاریەکە دێتە دەرێ.
دەوڵەت کاتێ بەهێز دەبێت کە لەسەر دوو ئاست کار بکات (ماددی و مەعنەوی) واتا ئابوری بەهێزی فرە سەرچاوەی هەبێ وەک لایەنی ماددی و ئاشتەوایی نیشتمانی و دادگەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی دامەزاروەیی و هەبێت و یاساکان سەروەر بن وەک لایەنی مەعنەوی ، کە دەکاتە سەرچاوەی مرۆیی بەهێز، کە ئەم بنەمایانەت نەبو ئەوا کەلتوری خێڵ کار دەکات کە ئێستا لە کوردستان وایە، بۆیە ئەم حاڵەت و دەرئەنجامانەی لە ناوخۆدا هەیە وا دەکات لەسەر ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی هەرێم مەحکوم بێت بە هەڵە کردنێک کە دوبارەی هەمان مێژوی هەرەس و شکست و ئاشبەتاڵە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت